ئەردۆغانیش بە دەردی ئێجێوید و دێمیرئەل دەچێ؟
.gif)
2022-06-09 10:42:46
رێبوار کەریم وەلی
رەنگبێ یەکێک لە هۆکارە شارەوەکانی کودتای سەربازیی 12ی ئەیلولی 1980ی تورکیا کە زۆر بە کەمی باسی کراوە، دژایەتیکردنی هەر دوو حکومەتەکانی ئێجێوید و دێمیرئەل بێت لەگەڵ گەڕانەوەی یۆنان بۆ باڵی سەربازیی پەیمانی ناتۆ.
*
یۆنان لە ساڵی 1974دا، دوای پەلاماری تورکیا بۆ سەر دورگەی قوبرس و داگیرکردنی بەشێکی دورگەکە لەلایەن تورکیاوە، چاوەڕێی هەڵوێستی لە وڵاتانی ناتۆ هەبوو، بەڵام چاپۆشیی ئەمریکا و وڵاتانی ناتۆ، وایکرد کە یۆنان لە ئەندامیەتی باڵی سەربازیی ناتۆ بێتە دەر.
*
دواتر لە ژێر گوشاری ئەمریکادا، یۆنان بڕیاری گەڕانەوە بۆ باڵی سەربازیی ناتۆی دا، بەڵام بەرەوڕوی ڤیتۆی تورکیا بۆوە. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێجێوید و دێمیرئەل تا ساڵی 1980 گەڕانەوەی یۆنانیان بۆ ناتۆ بە کۆمەڵێک مەرجەوە بەستەوە و ڤیتۆیان لەدژی گەڕانەوەی یۆنان بەکار هێنا.
*
شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە 1979 و داگیرکردنی ئەفغانسان لە لایەن سۆڤییەتەوە، رۆژ بە رۆژ ئەهمییەتی جیۆستراتیژیی یۆنانی دەبردە سەر و، ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ بۆ قەناعەت پێهێنانی تورکەکان، بەڵام بێهودە بوو. بۆیە یەکەم کاری کەنعان ئێڤرەن حاکمی سەربازیی تورکیا لە دوای کودتای 1980 ئەوە بوو کە ئیمزای لەسەر گەڕانەوەی یۆنان بۆ ناو ناتۆ کرد.
*
ئێستا حکومەتەکەی ئەردۆغان لە تورکیا لە ژێر بیانووی بێمانادا، وەک وەکیلی روسیا لەناو پەیمانی ناتۆدا، دژایەتیی خۆی بۆ ئەندامیەتیی سوید و فینلەند راگەیاندووە. داواکاری ئەندامیەتیی فینلەند و سوید، کە یەکێکیان خاوەنی 1300 کم سنورە لەگەڵ روسیادا، خاوەنی چەک و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوون و لە رووی ئابورییەوە ناتۆ دەبوژێننەوە، دەرفەتێکە کە زۆر زەحمەتە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بیکەن بە قوربانیی حەز و سیاسەتەکانی ئەردۆغان.
*
بۆیە دژایەتیی تورکیا لەگەڵ ئەندامیەتی ئەو دوو وڵاتەی سکاندیناڤیا باجێکی قورسی بۆ ئەردۆغان دەبێ و دوور نییە مێژوو لە بەرگێکی دیکەدا، بۆ ئەردۆغان دوبارە ببێتەوە.
