بەعس و سەرۆک و مەرجەع
2022-05-21 21:29:10
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
بەعس لەزۆر ڕووەوە باوکی شەرعی ئەو سیستمە سیاسییەیە کە ئەمڕۆ لە عێراق و لە ھەرێمدا جێگیرکراوە. بڕێکی گەورە لە بەعسیزم لەناو شێوازی بیرکردنەوە و کارکردنی ھێزە گەورەکانی ناو گۆڕەپانی عێراقیدا لەئارادایە، لە پێش ھەمووانەوە لە ھەرێمی کوردستاندا. بەعسیزم لە ھەرێمدا فۆرمی سەرەکیی و مۆدێلی پیادەکراوی شێوازی حوکمڕانیکردن و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتە، بەڵام بە کۆمەڵێک جیاوازیی تایبەتەوە. بڕێک لەو ئەو بۆ چوونەش ڕاستە کە سیستمە سیاسییەکەی ھەرێم، لە چەند ئاستێکدا، لە سیستەمەکەی بەعس جیاوازە، بە تایبەتی لەوەدا کە سیستمی ئەمڕۆکەی عێراق و ھەرێم سیستمی فرەحیزبیی و فرەمیدیاییە، ھەڵبژاردنی چەند ساڵ جارێکی تیادا ئەنجامئەدرێت، دەزگایەک ھەیە ناوی پەرلەمانە و لێرەولەوێش ھەندێک فۆرمی لاوەکیی و شانۆیی لێپرسینەوەی سیاسیی و بەرپرسیارکردن، ھەیە و لەئارادایە. ئەمانە ڕاستن و لەمانەشدا سیستمە سیاسییەکەی ئەمڕۆکە لە بەعسیزمی ساڵانی ھەفتا و ھەشتا و نەوەد جیاوازە. بەڵام لێکچونەکان لە زۆر ئاستی تردا ھێندە گەورە و ھەمەلایەن وایانکردوە نرخێکی ئەوتۆ بۆ بوونی ئەو جیاوازییانە نەمێنێتەوە کە باسمکردن. بە تایبەتی لە ئاستی پێگەی سەرۆکی سیاسیی و پێگەی حیزب و پەیوەندیی نێوان حیزب و دەوڵەت و حیزب و کۆمەڵگادا، لە کۆی ئەم ئاستانەدا ئەوەی ئامادەیە بەعسیزمە لە فۆرمە ھەرە خراپ و ھەرە ترسناکەکەیدا.
پێگەی سەرۆک پێگەی ھەرە سەرەکیی و ھەرە بنەڕەتیی ناو ئەزموونی بەعساییانەی حوکمڕانینکردنە. بەعس، بە تایبەتی لە مۆدێلە سەدامییەکەیدا، ئۆرگانێک بوو بە دەوری سەدام حوسەین دا دروستکرابوو. سەدام حوسەین ھەم باڵاترین خاڵ و ھەم سێنتەری حیزبەکە بوو، ھەم بەردی بناغەی پارتەکە و ھەم لەویشەوە بەردی بناغەی دەوڵەتە بەعسییەکە بوو لە عێراقدا. لە ھەردووکیاندا دەسەڵاتی یاسایی و دەرەیاسایی گەورە و ھەمەلایەنی ھەبوو. قسەکانی حوکمی یاسا و ئیرادەی ڕۆڵی دەزگا جێبەجێکەرەکانی دەبینیی. خاڵێکیش نە لەناو حیزب و نە لە دەرەوەی حیزبدا بۆ لێپرسینەوە لەو سەرۆکە و بۆ بەرپرسیارکردنی بوونی نەبوو. لە ساڵانی ھەشتاش بەدواوە، بە پێچەوانەی ساڵانی ھەفتاوە، بەعس لەسەر دەستی سەدام حوسەین دا ڕووی لە بەخێزانی و بنەماڵەییکردنێکی تەواوی دەسەڵات لە عێراقدا، کرد. چ لەناو حیزب و چ لە دەرەوەی حزیبدا کوڕەکانی سەدام حوسەین، نیوەبراکانی، ئامۆزاکانی، خاڵۆزاکانی، زاواکانی، ھاوڕێ و دۆستە ھەرە نزیەکەکانی، ھەموویان، بوون بە کەسە ھەرە بەھێز و دەسەڵاتدارەکانی ناو عێراق و پێگە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ناو حیزبی بەعس و ناو دەوڵەتی عێراقییان گرتەدەست.
سەرۆکیش بەجۆرێک پەیوەندییە ناوەکییەکانی ناو ئەم بازنە داخراوەی ڕێکخستبوو کە کۆتایی خۆی، ھەم کۆتایی حیزب و ھەم کۆتایی دەوڵەتەکە و ھەم کۆتایی ئەو بازنە داخراوە، بگەیەنێت. ھەمووشیان شەرعیەتی بوونیان و شەرعیەتی پێگەکانیان لە وەلائەتی بێپرسیارەوە بۆ سەدام حوسەین خۆی، بەدەستبھێنن. سەدام لە دیدی ئەمانەدا ”ئەو خێمە“یە بوو کە ھەموو عێراقی لەژێردا کۆدەبووەوە. ئەو خاڵەبوو کە ھەموویانی بەیەکەوە گرێئەدا و وەک چەترێک بەسەر سەریانەوە ھەڵکرابوو. لە ڕاستیدا سەدام ”مەرجەع“ێکی نادینیی بوو. بە مەرجعەکردنی سەدام حوسەین لەناو بەعس و لەناو دەوڵەتدا، یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەو چەنەبازییە گەورەیەی ئەمڕۆکە لە دونیای ئێمەدا دەربارەی پێداویستیی بوونی مەرجەع لە کوردستاندا دروستبووە. ڕێک وەک سەردەمی سەدام حوسەین، لەشکرێک لە کەسانی موستەفید، باس لە گرنگیی بوونی مەرجەع لە ھەرێمەکەدا دەکەن.
سەدام حوسەین بە پلەی یەکەم و زۆربەی جاریش تەنھا بڕوای بەو بازنە داخراوەی دەوری خۆی ھەبوو، بەعس خۆیشی لەوە کەوتبوو پارتێکی سیاسیی خاوەن دەزگای سەربەخۆ و میکانیزمی ناوەکیی ئیشکردنی خۆی بێت، بەڵکو گۆڕابوو بۆ درێژکراوەی دەسەڵاتی شەخسیی سەرۆکی حیزبەکە و دەسەڵاتی ئەو خێزان و بنەماڵە تایبەتە کە سەرۆک نوێنەرایەتی دەکردن. بەعس ھێزی تکریتییەکان بوو. بەھۆی بەحیزبیکردنی بەشێکی گرنگیی بوارەکانی ژیانی ناو کۆمەڵگای عێراقیشەوە، دەسەڵاتی بەعس، کە دەسەڵاتی سەدام حوسەین و بنەماڵە و ھاوڕێکانی بوو، لە زۆربەی شوێن و پێگە و ناوەندە گرنگەکانی ناو کۆمەڵگادا ئامادەبوو. وەکچۆن وێنە و پەیکەرەکانی سەدام حوسەین لە ھەموو شوێنێکدا بوون، ئاواش دەسەڵاتی بەعس لە ھەمووشوێنێکدا ئامادەبوو.
بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە دەسەڵاتی بەعس بە بەردەوامی یەکسانبووە بە دەسەڵاتی سەرۆکەکەی بەتەنھا، مانای ئەوەش نییە، دەسەڵاتی سەدام حوسەین لەناو ھەموو ئەو خانە و بازنە و ئۆرگانە جیاوازانەدا ئامادەبوو کە لە کۆمەلگای عێراقیدا بەعس چووبوە ناویانەوە. ئاخر سەرجەمی ئەو خانە و بازنە و ئۆرگانانە پێویستیان بە کەسانی تری بەعسیی ھەبوو بۆ ئیشپێکردن و خستنەگەڕیان، پێویستیان بە لەشکرێک لە کاردر و چالاکەوانی بەعسیی ناوچەیی و تایبەت ھەبوو، کە ئەمانیش بە پلەی جیاواز زەوق و خواست و ویست و مەسڵەحەتی شەخسی خۆیان ئاراستەی دەکردن. بەسەریەکەوە بەعس وەک حیزب بووبوو بە ماشێنێکی گەورەی کۆنترۆڵ و دیسپلین و چاودێریکردن، چاودێریکردنی ھەمووشتێک لە وڵاتەکەدا، لە چاودێریکردنی حیزب خۆیەوە بیگرە بۆ چاودێریکردنی تاکەکەس و کۆمەڵگا، بە تێپەڕین بەناو چاودێریکردنی دەوڵەت خۆشیدا.
خاڵێکی گرنگی تر لە باسکردنی پێگەی سەدامدا وەک سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی حیزب، بریتییە لەو توانا مادیی و ئابورییەی لەبەردەستیدابوو، توانایەک بە ھۆیەوە دەیتوانی کەسانێکی زۆر بکڕێت و بیانخاتە خزمەتی خواست و ویستەکانی خۆیەوە. ئەو توانا مادییە توانای دروستکردنی تۆڕێکی گەورە و تایبەتی لە کەسانی مەسڵەحەتخوازی بەدەوری سەدامدا مەیسەرکرد. لەڕێگای دەستگرتن بەسەر خودی دەوڵەت خۆیشیدا، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دەوڵەتیشی، بەکاردەھێنا بۆ بەبەعسیکردنی کۆمەڵگا و بەبەعسییکردنی بەشێکی گەورەی دەرکەوتە جیاوازەکانی ژیان لە عێراقدا. بەعس، واتە سەرۆک و بازنەکەی دەوروبەری، بڕیاریان ئەدا کێ کۆنتراکتەکانی دەوڵەت وەربگرێت؟ کێ پێگە بیرۆکراسییە سەرەکییەکان پڕبکاتەوە؟ کێ سودمەندبێت لە چالاکییە ئابورییەکان؟ کێ بچێتە کام پێگەوە و کێش سزابدرێت و دووربخرێتەوە. ھەموو ئەم بڕیارانەش بەناو فلتەری دەسەڵات و فلتەری وەلائەت بۆ بەعس و بۆ سەرۆکەکەیدا، تێدەپەڕین.
خاڵێکی سەرەکیی کە ئاکاری ژمارە یەکی دەسەڵاتی سەدام حوسەینی وەک سەرۆک دەستنیشاندەکرد، ئەوەبوو لە ھەموو عێراقدا دەزگایەک یان ناوەندێک یان میکانیزمێک، بوونی نەبوو توانای لێپرسینەوەی لە سەدام حوسەین ھەبێت، شتێک بوونی نەبوو بتوانێت لە بڕیار و کردەوەکانی بپرسێتەوە. تاقە شوێنێک کە سەدام بۆ دەرکردنی یاسا پێویستیی پێبوو، ”مەجلیسی قیادەی سەورە“بوو. ئەویش، وەک مەکتەبی سیاسیی پارتە حوکمڕانەکانی ھەرێم، ئەندامەکانی لە بەردەم سەدام حوسەین خۆیدا، بوونەوەری بێئیرادە و بێزمان و بێتوانابوون. ئیشی ژمارە یەکیان ئەوەبوو سەرۆک ڕازیبکەن و نەھێڵن دڵی عاجزببێت. یان گوێی لە شتێک بێت پێیناخۆشبێت.