Draw Media

جوێن و فرەژنیی

جوێن و فرەژنیی

2022-06-02 14:30:41


په‌یكار عوسمان

(١)

- جنێو لەوێدا کێشە نیە کە هەیە، لەوێدا کێشەیە کە سەرئەکێشی بۆ (جنێویزم). لەوێدا کە بەشێکە لە زمانی شەعبی، ئاساییەو ئەسڵەن زمان و کولتورو کۆمەڵگای بێ جنێو بوونی نیەو ئا لەم قسەیەش مەبەستم ئەوە نیە کە جنێو شتێکی باشە، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ڕەفاقەت و بەیت و بالۆرەی کولتوری.. زمانی ڕەسمی ناخواو ئەوەی کە کۆڵەکەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکە، زمانی میللییە نەك زمانی فەرمی. مرۆڤەکانیش تا لەگەڵ یەکدا ناڕەسمییتر بن، نیشانەی دۆستایەتی و خۆشەویستییە، نەك نیشانەی بێ ڕێزیی!

- دەی ئەو ناڕەسمییەتە، لە بابی سوعبەتدا جنێوی بەریئانەشی تێئەکەوێ و لە بابی شەڕیشدا، وەکچۆن مرۆڤەکان شەق و بۆکس ئەهاون، جنێویش ئەدەن و تا ئێرا سروشتی تاك و کۆمەڵگاکانە، کە گرنگە بە شێوازی پەروەردەیی و زانستی و یاسایی.. کار لەسەر خاوکردنەوەی ڕەگە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی جنێو بکرێت و لێکەوتە خراپەکانی کەم بکرێتەوە.

- ئەوەی کە لێرەدا مەبەستی منەو لام نائاساییە، خودی جنێو نیە، هەیمەنەی جنێوە بەسەر زماندا. بوونە پەراوێزییەکەی جنێو کێشە نیە، بوونە باڵادەستەکەی کێشەیە، دەی جنێویش لە زمانی ڕەسمییەوە هەژموون ئەکاتە سەرمان، نەك لە بوونە میللییەکەیەوە. یەعنی کاتێ شتەکە ئەبێتە زمانی سیاسەت و دین و ڕۆشنبیری و حیزب و ڕاگەیاندن.. ئیتر ئێمە لە جنێوەوە پەڕیوینەتەوە بۆ "جنێویزم"و کێشەکەش ئا لەم بە سەنتەربوونەدایە.

- وتراوە فیتنە لە قەتڵ واوەترە، یەعنی قەتڵ نەتیجەیەو فیتنەیەك دروستی ئەکات، فیتنەش یان بیرکردنەوەیەکی خراپی خۆتە یان قسەیەکی خراپی یەکێکی ترە یان دۆخێکە کە هاوسەنگی تیا لە دەست ئەدەیت.. سیاسەتیش کایەی رێکخستنی کۆمەڵگایە، یەعنی شوێنی موعالەجەکردنی فیتنەکانە، وەلێ کە سیاسەت خۆی ئەبێتە فیتنەیەکی گەورەو زمانەکەی ئەبێتە جنێویزم، ئیتر کام خوێ بکەین بە کام گۆشتەوە؟

- عەقڵیەتی "تاکڕەهەندیی"، فرەیی نافامێ و ئەویتر قبوڵ ناکاو ئەیکات بە شەیتان، ئا لێرەشدا جنێو وەزیفەی سیاسی و ئایدۆلۆژیی پەیدا ئەکاو ئەبێتە چەکی کاریگەری یەکلاکردنەوەی ململانێکان و ئیتر دەسەڵات و معارەزە، دیندارو بێدین، چەپ و ڕاستی ئێمە.. چەکی جنێو هەڵئەگرن و ئەشیتەقێنن، چونکە هەموویان، لە هەمان عەقڵیەتدان!

- لە دۆخێکی واشدا، ئیتر جنێو ئەبێتە شوناس و هەر ئاڕاستەیەك جنێوی تایبەت بە خۆی هەیە، کە بەوەدا ئەتوانی بیناسیتەوەو لەویتر جیای بکەیتەوە. مەسەلەن عادەتەن "کۆیلە" ئەو جنێوەیە کە بە پارتییەکان ئەوترێ و لەبەرامبەردا پارتییەکانیش جنێوی خۆیان داهێناوەو بە دژەپارتییەکان ئەڵێن "جاشسیغە". ئیتر کوردایەتی و دژەکوردایەتی و ئیسلامی و مولحیدو نوسەرو بانگخواز.. هەمووی جنێوی تایبەت بە خۆی هەیە، کە لە سیاقێکی ئایدۆلۆژیدا ئەیداو پێی ئەدرێ.

- بە زمانێکی هیگڵی، ئیتر ئێمە لەبەردەم تێزو ئەنتی تێزو سەنتێزدا نین، بەڵکو لەبەردەم جوێن و ئەنتی جوێن و سەنجوێنداین. هەر لە زەمانی جەلالی و مەلاییەوە، ئێمە لەناو پرۆسەیەکی جەماعیی بەرهەمهێنانی جوێنداین، چونکە لە هەر ئاڕاستەیەك بین، هەر لەناو عەقڵی تاکڕەهەندیداین و نەمانتوانیوە عەقڵی دیموکرات و فرەیی لەناو خۆماندا دروستبکەین و ئەویتر هەزم بکەین،، کە نەشتوانی ئەوە لە خۆتدا دروست بکەیت، ئیتر لەگەڵ ئەودا تەنیا شەڕ ئەمێنێتەوەو زمانیش کەرەستەی شەڕەکەیەو ئاسایی ئەخزێ بۆ ناوچەی جوێن.

- پارادۆکسی گوتاری ئیسلامییەکان لەوەدایە، لە ئاستی میللییدا شەڕ لەگەڵ جوێندا ئەکاو ئیتر تۆ لەگەڵ نزیکترین هاوڕێشت، ئەبێ بە زمانی ڕەسمی و سەلاموعەلەیك قسەبکەیت، کەچی لە ئاستی فکرییدا، بە ناشرینترین شێوە ڕووبەڕووت ئەبێتەوەو کۆڵێ جنێویت پێئەداو پێشی وایە ئەرکێکی دینیی ڕاپەڕاندووە! لەکاتێکا ئەمە پێچەوانەیەو ئەسڵەن پێویست نیە زمانی وشك و ڕەسمی ببەیتە ناوچە میللییەکە،، بەڵکو پێویستە زمانی ئەوێ نەهێنیتە ناوچەی فکرو سیاسەت و لێرەدا ڕێزو ئارگۆمێنت یەکلاکەرەوەبێت نەك جوێن!

- کاتێ لەماڵەوە دانیشتویت و کارەبا ئەبڕێ، ڕەنگە لەبەرخۆتەوە، جنێوێك بە وەزیری کارەبا بدەی، کە ئەمە کێشەیەك نیە، ئەوە کێشە کە ئەم لەبەرخۆتەوەیە ببێتە لەبەرگشتەوە! لەکاتێکا ئەمە بۆ ئەوە نابێ و زمانی گشتی جیایە لە زمانی ماڵەوەو زمانی سیاسەت جیایە لە زمانی هەڵچوونی دەروونی و زمانی ڕەخنە جیایە لە زمانی شەڕی لاکۆڵان.

- سیاسەتی ئێمە، لەبری ئەوەی زمانی سیاسەت بۆ خەڵك دروستبکا، زمانی ڕۆژانەی خەڵکی کرد بە زمانی سیاسەت، کە ئەمە هەر سیاسەت تێک نادا، بەڵکو ئەخلاقیش. ئاخر سادەترین ئەخلاق کە لە پەروەردەی خێزان و مەکتەبەوە وەریئەگرین، ئەوەیە کە بێڕێزیی بە بەرامبەر نەکەین، کەچی لە سیاسەتەوە، ئەوە فێر ئەبین، کە بەرامبەر پڕجنێوکەین!

- ئارگۆمێنتی سیاسی بە جنێو دروستناکرێ و مەساحەی فەسادیش بەوە کەم ناکرێتەوە، ئەوە تەنیا مەساحەی بێڕێزیی پێ زیاد ئەکرێ کە ئەمە خۆی فەسادێکی ترە. فەسادیش لە فەسادەوە لێی نادرێ، بۆیە گەندەڵەکان پیانخۆشە ڕەخنەو ناڕەزایی بچێتە دۆخی جوێن و ئەویش گەندەڵ ببێ. لە نەتیجەشدا ئیتر ئێمە ناکەوینە بەردەم فەسادو ئەنتی فەساد، بەڵکو ئەکەوینە بەردەم دوو فەساد، کە لەڕاستییدا چەنێك عەیبە پێت بکەویتە فەسادی یەکەمیان، ئەونەش عەیبە پێت بکەوێتە فەسادی دووەم، چونکە یەك ڕێگا هەیە بۆ لیدانی فەسادو دووەمی نیە، ئەویش ئەوەی کە ئەنتی فەساد خۆی فەساد نەبێت!

- ترەمپ بۆیە مەترسی بوو، چونکە خەریکی گێڕانەوەی زمانی سیاسەت بوو بۆ زمانی میللی، کە ئەوەش زمانی پچڕان و شەڕەنگێزی و تێکدانی هەموو شتێکە لەپێناو تێرکردنی حەزی دەسەڵاتخوازیی کەسێك.. ئێمە پەنجا ساڵە، زۆر بە خەستی لەو جۆرە زمان و سیاسەتەداین و ئاڕاستەیەکیش نیە بۆ خاوکردنەوەو پێچەوانەکردنەوە، بەڵکو مونافەسەکە لەسەر ئەوەیە کە کێ گرژتری بکاو ئەو گرژییە بۆتە خودی سیاسەت، دەی لوتکەی ئەو گرژییەش لەئاستی زماندا جنێوە.

ماویه‌تی..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand