لەپێناوی مێژووی خۆتاندا
2022-05-28 18:29:00
دکتۆر ئەحمەد فاتح
ئەمرۆ ۲۸ی ئایاری ۲٠۲۲ دیداری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەئامادەبونی کۆمەڵێک سەرکردایەتی وکادیرانی حزبیی بەڕێوەچوو کەزۆرینەیان هەمان ئەو کادیرانەبوون لەکۆنگرەی چوارەم بەشداریان کردو و دەنگیان دا.
دیارە هەموو چالاکییەکی حیزبیی کارێکی ئاساییە لەپێناوی بەهێزکردنی ژیانی حیزبایەتییدا، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لەدیداری یەکێتی بەدیمان کرد ئەوەبوو کە دیدارەکە ببووە ئالتەرناتیڤی کۆنگرە یان پلنیۆم، زیاتر لەنمایش وموبایەعەیەکی سیاسی دەچوو بۆ بەڕێوەچون وکەڤەرکردنی ئەجێندایەکی تایبەت ،کەبەراستی ئەمەش پێشهاتێکە دوورە لەعورف وپەیڕەو وئاکاری حیزبیی، ئەوەی لەمەش خراپتر ئەوەیە حزبێکی سۆشیال دیموکرات حیزبێک کە خەبات بۆ ئاشتی ودیموکراسی ومافی مرۆڤ ومافی چارەی خۆنوسین دەکات، ولەپەیڕەوی پەسندکراوی چوارەمین کۆنگرەشدا باس لەعەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکات، بەڵام هەڤاڵانی بەشداربووی ئەم دیدارە حیزبییە دێن و بێدەنگی هەڵدەبژێرن، لەدەرەوەی کۆنگرە وپلنیۆم وکۆنفرانسە محەلییەکانی حیزب بڕیاردەدەن . من دەپرسم لەچ حیزبێکی شمولی وپاوانخوازدا وبەبێ کۆنگرە وکۆنفرانس وپلنێۆم بڕیار لەچارەنوسی حیزب دراوە؟!! ئەی پەیڕەو بۆ نوسراو کۆنگرە بۆ ئەنجام درا؟!
من دەڵێم شێخ لاهور کەهاتۆتە ناوکایەیی سیاسی وحزبی نەهاوسەرۆک بووە نە مەکتەب سیاسی نەسەرکردایەتی ، بەڵام دەبوایە هەڤاڵانی ئەمڕۆی دیدار ئەوانەی دووساڵ پێش ئێستا دەنگیان بەشێخ لاهوردا بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم دەنگی کۆنگرە هەر ئەم هەڤاڵانە دەنگیان بەرزبکردبایەتەوە بیانگوتایە ئەمەی ئێمە دەیکەین ناپەیڕەوی وناحیزببیە، ئەمە بۆ خەبات ومێژووی خۆمان نابێت ، بەتایبەتی بەشێک لەبەشداربووان پەرلەمانتار ودەرچوی کۆلێژی یاسان ویاخود بەڕێوبەری گشتی وفەرماندەن و خاوەنی قەڵەمن، دیدار بەڕێوەچوو لەچالاکییەکی حزبی زیاتر ئەوا هەموو بڕیارەکانی هیچ هێزێکی یاسایی وپەیڕەوییان نییە.
هەڤاڵانی دیدار ئێوە لەچەندین کۆڕ وکۆنفرانس لەدەرەوە بەشدار دەبن ،چۆن تەئویل وتەفسیر بۆ ڕێکاری ناپەیڕەوی دەدەن؟!
ئێمەی کادیران نابێت توراسی مام جەلال لەیاد بکەین ، مام جەلال لەهەموو کۆنگرەکاندا پۆستەکەی خستۆتە دەنگدانەوە هەرگیز ڕێگای بەخۆی نەداوە لە دەرەوەی ڕێکارە حیزبییەکان نەخۆی کاندیدکردووە نەڕێگاشی داوە کاری ناپەیڕەویی بکرێت، بۆیە باشترە هەموومان لەگەڵ یەکێتییەکی بەهێزدا بین کەسەرچاوەکەی کۆمەڵانی خەلکی کوردستانە نەک تەنها نوخبەیەک.