میرەکانی کورد لە کتێبەکەی ماکیاڤێلییەوە بۆ وتارەکەی جینین پلاسخارت
2022-05-25 18:50:03
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
یەکێک لە کتێبە هەرە گرنگەکانی ناو فیکری سیاسیی بریتییە لە کتێبەکەی ماکیاڤێلی کە پاش مردنی لە ساڵی ١٥٣٢دا بەناوی (میر)ەوە چاپکراوە و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە بە یەکێک لە بچووکترین کتێبە فیکرییەکانی دونیا دەژمێردرێت کە گەورەترین کاریگەریی لەسەر تیۆریی سیاسیی و فەلسەفەی دەوڵەتدارییدا بەجێهێستووە. گرنگیی ئەم کتێبە لە ڕاوێژەکانی ئەم بیرمەندەدایە بۆ میر، لەکاتێکدا ئیتاڵیای ئەو سەردەم دابەشبووی نێوان چەندین ئەمارەت و دەسەڵاتدارێتیی ناوچەیی و لۆکاڵیی بوو و لەناو زۆنی شەڕ و ململانێی چەکداریی و خیانەت و درۆ و فێلی سیاسیی نقوم و نغرۆ بووبوو.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە بریتییە لە تەکنیکی حوکمڕانیکردنی گەلان لەلایەن میرەکانیانەوە. نەخشەی ئەم هەندەسە سیاسییەش لە شیکاری پەیوەندی نێوان ئەخلاق و دین و سیاسەتدا دەبینرێت کە ماکیاڤێلی بۆ کردەی سیاسەتی کێشاوە. ماکیاڤێلی بە دامەزرێنەری فیکری مۆدێرنی سیاسیی و سیاسەت وەک زانست دەژمێردرێت، چونکە بڕوای وایە کە سیاسەت نە پەیوەندی بە دینەوە هەیە و نە بە ئەخلاق، بەڵکو کایەیەکی سەربەخۆیە بۆ خۆی. ئەو دەڵێت کاری میر نییە پەیوەندی خۆی بە گەلەکەیەوە بە پرسی ئەخلاق و زوڵم و خێر و شەر باربکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە میر دەتوانێت لەبری فەزیڵەت زەریڵەت پەیڕەوە بکات و لەبری خۆشەویستیی توندوتیژیی پیادەبکات و هەموو کەرەسەیەکیش بەکاربهێنێت بۆئەوەی پاساو بەو ئامانجە بدات کە پاراستن و بنجبەستکردنی پێگە و دەسەڵاتی میرە. ماکیاڤێلی ڕای وایە باشترین شتێک میر بیکات بریتییە لەوەی وا لە خەڵکی وڵاتەکەی بکات میرەکەیان هەم خۆشبوێت و هەم لێشی بترسن. گەر لە حاڵەتێکیشدا پێوسیتی کرد دەستبەرداری یەکێکیان بێت، باشترە دەستبەرداری خۆشەویستیی بێت. بەمانایەکی تر ماکیاڤێلی بۆچوونی وایە کە رەهەندی ترس کۆڵەکەیەکی گرنگی حوکمڕانییکردنە، نەک خۆشەویستیی. خۆشەویستیی دەڕوا و تێپەڕە، دەسەڵات بۆماوەیە و دەمێنێتەوە. لەدیدی ئەودا نەرمیی و دڵنەرمیی دوو خەسڵەتی مرۆیین کە دەوڵەت بەرەو فەوزا و وونبوونی نیزام دەبات، بەپێچەوانەشەوە دڵڕەقیی و توندیی دەتوانێت نیزام و ئاساییشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بپارێزێت.
لە سەدەی شانزەوە ماکیاڤێلی پێماندەڵێت ئیتالیای پارچەپارچەبوو پێوستیی بەوەیە یەکبگرێت و دەوڵەتی سەربەخۆ و سەروەری نەتەوەیی خۆی دروستبکات. بۆ ئەم مەبەستەش بۆچوونی وایە ئەو میرنشینانەی کە بە پشتیوانی چەکداری بەکرێگیراوی بێگانە و مورتەزەقە دەسەڵاتدارێتیی خۆیان دەپارێزن دواڕۆژیان تاریکە. بەپێچەوانەوە ماکیاڤێلی دەڵێت میر پێویستی بە دوو شتە یەکەمیان بە لەشکرێکی نیشتیمانییە، دووەمیشیان بە متمانە و خۆشەویستیی گەلە. گەر هەر میرێک بە پشتیوانی بێگانە تەمەنی سیاسیی خۆی درێژکردەوە، تەمەنی دەسەڵاتدارێتییەکەی درێژ نابێت، چونکە متمانە بە چەکدارگەلکێک ناکرێت وڵاتێک بپارێزێت کە بە هەم بێگانە بن و هەم بە پارە جەنگت بۆ بگێڕن. ماکیاڤێلی ڕاوێژی میر دەکات کە لەپاڵ چەکی باش و قەڵای باش، ئابوورییەکی باشی هەبێت کە بۆ ئەو سەردەم مانای ئەمارکردنی خواردن و دابینکردنی ئاو بووە لە کاتی جەنگ و ئابڵوقەدانی شارەکاندا. هەر بۆیە ئەو میرانە ئەو جەنگانەیان بردۆتەوە کە یەکەم چەکی باش و لەشکری نیشتیمانییان هەبووە کە متمانەیان پێکردوون، دووەم خەڵکەکە پشتیوانی میرەکانیان بوون لەکاتی هەڕەشە و جەنگدا، سێیەمیش ئازوقەی باشیان هەبووبێت، بۆئەوەی تاوەکو ساڵێک برسیی و توێنیی نەبن.
بەکورتیی، بە بۆچوونی ماکیاڤێلی میر خۆی لە هەڕەشە دەرەکییەکان بە چەک و لەشکری باش و هاوڕێی دڵسۆز و خۆشەویستیی گەل دەپارێزێت. لە هەرێمی میرە کوردییەکاندا نە چەکی باش و نە لەشکریی نیشتیمانیت هەیە و نە خۆشەویستی گەل بوونی هەیە کە لەکاتی جەنگدا پارێزگاریی لەم میرانە بکات. ئەو هاوڕێ دڵسۆزانەشی کە هەیانە نە گوێ لە ڕاوێژەکانیان دەگرن و نە بەقسەیان دەکەن. ئەم خاڵەی کۆتاییش پەیوەندی بەوەوە نییە کە بە قسەی ماکیاڤێلی دەکەن، چونکە ئەو ڕای وایە کە میر نابێت ڕاوێژی کەسانی تر قبوڵبکات مەگەر خۆی داوای کردبێت ڕاوێژی بکەن.
لە واقیعدا هێندەی تورکیا دەسەڵاتی میرانی پارتیی دەپارێزێت و هێندەی ئێرانیش دەسەڵاتی میرانی یەکێتیی دەپارێزێت و هێندەی ئەمریکایش لە هەڕەشەی داعش دەیانپارێزێت، نیوئەوەندە بە پشتوپەنا و خۆشەویستیی هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان ناپارێزرێن.
دوای نزیکەی پێنجسەد ساڵ بەسەر کتێبەکەی میر و دوای ساڵێک بەسەر وشیارییدانەکەی جینین پلاسخارت سەبارەت بە مەترسیی بۆسەر ئەزموونی کوردیی، دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر وتارەکەی لە ئەنجومەنی ئاساییشی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و مەترسیی دابەشبوونی هەرێم بۆ سەر زۆنی زەرد و سەوز و دوای داواکارییەکەی بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەموو حیزبەکان لە بارەگای نەتەوە یەکگروەکان لە هەولێر، یەکێتیی و پارتیی کۆتاییان بە جەولەیەکی جەنگی میدیایی پڕوکێنەر و ناشیرینی تری خۆیان هێنا و بە عاقڵی لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە و خەندەی دیپلۆماسییان لەگەڵ یەکدا گۆڕییەوە. هەم نەوەی ململانێی چەکداریی ناوخۆیی شەستەکان و، هەم نەوەی شەڕی هەشتاکان و هەم نەوەی نەوەدەکان و هەم نەوەی سەدەی بیستویەکەمیش بە جەنگی ناوخۆیی و گەمەی خوێناویی و رق و ململانێی شەڕانگیزیی باوان و نەوەی نوێی میرانی هەردوو حیزبەکە ڕاهاتوون.
هەم پارتییەکان بە حوکمڕانیی ناوچەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیان ڕاهاتوون و خەمی بەشەکانی تری کوردستانیان نییە، هەم یەکێتییەکانیش بە ناوچەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان ڕاهاتوون و خەمی دهۆک و زاخۆ و ئامێدیییان نییە، بەپێچەوانەی هەردووکیشیانەوە خەڵکی ئێمە پاش ڕاهاتنێکی سی ساڵەیی تاقەتی هیچ یەکێک لەو دەموچاوانەیان نەماوە و لە هەردووکیان بێزارن.
یەکێک لە تێزە سەرەکییەکانی کتێبی میر بریتییە لە پەیوەندنیی نێوان کەسەرە و ئامانج، واتە ئەو وتارە بەناوبانگەی کە دەڵێت غایەت پاساوی وەسیلە دەکات. بەم پێیە میر دەتوانێت هەموو کەرەسەیەک بەکاربهێنێت بۆئەوەی بگات بەو ئامانجەی کە مەبەستێتی. دیارە ماکیاڤێلی هەرگیز نەیگوتووە تۆ بڕۆ هێزی دوژمن و دەرەکیی وەک کەرەسە بهێنە سەر نایارەکەت، بۆئەوەی بگەیت بە ئامانجی پاراستنی دەسەڵاتی خێزانی خۆت، بەڵام میرەکانی کورد بەبێئەوەی کتێبی میری ماکیاڤێلی بخوێننەوە هەموو کەرەسەیەک بەکاردەهێنن، بۆئەوەی بگەن بە ئامانجە شەخسیی و خێزانییەکانی خۆیان. مێژووی شەڕ و ناتەبایی و ملشکاندن و هێنانی لەشکری بێگانە بۆ سەر یەکتر، بەهیچ کلۆجێک پاساوی گەیشتن نەبووە بە ئامانجی باڵای نیشتیمانیی، بەڵکو بەتەنها بۆ مانەوەی دەسەڵاتی میرەکان بووە.
میرانی پارتی و یەکێتی بەردەوام پێویستیان بە پشتیوانی دەرەکیی هەبووە، بۆئەوەی بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن و تەمەنی حوکمڕانیی خۆیان درێژبکەنەوە. ئەم میرانەی ناوچەی بابان و بادینان کە لە فۆرمی دوو حیزبی سیاسیی خۆیان ڕێکخستووە، هەمیشە پێویستیان بە فشار و پارەی دەرەکییە، بۆئەوەی بیر لە یەکگرتوویی و تەبایی بکەنەوە و بەرژەوەندی گەلەکەیان بیربکەوێتەوە.