دیداری یەكێتی چی لە ئازارەكانی هاوڵاتی كەمدەكاتەوە!

2022-06-05 16:03:07
بەناز حمەڕشید
لەماوەی رابوردویەكی نزیكدا گوێبیستی سازدانی دیداری یەكێتی بوین بەحوكمی ئەوەی ئەم حیزبە لەسلێمانی حیزبی باڵادەستەو ئەم شارە لەژێردەستی ئەواندایە و هەروەك گوێبیستیش بوین كە ئەم دیدارە بۆ "خزمەت "ی هاوڵاتیانە بۆیە بەندەش وەك هاوڵاتیەكی ئەم شارە دەمەوێت چەند سەرنجێك بخەمەڕوو كە بونەتە پرسیار لام ، یەكێتی بۆچی دیداری ئەنجامدا؟ ئەم دیدارە چی لە یەكێتی دەگۆڕێت؟ ئەم دیدارە بۆخۆشگوزەرانی خەڵكە ؟ یان بۆخۆبردنەپێشەوەی هەندێك دەموچاوی دیكەیەو دواتر لەپلەوپۆستێكدا دەیانبینیەوە؟ خۆئەگەر وانیە هەمو ئەوانەی لەدیداردابون چەندین ساڵە لەناو ئەوحیزبەدان و بەچەندین جۆر سودیان لەوحیزبە وەرگرتووە ، بۆچی گلەیی زۆرلەوحیزبە هەیە و ئەوەی كە دەوترا یەكیتی ئەم دیدارەی بۆ "خزمەت"ی خەلك ئەنجامداوە بۆ پیشتر نەیانكردوە ؟ بۆیە من دەپرسم ، ئایا دیداری یەكیتی كارلەسەر دابینكردنی كارەبای(24)كاژێری دەكات بۆ هاوڵاتیان تا لەنیوەی شەودا بەعارەقكردنەوە بەخەبەرنەیەن؟ لەدوای 30 ساڵا حوكومرانی هاوڵاتیان پارەی دووجۆر كارەبادەدەن ئەمە جگە لە زیانی ئەو مووەلیدانە لەرووی تەندروستیەوە بە پیسكردنی ژینگەی شار لەڕێی دوكەڵەكانیان ئەمە جگە لەو دیمەنە ناشرینەی داوێتی بە گەڕەكەكانی شار وایەرەكانیان هەروەك تاڵی جاڵجاڵۆكەن ..
دیداری یەكێتی كاردەكات تا شەقامەكان جوان و رێكو پێك بكات و دیمەنێكی جوان بدات بەشار شۆستەو شەقام و گەرەك هەیە سی ساڵە نۆژەن نەكراوەتەوە، ئەی تۆبلێی دیداری یەكێتی كاربكات بۆ ئەوەی هەندیك بارگرانی سەرشانی هاوڵاتی سوك بكات بە دروستكردنی كێبركێ لە دابینكردنی بەنزین بۆ هاوڵاتیان نەك رۆژبەرۆژ نرخی گران دەبێت ، ئەوە زستانیشمان بەرێكرد هاوڵاتی بەرمیلە نەوتی پێنەدرا لەكاتێكدا ژێرخاكمان هەموی نەوتە هاوڵاتی وایلیهاتووە لەقرچەقرچی هاویندا نەوت بكرێت تاخەمی زستانی داهاتوی بخوات ، ئەی دیداری یەكیتی لە بەرنامەیدایە ئەندام و كادرانی فێربكات كە پۆستیكیان پێدرا وەك بزمار داینەكوتن بەكورسیەكانیاندا بەتەواوكردنی ماوەی كاركردنی خۆی داوای لابردنی بكات تا ئەو كورسیە بۆ كەسیكیتر چۆڵبكات و كەسە بەتواناكان دەربكەون و لەهەمو دەزگاكاندا دژایەتی كەسانی خاوەن بیرو ئایدیای جیاواز نەكرێت ، ئەی لەدیداری یەكیتیدا باس لەوەكرا كە هەركەسیكی ناوئەوحیزبە گەندەلیەكیكرد و پۆست پلەوپایەی بۆبەرژەوەندی خۆی بەكارهێنا سزابدرێت و یاسای بەسەردا جێبەجێبكرێت و چیتر پۆستی پێنەدرێت ..
ئەگەر پیاسەیەك بەشاردا بكەیت هەر زبڵ و خۆڵ و خاشاك و سەگە بێلانەكان دەبینیت خەفەت بۆ ئەم شارە جوانە دەخۆیت بۆ ئاوایە ، ئەی لەدیداری یەكیتیدا باس لەوەكراوە كە رۆژنیە هەواڵێكی جەرگبری كوشتن و خۆكوشتن نەیەتە بەرگوێمان بەدواداچونتانكردووە تابزانن هۆكارەكانی چین و چارەسەری بۆبدۆزنەوە ، من تیناگەم ژمارەیەكی زۆر مامۆستای زانكۆ لەسەرجەم بوارەكان لەم حیزبەدان ئەم هەمو كیشەیە هەن بۆچی نەیانتوانیوە رۆل ببینن لە چارەسەری ئەم كێشانەدا ، لەخۆتانتان پرسیوە ئایا هەمو ئەوانە چەندین ساڵە لەناو ئەم حیزبەدان تەنها بۆ وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازات لەوحیزبەدان یاخود ئەو حیزبە نەیتوانیوە سودیان لێوەربگرێت لەكاتی بونی قەیران و كێشەدا، دیداری یەكێتی لەهەگبەیدایە جوانی ئەم شارە بپارێزێت لەهەر داگیركارییەك بۆ سەر زەوی و سەوزایی تانەكرێت بەباڵەخانەی بەتاڵ ؟ دیداری یەكێتی چۆن كار بۆ خێزانی هەژار دەكات كە چەندین ساڵە كرێنشینن لە كاتێكدا یەكەی نیشتەجێی زۆر دروستدەكرێت ئەوانە لێی بێبەشن ؟كێشەكان زۆرن ژیانی هاوڵاتیان زۆر قورس بوە هەرئەمەش وایكردووە چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی ئێخەی تاك بەتاكی گرتبێت وشیرازەی خێزانی تێكدابێت .
مامۆستای زانكۆ
