Draw Media

 کوردستان و پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی دەرەوە

 کوردستان و پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی دەرەوە

2022-06-08 06:05:11


فازل كوردی

لە کوردستان، هیچ یاسایەک نیە بەناوی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی دەرەوە!! ئەم لایەنە گرنگەش کەوتۆتە دەست چەند کەسێکی نەزان و خۆپەرست!! کۆلەواری و نەشارەزایی لە دیپلۆماسیەتی نێونەتەوەیی وایکردووە کە ئەم لایەنە گرنگەش فەرامۆش بکرێ. 
لەدەرەوەی وولات کام نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بەئاستی ڕەوەندی کوردی (مەبەستم چالاکوانە خۆبەخش و سەربەخۆکانە) کاریگەری لەسەر ڕاکێشانی هەست وسۆزی ئەمریکیەکان و ئەوروپیەکان و دونیای دەرەوە هەیە یان هەبووبێ؟ 
لە ساڵی ١٩٩٦ ەوە لە دەرەوەی کوردستانم و لە چەندین ووڵاتیش کارم کردوە و ژیاوم، لەمانە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیای ناوەڕاست و ئەوروپا و ئێستاش بۆ ماوەی زیاتر لە (٢٥) ساڵە لە ئەمریکا دەژیم، دوور و نزیک ئاگام لە چالاکیەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم هەبووە لێرە و لەم ووڵاتانەی پێشووتر لێی ژیاوم، ئێستاشی لەگەڵ دابێ نوێنەرە حزبی و حکومیەکانیان نەسەنگیان لای ڕەوەندی کوردستانی هەیە، نە پەیوەندیەکی تۆکمەی دیپلۆماسی لەگەڵ ووڵاتی خانەخوێ بەستوە، کەتوانیبیان بەلانی کەم ١٠ کەسایەتی ناودار و سیاسەتمەدار بکەنە دۆستی کوردستان یان کاریگەریان هەبوبێ لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەم ووڵاتانە!!!
 بەبەرچاوی هەرهەمووشمان ئەوەی کراوە هەر ئەو ڕەوەندە خۆبەخشەبووە لەگەڵ ئەو هەموو دژایەتی کردنەش، کارو چالاکیەکان بەگشتی %٩٠ هی شەونخونی کەسانی خۆبەخشە بەکەیسی ئێزیدیەکان و عەفرین و گرێ سپی و دەستدرێژیەکانی تری ووڵاتانی داگیرکەر بۆ سەر خاکی کوردستان.
ئەوەی دڵخۆشکەرە لەپاڵ چالاکوانە خۆبەخش و سەربەخۆکانی ڕەوەندی کوردستانی، ماوەی چەند ساڵیکە دیپلۆماسیەتێکی خۆیسکی ناڕێکخراو کە لەلایەن کۆمەڵە چالاکوانێکی خۆبەخش بەڕیوەدەبرێ لە ناوەندە سیاسیەکان ئەکادیمی ئەمریکا دەست بەکارن، ئەم کۆمەڵە چالاکوانە تێکەڵەیەکە لە چالاکوانی کوردستانی و ئەمریکی کە توانراوە کەناڵێکی لەیەکگەیشتن دروست بکەن لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکوومەتی ئەمریکی لەسەر پرسە چارەنووس سازەکان! 
نموونەی زیندووی کاروچالاکیەکانی ئەم کۆمەڵەیە، بە فەرمی هاتنە سەرخەتی بەرپرسانی ئەمریکایە لە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاڤا، ڕاگەیاندراوەکەی  ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا (لینکۆلن بلومفید) ڕایگەیاند بە هیچ شێوەیەک ڕێگانادەین هێرش بکرێتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، دەڵێت: هەر هێرشێک بۆ سەر هاوپەیمانمان 'قەسەدە' ڕووبەڕووی کاردانەوەیەکی توندی ئەمەریکا دەبێتەوە و، بە هیچ شێویەک ڕێگا نادەین هێرشیان بکرێتە سەر.
هەروەها لە کۆتایی مانگی مایسی ٢٠٢٢ فەرمانێک لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا بەرجەستە کرا لەبارەی سزاکانی قەیسەر بۆ سەر سوریا و دەرهێنانی ڕۆژئاڤای کوردستان لەم سزایە!
بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی ڕێگەپێدانێکی بۆ وەزیری بەرگری ئەمەریکا مۆرکرد وتەواوی دەسەڵاتی ئەوەی پێدا کە کوردستانی ڕۆژئاڤا لە سزاکانی قەیسەر ببورێت و ڕێگا خۆش بکات بۆ وەبەرهێنەری ئەمریکی و جیهانی بۆ هەر چالاکییەکی ئابووری لە ناوچەکە، جێگای باسە ئەم ڕێگەپێدانە لە ماڵپەری کۆشکی سپی بە فەرمی دانراوە.
نموونەی چالاکی دیپلۆماسی لەبواری زانست و ئەکادیمی، مۆرکردنی یاداشتی لە یەکگەشتن لە نیوان زانکۆی واشنتن و زانکۆی ڕۆژئاڤا، ئێستاش ئەم یاداشتە لە بواری فراوان کردنە لەگەڵ زانکۆی کۆیە و زانکۆی کۆبانێ.
ئاشکرایە هەر جموجۆڵێکی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی ووڵات بەبێ پەیوەندی دیپلۆماسی لاسەنگە!! بۆ ئەوەی پارسەنگەکە ڕابگیرێ پەیوەندی دیپلۆماسی پێویستە کارا بکرێ لەسەر بنەمای لێکدانەوە و شێکردنەوەی ڕوداوەکان لەسەر دەستی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و بەئەزمون لە بواری کاری پەیوەندی دیپلۆماسی. جێگای وەبیرهێنانەوەیە پێشمەرجی دیپلۆماتکاری شارەزا پێویستە پتر لە زمانێک بزانێ، لەگەڵ ئەوەی زانینی زمان بەتەنها بەس نیە بۆ دیپلۆماتکار، پارسەنگەکە بڕوانامە و ئەزمونی کارکردنە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand