Draw Media

هەڵهاتن یان دۆڕاندن 

هەڵهاتن یان دۆڕاندن 

2022-05-09 11:54:03


زانا توفیق بەگ 
لەدوای دەركردنی مەرسومی سەرۆكی هەرێم بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن، كە دەكاتە 2022/10/1 هەندێ هێزی سیاسی لە چەند بەلاغێكدا، داوای دواخستنیان كرد، بەپاساوی هەمواركردنەوەی یاسای كۆمسیون هاوكات گوڕانكاری لەدەستەی سەرۆكایەتی كۆمسۆن وە بانگەشەی ئەوەیان كرد، كە پابەند نابن بە دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنەوە.
دەمەوێ لێرەدا هەندێ سەرنج بخەمەڕوو لەسەر هەندێ هێزی سیاسی یان ئیسلامی، كە ئاستەنگ دەخنە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن وە نایەوێ لەو واقیعە تێبگەن كە ڕێژەی دەنگەكانیان كەمی كردوە. 
لە جیهاندا هیچ هێزێكی سیاسی نادۆزیتەوە كە بەدواداچوون نەكات، بۆ ڕێژەی دەنگەكانی، یان لایەنی كەم هەوڵی ئەوە بدا بزانی هێزی جەماوەری حیزبەكەی لەچ ئاستێكدایە، بۆ  چارەسەركردنی كەموكوڕێكانی، تا لە تڕێمی داهاتووی هەڵبژاردندا بتوانێ كێرفی دەنگەكانی زیاد بكات. ئەوەی جێگای هەڵوێستەلەسەركردنە جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و نەوەی نوێ كە پێداگری دەكەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی هەڵبژاردن، باقی هێزو گروپەكانی تری سیاسی لە پەلەقاژییەی دواخستنی ڕۆژی هەڵبژاردنن لە ڕێكەوتی دیاركراودا. یەكێتی نیشتمانی كوردستان موكڕە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، چونكە لەهەندێ سەرچاوەی نافەرمیەوە باسلەوە دەكرێ، كە ڕێژەیەكی زۆر دەنگەكان لەئەگەری هەڵبژاردندا دەچێت بۆ نەوەی نوێ‌و پارتی، وە خۆری یەكێتی لەئاوابووندایە لە زۆنی  سەوزداو كەمبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی یەكێتی لەناوچەی سلێمانی‌و دەروبەردا یەكسانە بە نەمانی دەستبەسەراگرتنی داهاتی سلێمانی‌و كەمبوونەوەی هێزی سەربازی یەكێتی‌و لاوازبوونی پێگەی سیاسی لە ناوخۆ و هەرێمایەتی دا.
لێكەوتەكانی دواكەوتنی هەڵبژاردن‌و بەشدارینەكردنی قەڵەمڕەوی یەكێتی لەترسی كەمبوونەوەی دەنگەكان، كاریگەریەكی نەگەتیڤی بۆسەر سومعەی سیاسی‌و كۆی دامەزاوەكان هەرێم دروستدەكات، بەتایبەتی لەسەر ئاستی وڵاتانی دیموكراسی‌و ئەورپادا.
لەناۆخۆی كوردستان تاكە هەناسەیەك بۆ داهاتووی هاونیشتمانی، بریتیە لە سندوقەكانی دەنگدان بۆ  ئاڵوگوڕی دەسەڵاتی سیاسی‌و باشتركردنی دۆخی ئابووری و سیاسی، كە مافێكی سروشتی خەڵكە وە هەر هەنگاوێك بە ئاڕاستەی لێسەندنەوەی ئەو مافەی هاونیشتمانی و ڕێگری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن هەر هێزگەلێكەوە بێت. واتای چوونە دەرەوەیە لە گەمەی دیموكراسی و سیاسی، وە دروستكردنی كەڵكەڵەی دیكتاتوری لەناو  دەسەڵاتی سیاسیدا، هەر بۆیە لەم دیدگایەوە دۆڕاندن باشترین بژاردەیە لە هەڵهاتن بۆ ئەو هێزانەی كە دژی پڕۆسەی هەڵبژاردنن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand