ئاساییشی ئینسانیی

Draw Media

2022-06-09 07:57:59



ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

کەرامەتی مرۆڤ لە هیچ دەوڵەتێکدا پارێزراو نییە گەر ئاساییشی تاکەکان پارێزراو نەبێت. پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی هەموو دەوڵەتێک پەیوەندییەکی قووڵی بە ئاساییشی ئینسانییەوە هەیە.
یەکەم سیاسیی کە باسی کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئاساییشی ئینسانیی کردوە، فرانکلین ڕۆزڤێڵتی سەرۆکی ئەمریکایە. ڕۆزڤێڵت لە ساڵی ١٩٤١دا وتارە بەنابانگەکەی بەناوی “چوار ئازادییەکان“ لە کۆنگرێس پێشکەشکرد. ئەم وتارە بوو بە سەرەتای دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی نێونەتەوەیی دژ بە نازیزم و فاشیزم و پاشان بناغەیەک بۆ دامەزراندنی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان. یەکەم خاڵی وتارەکە بریتییە لە ئازادی ڕادەربڕین لە هەموو جیهان، دووەمیان بریتییە لە ئازادیی هەموو تاکێک بۆ چەشنی خوداپەرستیی لە هەموو جیهان، واتە هەموو کەسێک ئازادە لە هەڵبژاردنی ئەو خودایەی کە ئیمانی پێیەتی، سێیەم ئازادییە لە کۆتوبەندی پێداویستیی، واتە وەزیفەی دەوڵەتە ئابوورییەکی تەندروست بناتبنێت کە ئینسانەکان لە برسێتیی و هەژاریی بپارێزێت. چوارەم ئازادیش بریتییە لە ئازادیی لە ترس، کە بە بۆچوونی ڕۆزڤێڵت مانای چەکداماڵینێکی گڵۆباڵە، بۆئەوەی لەداهاتوودا هیچ دەوڵەتێک نەتوانێت بە زەبری چەک پەلاماری دراوسێکەی بدات. 

بۆیەکمینجار چەمکی ئاساییشی ئینسانیی لەلایەن هەردوو ئابوورییناسی بەناوبانی پاکستانی مەحبوب ئەلحەق و ئامارتیا سینی هیندی بەکارهێنرا. ئەم چەمکە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە گەشەی پێدرا و بوو بە بەشێکی گرنگ لە پرۆگرام و چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئاساییشی ئینسانیی لە دوای نەمانی بلۆکی سۆسیالیستییەوە رووبەڕووی چەندین تەحەدای گەورە بووەتەوە کە گرنگترینیان بریتییە لە برسێتیی و هەژاریی، بێکاریی، تەندروستیی، پەروەردە، کۆچکردن، تاوانکاریی، ململانێی کۆمەڵایەتیی، تیرۆر، چەوساندنەوەی سیاسیی و ئایینی و وێرانکردنی ژینگە و جیاوازیی جێندەریی. 

جەوهەری ئاساییشی نیشتیمانیی بریتییە لە ئاساییشی ئینسان، بەهەمان شێوە کۆڵەکەی ئاساییشی ئیقلیمییی و جیهانییش بریتییە لە ئاساییشی ئینسانیی. ئاساییشی ئینسانیی پێماندەڵێت پاراستنی هاونیشتیمانیان مانای بەرهەمهێنانی ترس نییە، بەڵکو مانای پاراستنێتی لە هەڕەشە و مەترسییەکان. هەڕەشە و مەترسییەکانیش لەم جیهانە گلۆباڵەدا زۆر و گەورەترن وەک لە سەدەی پێشووتر. کۆرۆنا و وشکەساڵیی و وێرانکردنی ژینگە و تێکچوونی سیستەمی ئیکۆلۆژیی و مەترسیی نەمان و لەناوچوونی چەندین جۆر لە گیانلەبەری سەر زەوی و ژێر ئاو و ڕوەک و باڵندە و نەمانی ئاوی پاک بۆ خورادنەوە و هەوای پاک بۆ ژیانێکی تەندروست، هەموو ئەمانە مانای وێرانبوونی ئەو ژینگە ئاسایی و سروشتییە دەگەیەنێت کە مرۆڤ پێویستی پێیەتی بۆ گەشەسەندن و بەردەوامیی و ژیانێکی ئارام و تەندروست. 

هەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەت و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتیی، جگە لە جەنگ و ماڵوێرانیی و ئاوارەیی و نەمانی بناغە سەرەتاییەکانی ژیانێکی تەندروست و پارێزراو، رووبەڕووی کێشەی وشکەساڵیی و خۆڵبارین و وێرانبوونی بەروبوومی کشتوکاڵیی و وشکبوونی چەندین ڕووبار و دەریاچەی گەورە و پیسبوون و کەمیی ئاوی خواردنەوە و دەیان کێشەی گەورەی تر بوونەتەوە کە رەهەندی بان دەوڵەتیی و سەروو نەتەوەییان هەیە. گەر لە ئاستی ناوخۆیی و لەنێوان ئەو دەوڵەتانەدا ناکۆکیی گەورە هەبێت کە وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەییان وێنادەکرێت، ئەوا لەئاستی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییدا مەترسییەکان گەورەتر و کارەساتبارترن، چونکە مەترسییە جەوهەرەییەکانی داهاتوو هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر ئاساییشی مرۆییمان.

لەوانەیە قسەکردن لەسەر ئاساییشی ئینسانیی لە هەرێمی کوردستاندا عەبەسێکی گەورە بێت، چونکە لەم دەڤەرەدا شتێک نییە ناوی ئاساییشیی ئینسانیی بێت، بەڵکو تەنها شتێک هەبێت و ناوی ئاساییش بێت، بریتییە لە دوو دەزگای ئاساییشی پارتی و یەکێتتی.
هەر ئەم کێشەیەش وایکردووە خیتابی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی تەقلیدیی لەسەردەمی بزوتنەوەی گۆڕانەوە تاوەکو ئەمڕۆ بریتیی بێت لە گوتاری بێتامی یەکگرتنەوەی ئیداریی دەزگاکانی پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس و زانیاریی و پاراستن و دژە تیرۆر و دەزگاکانی تر. لە جەوهەردا پرسی سەرەکیی لە دونیای ئێمەدا بریتیی نییە لە یەکگرتنەوەی بیرۆکراسییانەی دەزگا حیزبییەکان و رزگارکردنیان لە وەلائەتی حیزبیی و پاراستنی بەرژەوەندی خێزانە سیاسییەکان، بەڵکو پرسی سەرەکیی بریتییە لە گێڕانەوەی وەزیفەی ئاساییش بۆ مانا ئینسانیی و یاساییەکەی خۆی. چەمکی ئاساییشیش کاتێک مانا راستەقینەکەی خۆی وەردەگرێت کە ئاساییش چیدی پرسی پاراستنی هیچ حیزب و خێزان و دەسەڵاتدارێک نەبێت، بەڵکو رەهەندێکی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی و گەردوونی هەبێت. 

کێشەکانی ئەمڕۆی کوردستان کێشەی چەلەحانێی خێزانە سیاسییەکانی پارتی و یەکێتی نییە، بەڵکو کێشەی ئاساییشی ئینسانیی گەورەن کە پێویستییان بە چارەسەری خێرای ناوخۆیی و ئیقلیمیی و گلۆباڵیی هەیە. وڵاتی ئێمە پێویستیی گەورەی بە بیرکردنەوە و چەمکی سیاسیی نوێ هەیە کە نەک بەتەنها کێشەکانی پارتی و یەکێتیی ببینێت، بەڵکو هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتیی. کۆمەڵگای ئێمە عەقڵی سیاسیی و سیاسەتمەداری عەقلانیی دەوێت کە نە بۆ دەسەڵاتداران بیربکاتەوە و نە لەبری ئەوان نەوت و گاز بفرۆشێت. هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی کارەساتباری ئاساییشی ئینسانییدایە کە بەرهەمی وشکبوونی بیرکردنەوەی عەقلانیی و ئابوورییەکی دادپەروەرە. بۆیە چارەسەری کێشەی ژینگە لە بەکارهێنانی ووزەی خۆر (سۆلار) بۆ دەزگاکانی یەکێتی یان سەری ڕەش دەستپێناکات، بەڵکو بە ڕووناککردنەوەی بەردەوامی شەقامەکان و نەخۆشخانەکان و زانکۆ و قوتابخانە و دەزگا حکومییەکانەوە دەستپێدەکات بە ووزەی ئەڵتەرناتیڤ. بە دانانی سیستەمێکی نوێی شارسازیی دەستپێدەکات کە دروستکردنی کارەبای ئەڵتەرناتیڤ، واتە سۆلار، بکرێت بە مەرجی وەرگرتنی مۆڵەتی بینا و حکومەتیش وەک پاڵپشتییەک لە تێچووەکاندا بەشداربێت. نەبوونی سیاسەتێکی ئابووریی نیشتیمانیی و پڕۆژەی ستراتیژیی گەورە و دروستنەکردنی سەدان بەنداوی بچووک و بەرهەمنەهێنانی ووزەی خۆر و با، هەرێمی کوردستانیان بەم دۆخە گەیاند کە ئێستا وشکەساڵیی و خۆڵباران بووە بە مەترسیی و هەڕەشە بۆسەر ئاساییشی ئینسانییمان.

وەک زۆرینەی ئەو دەسەڵاتدارێتییانەی ڕژێمە سیاسییەکەیان ستەمگەرە، لە هەرێمی کوردستانیشدا چەمکی ئاساییش کورتبووەتەوە بۆ ئاساییشی دەسەڵاتە سیاسییەکە و پاراستنی خێزانە سیاسییەکان، نەک ئاساییشی مرۆڤەکان لە بنیاتنانی ژیانێکی پارێزراو لەڕووی ژینگە و تەندروستیی و ئابووریی و پەروەردەییەوە. بەهاری عەرەبیی و ئەزموونی دەوڵەتە دیکتاتۆر و تۆتالیتێرەکانی جیهانی عەرەبیی لە عێراقەوە بۆ جەزائیر، ئەو راستییەیان سەلماند کە ئاساییشی نیشتیمانیی دەوڵەتە نەتەوەییەکان کورتناکرێنەوە لە ئاساییشی رژێمە سیاسییەکە و قەبەکردن و بەهێزکردنی جەستەی دەزگا سەربازیی و پۆلیسیی و ئەمنیی و ئیستخباراتییەکانی دەوڵەت و حیزب، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاساییشی ئینسانییەوە. هەر دەوڵەتێک نەیتوانی ئاساییشی ئینسانیی هاونیشتیمانیانی بپارێزێت، ناتوانێت ئاساییشی نەتەوەییشی بپارێزێت. 

پاراستنی ئاساییش پەیوەندییەکی قووڵی بە پاراستنی ئازادیی و خۆراک و تەندروستیی و ئابووریی و پەروەردە و ژینگە و جێندەرەوە هەیە. هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی قووڵی ئاساییشی ئینسانییدا دەژی کە دەرئەنجامی ئامادەنەبوونی عەقڵ و بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand