Draw Media

كێ به‌رپرسه‌ له‌ په‌روه‌رده‌كردنی كۆمه‌ڵگا ؟

كێ به‌رپرسه‌ له‌ په‌روه‌رده‌كردنی كۆمه‌ڵگا ؟

2022-05-08 19:18:38


رزگار شێخ حه‌سه‌ن
گرنگی و بایه‌خی په‌روه‌رده‌  له‌  كاریگه‌ری و ئه‌نجامه‌كانیدایه‌ له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و چالاكییه‌ گشتیه‌كاندا، له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زۆرترین مزگه‌وت و قوتابخانه‌ و قوتابی و دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی هه‌یه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا  چه‌ندین كێشه‌ی قورسی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی هه‌ن كه‌ له‌ نه‌بوونی په‌ر‌وه‌رده‌وه‌ دێنه‌ ده‌رێ ، له‌وانه‌ كێشه‌ی كۆمه‌ڵكوژی و ژنكوژی و گه‌نده‌ڵی  دارایی له‌ئاستێكی ئیجگار به‌رزدایه‌، ده‌بێت بگه‌ڕێن و  له‌ خۆمان بپرسین  ئــایا كــێ به‌رپرسه‌ لــه‌په‌روه‌ردەكردنی كۆمه‌ڵگا ، به‌ كام فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی تاكی ئێمه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌بێت ؟
لـه‌ كێشه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا هه‌میشه‌ حكومه‌ت یه‌كه‌مین نیشانه‌یه‌ كه‌ به‌ته‌واوه‌تی هه‌موو كێشه‌كان ئاڕاسته‌ی ده‌كه‌ین و  هه‌موان له‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ دواكه‌وتوی و نا كارایی په‌روه‌ده‌ ره‌خنه‌كان ئاراسته‌ی حكومه‌ت و لایه‌نی فه‌رمی ده‌كه‌ین ، به‌ڵام ڕاستیه‌ك هه‌یه‌ كه‌ده‌بێت هه‌موان بیزانین خراپی په‌روه‌رده‌ لـه‌ئه‌نجامی خراپی ئیداره‌دان و رێكخستنیدایه‌ ، واتا له‌گه‌ڵ بونی ژماره‌ی  زۆری دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی و  خوێندنگا و مامۆستا  به‌ڵام هه‌مو ئه‌مانه‌ نائاماده‌ن  له‌ په‌روه‌رده‌ی  كۆمه‌ڵایه‌تیدا ، ڕاسته‌ ئه‌ركێك جێبه‌جێده‌كه‌ن به‌ڵام  ئه‌ویش به‌قه‌ده‌ر لێهاتوی  قوتابیه‌كه‌ فێری وانه‌ زانستیه‌كانی ده‌كه‌ن واته‌ ئه‌ركه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌ركی فێركارین نه‌ك ئه‌ركی په‌روه‌رده‌یی  ،  له‌كاتێكدا ئه‌ركی خوێندنگا ته‌نها به‌ فێركردن و پێدانی نمره‌ ته‌واو نابێت به‌ڵكو ئه‌ركێكی په‌روه‌رده‌یی گرنگی له‌ ئه‌ستۆدایه‌ ،   ئه‌ركێكی هه‌ره‌ گرنگی قوتابخانه‌ و دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان ئه‌وه‌یه‌  ڕه‌وشت و به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كان فێری خوێندكار بكات تا لێره‌وه‌ جیاوازیه‌كانی ده‌ربخات، كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و بیركردنه‌وه‌ی تاكه‌كه‌س هه‌بیت ، به‌لام له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا ڕه‌وشت ته‌نها له‌ له‌شولاری ژناندا ببینرێت ، هه‌میشه‌ ئه‌م كاریگه‌ریه‌ له‌ ڕوئیاو دونیا بینی مامۆستاكاندا ره‌نگبداته‌وه‌ ، هه‌ربۆیه‌ نێرینه‌یه‌ك به‌رهه‌م دێت  كه‌ ژن وه‌ك كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆ ته‌ماشا ناكات و هه‌میشه‌ وه‌ك شه‌ره‌فی نێرینه‌ی بنه‌ماڵه‌ سه‌یری ئه‌كات، ئاماده‌یه‌ ڕه‌شه‌كوژی بكات وه‌به‌هه‌مان شێوه‌ش میینه‌یه‌ك به‌رهه‌م دێت كه‌ روانگه‌یه‌كی پیاوسالاری بۆ ئافره‌ت هه‌یه‌ و جه‌سته‌ی ئافره‌ت به‌ شه‌رم و به‌ڵا ئه‌زانێت و داواكاره‌ به‌رده‌وام جه‌سته‌ی ئافره‌ت به‌رانبه‌ر به‌ چاوی پیاو دابپۆشرێت نه‌ك ژنێك له‌ روانگه‌یه‌كی مرۆڤانه‌وه‌ سه‌یری  خۆی و ره‌گه‌زه‌كه‌ی به‌رانبه‌ر بكات و بایه‌خ به‌ كوالیتی و ئاستی هوشیاری و زانستی بدات نه‌ك  پۆشینی جل و به‌رك بكاته‌ پێوه‌ری باشبوون و رێزی كۆمه‌ڵایه‌تی 
بوونی واعزه‌كانی سۆشیال میدیا  كه‌ته‌نها به‌ وتیـان و  گێڕایه‌نه‌وه‌  وتاره‌كانیان ڕازاندۆته‌وه‌ ، گوێی وه‌رگری كوردیان پر كردوه‌ له‌ وه‌عز و نه‌سیحه‌ت ، ئه‌مانه‌ به‌ كرده‌وه‌ بونه‌ته‌ به‌لایه‌كی گه‌وره‌ی  بۆ په‌روه‌رده‌كردنی كۆمه‌ڵگا ،  به‌شێك له‌مانه‌ ئاراسته‌كراون  و به‌ سپۆنسه‌ری ده‌زگا خێرخواز و سیاسیه‌كانیان ئه‌جێندای تایبه‌تی ئایینی و ئایدۆلۆجی جێبه‌جێ ده‌كه‌ن 
 ئه‌مرۆ كۆمه‌ڵگایه‌كمان هه‌یه‌  پڕ له‌ وتارو په‌روه‌رده‌ی دژ به‌یه‌ك ، كه‌هیچ كام له‌وانه‌ چاودێریكراو نین، ‌ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه‌ فه‌رمیه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانیش چاودێریكراو نین ، گه‌ر سه‌ره‌نجێك بده‌ین ده‌بینین دام ده‌زگای فه‌رمی په‌روه‌رده‌یی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی دیاریكراوی نییه‌ ، هه‌ر لایه‌ك له‌ قوتابخانه‌كان ، ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان به‌ پێی باوه‌ر و ئایدۆلۆجیای خۆی  تاكه‌كان كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ په‌روه‌رده‌ ئه‌كات ، چه‌ندین   ده‌زگا و كاره‌كته‌ری په‌روه‌رده‌یی گرنگ رۆڵیان هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانن  كاریگه‌ر بن له‌ په‌روه‌رده‌كردنی كۆمه‌ڵگا  ده‌كرێت لێره‌دا له‌ باره‌ی هه‌ندێكیانه‌وه‌ بدوێین :
-    قوتابخانه‌:  دامه‌زراوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌وڵه‌تییه‌ ، به‌ بێ بونی  ستراتیجی ساڵانه‌ كارده‌كات و به‌رێوه‌ده‌برێت   لــه‌ ژێر میزاجی به‌ڕێوبه‌ری  دانراوه‌  ناشاره‌زا له‌ فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی ، واتا ته‌نها لێپێچینه‌وه‌یه‌ك  بكرێت ڕۆتینه‌ كارگێریه‌كانه‌ و ناتوانێت نیشانی بدات چه‌نده‌ ئه‌و ئامانجانه‌ی به‌دی هێناوه‌  له‌و دامه‌زراوه‌كه‌یدا كه‌ له‌ پێناویدا دامه‌زراوه‌ . 
-    مامۆستا : فه‌رمانبه‌رو مرۆڤه‌ مووچه‌خۆره‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت كه‌ ته‌نها وه‌رنه‌گرتنی موچه‌ خه‌به‌ری ده‌كاته‌وه‌ ، مامۆستا بێ ئاگایه‌  له‌ پێشكه‌وتنه‌ زانستیه‌كان ، دابڕاو له‌ سیسته‌مه‌ پێشكه‌وتوه‌كانی وانه‌وتنه‌وه‌ ، بێ ئه‌رك لــه‌ به‌رپرسیاری ، ته‌نها چل ده‌قیقه‌ كاتی منداڵ بگرێت  له‌به‌رامبه‌ردا  كۆتایی ساڵ نمره‌كان بگه‌یه‌نه‌ به‌ ده‌سته‌ی كارگێری له‌به‌رامبه‌ر ده‌رچو  ده‌رنه‌چو  هیچ ئه‌ركێك له‌ پێدانی كاتی زیاتر به‌ قوتابی ناكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ..

-    سیسته‌می كار گێڕی په‌روه‌رده‌ : 
گرنگه‌ له‌م ڕوانگانه‌ی خواره‌وه‌ لێ بڕوانین .
یه‌كه‌م : ژماره‌ی زۆری ڕاوێژكارو بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی بواری په‌روه‌رده‌ كه‌ پێویسته‌ چاودێربن بۆ پرۆگرامه‌كانی خوێندن ، له‌باڵاترین ئاست له‌ پله‌و ده‌سكه‌وته‌ مادیه‌كان  به‌هره‌مه‌ند بن ، به‌ڵام وه‌ك پێویست رۆڵی خۆیان نابینین به‌وه‌ به‌دواداچوون بكه‌ن ئایا پرۆگرام چه‌نده‌ی جێبه‌جێكراوه‌، ئایا قوتابی لێهاتوی له‌گه‌ڵ پرۆگرام  دێته‌وه‌؟ ئایا سیسته‌م جێبه‌جێكراوه‌ یان ده‌كرێت گۆڕانكاریه‌ به‌په‌له‌كانی دونیا چه‌ندێكی له‌نێوپرۆگرامی ساڵی داهاتو جێكراوه‌ده‌بێت .
دووه‌م : سه‌رپه‌رشتیاری : ناوێكی دیاری  ناو چاودێركردنی سیستمی په‌روه‌رده‌ و فێركردن ، كه‌ به‌ ئه‌زموونی ده‌ركه‌وتوه‌  شێوازی كاركردن و چاودێریكردنی كۆن بوه‌ و پێویستی به‌ نوێكردنه‌وه‌یه‌ ، پێویسته‌ باشتر ئاگاداری سیستمه‌كه‌ بن ، سوود له‌ ئەزموونه‌ پێشكه‌وتوه‌كانی دنیا وه‌رگرن كه‌ له‌ بواری په‌روه‌رده‌ پێشه‌نگن  ، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیار به‌دواداچونه بۆ ناوه‌نده‌كانی خویندن، به‌دواچونی پێشكه‌وتنه‌ په‌روه‌رده‌یه‌كان تا بیگوێزنه‌وه‌ بۆ ناوه‌نده‌كانی خوێندن 
سێ یه‌م : به‌رێوبه‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ییه‌كان هێنده‌ سه‌ر قاڵی ژماره‌و  ئامارو سه‌ر موچه‌و فۆرمه‌ جۆراو جۆره‌كانی داواكراو له‌ مامۆستان ( كه‌ بێگومان ئه‌ركێكی كارگێری پێویسته‌ ) ، به‌ڵام  نایانكرێت به‌شداربن له‌ داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌ی  قوتابخانه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی هه‌ر سالێكی خوێندن ،نیشانی ناده‌ن ئامانجی دیاریكراویان به‌ دیاریكراوی چیه‌و چه‌ندی ده‌وێت بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌یان ..واتا گرنگه‌ له‌ كۆتایی ساڵ ئاستی جێبه‌جێكراوی پلانیان نیشان بده‌ن، باشان پاشماوه‌ی پلان بۆ ساڵێكی نوێی به‌ نوێكاریه‌وه‌  بخه‌نه‌ به‌رده‌ست قوتابخانه‌كان ..
كۆمه‌ڵگایه‌كی دابه‌شكراو ماندوو به‌ده‌ست هێزسیاسیه‌كانی كه‌هه‌میشه‌ به‌ترسه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌  مه‌ترسیه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ  و ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی ، به‌ جۆرێك ڕازیكراوه‌  گه‌ر هه‌رچی بڵێن ده‌بێ بڵێن به‌ڵێ،   ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خاوه‌ن هێزێكی ئۆپۆزسێونی ئیسلامی كه‌به‌رده‌وام   كۆمه‌ڵگا له‌به‌رده‌م تۆمه‌تباركردنی ئه‌خلاقیدایه‌ ، خه‌ریكی پۆلێنكردنی كۆمه‌ڵگان به‌سه‌ر ئه‌خلاق و بێ ئه‌خلاقدا، ئیمان و بێ ئیمان، ئه‌مانه‌ به‌ شێوازێكی تایبه‌تی خۆیان ئه‌یانه‌وێ كۆمه‌ڵگا په‌روه‌رده‌ بكه‌ن كه‌ مه‌ترسین له‌سه‌ر ماف و ئازادییه‌ تاكه‌كه‌سی و مه‌ده‌نییه‌كان ، له‌م پرۆسه‌یه‌شدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌بڵاو تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كاردێت ، هه‌ندێك بۆ شكاندنی سیاسی و هه‌ندێكی تر بۆ سه‌پاندنی ئه‌جێندای سیاسی و په‌روه‌رده‌یی خۆیان به‌كاریدێنن..
 گرنگه‌ دام و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان رۆڵێكی زیاتری په‌روه‌رده‌یی ببینین و ده‌وڵه‌ت خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی خۆی بێت ، رێگا نه‌درێت په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵگا بۆ مزگه‌وت و  واعیزه‌كانی شۆشیال میدیا جێبهێڵریت ، به‌ڵكو دام و ده‌زگا فه‌رمییه‌كان به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ڵسن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand