به كورتی شتێك ده‌رباره‌ی ئاكاری كوردی
.gif)
2022-05-15 16:31:06
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
1
عه‌بدوڵا په‌شێو ده‌فه‌رموێ
چ ده‌عبایه‌كی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌م
ئه‌ستۆم نایه‌وێ سه‌رم راگرێ
خوێنم ده‌مه‌یێ ، تا فڕكه نه‌كا به‌ره‌و په‌ل و پۆم
گلێنه‌ی چاوم تف له یه‌ك ده‌كه‌ن
له یه‌ك نه‌بانن ره‌فیسك و ئه‌ژنۆم
، حاجی قادری كۆی پێش ئه‌وبای حیزه بخۆیی و ناته‌بایی كردووه ، ده‌رده‌كه ده‌ردێكی دورو بێچاره‌سه‌ره ، رۆشنبیر له ناو یه‌كا ، مه‌لاكان له ناو یه‌كترا ، حوبه‌كان، خێزانه‌كان و خوشك و براكان ، دراوسێكان ،مامۆستا له گه‌ڵ یه‌ك و له گه‌ڵ فێرخواز ، دكتۆر له گه‌ڵ دكتۆر‌و له گه‌ڵ نه‌خۆش ، مناڵه‌كانی كۆڵان به ره‌نگی حزب گۆشكراون ، بابه نه‌خۆشیه‌ك هه‌یه نه‌خۆشیه‌كی مه‌ترسیدار ، یان ده‌بێت خۆتی بده‌یته ده‌سته‌وه ، یان بێده‌نگ بیت یان راكه‌یت و نه‌شڵێی
ره‌فیقان من ئه‌وا رۆیم له لاتان .
كورد بوون ، ئاكاری كوردی ، بیر كردنه‌وه‌ی كوردی ،هه‌ستی كوردی ، نه‌ریتی جوانی كوردی ، لێبورده‌یی كوردی ، هه‌موو شتێكی كوردی له باشوری كوردستان له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه ، له‌م رۆژانه مامۆستایه‌كی به‌ڕێزی زانكۆ ، له سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی قسه‌ی گه‌نجێك نیگه‌ران بوو ، به‌ڵام ئیتر ئه‌وه راستیه‌كه‌یه ، هه‌موومان له یه‌كتر به گومان و له یه‌كتر له بۆسه‌داین ، ئه‌ژنۆو ره‌فیسكمان دژی یه‌كترن ، "گیانێك نین له دوو جه‌سته‌دا" .
له سه‌ر بار‌و دۆخی خه‌ڵك له سه‌ر قوتی خه‌ڵك بۆ ژیانی خه‌ڵك كۆمه‌ڵێك كه‌س له ته‌ك به‌رپرسێكی ئه‌م وڵاته‌دا دانیشتوین ، رون و ره‌وان چیمان هه‌بووه پێمان وتوه ، قسه‌ی خه‌ڵكمان گه‌یاندوه‌و زۆر راشكاو‌و بێمنه‌ت بووین ، كه‌سمان داوای هیچمان بۆ خۆمان نه‌كردوه ، ناشیكه‌ین ، منه‌تیشمان به كه‌س نیه ، خه‌ڵكیش بێمنه‌ت بن له ده‌نكه گه‌نمێكه‌وه تاخه‌رمانێ چی‌یان له سه‌ر من و هه‌روه‌ها ئه‌و هاوڕێیانه‌ش دۆزیه‌وه با له قاوی ده‌ن ، چ بێئاكاریه‌كه به‌و جۆره دنیاكه شێوابێت ،ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر گه‌لحۆیه‌ك نووسیبووی له‌تیف ئۆتۆمبیلی درعی وه‌رگرتوه ، من تا ئێستا نه‌سایه‌قی ده‌زانم نه‌مۆڵه‌تی شۆڤێریشم هه‌یه نه هه‌رگیز سواری سه‌یاره‌ی درعیش بوومه ، له درۆ‌و بوختانی تر كه‌ڕێن ، خه‌ڵك هه‌یه له سه‌ر جاده خۆپیشاندانده‌كات له ئه‌وروپاو وڵاتیش هه‌شه له پشت لاپتۆپێكه‌وه قسه‌ی زل ، ئه‌و دێت قاچ و قولی خه‌ڵك ده‌گه‌زێ ، وه‌رن با له رۆژی ئه‌وه‌ڵه‌وه هه‌ق و حسابێك بكه‌ین ، به‌ڵام مسقاڵه زه‌ڕه‌یه‌ك ئاكار بۆ مرۆڤ باشه .
له گه‌ڵ چه‌ند به‌ڕێزێكا له سه‌ر داوای ده‌زگایی میدیایی دره‌و گیر‌و گازی ئه‌و بار‌و دۆخه‌مان ئاڵانده به‌رپرسی یه‌كه‌می ئه‌م سنوره‌وه ، كه جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته ، رۆژی پێش ئه‌و دانیشتنه من وتارێكی توندم له سه‌ر ئه‌و به‌ڕێوه نووسیوه ، بڵاویش كراوه‌ته‌وه ، كۆی دیدار‌و قسه‌كانیش لای دره‌وه ، ئاخر ئه‌وه چ بێویژدانیه‌كه ، بێ ئاگاداری و زانیاری بگه‌زی ، له كۆتای ئه‌م وتاره وتاره‌كه‌ی پێشتریش كه كه‌متر له 20 سه‌عاتی به‌ینه له گه‌ڵ دانیشتنه‌كه‌دا داده‌نه‌م ، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك هه‌قیقه‌ت وه‌ك خۆی ببینێ ، منه‌تم به كه‌س نیه تا گیانیش له بزاوتا بێت شه‌ڕی ئازادی و ژیانی خه‌ڵك و قوتی هاوزمانه‌كانم ده‌كه‌م .
2
وتاره‌كه‌ی پێش دیداره‌كه
قوباد تاڵه‌بانی بۆ قسه ناكات
هه‌رجارێك مام جه‌لال له گه‌ڵ نووسران و رۆژنامه‌نووسان كۆببوایه‌ته‌وه باسی نان و ئازادی ده‌كرد ، ئه‌و ده‌یوانی نان و ئازادی هه‌ردووك گرنگن ، نان قوته‌و ئازادی وتن و نه‌ترسان ، یادی به خێر محه‌مه‌د موكری چیرۆكنووس دوای 2003 پێی وتم له‌تیف ناوی چوار پێنج نووسه‌ری كه‌ركوكم بده‌رێ مام جه‌لال هاوكاریان ده‌كات ، پێش ئه‌وه‌ش رێكخراوه دیموكراتیه‌كانی یه‌كێتی بێ پرسی ئایدۆلۆژی و بیر‌و ڕا ماوه‌یه‌كی زۆربوو هاوكاری نوسه‌رو رۆشنبیر‌و هونه‌رمه‌ندانی ده‌كرد .
چه‌ند ناوێكم پێدا یه‌ك دوو جاریش بینیم له هه‌ولێریشه‌وه نوێنه‌ری نووسه‌ران و رۆشنبیران ده‌هات و هاوكاریه‌كه‌ی مام جه‌لالی ده‌برده‌وه ، مام جه‌لال ئه‌وه‌ی له سه‌ریشی به خراپه نووسیبا ، ئاسایی وه‌ریده‌گرت ، ئێستا نه‌ك نووسه‌رو رۆشنبیر ، فه‌رمانبه‌رو پێشمه‌رگه‌و مامۆستا و پاكه‌وان سوكایه‌تی پێده‌كرێت و قوباد تاڵه‌بانی كه كوڕی مام جه‌لاله‌و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیشه نقه‌ی لێوه نایات .
مه‌سرور بارزانی پرسیاری داهاتی سلێمانی ده‌كات ، ده‌ڵێت بانگیان ده‌كه‌م لێیان ده‌پرسم ، هه‌رچه‌ند خۆی پێی قه‌ڵسه پرسیاری داهاتی نه‌وت و جیاوازی و سته‌می لێبكه‌ی ، به‌ڵام ئه‌ویش پرسیاری هه‌یه ، ئێ ده‌بێت جێگره‌كه‌ی وه‌ڵامی بداته‌وه ، خه‌ڵك سبه‌ی ده‌چنه سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی مام جه‌لال و ده‌پرسن له گۆڕه‌كه‌ت وه‌ره ده‌ره‌وه‌و سه‌یرێكی سلێمانی بكه ، ده‌چنه به‌رده‌رگای بافڵ و ده‌ڵێن كوا ئه‌و به‌ڵێنه‌ی دوای ده‌ركردنی ئامۆزاكه‌ت له حزب به خه‌ڵكت دا ، قوباد ده‌بێت له بری مام و براكه‌شی وه‌ڵام بداته‌وه .
من ده‌زانم رقێك له خه‌ڵكی سلێمانی هه‌یه ، ئێران و عیراق و توركیا‌و خه‌ڵكی تریش رقیان لێیه‌تی ، رقیان له شێخ مه‌حموده ، چونكه وتی ده‌ڕۆم كه‌ركوك ئازاد ده‌كه‌م و ده‌وڵه‌تی كوردستان دروست ده‌كه‌م ، رقیان له بێكه‌سی شاعیره چونكه رووبه‌ڕووی ئه‌دمۆنز بووه‌وه ، رقیان له پیره مێرده چونكه وتی " سوراحی سه‌ر فرو دێنێ له بۆ پیاڵه كه تێكا بۆی " رقیان له عه‌وله سیسه ، رقیان له گۆرانه چونكه به تریفه‌ی مانگی وت خۆت بپارێزه له‌م كوردی عیراقه ، رقیان له سه‌یوان و چه‌می تانجه‌ڕۆیه ، به‌ڵام ئه‌م رقه تاكه‌ی ، ئێستا به‌رپرسی یه‌كه‌م له‌م بار‌و دۆخه قوباد تاڵه‌بانیه ، ئه‌و پیاوه‌ی هه‌موو عه‌یب و كه‌م و كوڕیه‌كی سلێمانی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ، ئه‌گه‌ر هه‌ر وا بێده‌نگ بێت .
بۆ قوباد تاڵه‌بانی وه‌ك كوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی چاره‌سه‌ر كردنی ریشه‌یی سێ كێشه سه‌نگی مه‌حه‌كن :
یه‌كه‌م : دابینكردنی موچه‌ی سلێمانی له كاتی خۆیدا .
دوه‌م : چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی پاككردنه‌وه‌ی شاره‌كان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری .
سێیه‌م : دابینكردنی دا‌و ده‌رمان بۆنه‌خۆشخانه‌كان .
ته‌نها كه‌س كه ده‌بێت له‌م دۆخه‌دا قسه بكات قوباد تاڵه‌بانیه ، چونكه له پێناوی بودجه‌و موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستاندا به دهۆك و هه‌ولێریشه‌وه ده‌جار چووه به غدا بێئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانه‌كه‌ی سوپاسێكی بكات .
