Draw Media

درۆنی سیاسی

درۆنی سیاسی

2022-06-09 20:44:08


رەحمان غەریب

پەیامەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی، بۆ چارەسەركردنی دۆخی عێراق كە بانگهێشتی لایەنە سیاسییەكانی عێراقی كرد بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان، چونكە زمانی لۆژیكی سیاسی بوو، بەر لە گەرانەوەی بۆ هەولێر یان لە رێگادابوو، بە لۆژیكی هێز وەڵامدرایەوە.
لە عێراقدا مەرج نییە لەوڵامی لۆژیكی گفتوگۆ، هەمان دەرئەنجامت دەسكەوێت، كردەوە تیرۆریستییەكەی هەولێر وا دەڵێت.
كردنەوەی هەر دەرگایەكی چارەسەر، راگەیاندنی هەر دەستپێشخەرییەك بۆ هێوركردنەوە و كردنەوەی گرێی ئاڵۆزییەكانی عێراق، سوپرایزێك ئامادەیە، وەڵامێكی خێرا لە ئاسمان و زەوییەوە خۆی دەكات بەناو رووداوەكان، خێراترینیان ئەو پەیامانەن لە رێی كاتیۆشاو درۆنەكانەوە دەنێردرێن.
درۆنەكەی هەولێر، بەچەند كاتژمێرێك دوای پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم بوو، بە چەند كاتژمێرێكیش و پێش كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم بوو  كە ئەمیان بە ئامادبوونی نوێنەری پارتە سیاسییەكان و جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، دیمەنی فیلمەكە (FULL HD) یە و روونە، پاڵەوانی فیلمە ئەم جوڵانەی بەدڵ نییە.  
درۆنەكان رۆڵی تەتەر، نامەبەری نێوان وڵاتانی ناوچەكەو ئەمریكا، هێزە "دۆڕاو" و "براوەكان"ی هەڵبژاردن دەبینن، نامەی سیاسی نەخشێنراوە بە رەنگی مەرگ، ماڵ یان هۆتێل و چێشتخانەی هاوڵاتییەك، یان شوێنێكی مەدەنی وەك فرۆكەخانەی هەولێر ئەكاتە ئامانج، گرنگ نامەكە بگات، ئەوەی تری ئەركی هەرێم و بەغدایە مەبەستم ئەركی ژماردنی قوربانییەكانە.
لەماوەی كەمتر لە ساڵێك بە چەكی پیشەكەتووی دورهاوێژ، 12 جار هێرشكراوەتە سەر پایتەختی هەرێمی كوردستان، وەڵامی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، رەنگدانەوەی لاوازی وەڵامەكانی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بووە، كەس نەڵێت ئەگەر هەرێم دەوڵەت بوایە شتێكی ترمان دەكرد، خۆ بەغدا لە 1945 وە ئەندامی دامەزرێنەری نەتەوەیەكگرتوەكانە، بۆ نمونە چی پێدەكرێت بەرامبەر دەستێوەردانی ئێران و توركیا؟
حكومەتی عێراق، ناتوانێت رووبەرووی تیرۆری ئەو گروپانە بێت، كە پارەو پشتیوانی و  فەرمان لە دەرەوە وەردەگرن، بەمەش: نە توانای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ناوخۆو نە داگیركاری دەرەكیی هەیە، بودجەی سوپا رەسمییەكەیانیشی بە ئەندازەی بودجەی چەند وڵاتێكە.
شانسی عێراق و هەرێمی كوردستان، نەك هەر سوپای رەسمی بەڵكو هێزی میلیشیا، تیرۆریست و قاچاخچی تلیاكیش بۆ جێبەجێكردنی ئەجێنداكانیان هاوپەیمانی دەكەن، بەڵام هێزی مەدەنی و دیموكرات و میانرەو دوورن لەیەك.
وڵاتێكی بێ دەرگاو پەنجەرە، دیواری ماڵەكەی ئەوەنە نزمە نەك سوپای میلیشیا و تیرۆیست، بەڵكو بۆ بازدانی قاچاخچی تلیاكیش ئاسانە، ئەمه چیرۆكی عێراقە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand