Draw Media

هەڵاوسانی نرخەکان.. گرانبوونی زیاتری بەنزین

هەڵاوسانی نرخەکان.. گرانبوونی زیاتری بەنزین

2022-06-13 08:02:35


سیروان محەمەد 
 

لە دوای شەڕی ئۆکرانیانەوە رۆژ لە دوای رۆژ، نرخی کاڵاوشمەک بەگشتی بەنزین بە تایبەتی روو لە هەڵکشان و بەرزبوونەوەیە و ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتر هەیە.
ئەوەی بەکورتی دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم نرخی (بەنزین)ە، کە فاکتەرێکی گرنگی گرانبوونی نرخی کۆی  کاڵاوشمە و گواستنەوە و خزمەتگوزاریی دیکەیە.
ئەو بەنزینەی لە بازاڕەکانی هەرێم هەیە جگە لەوەی بەشێکی لە نازخۆ بەهەم دێت بەشی هەرە زۆری لە دەرەوەی هاوردە دەکرێت، ئەوەش کاریگەرە بە نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهان.
خاڵێک، کە فاکتەرێکی گرنگە بۆ گرانتربوونی بەنزین لە بازاڕەکانی کوردستان، بەردەوامبوونی زۆربوونی خواستە لەسەر کڕینی بەنزین، ئەوەش بەهۆی  زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل، کە هەموو ستانداندارێکی تێپەراندوە، خراپی و کۆنی و ناڕێکی هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی (پاسەکان)، هاوڵاتیان ناچاردەکەن بۆ چوونە دەوام و سەرکارەکانیان ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بەکار بهێنن، بەمەش بەبەردەوامی خواست لەسەر بەنزین زیاد دەکات.
چۆن خواست لەسەر بەنزین کەمبکرێتەوە؟
بۆ کەمکردنەوەی خواست لەسەر بەنزین و هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی نرخەکەی پێویستە بەجدی بیر  لە دامەزراندنەوەی بەپەلەی پاسی گشتی گەورە (مسڵەحەمەی جاران) بکرێتەوە کە بۆ زۆربەی گەڕەکەکان بڕوات و  دەرچوونی بەپێی کات بێت و نرخەکەشی زۆر گونجاو بێت حکومەت لە بری پاپشتی بەنزین پاڵپشتی نرخی بلیتی پاسەکان بکات بۆ ئەوەی فەرمانبەران بتوانن بۆ چوونە دەوام سوودی لێوەربگرن، هەروەها بەرێوەبەرایەتی گواستنەوەی پێداچوونەوە رێڕەوی هێڵەکان و ژمارەی پاسەکاندا بخشێنێنتەوە بۆ هاوڵاتیان بتوانن سودی لێوەربگرن و بەکاری بهێنن.

هەروەها گۆڕینی پاسەکان کە هەندێکیان مۆدێلی ساڵانی هەشتاکانن و جگە لەوەی مەرجی سەلامەتیان نیە، ساردکەرەوەیان تێدانیە ناچار نەبێت ناتوانیت سواربێت و بۆ هاتووچۆ بەکاریان بهێنێت.
زۆربەی وڵاتان گرنگی بە تۆڕەکانی گواستنەوە دەدەن و بەردەوام نۆژەنی دەکەنەوە و فراوانی دەکەن، هەروەها بەبەردەوامی کاربۆ پەرپێدانی کەرتی گواستنەوەی گشتی دەکەن بەڵام لەکوردستان هەر ئەو سستمەیە کە ساڵانی هەشتاکان دانراوە، ئەوەش لە ئەو گەورەبوون و فرانبوونەوەی گەڕەکەکانی شاردا ناگونجێت.
ماوەی چەندین ساڵە دەیانەوێت پاس بۆ شەقامی بازنەیی دابنرێت، کە ئاسانکاری زۆر بۆ خەڵک دەکات بەڵام تائێستا جێبەجێ نەکراوە، هەروەها بڕیار بوو پاسی شەوان دابنرێت ئەویش شکستی هێنا.
بۆیە رێگری کردن لە هەڵکشانی نرخی بەنزین، جگە لەوەی بە دامەزراندنی پاڵاوگەی نوێ دەبێت بۆ پڕکردنەوەی خواست، لە ئاست ئەو خواستە زۆری خەڵک بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی خۆی، هێز نیە بتوانێت رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بکات و رەنگە  لە ئایندەیەکی نزیکش ئەو بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بۆ بازاڕەکانی عێراقیش بگرێتەوە.

*رۆژنامەنووسی ئابووری

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand