دانوستان لەگەڵ هەرێم
2022-05-10 15:20:45
د. سەباح ساعدی- راوێژكاری یاسایی خانەنشین لە وەزارەتی نەوتی عێراق
بەبۆنەی لێدوانەكەی بەڕێز ئیحسان عەبدولجەبار ئیسماعیل وەزیری نەوت كە لە رۆژی شەممە 7/5/2022 بڵاوكرایەوە، لەبارەی هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رەتكردنەوەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە سكاڵای ژمارە/ 59/2012و بڕیاری یەكگرتووی ژمارە/ 110/2019 كە لە 15/2/2022 دەرچووەو بڕیاریداوە بە نادەستوریبوونی یاسای نەوتو غازی هەرێم ژمارە 22ی ساڵی 2007 هەروەها نایاسایبوونی هەموو ئەو مامەڵانەی كە پشتیان بەو یاسایە بەستووە، لە گرنگترینیشیان گرێبەستەكانی دەرهێنانی نەوت كە لەنێوان حكومەتی هەرێمو كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتو هەناردەی نەوتی خاودا ئیمزا كراوە.
وەزیر باسی لەوە كرد، دوای تێپەڕبوونی 75 رۆژ بەسەر دانوستانی نێوان حكومەتی فیدراڵیو حكومەتی هەرێمدا، نەگەیشتونەتە هیچ رێككەوتنێك لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیی كە لەسەرەوە باسكراوە، ئەمەش ئەو شتە بوو كە ئێمە پێشبینیمان كردبوو بۆ حكومەتی هەرێم.
لێرەدا ئەمەوێت رووداوێك بگێڕمەوە كە شایەتحاڵ بووم تێیداو دەیسەلمێنێت دانوستان لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا بێسودە، بەتایبەتی لەوەی كە پەیوەندیدارە بە كەرتی نەوتو غازەوە، چونكە بەرپرسانی بەڕێز لە هەرێم بیروبۆچوونی پێشوەختەیان هەیە كە پاشەكشێی لێ ناكەن.
ئەمەش رووداوەكەیە بە كورتی..
لە ئەیلولی 2012دا ئەوكات من بریكاری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی گرێبەستو مۆڵەتە نەوتییەكانو بەڕێوەبەری بەشی یاسایی بووم تێیدا، عەبدولكەریم لعێبی وەزیری پێشووی نەوت داوای كردم، بینیم بەڕێز (لەیس شاهر) بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی لابوو.
وەزیر پێی وتین، لیژنەیەكی پێنج كەسیی هەیە كە پەرلەمان دروستیكردووەو دكتۆر (قوسەی سوهێل) جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكاتو هەردوو پەرلەمانتار (عەدنان جەنابیو سەفادین سافی)و هەردوو وەزیری (نەوتی فیدراڵو ئاشتی هەورامی سامانە سروشتییەكانی هەرێم) ئەندامێتی دەكەن، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵیی لەپێناو گەیشتن بە رەشنوسێكی یەكگرتوو:
رەشنوسی یەكەم: لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە لە رۆژی 15/2/2007 پێشكەشی پەرلەمان كراوەو بە نوسخەی پەرلەمان ناودەبرێت.
رەشنوسی دووەم: لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە رۆژی 28/7/2011 پێشكەشی پەرلەمان كراوە، كە ئەوە كۆپی یەكەمە دوای كورتكردنەوەو رێكخستنو دابەشكردنی لە ئەنجومەنی شورای دەوڵەت (ئەنجومەنی ئێستای دەوڵەت)، بە نوسخەی حكومەت یاخود نوسخەی وەزارەتی نەوت ناسراوە.
وەزیر منو ئوستاز (لەیس)ی ئاگادار كرد لەوەی پێویستە لەسەر هەریەكەمان لەماوەی دوو رۆژدا لێكۆڵینەوەی خۆمان لەبارەی جیاوازییەكان لەنێوان هەردوو نوسخەكەدا بگەڕێنینەوەو لەگەڵ ئەودا لە كۆبونەوەی لیژنە پێنج كەسییەكەی پەرلەماندا وەكو پسپۆری یاسایی بە رەزامەندی لیژنەكە ئامادەبین، دوای تێپەڕینی دوو رۆژ هەریەكەمان لێكۆڵینەوەكەی خۆی پێشكەش كردو بڕیاردرا پشت بە لێكۆڵینەوەكەی من ببەسترێت كە لە (9) لاپەڕە پێكهاتبوو.
بەیانی رۆژی 18/9/2012 منو بەڕێز (لەیس شاهر) لەگەڵ بەڕێز وەزیر گەیشتینە پەرلەمانو چوینە هۆڵی كۆبونەوەو لەسەر مێزێكی خڕ دانیشتین، دكتۆر (قوسەی سوهێل) سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی دەكرد، هەریەكە لە پەرلەمانتار سەفادین سافیو عەدنان جەنابیو بەڕێز ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمو پەرلەمانتار (فەرهاد ئەتروشی) كە ئەندام نەبوو لە لیژنە پێنج كەسییەكەدا، بەشداربوون.
دكتۆر قوسەی سوهێل دانیشتنەكەی دەستپێكردو باسی لە پێویستی رێككەوتنی نێوان هەردوولا كرد، پاشان پەرلەمانتار عەدنان جەنابی لەبارەی پەیوەندی نێوان ناوەندو هەرێم سەبارەت بە نەوتو غاز قسەی كرد، هەروەها پەرلەمانتار سەفادین سافیش قسەی كرد.
كاتێك دەرگای گفتوگۆ كرایەوە، بەڕێز وەزیری نەوت باسی دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی كرد بەسەر سەرتاسەری كۆماری عێراقەوە لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی نەوتو غازو ئەوەی كە كۆمپانیای سۆمۆ تاكە لایەنی رێگەپێدراوە لە هەناردەكردنی نەوتی خاو و هاوردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكاندا، بەڕێز ئاشتی هەورامی وەڵامی دایەوەو وتی: ئێمە لە هەرێم دان بە كۆمپانیای سۆمۆدا نانێین، چونكە بەگوێرەی یاساكانی سەددام كاردەكات.
بەڕێز وەزیری نەوت وەڵامی دایەوەو وتی: كۆمپانیای سۆمۆ كۆمپانیایەكی گشتیی عێراقییە، بەگوێرەی یاساكانی عێراق كاردەكاتو سەربە وەزارەتی نەوتەو حكومەتی فیدراڵی عێراق سەرپەرەشتی دەكات.
پەرلەمانتار (فەرهاد ئەتروشی) قسەی كردو ئاماژەی بەوەكرد كە حكومەتی فیدراڵی نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق ناكات!؟
دكتۆر قوسەی وتی: كەوایە بۆچی ئێمە لە بەیانییەوە لێرە دانیشتوین !؟
لەوكاتەدا داوام كرد مۆڵەتم بدەنێ لەبارەی لایەنی یاسایی بابەتەكەوە قسە بكەم، پێیان وتم گفتوگۆ سودی نییە. كۆبونەوەكە كۆتایی هاتو بەپێی زانیاری من تاوەكو ئێستا كۆبونەوەی دووەم نەكراوە.
لەوكاتەوە تێگەیشتم دانوستان یان گفتوگۆ لەنێوان حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم لەبارەی نەوتو غازەوە بێ سودە، ساڵانی رابردووش ئەمەی سەلماندووە، چونكە بەرپرسانی بەڕێز لە هەرێم هەڵگری بیروبۆچونی پێشوەختەنو وازی لێناهێنن.
بۆیە پێویستە بڵێین بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، جگە لە دانوستان دەبێت بەدوای ئامرازی تردا بگەڕێین... لەگەڵ رێزماندا
* وەزارەتی نەوتی عێراق ئەم وتارەی لەسەر پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردوەتەوە، لەبەر بایەخی دۆسیەی نەوت (درەو) ئەم بابەتەی وەكو خۆی وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی، بۆ ئەوەی خوێنەرانی كورد ئاگاداری تێڕوانینی لایەنی عێراقی بن لەبارەی دۆسیەكەوە