چەك و كێشەی كۆمەلایەتی و حكومەت

Draw Media

2022-05-14 15:55:10



شادمان مەلا حەسەن
لە بیستەكانی سەدەی بیستەم ,كاتێ حكومەتی عێراق دامەزراو .شا فەیسەڵ لە حیجازەوە هێنرا كرا بە پادشای مەملەكەتی تازەی عێراق. پێشتر دەوڵەتی عوسمانی و دواتریش ئینگلیز زۆر پشتیوانی عەشایر بوون .چونكە كۆمەلگای عێراقی لەسەرەوە تاكو خوارەوە پێكهاتەكەی زیاتر خێڵەكی بوو .ئینگلیز بەمەبەستی مانەوەی خۆی و پشتیوانی كردن لێی .پشتیوانی گەورەی لە عەشایەر دەكرد بەیارمەتیدانیان و تاپۆكردنی زەوی لەسەریان و ماوەدانیان بۆ هەڵگرتنی چەك .لە كۆتایی بیستەكاندا شا فەیسەڵ بە ڕاشكاوی گلەیی كرد لای مەندوبی سامی ,چۆن دەبێت ئەو پادشای وڵاتێك بێت .حكومەتەكەی پازدە هەزار تفەنگی بەدەستەوە بێت ,كەچی عەشایەر و دانیشتوانەكەی سەد هەزار تفەنگیان بەدەستەوە بێت . ئەم هاوكێشەیە زۆر كێشەی بۆ دەوڵەت و فەرزكردنی قانوون دروست كردبوو .زۆری چەك هەمیشە رێگر بوو لەسەر بنیادنانی دەوڵەتی مەدەنی لە عێراق . هەرێمی كوردستان لە دوای دروست بوونی بە شێوەیەكی فراوان چەك بلاو بۆتەوە بەناو خەڵكدا. لە ئێستادا زۆرترین چەك لە لای خەڵكە ,باوەڕناكرێ نیوەی ئەو چەكەی لە دەست خەڵكە ,ئەوەندە لەدەست حكومەت بێت . ئەو ئەفسەر و فەرماندانەی كە لە ناو هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆن ,ئەوانیش لەسەر بنەمای خوێندن و لێهاتووی و شارەزایی دانەمەزراون .بەلكو لەسەر بنەمای وەلائی  حزبی و رازیی كردنی بنەمالە عەشایرەكان دانراون .بۆیە چەكی دەستی ئەوانیش ئەوەندی بۆ ئەنجامدانی تاوانە لە دەرەوەی كاری رەسمی خۆیان ,بۆ پاراستن نیە .چونكە بەردەوام چەكیان پێیە لە دوای دەوامی رسمیش . چەند هۆكارێك وایان كردووە كە خەڵك چەك هەلبگرێ‌ و باوەڕ و متمانەی بە حكومەت لاوازبێت بۆ پاراستنی . یەكەم هێزی پاراستن لەسەر بنەمای حزبی دانراوە .ئەو هێزە ئەوەندی لە خەمی پاراستنی ئەندام و لایەنگرانی حزبەكەیەتی ئەوەندە لە خەمی پاراستنی ئاسایشی گشتی نیە . سەرۆك و سەركردەی حزبەكان باوەڕیان بە ئاسایشی گشتی نیە .بۆیە هەموو دەستە و سریە و فەوج و لیوای خۆیان هەیە بۆ پاراستنی خۆیان .ئەم دیاردەیە بەرپرسی زۆر بچوكیشی گرتۆتەوە لە حزب و حكومەت . هەمەجۆری هێزە چەكدارەكان لە كوردستان بەچەندین شێوە تەشكیلاتی جیاواز جیاواز .هێنانی چەكێكی زۆر لە لایەن حزبەكان و بەخشینەوەیان وەك دیاری بەسەر هەوادارەكانی خۆیان .ئەو هۆكارانە و چەندین هۆكاری تر كە باسیان دەكەین وایكردووە ,كوشتن و تاوان بە چەك زۆربێت و ببێتە دیاردە .لەماوەی یەك مانگی رابردوو چەند كۆمەڵكوژیەك لە هەرێمی كوردستان روویداوە  .بەهۆی چەكەوە . هەركە كۆمەلكوژیەكە روودەدات پۆلیس یان ئاسایش یەكسەر رایدەگەێنێ كەوا لەسەر كێشەیەكی كۆمەلایەتی بووە . مرۆڤ لە بنەڕاتدا هەمووی كەسایەتیەكی كۆمەلایەتی یە.بەلام مەرج نیە هەمووی سیاسی بێت . بۆیە ئەم دەربڕینە وایكردووە خەڵك بە ئاسایی وەریبگرێ‌ و رای گشتی هیچ نەجولێ . لەولاش پەنادانی بكوژ زۆرە ,لەم سنورە دەپەڕێتەوە سنورەكەی تر .یان لە بن پالی ئەو مەسئول بۆ بن پالی ئەو مەسئول .یان سەنگەر گۆڕینی لەم حزبەوە بۆ ئەو حزب ,بە جێنەگەیاندنی سزا قوڕسەكانی دادگا .دەرچواندنی لێبوردنی گشتی و تایبەت لە لایەن سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان .ئەنجامدانی سولحی عەشایەری لە لایەن مەكتەبی كۆمەلایەتی حزبە دەسەڵاتدارەكان . ئەمانە و چەندین هۆكاری تر بوونەتە هۆی ئەوەی بكوژ بێباك بێت لە ئەنجامدانی تاوان . چارەسەر ئەوەیە رێگا لە بلاو بوونەوەی زیاتری چەك بگیرێ‌ .ئاسایشی گشتی وڵات بەهێزتربكرێت .واتە ئاسایش بۆ هەموو كەس بێت .نەوەك ئاسایش تەنها بۆ گروپێكی فەرمانڕەوا بێت . سزاكان زۆر قوڕس بكرێن لەسەر تاوانباران ,هەروەها بڕیاری دادگاكان بەخێرایی لەسەر تاوانباران جێبەجێ بكرێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand