دیداری یەكێتی ناوی زل و دێی وێران

2022-05-30 16:35:34
مەحموود یاسین كوردی
حەقمان بە یەكێتی نییە چ پەیڕەو دەكەن و چ دەكەن و چ ناكەن بەڵام ئەوە بەشەی پەیوەندی بە خەڵك و رایگشتی و یاسا سەروەرییەوە هەبێ قسەی خۆمان دەكەین، ئەوەی ناویان لێناوە دیداری یەكێتی كە كۆبوونەوەیەك بوو لە قاعەی ریازە وەكو بەدیلی كۆنگرە گاڵتەجاری و دەرخەری ئاستی سیاسی ئەو نەوە سیاسییە كە لە دوای خوا لێخوشبووان (مەلا مستەفای بارزانی ، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، و مام جەلال و كاك نەوشیروان) هەروەها ئەوانەی ئێستا زیندوون كاك مەسعودو كاك كۆسرەت سیاسەت دەكەن، كاتێك ئەم نەوە تازەیە دەبینی چۆن سیاسەت دەكەن دەبێ رەحمەت بۆ پێشینەیان بنێری بڵی باوكم باب و باپیریان لە چاو ئەمانە جۆرج واشتن بوونە لە دیموكراسی!.
1
لە ئەنجامی ناكۆكی سەرەتای شەستەكانەوە تاكو 1966 باڵی مەكتەبی سیاسی لە كۆنفرانسی ماوەت بە رێگای ئۆسوڵی حیزبی و سیاسی مەلا مستەفای بارزانیان لە سەرۆكایەتی پارتی لابرد، لە بەرامبەردا باڵی مەلای دوای دەركردنی باڵی مەكتەبی سیاسی بۆ ئەو دیوی كوردستانی ئێران بە رێگای كۆنگرە باڵی جەلال بە سەرۆكایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلالییان لە حیزب دەكرد، واتە یەكەم حیزبی فیعلی كوردستانی عێراق بەر لە نزیكەی 60 ساڵ لە ئێستا یەكێتی دیموكراسی مەعقولتر بووە!
سەیرە لە لەندەن و واشتن بخوێنی كەچی لە كۆبوونەوەی حیزبی پۆست و پلەی سەرۆك ببەخشی و خەڵكیش لەو پلەو پۆستە دەربكەی تەقلەش بە فیل لێبدەی تەكلیفیش لە برا گەورە بكەی ئیمزای دامەزراندنی پۆستی سەرۆكی دەستەیەكت بۆ بكاتـ، تەبعەن دوای 3 ساڵ لە ئیمزا كردنی رێككەوتنی پێكهانانی حكومەت باسی گۆڕینی كاندیدەكەش ناكەم لە سەر ڤیتۆی حیزبی بەرامبەر!.
2
دیداری یەكێتی هیچی نوێی تێدا نەبوو جگە لە قسەكەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، كارگێری مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە نەبێ كە گوتی یەكێتی حیزبی بنەماڵە نییە، ئەوەش پەیامێك بوو بۆ بنەماڵەی (ئیبراهیم ئەحمەد+ تاڵەبانی) كە ئەوەی بەرامبەر ماڵی شێخ جەنگی كرا هەرگیز دووبارە نابێتەوە، بە ناوی چاكسازی و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەش دوو لیوا تایبەتەكە رادەست ناكەنەوە، كۆشكی سپیش لە هەولێر قەڵای ئەو بنەماڵەیە.
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ویستی لە پاڵ ناوی هەزاران بنەماڵەی دیكەی یەكێتی ئەوە بە هەر دوو براكەو پوریان بڵێ ئەگەر یەكێتی تازە شوێن و پێگەی ئێمەی هەولێری تێدا نەبێ ئەوا هەموو رۆژێكی سیاسی حیزبایەتی یەكێتی 8ی تەمووزە و هەموو كات لە دڵەراوكێ دەبێ بژین، چونكە ئەوان هەر لە شاخەوە تا جیابوونەوەی گۆڕان ئامادە نەبوون هێزی خۆیان رادەستی تاڵەبانی بكەن، ئێستا چۆن رادەستی كوڕەكانی دەكەن، هێزەكەی لیوا ئەیوبیش لە هێزی كۆماندۆزەكەی شێخ جەعفەر زۆر جیاوازە، ئەوەی من تێیگەیشتبم لە قسەكانی.
3
كورەكانی مام جەلال بە زمانی ئۆپۆزسیۆن لەو دیدارە قسەیان دەكرد وەكو ئەوەی داهاتی نەوت و سنوورەكان و یارمەتی هاوپەیمانان و هێزو حكومەت و ئاسایش و پۆلیس بە دەستی ئەوان نەبێ، جا لە هەموو عەیبتر لە قاعەیەكی ریازە دیدارەكەیان كرد، كادیرانی یەكێتی ئەوەندە دڵیان لە لای باوەشێنەو قومێك ئاوی سارد بوو ئەوەندە دڵیان لە لای پانێلی سەرۆكەكەیان نەبوو، لە كاتێكدا مانگانە بە ملیۆنەها دۆلار لە داهاتی نەوت دەچێتە سەر حسابە تایبەتبەتەكەی یەكێك لە رێكخەرانی دیدارەكە كەچی نەتوانی هۆڵێك دروست بكەی هەر بۆ خۆت نەك بۆ خەڵكی دیكە، مەعقول چییە شاسوار عەبدولواحید هوڵێكی 3 هەزار كەسی بە كەمتر لە ملیۆن دۆلار بۆ جولانەوەی دروست بكات و بە كرێشی بدا كەچی یەكێتی نەتوانێ بەو هەموو پارەو داهات و گومرگ و بودجەیە هۆڵێكی گەورەی كۆنفرانس و كۆبوونەوە لە پایتەختی رۆشنبیری دروست بكات كە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی رووی هەبێ كۆنگرە و كۆنفرانسی لێبكەی دوو میوان لە دەرەوە بانگ بكەی بڵی وەرە دوو قسەمان بۆ بكە لە هۆڵێكی مۆدێرن و پێشكەوتوو.
