شكۆ شكێنی و بێبایه‌خكردن له زۆنه‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانیدا
2022-06-05 21:25:05
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
كارم به سه‌ر حزبه‌كه‌وه نیه ، هه‌رچه‌ند حزبه‌كه‌ش له بار‌و دۆخێكدایه كه پێویسته هه‌میشه ره‌خنه‌ی ئاراسته بكرێت ، مه‌به‌ستم یه‌كێتیه له زۆنێكدا كه هێشتا له ئه‌ده‌بیاتی دوای شه‌ڕی ناوخۆدا به زۆنی سه‌وز ناوده‌برێت ، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی تێیدا ، هه‌رچه‌ند ئه‌م ناونانی زۆنی سه‌وز و زۆنی زه‌رده‌ش ، پێویستی به ورده خاشكردنه ، چونكه جگه له سیمای دوو ده‌سه‌ڵاتی ، دوو ئیداره‌یی ، هۆیه‌كیش بووه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رو دراوسێ به پێی ئه‌و دابه‌شبوونه ده‌ستوه‌ردانی تیا بكه‌ن ، هه‌ڵبه‌ت زیاتر له سه‌ت وتارم له ساڵانی به‌رێدا له سه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی و كێماسی و برینه‌كانی جه‌سته‌و بیركردنه‌وه‌ی نووسیوه‌و بڕواشم وابوه كه ده‌كرێت ئه‌و ڕه‌خنه‌و سه‌رنجانه‌ی ئێمه، ببنه هۆكاری به خۆدا چوونه‌وه !!.
ئه‌م وتاره‌م رێك ئاراسته‌ی قوباد تاڵه‌بانیه ، به‌و پێیه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته‌و به پێی دابه‌شكاری به‌رپرسیاره‌تیش بێت له دوای سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه پشكی هه‌ره زۆربه‌ر شانی ئه‌و ده‌كه‌وێت ، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له دانیشتنێكی پرس و جۆدا ئه‌و له ئێمه داخ له دڵتر باسی بار‌و دۆخی كوردستان و به تایبه‌ت زۆنی سه‌وزی ده‌كرد ، ته‌نانه‌ت ئه‌و ئاماده‌ی نووسینی ده‌ستله كار كێشانه‌وه‌ش بوو ، هه‌رچه‌ند دیداره‌كه بڵاو نه‌كرایه‌وه‌و له بری دیداره‌كه وێنه‌یه‌ك بووبه بیانوو بۆ كه‌سانێك كه په‌لاماری ئه‌ویش و كه‌سانی ناو وێنه‌كه بده‌ن و پیایاندا هه‌ڵكاڵێن .
له دیداره‌كه‌دا باسی زۆر پرس و بابه‌ت كرا ، به باوه‌ڕی من ئه‌وه له وڵاته دیموكراسی و نادیموكراسیه‌كانیشدا یه‌كێكه له رێگه‌كانی گیر‌و گازی نێوان ده‌سه‌ڵات و ده‌سته بژێری بنووس و میدیاكاران ، یانی ئه‌و جۆره دیدارانه ده‌كرێت به سودی گشتی و چاكه‌ی گشتی بشكێته‌وه ، لێ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ی هه‌لا هه‌لا كراوی ده‌ستبۆبراوی ئه‌تككراوی داڕزاو ته‌نها و ته‌نها له رێی چاوه‌وه بڕیار ده‌دات و ده‌ستبه‌رداری ئاوه‌ز بووه ، بۆیه له بری چاوه‌ڕێی به‌ربوومی ئه‌و جۆره دیداره له رێی بینینی وێنه‌كه‌وه بڕیار‌و ته‌نانه‌ت حوكمی نابینایانه ده‌درێت.
ئێمه وتمان ناكرێت پاره له بانكه‌كاندا نه‌بێت ، ناكرێت خانه نشینان له به‌رده‌م بانكه‌كاندا بمرن ، ناكرێت پڕۆژه‌كان وه‌ستابن ، خزمه‌تگوزاری په‌كی كه‌وتبێت ، كوشت و بڕ زیادی كردبێت و گه‌نده‌ڵی و نادادی به‌رده‌وام بن ، ئه‌ویش له ئێمه زیاتر په‌نجه‌ی له سه‌ر كێماسیه‌كان دانا ، رونكردنه‌وه‌و سه‌رنجی خۆیشی وت ، دانیشتنه‌كه دورو درێژ بوو ، دوای دانیشتنه‌كه ئێمه لانی كه‌م چاوه‌ڕێی ئه‌وه بووین هه‌ندێك ئاماژه‌ی ئه‌رێنی ده‌ركه‌ون ، به‌ڵام بۆ له بیر بردنه‌وه‌ی هه‌مووشتێك ،موچه‌ی مانگێكی موچه‌خۆران به به‌رنامه دابه‌شكردنی كراوه‌ته 25 بۆ 26 رۆژ ، ئه‌مه‌ش تا راده‌یه‌كی زۆر ته‌واوی موچه خۆرانی گیرۆده‌ی وه‌رگرتنی ئه‌و شێوه له‌شپڕوكێنه‌ی موچه كردوه و هیچی نه‌هێشتوه‌ته‌وه بۆ بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك ، ئه‌م شێوه دابه‌شكردنه تا بڵێی دواكه‌وتوانه‌و ناشرینه ، نه‌جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كه سۆسیال دیموكراته و نه وه‌زیری دارایی كه گۆڕانه ناكرێت خۆیان راده‌ستی ئه‌م شێوه سته‌می دابه‌شكردنی موچه‌یه بكه‌ن.
ده‌یان و سه‌دان پڕۆژه‌ی نیوه چڵ و له بیر كرا‌و هه‌ن ، پڕۆژه‌ی ئاوی گۆپته‌په چه‌مچه‌ماڵ كه هه‌ر رۆژ به جۆرێ موژده‌كه‌ی به خه‌ڵك ده‌فرۆشرا ، نه‌ده‌نگی ما نه‌باس ، پڕۆژه‌ی جاده‌ی سه‌تمه‌تری سلێمانی ، پڕۆژه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ت قه‌ره‌وێڵه‌ی لێره‌و له‌وێ كه هه‌ندێ جار به‌ردی بناغه‌كه‌شی داده‌نرا ، چاره سه‌ر كردنی كوشت و بڕو گرتنی ئه‌و بكوژ‌و ببڕانه‌ی كه ماوه‌ی رابردوو سه‌رۆكی حكومه‌ت به قه‌ولی قه‌ولداران ده‌ستی وه‌زاره‌تی ناوخۆی بۆ گرتنیان ئاوه‌ڵاكرد ، ئاخر بڕێك له‌وان به ئاماژه‌یه‌كی سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆیان ده‌چن بۆ بنكه‌ی پۆلیس .
له كاتێكا له ماوه‌ی رابردودا وه‌زیری كاره‌با بانگه‌شه‌ی كاره‌بای بیست و چوار كاتژمێری ده‌كرد ، كاره‌با له زۆنه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت زۆر خراپ و وێرانه ، قسه‌و باسی ئه‌وه‌ش هه‌یه كاره‌باش بدرێته كه‌رتی تایبه‌ت ، باشه كه خۆڵ و خاشاك ، ئاو ، كاره‌با ، هه‌موو ئه‌وانه ده‌درێنه كه‌رتی تایبه‌ت ئیتر حكومه‌تی چی و بیركردنه‌وه‌ی سۆسیال دیموكراتیانه‌ی چی ؟.
ئه‌م شێوازه له شكۆشكێنی و بێبایه‌خكردنی مرۆڤه‌ی ئێستا له كوردستان ده‌گوزه‌رێت ، شێوازی ناچاركردنی ملكه‌چی و بێده‌نگكردنه ، من نازانم كێ ئه‌م شێوازی ئیداره دانه‌ی بۆ حكومه‌ت پێشنیاز كردووه ، به‌ڵام ده‌زانم له هیچ كوێی دنیا ئه‌م جۆره له به‌ڕێوه‌بردن تا سه‌ر بڕناكات و دواجار كۆشكی بلورینی ده‌سه‌ڵاتداران ، هاڕه ده‌كات و به‌رگه ناگرێت ، بۆیه خه‌ڵك له ڕوی ده‌رونیه‌وه ته‌واو هیلاك و ماندووه ، خه‌ڵك پێویستی به ئارامی و ژیانی شایسته‌یه ، ئه‌و جۆره به‌ڕێوه‌بردنه ناجۆره وای كردووه ، رۆژ به رۆژ كه‌لێنی نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك ببێته ره‌هه‌ندێكی بێچاره‌سه‌ر ،ئه‌وه‌ش ئه‌نجامی به خێر ناگه‌ڕێته‌وه .
دوا قسه‌شم له سه‌ر ئه‌وه یه ئاخر ئه‌وه چ لۆژیكێكه له سه‌ر داواكردنی ده‌سته‌به‌رو هه‌رزارنی به‌نزین شۆڤێرو كاسبكاران بگیرێن و بخرێنه كونجی زیندانه‌وه ، من ته‌نها خه‌مه‌كانم بیر خستنه‌وه‌و هیچی دی .