هەرێم لەمەترسیدایەو تاسەر نامێنێت!!!
.gif)
2022-05-29 20:57:28
د.كامەران مەنتك
ئەمە قسەی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكانو باڵیۆزی ئەمریكا لەئێراقە، بەر لەوانیش ئێمە چەندینجار ئاماژەمان بەو مەترسیە كردووەو هۆشداریمانداوە، كە ئەو هاوسەنگیە جیهانیەی ئەو هەرێمەی هێناوەتە ئارا، گۆڕانی بەسەردادێتو خەریكە بەشێوەیەكی تر دادەڕێژرێتەوە، بۆیە ئەگەر كورد هۆشیار نەبێتو فریای خۆی نەكەوێت، هەموو شتێك لەدەستدەدات!
ئەوەی تۆزێك لەگۆڕانكاریە نێودەوڵەتیەكانو سیاسەتی جیهانی تێبگات، هەستكردن بەو مەترسیانە شتێكی ئاسایی دەبێت لای، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، دوای ئەو وتانەی نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكانو باڵیۆزى ئەمریكا، ئینجا كەسایەتیە سیاسیو سەرۆكو مەرۆكی ئەو حیزبانەی كوردستان، كە نە پێناسەی دەسەڵات نە پێناسەی ئۆپۆزسیۆن بەخۆوە ناگرن، ڕووی دەنگیان كردۆتە هەردوو بنەماڵەی حوكمدار بەڕوكەش لەهەرێمو ئاگاداریان دەكەنەوە، كە دەبێت ئەو هۆشیداریدانە بەهەند وەربگرن! ئەو وەعزو ئامۆژگاریە ستۆكانە، تێنەگەیشتنە لەخودی ئەو هێزانەی ئێستا بەنمایندەی داگیركەرانی كوردستان دەسەڵاتی ئەو هەرێمەیان لەدەستەو ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر ئەو وڵاتە وێراندەكەن، ئەوەی كەمێك بەویژدانو ڕاستگۆییانەوە سەیری مێژووی ئەو 30 ساڵەی دەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵەیە بكات، بەئاسانی بۆی دەردەكەوێت، كە مەترسی بنەڕەتی لەسەر هەرێم ئەوان بووینە، 30 ساڵە بەهەموو توانایەكیان ئەوەی پیرۆزیە لەو وڵاتە سوكیان كرد، بەناوی ئابووری ئازادەوە، داروبەردی ئەو هەرێمەیان فرۆشتو ئەو وڵاتەیان تەعریب كرد! بۆیە ئەركی ئەوانە تێكدانو وێرانكردنو لەناوبردنی ئەو هەرێمە بووە كە هیواو ئومێدی هەموو كوردو ئازادیخوازێكە لەهەموو دونیا نەك پێچەوانەكەی، بۆیە ئێستا ئەوان نەك لەخەمی ئەوەدا دەبن ئەو هەرێمە نەڕوخێتو ئەو مەترسیانە بەهەند وەرگرن، بەڵكو هەموو ڕەفتارەكانیان ئەوە دەسەلمێنێت، كە حەزدەكەن چەندەی زووترە، وەك دەڵێن ئەمڕۆ لەسبەی باشترە! ئەو هەرێمە نەمێنێت، تاوەكو سوێسكە ئاسا بۆی دەربچنو بەئاسوودەیی خۆیان ماڵو منداڵیان ئەو دەستكەوتانە بڕننەوە، كە لەماوەی 30 ساڵدا، لەدادۆشینی ئەو هەرێمەدا بەدەستیان هێناوە!.
شورەییە بۆ كەسایەتیە بەناو سیاسیو سەرۆكی حیزبەكان لەجیاتی ئەوەی هەوڵبدەن ئەو دۆخە بگۆڕنو تواناكانیان بۆ ڕزگاركردنی ئەو دۆخە تەرخانبكەن، ببنە ئامۆژگاریكاری ستەمكارانو خۆیان لەبەرپرسیارەتی مێژوویی خۆیان بدزنەوە، دەبێت خەڵكی هەرێمو هەموو كوردستان لەوە دڵنیابێت، كە ئەگەر بەخۆیان خەمێك نەخۆنو قۆڵو باسكی شێوازێكی نوێی خەبات نەگرنەبەر، ئەوە نەك ئەو دۆخە بەو هێزانەی سەر گۆڕەپانەكە ڕزگارناكرێت بگرە وێرانتر دەبێت، لەبەرئەوەی چۆن لەماوەی ڕابردوو بەرهەمی قوربانیدەكانی ئەوان وەك كورد دەڵێت لەئاوێ كرا، 100 ساڵی تریش ئەو دۆخە درێژەبكێشێت هەروا دەبێت، داری بێبەر ئەگەر موتوربە نەكرێت بەخوێنی نوێ بەرناگرێتو تاكە چارەی تەنها بڕینەوە دەبێت!
