Draw Media

ئۆپۆزسیۆن بوون وەك مۆدێل

ئۆپۆزسیۆن بوون وەك مۆدێل

2022-05-15 18:41:05


د. كامەران مەنتك

یەكێك لەكێشەكانی هەرێمی كوردستان ئۆپۆزسیۆن بوونە، كە بۆتە مۆدێلێكی سەقەت وهیچ شتێكی لە ئۆپۆزسیۆن ناچێت،   هەركەسێك بەشڕە خوێندەواریەكەوە جنێو بەیەكێتی وپارتی بدات، خەڵك چەپڵەی بۆ لێدەدات، ئەمە لەلایەك دۆخی بێزراوی ئەو دوو حیزبە نیشان دەدات، لەلایەكی تر ئیفلاسی ئەوانە نیشان دەدات، كە لەسەر ئەو جنێودانە كاوێژ دەكەن وهەركاتێك دەگەنە پلەو پۆستێك بەتەواوی دەگۆڕێن، بۆ نمونە ساڵیكیان یەكێك لەو بەناو ئۆپۆزسیۆنانە هاتە یەكێك لە كۆلیژەكانی زانكۆی سەلاحەدین و تاپێی كرا رەخنەی لەدەسەڵات گرت، دوای ئەوەی لەو حكومەتەی رەخنەی لێدەگرت پۆستێكیان دایە، هەر هەمان كەس لەهەمان شوێن بەرگری لەدەسەڵات كردو پاساوی بۆ دەهێنایەوە، كە هۆكاری ئەو پارادۆكسە مەهزەلە ئامێزەیان لێپرسی، گوتی ئێستا لەبەرەی دەسەڵاتم!
كەواتە كێشەی سەرەكی لەهەرێم خەڵك نیە، وەك بانگەشەی بۆ دەكرێت ودەسەڵات وئۆپۆزسیۆن بەیەكەوە هەموو باڵێكی ئەو دۆخە دەخەنە ئەستۆ، بەڵكو ئەو كەمینە مشخۆرەیە، كە لەڕێگەی جنێودانەوە نان پەیدا دەكەن وەك رۆشنبیرو سیاسەتمەدارو ئەكادیمیست و ... هتد خۆیان نیشان دەدەن، پێویستە تاكی كورد ئەو دوو لایەنە بەتەواوی لەیەكتر جیا بكاتەوە. خەڵكی كوردستان هیچ تاوانێكی لەو دۆخەدانیە، نەك لەئاست قوربانیداندا بووە، بگرە هیچ گەلێكی ناوچە بەقەد كۆمەڵگەی كوردی قوربانی نەداوەو ئامادەی قوربانی دان نەبووە ونیە لەپێناو نیشتمانەكەی، بەڵام هەمیشە بەری قوربانیدانەكەی لەلایەن توێژەكەی ترەوە بازرگانی پێوەكراوەو بەهەدەر دراوە، ئەوەیە ئەمڕۆ بێمتمانەیی لای خەڵك دروست كردووە، دیارە ئەمەش دەرئەنجامی تێگەیشتنە لەو گەڕەلاوژەیەی بەناوی ئۆپۆزسیۆن ودەسەڵات لەو هەرێمە دەگوزەرێت.
دۆخەكە بە قۆناغێك گەیشتووە، ئۆپۆزسیۆن ودەسەڵات بەتەواوی تێكەڵ بووە، ئەو هێزانەی بەشێكن لەحكومەت وكاڵەكەكەی دەڕننەوە، رەخنە لە حكومەت دەگرن، كەچی هەر لەو كاتەی بێزاری خۆیان دەردەبڕن، بۆ بەیانی لەهەواڵەكان گوێبیستی ئەوە دەبین چەند پۆستێكی تریان وەرگرتووە! جێگەی سەرنجە كەسێك گوێ لەمیدیاكانی پارتی ویەكێتی بگرێت، وا مەزەندە دەكات بەیانی دەبێتە شەڕی ناوەخۆ، ئەو شەڕەی، كە هەمیشە خەڵكی كوردستانی پێ دەترسێنن، لەبەرئەوەی لەو شەڕانە جگە لەخەڵكی هەژارو ستەمدیدەی كوردستان كەسی تر زەرەمەند نابێت، بینیمان لەماوەی شەڕی رابردوو بەرپرسەكان كاتێك بەدیل دەگیران دەبوونە میوانی یەكترو بەڕێزەوە تا ئەم بەر، یاخود ئەو بەری دێگەڵە رەوانە دەكران، كەچی خەڵكی ئاسایی بەدڕندەترین شێوە بەدیلی دەكوژران!.
ئەو فەوزای دەسەڵات وئۆپۆزسیۆن بوونە كاریگەریەكی ئێجگار نەرێنیانەی كردۆتە سەر كۆمەڵگای كوردی، بەتەواوی سەری لێشێواندووەو متمانەی لا نەهێشتووە، نۆستالیژیایەكی لا دروست كردووە، خەون بەگەڕانەوەی ئەو بەعسە دەبینێت، كە ئەنفال وكیمیابارانی كرد، ئەمەش جێگەی داخێكی گەورەیە، كاتی ئەوە هاتووە كۆمەڵگای كوردی لەدەرەوەی ئەو بەناو دەسەڵات وئۆپۆزسیۆنە بیر بكاتەوەو كۆمەلگا بخرێتەوە سەر رێگەی راستەقینەی خۆی، بەمەش لەكۆتایدا هەردوو لایەنی ئۆپۆزسیۆن ودەسەڵات سزا دەدەن وتووڕیان هەڵدەدەنە زبڵدانی مێژوو، وەك چۆن بەكردەیی تووڕە هەڵدراون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand