Draw Media

بێهەڵوێستی، یاخود قۆناغی بەكۆتاهاتنی فریودانی خەڵك!؟

بێهەڵوێستی، یاخود قۆناغی بەكۆتاهاتنی فریودانی خەڵك!؟

2022-06-03 20:38:46


د. كامەران مەنتك

سەرباری بوونی كێشەی گەندەڵی و چەندین قەیرانی سیاسی ترسناك لە هەرێمی كوردستان، دەتوانین بڵێین یەكێك لە قەیرانە بنەڕەتییەكانی هەرێم قەیرانی هزری سیاسییە، نەبوونی بیركردنەوەیەكی سیاسی و ستراتیژی روون فەوزایەكی گەڕەلاوژەو گێرەشێوێنیەكی ترسناكی دروست كردووە، لەجیاتی ئەوەی بەرەو بیركردنەوەو گەڕان بەدوای چارەسەریەكاندا بگەڕێت، گرێكوێرەی قەیرانەكان قوڵتر دەكاتەوەو دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات، ئەمەیە وایكردووە تاكی كورد لە هەرێمی كوردستان هێندەی لەچاوەڕوانی شكست و كەوتنێكی تردا بێت، هێندە كار بۆمانەوەو سەركەوتن و رزگاربوون لەو دۆخە نەكات. زۆربەی كات ئەو كێشە دەگەڕێنرێتەوە و نەزانین و ساویلكەیی خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی كوردی بەهۆكاری سەرەكی ئەم دۆخە وێنا دەكرێت، كار گەیشتووە ئەوەی ئیلیتی كوردی لەجیاتی ئەوەی بیر لەچارەسەری بكاتەوە، هەمیشە بیر لەوە دەكاتەوە چۆن كەموكوڕییە هزرییەكانی خۆی بخاتە ئەستۆی خەڵكی هەرێم، لەهەموو شكستەكاندا خەڵك بكرێتە باشترین ئەستوندە بۆئەوەی نەزانی و راكردن لە بەرپرسیاریەتی خۆیانی پێهەڵبواسن، لەكاتێكدا ئەوەی توانیویەتی لەهەموو لایەنەكانی تر رۆڵی خۆی بگیڕێت و بەئەركی مێژوویی خۆی هەڵسێت خەڵكی هەرێمی كوردستانە!.
زیاتر لە 70 ساڵە كۆمەڵگەی كوردی لەباشوور بەرگەی هەموو قوربانیدانێكی گرتووەو هەمیشە رەنج و ماندووبوونەكەی لەلایەن ئیلیت و بەناو حیزب و سەركردە سیاسییەكانەوە بازرگانی پێوە كراوەو لە تاریكترین چركە ساتەكاندا بە تەنیا لەگۆڕەپانەكە جێهێڵراوە! پێم وانیە هیچ میللەتێك لەهەموو دنیا هەبووبێت هێندە كورد قوربانی دابێت و ئامادەی قوربانیدان بووبێت، تاوەكو گەیشتە قۆناغی متبوون و بەخۆداچوونەوە، كە ئەمە قۆناعێكی ئیجگار گرنگەو بنەمایەكی تەندروستە بۆ دەستپێكی قۆناغێكی تر، كە زۆر جیاواز لەو مێژووە پڕ شەرمەزارییەی تیایدا ژیاوە، قۆناغێك، كە خۆی خاوەنی ئیرادەی خۆی بێت، ئەمەش زیندوویی ئەو كۆمەلگەیە نیشان دەدات، نەك پێچەوانەكەی، وەك بانگەشەی بۆ دەكرێت، ئەگەر بێت و دوای ئەو هەموو نەهامەتی و نسكۆیەی بەسەری هاتووەو بەسەریاندا هێناوە، هەر بەهەمان شێوەی رابردوو وەك دەڵێن بەگۆلمە ئاوێك بكەوێتەوە مەلە، واتای ئەوەیە كۆمەڵگەی كوردی نەیتوانیوە دەرس لەرابردوو وەربگرێت.
لای هەمووان روونە، كە زیاتر لەحەفتا ساڵە لەرووی چەكدارییەوە ئەو كۆمەڵگەیە پشتی حیزبە بەناو كوردییەكانی گرتووە، لە ئەیلوول 14 ساڵ چەكی هەڵگرت و خوێنی رشت، كەچی بەیەك وتە سەركردایەتی شۆڕش دەستبەرداری هەموو شتێك بوو، خەڵك ئاوارەی وڵاتان بوو لەماڵی خۆیدا ریسوا كرا، سەركردەكانیش بەپارەی دزراوی شۆڕش بوونە بازرگان و سەرمایەداری گەورەو كەوتنە ژیانێكی شاهانە، كاتێك راپەڕین سەری هەڵدا، هەمدیس جارێكی تر خەڵك دەستیكردەوە چەك و رووبەڕووی دڕەندەترین رژێم، رژێمی بەعس بووە، كەچی دوای ئەوەی راپەڕین تێكشكاو كۆڕەو دەستی پێكرد، حیزبەكان بەماشێنی دزراو ماڵ و مناڵی خۆیان رزگار كردو لە ئێران و توران ئاغایانە ژیان، كەچی خەڵك بەپیادەو بەرەزالەت سنوورەكانی بڕی و لەرێگەی راكرندا ئازیزو خۆشەویستانی خۆی لەدەستدا، دوای راپەڕین و بەناوی كوردایەتی و حیزبایەتییەوە، وەك دەسكەلای داگیركەران شەڕی ناوەخۆیان داگیرساند، جارێكی تر خەڵكی كوردستانیان كردەوە قوربانی، بەرپرسەكان میوانداری یەكتریان دەكردو منداڵی خەڵكیشیان بەدیلی و بەدڕەندانەترین شێوە لەناودەبرد، لەكۆتایشدا هەردوو سەركردەی شەڕكەر، راشكاوانە گوتیان :" ئەگەر دادگایەك هەبێت من و مام جەلال بێ تاوان دەردەچین"و هەموو تۆمەتی شەڕەكەیان خستە ئەستۆی خەڵك، لەقۆناغی ئارامی دوای روخانی رژێمدا، خەڵك جارێكی تر كرایەوە سواڵكەرو ئەوانیش بەناوی كوردایەتییەوە بوونە بازرگان و داروبەردی ئەو وڵاتەیان حەپەلووش كرد، ئەمجارەیان لەپەنای خەباتی مەدەنییەوە گۆڕان هات و دەنگی خەڵكی هەموو دزی و لەكۆشی دەسەڵاتی كردەوە، ئەمە وایكردە، ئەو خەباتە مەدەنییە فریودەرەی خەڵكیان پێ فریودا، ئەویش باوی نەمێنێت و ئیتر خەڵكی كوردستان چیتر بەئاسانی بەدەهۆڵ و زوڕنای كەس هەلنەپەڕێت! ئێستا لەقۆناغێكداین، خەڵك مت بووەو چاوەڕوانی دۆخێكی نوێ دەكات، بەرامبەر ئەمەش هێزەكان، به‌ هەموو هێزەكانەوە، دەسەڵات، ئۆپۆزسۆن، هێزی مەعریفی، واتە بەناو رۆشنبیران، خۆریان ئاوا بووە، بەمەش قۆناغی ساویلكەیی و فریوخواردنی خەڵك بەكۆتا هاتووەو دەبێت ئەو میكانیزمەش تووڕ هەڵبدرێت، كە سەد ساڵە كوردی پێ فریو دەدرێت!.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand