Draw Media

خواست‌و پلانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەپشت پەردەوە

خواست‌و پلانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەپشت پەردەوە

2022-05-07 17:15:24


ئەحمەد حاجی رەشید

لەدوای دەركەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردن‌و هەستكردنی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە شكستێكی گەورە كە دەرئەنجامەكەی بەركەناركردنیان دەبێت لە پرۆسەی سیاسی یان لانی كەم ڕۆڵی سەرەكیان نابێت لە پرۆسەی سیاسیدا، هەر بۆیە زوو وەخۆ كەوتن‌و پلانی ڕوبەڕووبونەوەیان داڕشت، كە چۆن ڕێگری لەو شكستە بكەن. 
سەرەتا ویستیان بەهێز ڕێگری بكەن لە بڵاوكردنەوەی دەرئەنجامەكان لەڕێگەی خۆپیشاندانێكی هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی‌و دەنگدەرانیان، بەڵام هەرزوو زانییان ئەوە ڕوبەڕووبونەوەی عەسكەری تێدەكەوێت‌و سومعەی سیاسییان لەكەدار دەكات‌و هەم هێزە ئەقلیمییەكان‌و هەم هێزە نێودەوڵەتی‌و ڕێكخراوەكان ئیدانەیان دەكەن‌و شكستەكەیان چەند قات دەبێت، دادگای باڵای فیدڕاڵیش مل نادات بۆ وەها فشارێك، بۆیە بەناچاری وازیان لەو شێوازە ڕێگرییە هێناو هەندێ ئامۆژگاریش كران كە دەستبەرداری ئەو شێوازە ببن‌و ڕازی بن بە بڵاوكردنەوەی دەرئەنجامەكان‌و شێوازی نوێ بگرنەبەر، كە ئەویش سكاڵاكردن لە دادگای باڵای فیدڕاڵی بوو، بۆ ئەو مەبەستە تانەیان لەئەنجامەكان دا تا لەو ڕێگەیەوە دەرئەنجامەكان ڕەتبكەنەوە.
هەربۆیە هەرچی توانای هونەری‌و یاسایی هەیە خستیانەكار، بەڵام دوبارە شكستیان هێناو پێیان ڕاگەیەنرا تێچووی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان زۆر قورس دەكەوێت لەسەر عێراق‌و ئەگەری ڕوبەڕووبونەوەی سەربازیی هەیە، بۆیە ئەو شكستەشیان قبوڵ كرد، بەڵام لەوەدا قازانجیان كرد كە دیوێكی شارستانیانەیان نیشاندا لەبەرانبەر كۆمەڵگەی عێراقی‌و ئەقلیمی‌و نێودەوڵەتیشدا. 
قۆناغی دووەمی پلانەكەیان ئه‌وه‌ بوو چۆن ڕێگری بكەن لە كۆبونەوەی پەرلەمان، ئایا بە نەچوونی ئەندامانی هەڵبژێراوی ئەوان سوێندخواردن پەكیدەكەوێت، بەدڵنیایەوە نەخێر، چونكە لەوەدا هیچ پەرلەمانتارێكی سەركەتوو ئامادە نابێت سوێند نەخوات ئەگەر چەند ڕۆژێكیش سوێند خواردنەكەی دوا بكەوێت، بۆیە قۆناغی سێهەمی پلانەكەیان ئەوەبوو كە چۆن ڕێگری بكەن لە پێكهێنانی حكومەت، كە كۆمەڵێك قۆناغی دەوێت‌و گرنگترینیان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، كە كلیلی پێكهێنانەكەیە، بۆیە دیسان ڕوویانكردەوە لە دادگای فیدڕاڵی، سەرەتا ناچاركردنی هەندێ لایەن بەتایبەت پارتی لە رەتكردنەوەی دادگای فیدڕاڵی بۆ كاندیدەكەی پارتی پاشان تانەدان لە بڕیاری پەرلەمان بۆ درێژكردنەوەی ماوەی خۆكاندیدكردن، پاشان بۆ تەفسیركردنی ماددەی (۷٦)ی دەستور كە ئایا نیسابی دانیشتن چەند ئامادەبووی دەوێت، هەریەك لەو بابەتانە ویستگەیەكی تەواوكەری هەوڵ‌و پلانەكەی چواچێوەی هەماهەنگی بوو، بۆیە كاتێك دادگای باڵای فیدڕاڵ یەكلایكردەوە كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ۲۲٠ ئامادەبووی دەوێت، بڕیاریاندا نەهێڵن لەوەدا شكست بهێنن لە (ثلث المعطل) سێ یەكی پەكخەر كە ئێستە ناوەكەی كراوە بە سێ یەكی گەرەنتی (ثلث الضامن)، كەوتنە پەیوەندیكردن‌و توانیان لەیەكەم دانیشتن ۱۲٦ ئەندام بایكۆت بكات‌و لایەنی بەرانبەر تەنها توانی ۱۹٦ ئادەبوو كۆبكاتەوە، لە دانیشتنی دووەم ژمارەكە كەمیكرد بۆ ۱۷٦ ئەندام، بۆیە لێرەوە ئیدارەی سراع‌و ململانێكان كەوتە دەستی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و توانیویان پرۆسەكە بوەستێنن. هەربۆیە دەیانەوێت بەهەنگاو ئەم خاڵانە بچەسپێنن: 
یەكەم: جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بەهەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، چونكە ئەم یاسایەی ئێستا گرنتی دوبارەبوونەوەی هەمان دەرئەنجامی هەیە.
دووەم: سەرلەنوێ پێكهێنانەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، چونكە لەكاتی پێكهێنانیدا چوارچێوەی هەماهەنگی سەركەوتوو نەبوون لەدانانی كەسەكانی ناو كۆمسیۆن، بۆیە دیسان گرنتی نیە دەرئەنجامەكان بەویستی ئەمان بێت.
سێهەم: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، چونكە پێكهێنانی حكومەتیش بە بەرژەوەندی چوارچێوەی هەماهەنگی گرنتی نابێت لەو ترسانەی كە هەیانە، چونكە كەمینەن لە پەرلەمانداو هەریاسایەك دەربچێت چوارچێوەی هاماهەنگی ناتوانێت ڕێی لێ بگرێت، بۆیە زۆر بەپەرۆش نین بۆ پێكهێنانی حكومەت.
چوارەم: دوبارە هەڵبژارنەوەی پێشوەخت بەیاسای تازە، كە پارێزگاكان بازنەی هەڵبژاردن بن، چونكە بەپێی ئامار نزیكەی دووملیۆن نیو (۲٥٠٠٠٠٠) دەنگدەریان هەبووەو سێ ئەوەندەی سەدرییەكان دەنگیان هەبووە، نەشارەزایی‌و یاساكە ڕێگربووە لەوەی نەیانتوانیوە ئاڕاستەی دەنگدەری خۆیان بكەن. 

پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا؟ چوارچێوەی هەماهەنگی سەركەوتوو دەبێت لەم مانۆڕەدا یان نەخێر !
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand