Draw Media

ئەنجومەنی شارەوانی چییەو دەبێ چۆن كار بكات؟!

ئەنجومەنی شارەوانی چییەو دەبێ چۆن كار بكات؟!

2022-06-12 07:07:32


ساڵح ژاژڵەیی
ئەنجومەنی شارەوانی پێكهاتوە لە بەرپرس و نوێنەری چەندین فەرمانگەی هەستیارو خاوەن دەسەڵات و چەندین لایەنی تر. كاری ئەم ئەنجومەنە  ئاگاداربون و بەدواداچونی  كاروباری دامودەزگانی حكومەت و ڕێكخستن و بەڕێكردنی كاروباری هاولاتیان و پارێزگاریكردنە لە موڵك و ماڵی گشتی و هاوڵاتیان. بەڵام لەبەرئەوەی لە ئێستادا حیزب حكومەتێكی ترە لەناو حكومەتداو زۆرینەی هەرەزۆری  بەرپرسی فه‌رمانگە گرنگ و ئەساسییەكان لە حیزبی دەسەڵااتدارن، كاروبارەكان بەشێوەی ئاسایی و یاسایی بەڕێوەنابرێن و بەزۆری بە میزاجی شەخسی و بە فەرمانی بەرپرسە باڵاكانی حیزب  بەڕیوەدەچن، بۆیە هەموو شتێك لە گرێژەنە چوەو لە سەرسكەی خۆی نەماوە. 
پرسیار: ئەگەر بەرپرسی ئەم فەرمانگانە خۆیان كاری نایاسایی و سەرپێچیان كرد كێ لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكات؟. لەكاتێكدا بەپێی یاسا هەموو كەس دەبێ لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت لەكاتی ئەنجامدانی كارێكی نایاسایی و ڕێگا پێنەدراو. ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی هەمویان بەرپرسیارن لەبەرامبەر ئەو سەرپێچیانەی لە شارەكەدا دەكرێن. ئەگەر ئەندامێكی ئەنجومەن خۆشی سەرپیچی نەكردبێت، نابێ بێدەنگ بێت لە بەرامبەر ئەوەی ئەندامێكی تری ئەنجومەنەكە كاری نایاسایی كردوە. 
ئەو سەرپیچیانەی ئێستا لەناو شاری سلێمانیدا دەكرێن دوو جۆرن: هەندێ سەرپێچی دەكرێت  لە دەرەوەو سەروی دەسەڵاتی ئەنجومەنی شارەوانییە. واتە لەلایەن بەرپرسانی باڵای حیزبەوە ئەنجام دەدرێن. بەڵام لەم حاڵەتەشدا نابێ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بێدەنگبن. بۆ نمونە: ماوەی ساڵێك لەمەوبەر بەناوی دژە تیرۆرەوە بە هەزاران پارچە زەوی بەبێ ڕەەزامەندی و ئاگاداری شارەوانی هەر بە هەوایی ئیفڕاز كران و دابەشكران. لەلایەن فه‌رماندەكانی هێزەكانی 70و بەناوی كەسوكاری شەهیدانەوە بە هەزاران پارچە زەوی بە هەمان شێوەی دژە تیرۆر دابەشكران و تەخشان و پەخشان كران. لەماوەی چەند ڕۆژی پێشوشدا لەلایەن بەرپرسێكی دژە تیرۆرەوە لە دۆڵەڕوت دەستگیراوە بەسەر 14 دۆنم زەویداو بەش بەش كراوە.
لەم حاڵەتانەدا دەبێ ئەنجومەنی شارەوانی بێنە سەرخەت و كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدەن و ڕایگشتی لێ ئاگادار بكەنەوەو ناڕەزایی دەربڕن، ئەگەر بە قسەیان نەكرا، دەبێ هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە بكەن. ئەگەر وانەكەن شار بەرەو وێران بون و داگیركاری دەڕوات خۆشیان بێ بایەخ دەبن. 
بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی و كارەساتی گەورەیە بایی ملیۆنان دۆلار موڵكی گشتی لەلایەن شارەوانی و فەرمانگەی وەبەرهێنانی سلێمانیەوە بە خۆڕایی و لەبەرامبەر هیچدا بەمیزاجی خۆیان یان بە فەرمانی بەرپرسانی حیزبی باڵا تەخشان و پەخشانكراوە، لەكاتێكدا ئەمانە خۆیان بەرپرسیارن و دەبێ خۆیان ڕێگربن لەبەرامبەر بەهەدەردانی موڵك و ماڵی گشتیدا.
ئەی دەبێ كێ لێپرسینەوە لەمانە بكات و بیانداتە دادگا. دەستدرێژییەكان ئەوەندە زۆرن لەسەر موڵك و ماڵی گشتی، میدیاكان بە زەحمەت فریای بڵاوكردنەوەو بەدواداچۆن دەكەون. لە ئێستادا شاری سلێمانی لەبەردەم مەترسی داگیركارییەكی زۆر گەورەدایەو ئەگەر كار هەر ئاوا بڕوات، هیچ ئەرزێكی بەتاڵ لەناو شاردا نامێنێت.
سەرنج بدەن: شوێنی مەسڵەحەی كۆن كە بڕیار وابوە بكرێتە باخچە، ئێستا دەكرێتە باڵەخانەی نیشتەجێبون كە دەكەوێتە ناوەڕاستی گەڕەكی نیشتەجێبونەوە، لەكاتێكدا ئەمە بەپێی یاسا قەدەغەیەو نابێت. لەوەش سەیرتر ئەوەیە بۆ ئەمەیان ڕێگا پێدراوە تا باڵه‌خانەی 35 نهومی دروست بكرێت، بەڵام ڕێگا نادەن بەشی پشتەوەی شەقامی ساڵم، واتە شوێنی خانوەكەی حەمەی فەرەجی ڕەحمەتی بكرێتە باڵەخانەی نیشتەجێبون چونكە بەرزتر دەبن لەبینای مەڵبەند. ئەمەیە بانێكەو دوو هەوا. دیارە باڵەخانەكانی شوێنی مەسڵەحەی كۆن حیزب تێیدا شەریكەو ئەوە هی خۆیانە. 
بەنزینخانەی چاڵەكەی دووڕیانی سەرچنار كە بڕیار وابوە بكرێتە باخچە ئێستا دەكرێتە تاوەری نیشتەجێبون و كاری تێدا دەكرێت. ساڵی 2009 لەسەر داوای پارێزگای سلێمانی فەرمانگەی كشتوكاڵ 140 دۆنم زەوی پێ داون بۆ ئەوەی بیكەن بە یاریگای تۆپی پێی نێودەوڵەتی. بەڵام بە بڕیاری توانا كەمال سەرۆكی پیشووی شارەوانی سلێمانی ئەرزەكە كرا بەشوێنی نیشتە جێبون و پارچە پارچە كرا. 
لە هەمووی سەیرتر ئەوەبو زۆر خەڵك و لایەن لەسەر ئەوە هاتنە دەنگ، بەڵام ئەوەی دەنگی لێوە نەهات پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوون. لە پردی كۆبانی بەرەو هەواری شار ئەمبەرو ئەوبەری شەقامەكە هەمووی لەلایەن بنەماڵەی حوكمڕانەوە داگیركراوە كە بایی دەیان ملیۆن دۆلارە. پشتی كۆلیجی سەلاحەدینی ئەیوبی و پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی كە دەكەوێتە نێوان خەستەخانەی ئەنوەر شێخە لە خوارەوەو مەكتەبەكانی یەكێتی لای سەرەوە، ئێستا بەناوی وەبەرهێنانەوە دەكرێتە خەستەخانەی ئەهلی باشوور.
ئاخر خەستەخانەی ئەهلی چ پەیوەندی بە وەبەرهێنانەوە هەیە بایی 12 ملیۆن دۆلار زەوی پێ بدەی؟. لەنێوان شوقەكانی گاردن ستی و بەنزینخانەی هەڵگورد لەسەر شەقامی 60 مەتری زەوییەكی بەتاڵ هەبوو ئێستا پێشی بەلەوح گیراوەو ئەوەش بەتاڵان دراوە. لەنێوان هۆتێل تایتانێك و خەستەخانەی هەرێمدا لەسەر شەقامی 60 مەتری بایی چەندین ملیۆن دۆلار زەوی براوەو بەنزینخانەو پیشانگای ئوتومبیل و دوكانی فەڕش فرۆشتنی لێ دروست كراوە. لە هەفتەی داهاتوشدا لە بناری گۆیژە دەستكرا بە دەرهێنان و لەناوبردنی سەدان درەخت بۆ ئەوەی شوقەی نیشتەجێبون لە شوێنی درەختەكان دروست بكرێت كە بایی چەندین ملیۆن دۆلارە. تازەترین تاڵانی پێدانی نزیكەی دوو دۆنم زەوی لەسەر شەقامی 60 مەتری نزیك هۆتێل تایەتانێك بەناوی وەبەرهێنانەوە كە بای 14 ملیۆن دۆلارە دراوە بە كوڕی وەزیری پێشمەرگە بۆ دروستكردنی ریِستۆرانت و كافێ.
ئاخر  پێدانی بای 14 ملیۆن دۆلار زەوی  بۆ دروستكردنی ڕیستۆرانت بۆ فرۆشتنی شلەو برنجء قاوە، چ جۆرێكە لە وەبەرهێنان؟. یان ئەمە ڕێگایەكە بۆ دەوڵەمەندكردنی خەڵك لەسەر موڵكی گشتی؟. هەر شوێنی هۆتێل تایتانیك خۆشی كە بایی چەندین ملیۆن دۆلارە هەر ئاوا بە تاڵان دراوە. 
خاوەن پرۆژە پاچی لە ئەرز نەداوە بوە بە خاوەنی 14 ملیۆن دۆلار. ئەمانە پرۆِژەی وەبەرهێنان نین و لە بنەڕەتدا پرۆژەن  بۆ دزینی موڵكی گشتی. پار ساڵیش كۆمەڵێك دزو جەردە سنەوبەرەكانی سەر شەقامی ڕاپەڕێن تاسڵوجەیان سوتاند بۆ ئەوەی شوینەكان بۆ مەبەستی بازرگانی بەكاربهێنن. لەگەڵ ئەوەی ئەوانە ناسراویش بون، بەڵام چونكە لە دەسەڵاتەوە نزیك بون، كەسیان نەگرت. بە هەمان شێوەش پار ساڵ ئاگر لە بناری گۆیژە كەوتەوە  ئێستا ئەوەش هەر گومانی لەسەرە . 
هەموو ئەو زیادە ڕەویانە بۆسەر موڵكی گشتی و بەتاڵانبردنیان لە ڕێگای شارەوانی سلێمانی و فەرمانگەی بەناو وەبەرهێنانەوە ڕێگایان پێدراوەو بە ئێمزاو ڕەزامەندی ئەوان ئەنجامدراون. كاتێك خەبەری پێدانی نزیكەی 2 دۆنم زەوی بەكوڕی وەزیری پێشمەرگە بڵاوبۆو، بەرپرسی فەرمانگەی  بەناو وەبەرهێنان عەزیز سەعید لە كۆنگرەیەكی رۆِژنامەوانیدا دەڵێت: 
هەمو كەسێك مافی خۆیەتی ئەگەر پارەی هەبوو داوای زەوی بكات بۆ مەبەستی وەرهێنان ئەگەر بەرپرس بێت یان كەسی ئاسایی. باشە كوڕی وەزیر پارەی بۆ چییە بۆ وەبەرهێنان، ئەوە نییە تۆخۆت بایی 14 ملیۆن دۆلار زەویت بە خۆڕایی پیداوە ؟. سەیری ئەم پاساوە بێ ماناو گاڵتەجاریەی ئەم ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیە بكەن و بیری لێ بكەنەوە. باشە منیش پارەم هەیەو بەیانی دیم داوای یەك دۆنم زەوی لەو شوێنە دەكەم  ئامادەیە پێم بدات ؟. ئاخر هەمو ئەو زەویانەی باسمكردن لە سەرەوە كە بەتاڵان دراون، فەرمون وەرن پێم بڵێن لە كەسانی حیزبی و نزیكەكانی خۆیان بەولاوە، كەسێكی ئاسایی بێ لایەنی تێدایە ؟.  
لەكاتێكدا كەسێك خۆی موڵك و ماڵی گشتی بەتاڵان بدات، چۆن دەكرێت ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بێت كە دەبێ بەرگری لە موڵك و ماڵی گشتی بكات. وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان تاكە ڕێگایە بۆ دەوڵەمەندبون لە سەرحسابی گشتی. وەبەرهێنان بە مانای دروستكردنی پڕۆژەیەك بۆ بەرهەمهێنانی مریشك و هێلكەو خەیارو تەماتەو دروستكردنی كارگەیەكی شەربەت یان بلۆك یان كەرەستەی تری خانوو  یان كاڵایەكی تر كە هەم بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بكات و خەڵكیش كار لەو پڕژانەدا بكات.
نەك بایی ملیۆنان دۆلار زەوی بدەیتە كەسێك خەستەخانەی ئەهلی لەسەر دروست بكات و گیرفانی خەڵك بەتاڵ بكەنەوە. یان ڕیستۆرانت دروست بكات و  برنج و شلەی تێدا بفرۆشن. با ئەوەی ڕیستۆرانت دەكاتەوە خۆی بچێت شوێن بۆخۆی پەیدا بكات. ئەوەی خەستەخانەی ئەهلی دەكاتەوە  خۆی بچێت زەوی بكڕێت، نەك لەسەر حسابی موڵكی گشتی بكرێنە ملیۆنێرو دوایی پۆز بەسەر خەڵكدا لێدەن.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییە بەڵام خۆی سەرپێچی كردوەو حەقی ئەوەیە پرسینەوەی لەگەڵ بكرێت. لەكاتێكدا خەستەخانەی شار لە شوێنێكی زۆر خراپ دروستكراوە، ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان بیر لە فراوانبونی بكرێتەوە زەوی بەتاڵی زۆر كەم هەیە. بەڵام تەنها هەندێك زەوی بەتاَڵ لەناو دڵی خەستەخانەكەدا هەبوو ڕێگای داوە بكرێتە گەراجی سەیارە. ڕاوەستانی سەیارە بۆ 10 دەقیقەش بێت 1500 دینارە. بەشی پێشەوەشی كراوە بەدوكان بۆ چایخانەو شوێنی فرۆشتنی خواردن. ئەگەر ئەمەی كردویەتی بۆ بەدەستهێنانی داهاتە بۆ خەستەخانەو چارەسەری كێشەی ڕاوەستانی سەیارەیە، ئەمانە ئیشی ئەو نین و هیچ گومانم نییە ئەمە بۆكەسێكی بەرپرسی گەورە كراوەو ئەمیش ئاسانكاری بۆ كردوە. 
ئەوەتا فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەڕلەمانی  عێراق دەڵێن: ئێمە دەرمانمان بۆ سلێمانی پەیداكردوە بەڵام بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی نایەت وەری بگرێت بۆ ئەوەی دەرمانی كۆمپانیاكانی حیزب بفرۆشرێن. لەلایەكی تریشەوە دەڵێن: دەرمانی كوالیتی خراپ بە نرخی هەرزان بۆ خەستەخانەی هیوای كڕاوە . تا ئێستا بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وەڵامێكی وای نەبوە كە خەڵك بڕوای پێ بكات . كەواتە چۆن دەبێت كەسێكی ئاوا ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بێت؟.  
ئەوەی نەت بیستوەو نەت دیوە لەم شارەی ئێمەدا دەیبینی. فەرمانگەی  گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی زەوییەكی بەتاڵی هەبوە لەسەر شەقامە گشتییەكە. لەبری ئەوەی بیر بكەنەوە لەدوا ڕۆژدا بیكەنە هۆڵی سینەماو شوینی ئەنجامدانی چالاكی ڕۆشنبیری، داویانە  بە موساتەحە بە سەرمایەدارێك. ئەی نابێت لایەنێك هەبێت لێی بپرسێتەوە بۆچی و بەچ حەقێك ئەمەتان كرد ؟. ساحەیەكی تۆپی پێ هەیە لەنێوان بەنزینخانەی ئاشتی لە دووڕیانی سەرچنار لەنێوان بەنزینخانەی ئاشتی و مزگەوتی حاجی ئەحمەد ئەو ساحەیەی پرسەی خوالێخۆشبوو مام جەلالی تێدابو، بەشی لای سەرەوەی ساحەكە بەلەوح جیاكراوەتەوە بۆ ئەوەی بیكەنە بەنزینخانەو دوكان. ئاخر كە تۆ ساحەی یاریكردنت نەما، یانەی وەرزشیەكەت چ مانایەكی دەمێنێت. ئێستا هەرچی هەیە ڕوی كردۆتە داگیركردنی زەوی بەناوی وەبەرهێنانەوە چونكە ئەمڕۆ نان لە زەویدایە. كۆتا سەرنجم:
1- لە كاتێكدا ئەم هەموو داگیركاریەی سەرموڵك و ماڵی گشتی هەیەو ئەو هەموو كارە نایاساییانە ئەنجامدەدرێت نە پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگا هیچ ڕۆڵێكیان نیەو وەكو ئەوە وایە هەر نەبن. هەر دەڵێی ئەوەی لەم شارە ڕودەدات كەم تا زۆر پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە. لەكاتێكدا لە هەمو پارێزگاكانی تری عێراق و هەرێمی كوردستانیش پارێزگار ڕۆڵی بەرچاوی هەیە. دیارە هەمومان دەزانین  پارێزگار لە حیزبی قائید نییەو لە دایكە زڕەكەیەو ناتوانێت ڕۆڵی خۆی وەكو پارێزگار ببێنێت چونكە ڕێگای پێنادەن. بەڵام ئەگەر من لە جێگای ئەوبم، یەكسەر دەستلەكاردەكێشمەوە. ئەوەتا هەموو موڵكی گشتی داگیركراو دنیا هاتە دەنگ، چۆن دەبێ پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگا ئاوا بیدەنگ بن. چۆن دەبێ ڕێگا بدەن ئەو زەویەی خۆیان داویان كردوە بۆ یاریگا، داگیری بكەن. كەواتە با لێم عاجز نەبن و قسەكە هی خۆمان بێت و لە بەینمان دەرنەچێت، ئەوانیش وەكو موچەخۆری بندیوار وان. 
2- ئەو ئەنجومەنی شارەوانیەی ئێستا هەیە ئەوەندەی خۆیان سەرچاوەی كێشەن و ئەوەندەی ئەوان كاری نایاسایی و سەرپێچی و زیادە ڕەوی و موڵك و ماڵی گشتی بەهەدەر دەدەن، ئەوەندە سەرچاوەی چارەسەركردنی كێشەكان نین. كێشەكان زیاتر پەیوەندییان بە زەوی زارەوە هەیە. زەوی زاریش لە ڕێگای شارەوانی و وەبەرهێناوە ئیدارە دەدرێت. ئەو دوو لایەنەش زیاتر پابەندن بە حیزبەوەو فەرمانی ئەوان جێ‌ بەجێ‌ دەكەن. باشە كێ‌ بەرپرسیارە لە چاككردنی ڕێگاوبانی ناو گەڕەكەكانی سلێمانی، ناوجەرگەی شار، شەقامی یەختیاری كە بە جادەی پۆزەكە بەناوبانگە، مرۆڤ شەرم دەكات كە بەو شەقامانەدا گوزەر دەكات. هەموی بۆتە چاڵ و چۆَڵا و شۆستەكان هەموو بونە قاڵدرمەو بەردەمی هەر دوكانێك بە جۆرێك كاشی كراوە. نێوان كارێزە وشك و پاركی ئازادی كیلۆمەترێك كەمترە. لەزەمانی بەعسدا بڕیار وابوە  بكرێتە دوو ساید. قەرەبوی هەموو ئەو ماڵ و دوكانانە  كراونەوە كە بەر شەقامەكە دەكەون بەڵام بەداخەوە فریانەكەوتن بۆمان بكەن.

خۆ ئەگەر ئەوان نەبونایە شەقامی 60 مەتریشمان نەدەبوو. ئەوە ماوەی 31 ساڵی حوكمڕانی یەكێتییە لەم شارەدا تا ئێستا نەتونراوە ئەو كیلۆمەترە بكرێتە دوو ساید. بەڵام هەر دوێنی شارەوانی و وەبەرهێنان بایی 14 ملیۆن دۆلار زەوی دەدەن بە كوڕی وەزیری پێشمەرگە كە بیكاتە چێشتخانە برنج و شلەی تێدا لێ بنین و ئەمە ناو بنێن وەبەرهێنان. لەبری ئەوەی بایی سەدان ملیۆن دۆلار زەوی بە خۆڕایی ببەخشن بەناوی وەبەرهێناوە، بۆچی لانی كەم نێوەی ئەو زەویانە بە پارە نافرۆشن و ڕێگاو بانەكانی پێ چاك ناكەن و ناو شاری پێ‌ جوان ناكەن، باشە كێ‌ ڕێگای لێگرتون و بۆچی ئەوە ناكەن؟. 
بایی 100 ملیۆن دۆلار هەر لە نزیكی كارێزەوشك زەوی بەتاڵان دراوەو ئەوەش حاڵی ڕێگاو بانەكانی شارمانە. كەواتە ئەم ئەنجومەنە بون و نەبونی لە چیدایەو بۆچی ببێت؟. ئەم ئەنجومەنە ژمارەیان زۆرە نزیكەی 13 كەسن. هەفتەی جارێك كۆدەبنەوە. كەم جار هەیە هەمویان ئامادەبن و هەندێكیان هەر پەیوەندیان بە هیچەوە نییە. لەلایەكی تریشەوە لەبەر زۆری ژمارەیان كاریان لەبەر ناڕوات و هەر یەكەی دوو قسە بكات سەعاتێكی دەوێت. بۆیە من پێشنیار دەكەم:
لەبری ئەنجومەنی شارەوانی  ئەنجومەنێكی تر هەبێت  كە لە 5 كەس پێك بێـت كە یەكێكیان نوێنەری داواكاری گشتی بێت. ئەمانە هیچ كارێكی تریان نەبێت و تایبەت بن بەم لیژنەیە. واتە بەرپرسی هیچ فەرمانگەیەك نەبن. كاری ئەمانە بەدواداچون لێپرسینەوە بێت لە سەرپیچیەكان و زیادە ڕەویەكان و ئاگاداركردنەوەی سەرپێچی كەران كەسیش بۆی نەبێت دەست بهێنێتە ڕێگایان. واتە خاوەن دەسەڵات و خاوەن برشیاریش بن. دەبێ ئەم ئەنجومەنە خاوەن دەسەڵاتێكی وابێت كە پرسینەوە لە سەرۆكی شارەوانی و وەبەرهێنان و بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵ و گشت سەرۆكی فەرمانگەكانی تربكات. ئاخر چۆن دەبێت و دەگونجێت زۆرترین سەرپێچی و زیادەڕەوی لەلایەن شارەوانی و وەبەرهێنانەوە بكرێت و خۆشیان ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی بن و خاوەن بڕیاریش بن؟. 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand