چیرۆكه زۆر بێماناكان
.gif)
2022-06-09 08:56:27
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
1
بناری گۆیژه كه‌چه‌ڵ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن له بری هه‌ر دارێ په‌نجا نه‌مام ده‌ڕوێنین ، كاكه‌لێش باسی لێدانی یه‌ك ملیۆن نه‌مام ده‌كات له ساڵێكدا ، له بری ئه‌وه‌ی خه‌ڵك گازنده بكات ، كۆمپانیاكه تڕو منه‌تی ئه‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌كات یه‌ك به په‌نجا قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه ، به‌ڵام نایه‌ته سه‌ر باسی ئه‌وه‌ی كه ته‌مه‌نی ئه‌و دارانه‌ی له ره‌گه‌وه ده‌یكێشنه‌وه زۆرێكیان 25 ساڵ و سی ساڵیان تێپه‌ڕاندوه ، ئه‌وه چ به‌ڵێنێكه سی ساڵی مێژوی دارێك له ناو ده‌ده‌یت له سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كه خه‌متان نه‌بێ به‌یانی په‌نجای له بری داده‌نه‌ین .
2
هاوڕێكانی شه‌هید ئارام ، نه‌ئارام و نه‌بیرو باوه‌ڕو نه‌نیشتمان و نه‌شه‌هیده‌كانیان بیر نیه ، ده‌نا لانی كه‌م شوێن پێكانی ئه‌و ناسڕنه‌وه ، من تێناگه‌م كوڕی وه‌زیری پێشمه‌رگه به چ پێوه‌رێك زه‌وی 14 ملیۆن دۆلاری ده‌درێتێ بۆ كافتریا ، ئاخر كافتریا جگه له وێرانكردنی ژیانی گه‌نجه‌كان چی خێر‌و بێرێكی بۆ ئه‌م نیشتمانه هه‌یه ، دواتر شۆڕش ئیسماعیلێك كه پێشمه‌رگه‌و كۆمه‌ڵه‌و شوێنكه‌وتوی ئارام بووه ، چۆن رێگه به كوڕه‌كه‌ی ده‌دات ئه‌و ناهه‌قیه بكات ، یان ئیتر زه‌مانه‌كه به جۆرێك گۆڕاوه هه‌ر كه‌س له خه‌می كوڕ‌و نه‌وه‌كانی خۆیدایه‌و شێخ ڕه‌زا وته‌نی میله‌ت به گونی ، هه‌ر ئه‌وه‌شه وای كردوه كۆنگره‌كانی حزب كۆنگره‌ی گوازتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بن له باوكه‌وه بۆ كوڕ‌و نه‌وه .
3
خه‌ڵك چی له‌وه بكات كاكیلێ سبه‌ینێ دوو سه‌ت كیلۆ به‌رز بكاته‌وه یان نا ، خه‌ڵك ئاسایش و نان و ژیانی ده‌وێت ، دوو سه‌ت كیلۆ به‌رز بكه‌یته‌وه یان هه‌زار ، وزه‌ی خۆر بكه‌یته جێگره‌وه‌ی كاره با له ناو باره‌گای حزبه‌كان یان مۆم داگیرسێنی ، هیچ له‌وه ناگۆڕێ كه خه‌ریكه له به‌غدا كورد ده‌كه‌نه سفری دوای فاریزه ، ئه‌وه‌ی له پارله‌مانی عیراق كورد هه‌ڵاوێر كرا له پشكی ئاسایشی خۆراك ، جگه له‌وه‌ی ناهه‌قی و سته‌مه ،به‌شدار بوونیشه له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا بۆ زیاتر چه‌وسانه‌وه‌ی میله‌تی كورد ، فه‌رمون بتوانن قه‌ره‌بوی ئه‌وه بكه‌نه‌وه ، په‌نجا كیلۆش به‌رز بكه‌نه‌وه پاڵه‌وانن.
4
به ده‌ستی خۆیان كوردستانیان گه‌یاندوه‌ته شوێنێك ، وه‌كی چیرۆكی ئه‌و پیاوه‌ی لێهات له پوچی دنیادا ده‌یگوت زه‌وی له سه‌ر قۆچی گایه‌و گا له سه‌ر پشتی نه‌هه‌نگه‌و نه‌هه‌نگیش له نێو ده‌ریادایه ، ئێستا هه‌رێمی كوردستان له سه‌ر پشتی ئه‌و مێشه‌یه وا به كلكی گایه‌كه‌وه نوساوه نه‌ك قۆچی گاكه ، ئه‌وه‌ش ده‌ست و دیاری خۆمان بوو ، لێ كه‌س ئاماده نیه دان به هه‌ڵه‌ی خۆیدا بنێت .
