Draw Media

بڕینەوەی 40 ساڵ لەتەمەنی ژینگەی سلێمانی

بڕینەوەی 40 ساڵ لەتەمەنی ژینگەی سلێمانی

2022-06-08 10:36:43


خالد سلێمان

بەگوێرەی یەکێک لە خاوەن باخەکانی بناری گۆیژە کە قسەی بۆ سایتی (درەو) کردووە، تەمەنی ژمارەیەک لەو دارانەی لەناوبران و لە ڕەگەوە دەرهێنراون دەگەڕێتەوە بۆ (40 ساڵ) لەمەوبەر. ئەگەر بمانەوێت هەر قسەیەک لەسەر زیانی ڕووتاندنەوەی بناری گۆیژە بکەین و کاریگەرییان لەسەر ژینگەو تەندروستی دانیشتوان و پتەوی و توندتۆڵیی خاک، دەکرێ لە چیرۆکی ئەم دارانەوە دەست پێبکەین و هەر شتێک لەدەرەوەی ئەمەوە بوترێت، هیچ بەهایەکی زانستی نیە.

بەقسەیەکی ڕوون و ئاشکرا، دارەکان بەرهەمهێنی هایدرۆکابۆنن وەک سوتەمەنی بۆ گەشەسەندن و مانەوەی سیستمی میکرۆ-ئۆرگانیزم، هەر دارێکیش لە سوڕی ژیانیدا، توانای هەیە نزیکەی 22 تەن لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە قەدو چڵ و تۆڕی ڕەگ و ڕیشەیدا هەڵبگرێت. کاتێکیش دارەکە لەناو دەبرێت یان بەکتیریاو قارچکەکان کۆتایی بەژیانی دەهێنن، بڕی هاوقەبارە لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەخاتە کەشەوە، واتە 22 تەن گازی گەرمکەرەوە. لێرەوە تێدەگەین کە دارستانەکان ڕۆڵێکی گەورەو بنەڕەتیی لە تەسفییەکردن و عەمبارکردنی پێکهاتەکانی هەوادا دەگێڕن. دەتوانین بڵێین ئەو بڕە گازەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کە دوای مردنی دارەکان دەچنە کەشەوە تا هەتا هەتایە لە سیستمی ژینگەییدا دەمێننەوە.

بەپشتبەستن بەم ڕۆڵە بنەڕەتییە، ئەو دارە نوێیان لەسەر لاشەی پیرە دارە لەناوبراوەکان سەوز دەبن، توانای عەمبارکردنی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان نیە، ئەمە جگە لەوەی توانای ئەوەشیان نیە جۆرەکان (زیندەوەرەکان) بگرنە خۆیان کە پێشتر لەوێدا ژیاون، چونکە لاون و بەرگەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا ناگرن. ئەمەش توانای سیستمە ژینگەییەکە لە دابەزاندنی گەرما کەم دەکاتەوە، چونکە کاریگەریی داراستان گرێدراوە بە سیستمێکی ژینگەیی داهێنەرو هەمەجۆرە لە پاراستنی هەمە-چەشنی و سووڕی ئاوو و بەکتیریاو وردیلەکان. کاتێکیش پۆشاکە ڕووەکییەکەی زەوی لەناودەبرێت، سیستمێکی ژینگەیی تەواو لەناودەبرێت. بەگوێرەی سندوقی جیهانی بۆ ژیانی کێویانە، 80 لەسەدی جۆرەکان لە جیهاندا لە دارستانەکدا دەژین، مەرگی دارەکان و لەناوبردنی دارستانەکانیش بەشێوەیەکی بەرفراوان، نەک تەنها سیستمی ئایکۆلۆژی دەخاتە ژێر مەترسییەوە، بەڵکۆ کاریگەرییەکی ڕاستەخۆی لەسەر ژیانی مرۆڤ و تەندروستی گشتی دەبێت.

لێرەوە پرسیارێک ئاڕاستەی پرۆژەی نیشتەجێبونی شاری ئارام دەکەم، ئێوە کە 40 ساڵ لە تەمەنی سیستمێکی ژینگەیی کەمدەکەنه‌وە، بیرتان لەوە کردوەتەوە کە 40 ساڵ لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی زیاتر دەخەنە ناو ژیانی ئێمەوە، بیرتان لەوە کردووەتەوە کە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە بەکتیریاو سیستمی وردیلەکان Microorganism لەناودەبەن، بیرتان لەوە کردووەتەوە کە 40 ساڵ لە ئۆکسجین لە سییەکانی ئێمە دەبڕن، بیرتان لەوە کردووتەوە کە تەندروستی گشتی دەخەنە ژێر مەترسییەوە؟

ئێوە دەڵێن لەبری هەر دارێک پەنجا نەما دەچێنن، بەڵام نازانن ئەو سیستمە ژینگەییەی لەناوتان برد، بە 100 ساڵی تریش دروست نابێتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا لە کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا تێنەگەیشتوون؛ ئەوەی لە نیوسەدەی ڕابوردوودا سەوز بوو، ڕەگوڕیشەی لە خاکدا داکووتا، لەداهاتوودا مەحاڵە. مەسەلەکەش بەبێ ئاڵۆزاندن و تیۆریزەکردن، لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەو سیستمە ژینگەییەی لە ڕابوردوودا دروستبووەو ئێستا لە ناودەبرێت لە زمانی زانستی و ژینگەییدا پێی دەوترێت Irreparable، واتە چاکنابێتەوە.

بەڕێزان، ئێوە نازانن کە پرۆژە ئابوورییەکەی ئێوە، ئەوەندی وزەی پێویستەو ئەوەندە گازی گەرمکەرەوە دەخاتە کەشەوە، سروشت نەبێت هیچ هێزێکی تر نیە لوشی بدات و لەهەناوی خۆیدا حەشاری بدات، بەڵام ئێوە ئەو سروشتەشتان لەناوبرد کە ئەم کارەی پێدەکرێت! ئەو نەمامە تازانەی باسیان دەکەن و دەیکەنە دیاریی بۆ ئێمە، تەنها لە قسەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەچن و هیچی؛ کە لە دنیای پارەوە تەماشای سروشت و ژینگەی دەکرد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand