Draw Media

دیدارى (ی.ن.ک) لە پاى چى و بۆ کێ؟

دیدارى (ی.ن.ک) لە پاى چى و بۆ کێ؟

2022-05-31 15:49:04


فه‌لاح سه‌لاح

بە خوێندنەوەى واقیعى ئێستاى عێراق و هەرێمى کوردستان لەڕووى (ئاڵۆزى رەوشى سیاسی، نا جێگیرى بارى کۆمەڵایەتى و ئابورى، شێواندنى پرۆسەى پەروەردەو خوێندن، بێ بەها کردنى پیرۆزیەکان و نەمانى شوناس و ئینتیما بۆ نیشتمان، پێشیلکارى ماف و یاسا بەرکارەکان، نەمانى متمانە لەنێوان تاک و دەسەڵات، زیادبوونى هەژموونى سیاسی وڵاتانى دراوسیی عێراق بەسەر زۆربەى جومگەکانى حوکمڕانیدا، زیادبوونى ململانیە نێوخۆیی و ئەقلیمى و نێودەوڵەتیەکان و دەرهاویشتەکانى، ڕۆچوون و نوقومبوونى چینى دەسەڵاتدار لە گەنده‌ڵى، نەبوونى پلانى تۆکمەو گونجاو بۆبەڕێوەبردن و رووبەروونەوەى قەیرانەکان ...هتد) دەرئەنجام و بەپێی زۆربەى هاوکێشەو دەرهاویشتەکان، ئەم مۆدیلە لە حوکمڕانى بەرەو نەمان دەچێت ! هۆکار زۆرن و بە نمونە دوایین دەرئەنجامەکانى هەڵبژاردن لە عێراقدا بە روونى پێمان دەڵێت رەوشی حوکمڕانى و حوکمڕانان لە چی ئاستێکى ئاڵۆزو خراپدایە، بۆیە ئەم ئەزموونە بەرگەى قەیران و شڵقاندنى گەورە ناگرێت و گۆڕانکارى لە سیستەمى حوکمڕانى بەڕێوەیە، جا دەرئەنجامى سەر لەنێودیزاین کردنەوەى نەخشەى ناوچەکە بێت لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە بەهەماهەنگى لەگەڵ هێزە ئەقلیمیەکان، یاخود دەرئەنجامى فشارى پەنگخوراوى خەڵکى برسی بێت کە رۆژانە بەرهەم و ئاکارى نادادى حوکمڕانان ناخى هەڵدەکۆڵێت (بۆیە ئەم چینە باشترین ئامڕازەو تەواوى ڕەوایەتیان هەیە گۆڕانکارى بکەن، جا بە خۆڕسکى بێت یاخود بەکاربهێنرێن ).

کەچی دەبینین حیزبێکى سیاسی وەکو (ی.ن.ک) بە هەموو قورسایەک هەوڵدەدات لە نەیارەکەى بچێت (کە ئەویش پارتى دیموکراتى کوردستانە)، بەوەى سەران و مەکتەبى سیاسی و سەرکردایەتى ئەم حیزبە لەبەر بێ ئاگایی سەرجەم ئەو کێشەو گرفتانەى رووبەرووى ئەزموونى حوکمڕانى بۆتەوە وەکو لەبڕگەى یەکەمى ئەم بابەتەدا ئاماژەم پێکردووە گواستۆتەوە بۆبە تەوریس کردن و بە بنەماڵکردنى (ی.ن.ک ) بۆ ئەوەى دەقاو دەق لە پارتى بچێت، باشە ئەگەر وایە تکایە بە شێوەیەکى لۆجیکیانە، بەڕێزان لە (مەکتەبى سیاسی و سەرکردایەتى و ئەندامانی بەشداربووی دیدار) وەڵامى ئەم پرسیارانە بدەنەەوەو پێمان بڵێن دیدارى (ی.ن.ک)لە پاى چى ؟:-

1- ئەگەر سیستەمى بە بنەماڵکردنى یەکێتى ئامانجتانە، لە بنەڕەتدا شۆڕشى نوێتان بۆ بەرپاکرد، دەکرا چاوەڕوان بن تا شۆڕشى گۆڵانى پارتى سەهەڵدەداتەوەو هەر لەوێدا ملکچى بڕیارەکانى پارتى و بنەماڵەى بارزانى بوونایە ؟

2- پێم ناڵێن بڕیارو راسپاردەکانى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى بۆ کوێ چوو و چی بەسەرهات ؟ خۆ هەر ئێوە بوون دەنگتان لەسەردا ؟

3- پێم بڵێن دەستەواژەى (دیدارى یەکێتى)تان لە کوێوە هێنا؟ چونکە زۆر گەڕام پەیڕەو و پرۆگرامى کۆنگرەى چوارى یەکێتى باسی دیدارى نەکردووە ! یاخود ئێوە کۆنگرەى پێنجەمى یەکێتیتان بەستوو و ئێمە ئاگامان لێ نیە ؟

4- ئێوە دەزانن بنەماڵەى شەهیدان و ئەنفالکراوان چۆن لێتان دەڕوانن ؟ بچن سەردانێکى گەرمیان و چەمچەماڵ بکەن ، پێتان دەڵێن ؟

5- ئێوە دەڵێن پارتى ریفراندۆمى پێکردین بە فیتی تورکیاو دەرئەنجام 16ی ئکتۆبەرى لێکەوتەووە (هاوڕام)، بەڵام بۆ وەبیرهێنانەوەو سەلماندنى ئەوەى هیچتان بۆ جەماوەرى کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان نەکردووە، یەکێتى لە هەڵبژاردنى 2014دا (210000) دوو سەدو دە هەزار دەنگى هێناوە، کەچى دواى زیادبوونى حەوت نەوە لە دەنگدەران یەکێتى لەهەڵبژاردنى (2021)دا لە کەرکوک نەگەیشتۆتە 80000 هەشتا هەزار دەنگ ؟

6- بەپێی ئەوەى یەکێتى ئەندامە لە رێکخراوى (سۆسیالست ئینتەرناسیونالى جیهانى)، لە راپۆرتەکاتاندا بۆ رێکخراوى ناوبراو، دەڵێن سەرۆکمان هەڵبژارد بە بێ کۆنگرە ؟

لە کۆتاییدا، ئەگەر تەواوى پرۆسەى سیاسی و پارتە سیاسیەکانى عێراق جارێک لە قەیراندا بن، ئەوە یەکێتى خاوەنى چەندەها قەیرانەو تا دێت کەڵه‌كە دەبێت و بێ چارەسەر هەڵدەگیرێت بۆ قۆناغەکانى ئایندە لە نمونەى گۆڕینى سیستەمى هاوسەرۆکى کە لەئێستادا بەپێی یاساو پەێڕەوى حیزبى چەسپاوەو پێویستى بە بەستنى کۆنگرە هەیە، چونکە سیڵفی گرتن و دیدارى یەکێتى بڕگەو بابەتەکانى پەیڕەو ناگۆڕن ..!

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand