Draw Media

بەڵێ پارتیش فیشەک لە قاچی خۆی دەدات!

بەڵێ پارتیش فیشەک لە قاچی خۆی دەدات!

2022-06-06 14:03:18


رێبوار کەریم وەلی

رەنگبێ ئەوەی ئێستا بۆ پارتی هەڵکەوتووە لە ميژووی سیاسیی ئەو حزبەدا نمونەی نەبووبێت. هەموو جومگەکانی حوکمڕانیی وڵاتی کۆنتڕۆڵ کردووە، پیاوێکی پیاوی لەبەرامبەردا نەماوە، چەند قونچکە پیاوێکیش جار جارە سەرەقوتە دەکەن و هەر زوو تفی خۆیان دەلێسنەوە، دەگرێ و دەبڕێ و حیساب بۆ کەس ناکات و بە کورتییەکەی گونی گوندار دەردێنێ.

*

ئەم دەسەڵاتە رەهایەی پارتی کە بە تەئییدی یەکێتی و گۆڕان و، داننانیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2018 دروست بووە، رۆژ لەدوای رۆژ بوغراترو بێباکتر دەبێ. لە جیاتی ئەوەی بکرێتە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوە ماڵی بەهەشگیراوی کورد لە دوای ریفراندۆم و 16ی ئۆکتۆبەر، قوستراوەتەوە بۆ ئەوەی کە پارتی هەموو خوردە حیسابەکانی خۆی لە ناوخۆو دەرەوەی خۆی تەسفییە بکات. تەسفییە حیسابێک کە هیچ لێکدانەوەیەک بۆ دەرئەنجانەکانی ناکرێ جگە لەوەی کە تەعبیرە لە رق و نەفرەتێکی مێژوویی.

*

ئەو رق و نەفرەتە بووەتە چەقی سیاسەتێک کە پارتی و بە دیاریکراویش بازنەی بڕیاری بارەگای باریتەعالا ئامادە بن لەپێناوی دەستکەوتی بچوک، ئاگر لە ماڵی خۆشیان بەربدەن.

*

ئەو سیاسەتەی پارتی کە لە هەموو رەهەندێکی عەقڵانی داماڵراوە، رۆژ بە رۆژ مەیدان لە خۆی بچوکترو تەسکتر دەکاتەوە. عینادیی پارتی و ئەو بوغراییەی کە بەرهەمی هەلهەلەو چەقەنەی چەند تڕۆڵێکی ناو سۆشیالمیدیاو کۆمەڵێکی دەستەمۆی هەرزەن، وایکردووە بەرپێی خۆی نەبینێ. هەموو هەنگاوەکانی کاردانەوەی ترسناکی بۆ سەر قەوارەی هەرێم هەبێت. ئەو هەنگاوانەی ئەمڕۆو لەداهاتووشدا، بەغدا گرتونی و دەیانگرێتە بەر، دەرئەنجامی ئەو جۆرە لە سیاسەتکردنەی پارتییە.

*

شتێک بەناوی نوخبەی سیاسی لە کوردستاندا نەماوە. نێچیرڤان بارزانی هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو کە نوخبەی سیاسی لەناو پارتیداو تەنانەت لەناو حزبەکانی دیکەشدا، بە پێوە بمێنن. بەڵام لە چەند ساڵی رابردوو و بە دیاریکراوی دوای کۆنگرەی 13ی پارتی، قۆناغی بەیعەت لەگەڵ مەسروور بارزانی وەک بژاردەیەک خرایە بەردەمی کادیرو نوخبەی ناو پارتی کە لەگەڵ برای گەورە (نێچیرڤان بارزانی) یان برا گەورەدای؟ لابردنی یایێکی مراوی دەیکردییەوە بە پارتیەکی عەیار 24ی سەر بە رێبازی بارزانی! لە غەیری ئەوە مەحکومی بەوەی تەسفییە بکرێی.

*

لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، یەکێتی رێک بە پێچەوانەی رێبازی تاڵەبانی، مەلعونانەترین رۆڵی بینی لە پتەوکردنی ئەم تەوژمەی ناو پارتی. لەکاتێکدا کە سور دەیانزانی کاندیدی سەرۆکی حکومەت گەورەترین بەربەستە لەبەردەم داواکارییەکانی ئەوانداو حیسابی پوشێکیان بۆ ناکات، بە بیانوویەکی پوچ بەشدارییان لە دەنگدان بە سەرۆکی هەرێم نەکرد، بەڵام چەند رۆژ دواترو بێ ئەوەی یەک داواکاریشیان هاتبێتە دی، هەموو فراکسیۆنەکەیان دەنگیان بە سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی دا. چییە دەنگی سەرۆکی حکومەت لە هی سەرۆکی هەرێم زیاتر بێت! بەڵام ئێستا هەر کە تینیان بۆ دێت هاواریان بۆ لای سەرۆکی هەرێمە.

*

ئێستا پارتی ئەو حزبەیە کە 12 ساڵە کۆنگرەی پێ نەبەستراوە. سەبەبەکەی تەنها ئەوەیە کە هێشتا کاتی گونجاو نییە بۆ ئەو گۆڕانکارییەی کە پارتی دەیەوێ بیکات. دیداری یەکێتی رێفرانسێکی باشە بۆ پارتی کە تەوریسی سیاسی لە باوکەوە بۆ کوڕ جێگیر بکات و، هەر بۆیەشە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، سەرۆکی ئێستای حکومەت پيرۆزبایی یادی دامەزراندنی یەکێتیی لە سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیی یەکێتی کرد!

*

پوختەی کەلام ئەوەیە کە نێچیرڤان بارزانی سەمامی ئەمانی ناو ماڵی کوردە، تا پەنجا ساڵی دیکەش کاریزماو سیاسییەک لەناو کورددا، هاوتەرازی نێچیرڤان بارزانی هەڵناکەوێتەوە. گوێ نەگرتن و بە حیسابی هەندێ کەس پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ ئاشتەوایی مانای ئەوەیە پارتی نەک هەر فیشەک لە قاچی خۆی دەدات، بگرە فیشەک لە قاچی هەموو کوردیش دەدات.

*

دەرچوون لەم وەزعە ئاسانە. ئەگەر پارتی لێبگەڕێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک سەرۆکی پێشووی هەرێم مومامەرەسەی هەموو دەستەڵاتە قانونییەکانی خۆی بکات و بڕیاری تەواوی لا بێت، دۆخی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی هەنگاو دەنێ، چونکە لە رابردوودا نێچیرڤان بارزانی چەندینجار رزگارکەری دۆخە ئاستەمەکان بووە، نەک بۆ پارتی بگرە بۆ ئەوانی دیکەش. حیساباتی بەتاڵیش لەسەر دەستاودەست پێکردنی سەرۆکی هەرێم، دەرگای جەهەننەم دەکاتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand