سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

چەقۆکانیش تەریق دەبنەوە !

بڵاوکراوەتەوە لە : 11 ئایار 2022

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

دڵسۆز حەمە

لە ناوەڕاستی ژورەکەدا (پیاوەکە- بکوژەکە- باوکی چوار منداڵەکە)  وەستاوە کە  دیوارو فەرش و پەردەکان لە خوێن هەڵکشاوەو چیرۆکی تاوانەکەی دەگێڕێتەوە: ئا لێرەدا چەقۆیەکم دا لە سنگی و هەر لێرەدا کەوت، ئنجا دەڵێت: منداڵەکانیش هەر ئالێرەدا بون (چوار منداڵی خوار دەساڵان!) . لەهەمان ژوور کە شانۆی تاوانەکەیەو باوکەکە بەدڕندانەترین شێوە دایکەکەی داوەتە بەر چەقۆو دواجار سەریشی دەبڕێت !
پیاوە (تاوانبارەکە) دەڵێت: کوشتم چونکە  ژنەکە (دڵی خۆش نەدەکردم )!
تاوانەکەی هێندە دڕندانەو نامرۆڤانەو ناپیاوانەو نائەخلاقی و نادادوەرانەیە چەقۆکەی شەرمەزار کردوە!
ئەگەر ساڵانێک لەمەوبەر تیرۆرو کوشتنی ژنان لەدەرەوەی شارەکان وهەندێک جاریش بە نهێنی و دوور لە چاوی کۆمەڵگا ئەنجام دەدرا، تەرمەکان لە چۆڵەوانی و لەشاخ و دەشت و دەرانە فڕێدەدران و پاشان بە ڕێکەوت دەدۆزرانەوەو ماوەیەکیشی دەخایاندا هەتا تاوانبار دەدۆزرایەوە،  ئێستا کوشتن و تیرۆری ژنان لەسەرشەقامی گشتی، لە شوێنی کار، لەناو بازاڕ، لەناو جەرگەی کۆمەڵگا لە ناوماڵ و لەپێش چاوی منداڵەکان و لەبەرچاوی کۆمەڵگاوە ڕودەداو بکوژەکانیش وەکو پاڵەوانی فیلمی ئاکشن و درامایەکی تەلەفزیۆنی و زنجیرە تورکیەکان لەوێ ئامادەن و بگرە  چاوپێکەوتن و گفتوگۆشیان لەگەڵ دەکرێت و بەناو سۆشیال مێدیا  وناوەندەجیاوازەکانی تردا بڵاو  دەکرێتەوە ، کۆمەڵگا  بە کاوەخۆ  گوێبیستی  پاساوەکانی بکوژەکانی خۆی دەبێت تا ڕادەی ئاساییکردنەوەی کوشتن وەکو هەر ڕوداوێکی تر. 
کوشتن و بڕینی ژن و منداڵ بە تراژیدیترین شێوە لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا لە حاڵەتەوە بوەتە دیاردەیەکی ڕۆژانەی مەترسیدار، ئەگەر ئەمە گوزارشت   بێت لە هەڵکشانی خودی توندوتیژی وەکو دیاردەیەکی مەترسیداری ژیانی  گشتی  و وەکو لێکەوتەو کەڵەکەبونی ئەو هەمو کێشە ئابوری و سیاسی و کارگێڕیانەی کۆمەڵگای ئێمە پێوەی دەناڵێنێت ئەوا بەدیوەکەی تریشدا  گوزارشتە لە داڕمانی ئەخلاقی و ئینسانی و دەرونی کۆمەڵگاکەمان، لەپچڕانی ئەو ناوکۆییە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و نۆرم و بەهایانەی کە  مرۆڤەکان لە ژینگەیەکی ئینسانی و جوگرافیدا پێکەوە گرێدەدات، گوزارشتە لە  داڕوخان و لێکترازانی ئەو بۆندە هیرارکی و ئینسانی و ئەخلاقیەی کە  بە ئاڕاستەی شاقوڵی و ئاسۆیی هاولاتیان بە یەکترو بە دەسەڵات و بە دەزگاکانی بەڕێوەچونی کۆمەڵگاوە گرێدەدات، گوزارشتە لەو هەڕەشە و مەترسیە گەورەیەی کە لەسەر ستراکتۆری خێزان پەیدابوە، خێزان وەکو سەرەکیترین و گرنگترین یەکەی بەهێزکردن و ڕاگرتنی کۆمەڵگا، خێزان وەکو گرنگترین پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕەمزی و مەعنەوی و ئەخلاقی و ئینسانی کە دواجار نمایشی کۆمەڵگا دەکات وەکو ستراکتۆرێکی مێژویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەتایبەتی لە  کۆمەڵگایەکی وەکو ئێمەدا کە هێشتا خێزان تەنها یەکەیەکی فیزیکی و مەعنەوی و ئابوریە کە بەرپرسیاری ئەندامەکانی خۆی هەڵدەگرێت هەربۆیە هەمو تەنگژەو قەیران و کێشە  ئابوریەکان ڕاستەوخۆ کاردانەوەی دەبێت لەسەر ژیانی خێزان و ئەندامەکانی.
نەبونی دەسەڵاتێکی بەرپرس و پاشاگەردانی لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگادا  جگە لە فەراهەمکردنی فەزایەکی فراوان بۆ گەندەڵی ئیداری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی دەبێتە زەمینەیەکی لەباریش بۆ زۆربونی کێشەی کۆمەلایەتی، هەڵکشانی توندوتیژی و بێڕێزیکردن بە یاساو بە مرۆڤ و بە کۆمەڵگاو بەو پەیمانە کۆمەلایەتیە قسەلێنەکراوانەی کە نۆرم و بەهای ئەخلاقین و هێمنی وڕیزبەندی و ناوکۆیی کۆمەلایەتی دەپارێزێت، لەغیابی هۆشیاری و نەزانیشدا سەر دەکێشێت بۆ توندوتیژی زیاتر.
کارەساتێکی سیاسی و ئیداری و ئەخلاقی گەورەیە کە هەمو شێوازی  بەرپرسیاری  و خەیاڵی ئیدارەدانی کۆمەڵگای ئێمە کورت کراوەتەوە بۆ پێدان یان پێنەدانی موچە! لەکاتێکدا توندوتیژی و هەڵچونی کۆمەڵایەتی گەشتۆتە ئاستی کوشتنی منداڵ و سەربڕینی ژن و خوێناویکردنی یەکەی خێزان، دەسەڵاتی سیاسی تا سنوری سەرخۆشی ململانێی پارەو نەوت و عەقارات و مەستی کۆمپانیاو دەسکەوتە ماددیەکانە تا ڕادەی بێهۆش بون لەوەی لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا دەگوزەرێت !
خێزانی ناتەندروست مانای کۆمەڵگایەکی نەخۆش، کۆمەڵگای نەخۆش توانای  ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوە لەدەستدەدات، ئیرادەی بەرەنگاربونەوە  و ململانێ نامێنێت، خەیاڵی گۆڕینی دەدۆڕێنێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی دەسەڵاتێکی سستەمکارە بۆیە لەئاست ئەو هەمو زەنگە مەترسیدارەی  کوشتن و بڕین و توندوتیژیدا هێندە خەمساردو بێباک و نابەرپرسیارە.
مێدیا فەرمی و نافەرمیەکان، سۆشیال مێدیا پەیج و هەمو ناوەندە مێدیاییەکان ڕۆڵێکی مەترسیداریان گێڕاوە لە ئاساییکردنەوەی کوشتن و هاندان بۆ توندوتیژی، لەڕاستیدا چیرۆکەکان هێندە بە خوێنساردی و ئاسایی و ووردەکاریەوە فڕێدەدەنە فەزای گشتیەوە کە خەریکە کەوتنە خوارەوەی  لاشەی خوێناوی ژنێک بۆ سەرزەوی، خوێنڕشتن و چەقۆلێدان دەبێیتە بابەتێکی  چیرۆک و دراماو ئاسایی چاوی لێبکرێت !
ئاساییکردنەوەی توندوتیژی، مەترسیدارترین قۆناغی لەدەستدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی کۆمەڵگایە، کە جارێکی تر دەبێتەوە زەمینەیەکی لەبار بۆ دوبارە بەرهەمهێنانەوەی تاوان و توندوتیژی، ژن و منداڵیش هەمیشە  یه‌كەمین قوربانی ئەو دۆخانە دەبن.
لە هیچ  کۆمەڵگایەکی دنیادا وەکو ئەمەی ئێمە چیرۆکی کوشتوبڕینی کۆمەڵایەتی و ووردەکاری تاوان و چیرۆکە دڵتەزێنەکان ئاوا بە ئاشکرا ناخرێتە سەرشاشەکان و ناو کۆمەڵگاوە، بەتایبەتی کۆمەڵگای ئێمە کە بیماری ناهۆشیاری و توندوتیژی و فەرهەنگی توندڕەویە.
 

null

جەنگ و موقەدەس و ناعەقڵانیەتی دینیی

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

پارە کۆکردنەوە بەناوی هەژاران وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی!

null

سەما لەسەر تیغى چەقۆ

null

ستراتیژیی گواستنەوە لە حوکمڕانیی حزبییەوە بۆ دەوڵەتداریی نیشتمانی 

null

با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان