ھەژارو بێ پشتەکان
2022-05-07 11:27:42
ئەبوبەكر كاروانی
بڵاوکردنەوەی ژمارەی کەسە ڕاکردوو و پەنادراوەکان لەدەست یاسا لەھەرێمدا، کە لە (٥٠٠٠) کەس تێدەپەڕن، سەرلەنوێ ھەموومانی لەبەردەم کێشەیەکی قوڵ و راستەقینەی ھەرێمەکەمان و یەکێ لە ڕواڵەتە گەورەکانی ناعەدالەتیدا ڕاگرت، کە ئەویش نەبوونی سەروەری یاساو حوکمی کەمینەیەکی سیاسی و یەکسانی ھاوڵاتیان و جیاکارییە لەنێوانیاندا. بەجۆرێك بەگوێرەی پێوەرەکانی سەروەری یاسا، یاساکانی ھەرێم بەشێوەیەکی بنەرەتی، تەنھا بەسەرخەڵکی ھەژارو بێ پشتدا جێبەجێ دەکرێ! بەمەش یاسا لە پێوەرەوە بۆ دادپەروەری بۆتە ئاماژەیەکی زەقی نادادپەروەری و نەبوونی حوکمی باش، کە سەروەری یاسا بەیەکێ لە پێوەرو توخمە ھەرە گرنگەکانی دەژمێردرێت.
مەبەستیش لەسەروەری یاسا زۆر بەسادەیی ئەوەیە:
سەرجەم ھاوڵاتیان بەنوخبەی فەرمانڕەواشەوە، ملکەچی ڕێسا یاساییە کارپێکراوەکان بن.
یاسا وەك یەك بەسەر ھەموواندا پیادە بکرێت و دەزگا تایبەتمەندەکانیش تۆمەتبارو تاوانباران ملکەچی حوکمە قەزاییە بێلایەنەکان بکەن. بەوەش کەس نەتوانێ بەھۆی ھیچ پلەو ناونیشانێکەوە کە ھەیەتی یاخود پێی دراوە بچێتە سەرو یاسا یاخود خۆی لە پابەندبوون بە ئەحکامەکانی و بڕیاری دادگاکان بدزێتەوە. کە ئەوەش بێلایەنی و سەربەخۆی دادگاو دامەزراوە فەرمییەکان و بەکورتی دەوڵەتی یاسا دەخوازێت.
بەو واتایەی دەسەڵاتداران لەسەر بناغەی دەستورو یاساکان پیادەی دەسەڵاتی خۆیان بکەن و ھاوڵاتیان ھەست بەدادپەروەری بکەن و ماف و ئازادییەکانیان پارێزراوبێت، ماف و ئیمتیازاتەکان لەدەرەوەی یاسا دادپەروەرەکانەوە دابەش نەکرێن. ئەگەر لەم ڕوانگەشەوە سەیری ئەو دۆخە بکەین لە ھەرێمدا دەگوزەرێت، زوو لەوە تێدەگەین لەچ قەیرانێکی گەورەدا دەژین. ھەروەھا چۆن سەرجەم ڕەگەزەکانی سەروەری و دەوڵەتی یاسا بەئاستی جیاواز لەلایەن ھێزو کەسە دەستڕۆیشتووەکانەوە ژێر پێ دەدرێن! ئەوەش وایکردووە متمانە بەیاساو دادگاو دەزگا جێبەجێکارەکان بۆ ئاستێکی خراپ کەم ببێتەوەو واستەو بەرتیل و گوێنەدان بەیاسا بوێری بۆ تاوانکردن پەرەبستێنێ و خەڵکی لەم ڕوەوە سەرمەشقیان نەمێنێ و لەچەندین ڕوەوە ڕێساکانی ھێز نەك یاسا حوکمی پەیوەندییەکان بکات!
ڕواڵەتەکانی نەبوونی سەروەری یاساش لەھەرێمدا جۆراوجۆرن لەوانەش:
١- ئەوانەی بەکردەوە لەسەرو یاساکانەوەن و ڕێساو ئەحکامەکانی نایانگرێتەوەو پارێزبەندی مێژوو ھێزو نفوزو ھەژموونیان ھەیەو ھیچ سکاڵایەك دژیان وەرناگیرێت!
٢- ئەوانەی بەڕواڵەت سکاڵایان دژ دەکرێت، بەڵام لەقۆناغی لێکۆڵینەوەدا دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت، جا بە لەناوبردنی بەڵگەنامەکان بێت یاخود گۆڕینی دەقە یاساییە ھاوتاکانی تۆمەتەکان!
٣- دەستەی سێھەم دۆسیەکان دەگەنە دادگا بەڵام لەڕێی فشارو نابێلایەنی و ناسەربەخۆیی دادگاو بەرتیلەوە، دەخەوێنرێن، یاخود ئەستۆپاکییان بۆ دەردەکرێت یان ماددەکانیان بۆ دەگۆڕدرێ و حوکمە قەزاییەکان دەوەستێنرێن و بەبڕێ پارە کێشەکە چارەسەر دەکرێت!
٣- ئەوانەی کەیسەکانیان لەھەموو ئەو لەمپەرانەی پێشوو دەربازیان دەبێت و دادگا سزای یاساییان بەسەردا دەسەپێنێت، بەڵام بەھۆی پێگەو ھێزی خۆیان، یاخود پەنادانیان لەلایەن بەھێزو خزم و سەروەرێکی خۆیانەوە، ناتوانرێت سزاو حوکمەکانیان بەسەردا جێبەجێبکرێت! ئەوەش دەبێتە سەرچاوەی تاڵاوی دەرونی و ھەستکردن بە دەستدرێژییەکی تر لەلایەن ھاوبەشێکی نوێی تاوانبارە بنەرەتییەکەوە، بۆسەر خاوەن ماف و غەدرلێکراوەکان، کە ئەویش ئەو کەسەیە پەنای داوە.
بەمەش ستەملێکراوەکان جارێکیتر ستەمیان لێدەکرێتەوەو برینەکانیان دەکولێنەوە واھەست دەکەن لەلایەن کەس و دەزگاگەلێکەوە سوکایەتییان پێدەکرێت، کە بڕیارە ڕەمزی سەروەری یاساو گێڕانەوەی مافن بۆ خاوەن مافەکان! بۆیە ئاساییە بەشێ لەوان لە دادگاکان نائومێد ببن و بیر لە تۆڵەکردنەوەی دەرەوەی یاسا بکەنەوە. ئەوانەشی توانای ئەوەیان نیە، سکاڵای بێنازی و مافخوراوی خۆیان ببەنە بەردەم بارەگای خوای گەورە.
ئەم دۆخەو درێژەپێدانیشی کە چیرۆکی نەبوونی دادپەروەریی یاسایی و جیاکاریی بەکردەوەی نێوان ھاوڵاتیان و بێکەسی خەڵکە ھەژارو بێ پشت و پاکەکەمان لەوڵاتەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە، زەنگێکی مەترسیدارە دەربارەی چارەنوس و دواڕۆژی قەوارەو گەلی ھەرێمەکەو نمونە حوکمڕانییەکەی. چونکە ھەروەك پێغەمبەر (دخ) فەرموویەتی: گەلانی پێش ئێوە بەوە لەناوچوون کاتێك ھەژارو کەسێکی سەر بە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە تاوانێکی ئەنجام بدایە یاسایان بەسەردا پیادە دەکرد، بەڵام بەسەر نەجیبزادەو بەدەستەکاندا جێبەجێیان نەدەکرد! چونکە ئەم جیاکارییە ڕەمزی ناعەدالەتییە.
ھیچ شتێکیش بەئەندازەی ناعەدالەتی بناغەی فەرمانڕەوایەتیەکان ھەڵناوەشێنێت و لەتیاچوون نزیکیان ناکاتەوە.بەتایبەتیش بۆھەرێمێکی پڕ لە ناکۆکی و لاوازی وەك ھەرێمی کوردستان کە نەك ھەر دەوڵەت و بەھێز نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی قەوارە ھەرێمییەکەش خاوەن دەسەڵاتێکی ناوەندی و ھێزێکی نیشتیمانی تۆکمەو ژێرخانێکی ئابووری بەھێزو سەرکردایەتییەکی کۆکەرەوەی نەتەوەیی نیە.