وردە دڵخۆشیی
.gif)
2022-05-28 18:59:55
د. نیاز نەجمەدین
لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئامار و داتا رێک نەخراون و جاروبارێک نەبێت دەستت ناکەون، رەنگە مافی ئەوەمان هەبێت بە تێڕامان هەڵسەنگاندنێکی نزیک لە واقع بکەین. من لەم ئاستانەی خوارەوەدا گۆڕانکاریی بەدیوە باشەکەیدا دەبینم:
لایەنی سیاسی: یەکێک لە هەنگاوە باشەکان ئەوەیە مێژووی خۆمان خستۆتەوە ژێر پرسیار و بوارمان لە بەردەمی سەرلەنوێ گێڕانەوەی حیکایەتەکانی پێشوو بە هەمان تەکنیک و ناوەرۆک، کەمکردۆتەوە. ئەو شتانەی لە دنیای ئێمەدا موقەدەس بوون کەوتنە بەر رەخنە و تا رادەیەک چونەوە شوینی خۆیان. وێنەی پێشمەرگە هەمان وێنەی جاران نییە، سەرکردەکانی شاخ هەیمەنەیان لە دەستدا، دەستکەوتەکانی راپەڕین بوون بە نوکتە، هتد. زۆر وەهمی تریش بەتاڵ بوونەوە، لەوانە پیرۆزییەکانی نیشتمان، کوردایەتیی، خۆبینین وەک میللەتێک کە شایستەی بەزەیین، شوێنکەوتنی کوێرانەی سۆشیالیزم و ئیسلامیزم.
لایەنی کەلتوریی: بە هەمان شێوەی لایەنی سیاسی، کەلتوریش خراوەتەوە ژێر پرسیار. پێشتر بە دەماودەم حیکایەتەکانمان پێدەگەیشت و وەرماندەگرت و بەکارمان دەهێنانەوە. مەسەلەن، ژن وەک کوتلەیەک لە سێکس دەبینرا. ئەمڕۆ روبەری نوێی کراوەتر دروست بووە. پەیدابوونی هۆڵی وەرزشیی تێکەڵ بەڵگەیەکە. لەم هۆڵانە و لە زۆر شوێنی تردا هەست ئەکەیت پیاوانێک پەیدا بوونە کە ژن وەک کوتلەیەکی سێکسی سەیر ناکەن، نیگای شەهوانیان تێ ناگرن، دەتوانن هاوڕێیان بن، وەک مرۆڤ بیانبینن، هتد. بەڵگەی ترم ئەوەیە باوکان و دایکان کەمتر منداڵی خۆیان ئەکەن بە قوربانی قسە و باسی خەڵک. لەم روەوە، هەست ئەکەم زیاتر لە کۆمەڵگەیەکی تەڵقینکراوەوە (کە پرسیاری نییە و تەڵقین کراوە چۆن بژی) دوورکەوتوینەتەوە و روومان کردۆتە کۆمەڵگەیەک کە پرسیار لە ئەسڵ و فەسڵی ئەو بیرکردنەوانە دەکات بۆی جێماوە. واتێئەگەم لە هەندێک ئاستدا 'فێربوون' خراوەتە شوێنی 'دەرخکردن'. لەم رەوتەدا، مێژووی ئیسلامیش بەر رەخنە دراوە. خۆری ئەو سەردەمە خەریکە ئاوا دەبێت کە هەر مەلایەک یان سەرۆکی حزبێکی ئیسلامیی وتەیەک لە هەزار ساڵ لەمەوپێشەوە بهێنێت، خەڵک باوەڕی پێ بکەن و بڵێن: "ئەشهەدوو وایە، پەیامی پێغەمبەرە و کێ رووبەڕووی بوەستێتەوە، واجبمانە لە ناوی بەرین".
لایەنی ئابووریی: هەندێک لە گەنجان کەمێک پارەیان پاشەکەوت کردووە یان خێزانەکانیان یارمەتییان دەدەن، وزەی خۆیان یەک دەخەن و پرۆژە دادەمەزرێنن. کۆکردنەوەی داتا و زانیاریی لە پلانداناندا بایەخی پەیدا کردووە. هەندێک کۆمپانیا بەشی توێژینەوەیان دامەزراندووە و هەندێکیش کۆمپانیای توێژینەوەیان داناوە، هەندێک لە ئای تیدا پسپۆڕن، هەندێک لە پیشەسازییدا، هەندێک فێربوون باشتر ئیدارەی پارەکانیان بکەن، لە گەشتیاریی و میواندارییشدا باشترین لە جاران، هەر بەو جۆرە پرۆژەی نوێ دەکرێتەوە تا چارەسەری کێشەکانمان بکرێت.
شارەزاییمان کەڵەکە دەبێت و تاک و کۆمەڵگە خەریکن لە زۆر ئاستدا خۆیان پرۆگرام دەکەنەوە تا لە قەیرانە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییە قوڵەکان بێنە دەرەوە و نەهێڵن بە ئاستی جاران دووبارە ببێتەوە. بێگومان ئەم هەنگاوانە بێ کەموکورتیی نین، کاتی دەوێت تا بەرهەمەکەی دەخۆین، بەربەستی قورس لە بەردەم گەشەی کۆمەڵگەکەماندا هەیە، مەترسیی نوێش لە ئارادان، بەڵام ئەمە لەو راستییە کەم ناکاتەوە کە ئەمڕۆ زۆر زیاتر لە جاران روبەری نوێ بۆ گفتوگۆ و بۆ ئازادیی و گەشەسەندن دروست بووە.
