Draw Media

یەكێتی نیشتمانی خۆی بۆتە مەترسی بۆ سەر زونی سەوز  

یەكێتی نیشتمانی خۆی بۆتە مەترسی بۆ سەر زونی سەوز  

2022-05-04 19:13:39


ساڵح ژاژڵەی                  
بەشی بەكەم 

لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتێدا بافێڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆكی یەكێتی هەڵبژێران. لەشكرێك خەڵك بونە ئەندامی سەركردایەتی كە ژمارەیان زۆرترە  لە ئەندامانی حیزبی شیوعی چینی. كەسانی وا بونە ئەندامی سەركردایەتی، نەك هەر شایستەی ئەوە نین ببنە ئەندامی سەركردایەتی حیزبی شەهیدان بەڵكو هەر شەرمە ناویشیان بێنی. ئەوەی ناوی لێنرا كۆنگرە لەڕاستیدا كودەتا بوو، لەو ڕۆژەوە یەكێتی وەكو حیزب كۆتایی هات و بوو بە بنەماڵە. ئەوانەشی وەكو ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی هەڵبژێران دەبنە ڕەعیەتی بنەماڵە.
زۆری پێ نەچوو بافێڵ تاڵەبانی لاهور شێخ جەنگی لە بەرپرسیاریەتی دوورخستەوەو بەوهۆیەوە ناكۆكی و پشێوی و دوو بەرەكی كەوتە ناو ڕیزەكانی یەكێتییەوەو جەماوەر لە یەكێتی نیگەران و بێ ئومیدبوون. سەرباری ئەوەش چەند مانگێكە لە زونی سەوز دابەشكردنی موچە دوادەكەوێت و لەكاتی  خۆیدا نادرێت و كار گەیشتۆتە ئەوەی خەڵك لە سەرەی وەرگرتنی موچەدا گیان لە دەست بدەن.
خەستەخانەكانیش دەرمانیان تێدا نەماوە. كرێكارەكانی كۆمپانیای پاككەرەوە مانیان گرتووەو بەوهۆیەوە شار بۆگەنی كردووە. هیچ بڕەپارەیەك بۆ هیچ خزمەتگوزارییەك خەرج ناكرێت و سنورەكە بەرەو كارەسات دەڕوات. هەموو ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بانكەكانی سنوری سەوز پارەیان تێدا نییە. یەكێتیش هۆكاری هەموو ئەمانە دەخاتە ئەستۆی پارتی وای وێنا دەكەن كە پارتی غەزەبی لە زونی سەوز گرتووەو بەوهۆیەوە سزای هەموو دانیشتوانی زونی سەوز دەدات. بافێڵ تاڵەبانیش هەڕەشە دەكات و دەڵێت ئەمە قبوڵ ناكەین. دكتۆر عیزەت سابیر پارتی تۆمەتباردەكات و بە هۆكاری كیشەكانی ئەم سنورەی دادەنێت. بەكورتی یەكێتی پارتی وەكو شەیتان وێنە دەكات و خۆشی وەكو فریشتە. 
بەرپرسانی پارتیش وەڵامی دەدەنەوەو دەڵێن یەكێتی لەسنوری خۆی داهاتەكان بۆخۆی دەبات و نایانخاتە بانكەكانەوە. هەروەها دەڵێن: لە مەرزەكان خەتی تایبەتی هەیە بۆ هێنانی كاڵا بەقاچاخ بەبێ گومرگ لەبەرامبەر وەرگرتنی پارە كە ئەوە ناچێتە حساباتەوە. بەهەمان شێوەش كەسانی تریش و هەندێك ئەندام پەڕلەمانیش هەمان بۆچونیان هەیەو دەڵێن  بەڵگەمان هەیە كە هەموو پارەی داهاتی ناوخۆی سنوری یەكێتی و گومرگەكان ناچێتە سەر حسابات.
تەنانەت باسی ئەوە دەكەن كە كاڵای ماوە بەسەرچوو داخڵ دەكەن و تا سلێمانی بە گەرێنتی بۆ قاچاخچییەكانی دەردەكەن و كاتێك ئەو كاڵاو خواردنە ماوەبەسەرچوانە دەخرێنە بازاڕەوە، لیژنەكانی قایمقامیەت دەستیان بەسەردا دەگرن و خاوەنەكانیان سزا دەدەن. دیارە ئەمە هەرقاچاخی نییە، لەناوبردنی ژیانی خەڵكەو كارەساتێكی زۆر گەورەیەو ئایندەی هاوڵاتیان كەوتۆتە بەر مەترسی گەورەوە. 

چەند سەرنجێك:
یەكەم: هیچ گومانێكی تێدا نییە كە بنەماڵەی بارزانی چییان بۆ بكرێت و چۆنیان بۆ بكرێت دژایەتی یەكێتی واتە بنەماڵەی تاڵەبانی دەكەن و ئەوان بە دوژمنی پلە یەكی خۆیان دادەنێن. بۆیە ناكرێت چاوەڕوانی هیچی باشیان لێبكرێت تا مەسعود بارزانی لە ژیاندامابێت، چونكە ئەو خۆی لە پشتی ئەو دژایەتیكردنەی یەكێتییەو ئەگەر ئەو بیەوێت بەڕۆژێك دەتوانێت ئەو بارودۆخە خراپە بگۆڕێـت بۆ ئاشتی، بەڵام ئەو نایەوێت ئەوە بكات چونكە تازە دڵی لەیەكێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی ڕەش بووە.  
دووەم: لە ئەنجامی ئەو شەڕە قسەو لێدوانە توندانەی نێوان پارتی و یەكێتی چەند ڕۆژی پێشوز ئەوەمان بۆ ڕون بۆوە كە  پێشتر پارتی و یەكێتی لەسەر ئەوە ڕێككەوتون كە لە داهاتی  نەوت و ئەو دوو سەد ملیار دینارەی لە بەغداوە دێت بۆ هەرێم لە سەدا 43 بۆ یەكێتی و لەسەدا 57 بۆ پارتی بێت. موچەی پێشمەرگەش لەو 20 ملیۆن دۆلارەی ئەمەریكا دەدرێت. ئەگەر ئەو پارەیە بەشی موچەی نەكرد ئەوە هەر زونە لە داهاتی ناوخۆی نوقسانییه‌كە تەواو بكات.  
كەواتە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕۆكدا هەر ناوەو دوو زونی سەر بە دوو بنەماڵەن كە خاوەنی مێلیشیای تایبەتی خۆیانن. كەواتە ئەگەر ڕێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی ئاوابێت و یەكێتیش راِزی بوبێت بەو ڕێككەوتنە، ئێستا یەكێتی داوای چی لە پارتی دەكات؟. 
داهاتی سنوری یەكێتی ناخرێتە بانقەكانەوە، قاچاخی دەكرێت، دزی و تاڵانی دەكرێت خەستەخانە دەرمانی تێدا نییە، پارەی كۆمپانیای پاككەرەوە نییە، خەدەمات نییە، خەڵك دانەمەزرێـت، شەقام قیرتاو نەكرێـت، لەو حاڵەتەدا پارتی بەرپرسیار نابێت چونكە پێشتر ڕێككەوتنی لەسەر كراوە. كەواتە ئەم توڕەبونەی بافڵ تاڵەبانی و خۆسوركردنەوەو تۆمەتباركردنی پارتی و قبوڵ نەكردنی ئەو غەدرەی پارتی لە یەكێتی دەكات، لە پای چی و لە كوێوە سەرچاوە دەگرێت ؟.  یان دەیانەوێت بەم هاش و هوشە ئەو دزیانەی لە داهاتی زونی سەوز دەكرێت، لە خەڵكی بشارنەوە ؟. 
ئەگەر ئەم تۆمەتانەی پارتی دەیداتە پاڵ یەكێتی ڕاست نین، لەبری ئەوەی دكتۆر عیزەت بیت لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن پارتی تاوانبار بكات، لەولاشەوە بەرپرسێكی پارتی بێـت و بەدرۆی بخاتەوەو خەڵك چەواشە بكەن، بۆچی جێگری سەرۆكی حكومەت ناچێتە پەرلەمان و هەموو ڕاستییەكان باس ناكات و ئەوەی لەژێر بەڕەیە نایخاتە سەر بەڕەو ڕایگشتی لێ ئاگادار ناكات و كۆتایی بەم شەڕە قسەو چەلەحانێیەی نێوان بەرپرسانی پارتی و یەكێتی  ناهێنێت ؟.
لەكاتێكدا بارودۆخی نێوان یەكێتی و پارتی گەیشتۆتە ئاستی تەقینەوە، بەڵام جێگری سەرۆكی حكومەت كە سەر بە یەكێتییەو سنورەكەی ئەو بەرەو وێرانبوون دەڕوات و خۆی كردۆتە كەڕەی شەربەت و  دەڵێی ئەوەی ڕویداوەو ڕودەدات پەیوەندی بە ئەوەوە نییە. بەڕاستی ئەمە وەكو مەتەڵ وایەو كەس لەم كەین و بەینەی نێوان یەكێتی و پارتی و بافل و قوبادی جوتە برا سەر دەرناكات. باشە پێمان ناڵێن قوباد تاڵەبانی بۆچی لە هەولێرەو ئیشی چییە ؟. 
ئەوەی لەناو خەڵكدا لەبارەی ئەو مەتەڵەوە باسدەكرێـت دوو بۆچونە، یەكەمیان: گوایە بافڵ و قوباد ڕۆڵی خۆیان بەشكردووە. قوباد لە هەولێرەو بەشی خۆی لە پارەی نەوت بە كاش بۆخۆی وەردەگرێـت، بۆیە دنیاش بڕوخێت ئەو دەنگی لێوە نایەت، چونكە ئەو لە خەمی خەڵكدا نیەو خۆی مسۆگەرە. بافڵی براشی لە سلێمانی  خۆی حاكمی سەربەخۆیەو چی بوێت و چۆنی بوێت و چۆنی بۆ باش بێت ئاوا دەكات. 
دیارە ئەم بارودخەی ئێستای پێ باشەو ئەویش پارەی خۆی مسوەگەرەو خەڵك دەمرێت یان نامرێت كێشەی ئەو نییە. لای ئەوان حیزب و میزب و شەهیدان و پێشمەرگەو میللەت شتێك نییە شایانی باس بێت، چونكە ئەوان ئاگایان لە هیچ نییەو هاتونە سەر سفرەی حازر. ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی تەنها وەكو ناو هەن و لە ناوەڕۆكدا ڕەعیەتی بنەماڵەن و فەرمان جێ بە جێ دەكەن. ئەگەر ئەم بۆچونەش ڕاست بێت كەواتە یەكێتی و پارتی ژێر بە ژێر رێككەوتون و ئەو تۆمەتانەی بۆ یەكتری دروست دەكەن تەنها بۆ چەواشەكردنی جەماوەرە. لەڕاستیدا یەكێتی بنەماكانی حیزببوونی تێدا نەماوەو ئەو جەماوەرەی كە بەناو ماویەتی هەر یەكەی بۆ بەرژەوەندی خۆی لەناویدا ماوەتەوە. سەیركەن مەڵەبەندێكی یەكێتی بە قەدەر فەرمانگەی كارەبای سلێمانی ئەندام مەڵبەندو كارگێری مەڵەبەندی هەیە. بە سەدان ئەندام كۆمیتە.  124 ئەندامی سەركردایەتی. لانی كەم 80  ئەندامیان سەیارەی تازەیان بۆ كڕاوە ئەگەر هەریەكەی بە 5 دەفتەر دۆلاریش بێت، 3 ملیۆن دۆلار زیاتر دەكات.
موچەو نەسەریەو پارەی بەنزینی سەیارەو چاككردنەوەی سەیارەكان پارەیەكی خەیاڵی دەوێت لە هەمووی سەیرتر ئەمانە هیچیان كاریان نییەو هەموو بڕیاری حیزب لەدەستی یەك كەسدایەو ئەمان هەر سەر دەلەقێنن. هیچ بەرپرسێكی حیزبی نییە كوڕو كچ و خزمەكانیشیان خاوەنی كۆمپانیای خۆیان نەبن یان دانەمەزرابن.
هەرچی كاسبییەك خێری تێدابێت یان بۆ حیزبە یان كەسانی سەر بەحیزب. بۆیە هیچ كاروكاسبییەك بۆ خەڵك نەماوەتەوە. جگە لە هەموو ئەمانەش باجێكی زۆریش خراوەتە سەركاسبكاران. گومانی تێدا نییە ئەو باجەش دەكەوێتە سەرهاوڵاتی فەقیر. بە دڵنیاییەوە دەڵێم كۆمپانیاكانی حیزب و بنەماڵەو سەرانی حیزبیش هیچ باجێك نادەن. كەواتە حیزب بۆتە كۆمپانیایەكی بازرگانی گەورە بۆ ئەندامانی حیزبەكە. هەموو ئەو خەرجیانەش بۆ حیزب لە بودجەی گشتی خەڵك دەڕوات. كەواتە ئەوانەی ئێستا خۆیان وەكو لایەنگری یەكێتی وینادەكەن، لەبەر خاتری بەرژەوەندییەكانی خۆیانە نەك خۆشەویستیان بۆ حیزب. كەواتە ئەمان لە بنەڕەتدا حیزبی نین.  
 حیزبیش بۆ بەخێوكردنی ئەم لەشكرە بێكارە دەبێ پەنابەرێت بۆ هێنانی دوگ و جگەری بەستوی ماوە بەسەرچوو، جبسی ژەهراوی قاچاخچیەتی و داگیركردنی موڵكی گشتی و لەولاشەوە بەهەزاران دەرچوی زانكۆو پەیمانگاكان هەن كە كوڕی فەقیرو هەژارن كەسێكیان لی دانامەزرێ‌. كەواتە حیزب دەبێـتە هۆكاری دروستكردنی ناتەبایی و ناعەدالەتی ناوكۆمەڵگاو دواجار كۆمەڵگاش دابەش دەبێت  بەسەر دوو بەرەی دژ بە یەك و بەوهۆیەوە كۆمەڵگا بەرەو لێكترازان و هەڵوەشانەوەو دژایەتی و ڕقلێبونەوە لە یەكتری دەڕوات. لە ئەنجامی هەمو ئەمانەدا پارە لە بانكەكاندا نامێنیت بۆ ئەوەی موچەی پێبدرێت. حیزبی كورردی حكومەتێكی ترە لەناو ئەم حكومەتداو بۆتە بارێكی قورس بەسەر بودجەی گشتییەوە. دیارە ئەوەی باسمكرد بۆ پارتیش هەر وەكو یەكێتی وایە. 
لەڕاستیدا پارەكە زۆرە بەشی ئەم دوو حكومەتەش دەكات كە لەناو یەكدان، ئەگەر سەرانی هەردوو بنەماڵە بەشێكی زۆری بەتاڵان بۆخۆیان نەبەن. كەواتە دەبێ هاوڵاتیان زۆر هوشیاربن و بەوە نەخەڵەتێن كە پارتی و یەكێتی لە میدیاكانەوە یەكتری تۆمەتبار دەكەن. یەكێتی دەڵێت: پارتی زونی سەوز سزا دەدات. 
پارتیش دەڵێت: یەكێتی  پارەی گومرگەكان و داهاتی ناوخۆ بۆ خۆیان دەبەن. هەردووكیان ڕاست دەكەن، هەردووك لایان دزن و بۆیە ئەمە دەكەن بۆ ئەوەی فێل لە جەماوەر بكەن و هاوڵاتی زونی زەرد وابزانن بنەماڵەی بارزانی بەرگرییان لێدەكات، هاولاِتیانی زونی سەوزیش وابزانن بنەماڵەی تاڵەبانی بەرگرییان لێ دەكات. بەڵام ڕاستییەكەی هەردووكیان شینی هەریسەكە بۆ خۆیان دەكەن و درۆ لەگەڵ خەڵك دەكەن.  
حیزبی كوردی درێژكراوەی خێڵ و بنەماڵەیە بەڵام لە فۆڕمێكی سیاسیدا. سەرۆكی خێڵێك یان بنەماڵەیەك تا لە ژیاندا مابێت دەسەڵاتەكانی دانابەزێنیتە خوارەوە بۆ ئەوەی هەر خۆی خاوەن بڕیار بێت و دوای خۆشی جێگرەوەكەی هەمان نەرێت پەیڕەو دەكات.
حیزبە بەناو سیاسیەكانی ئێستای هەرێمی كوردستانیش لەسەر هەمان نەرێت و هەمان ڕێچكە بەردەوامن. ئەوە بنەماڵەی بارزانی بۆنمونە: دەسەڵات لە مەلا مستەفاوە بۆ مەسعودی كوڕی ئەوەتا مەسروریش ئامادە دەكرێت بۆ شوێنی باوكی. یەكێتیش بەهەمان شێوە تا مام جەلال مابوو خۆی هەموو شتێك بوو.  
ئێستا بافل بۆتە جێگرەوەی باوكی و  ڕێك وەكو ئەو دەكات و دەسەڵات هەموی لای خۆیەتی. مەترسییە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە كە ئەمانە  لەسەر لێوەشایی و شارەزایی و پسپۆری نەبونە سەركردەو هیچ دنیابینییەكی سیاسی و ئیداری وئابورییان نییە ، بەڵكو سەركردایەتیان وەكو میرات بۆ ماوەتەوەو وڵاتیش لەسەر دەستی كەسانی ئاوا بەرەو وێران بون دەڕوات. 
باشترین نمونە ئەوەیە هەمومان دیمان چۆن لە میدیاكانەوە خەبەری ئەوە بڵاوكرایەوە كە بافڵ تاڵەبانی چەند كەسێكی حیزبەكەی خۆی سزاداوە كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیشی تێدابووە لەسەر ئەوەی لێدوانی خراپیان داوە. ڕاستە دەبێ لەناو حیزبدا لێپرسینەوەو سزادان هەبێت، بەڵام ئەوە دەبێ بەپێی پەیڕەوەی ناوخۆی حیزب بێـت. بەڵام بافڵ تاڵەبانی تەنها خۆی بڕیاری سزادانەكەی داوە. كەواتە ئەم بڕیارە لە بڕیاری سەرۆك خێڵێك دەچێت، نەك سەرۆكی حیزبێكی سیاسی. لەوەش خراپتر ئەوەیە خەبەرێكی ئاوا لە میدیاوە بڵاوبكرێتەوە كە ئەوە جۆرێكە لە سوكایەتی و گاڵتەپێكردن. سەیرەكە لەوەدایە بافل تاڵەبانی هەر حیزبی نەبووە تا ڕاپەڕینیش هەر لە كوردستان نەبووە. كەواتە هەر لەبەرئەوە بووە بە سەرۆك كە كۆڕی مام جەلالە. بەڵام ئایا ئەوە بەسە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی حیزبێكی وەكو یەكێتی لەم بارودۆخە سیاسییە ئاڵۆزەی كە ئێستا لە ئارادایە ؟. 
بۆچونی دوەمیان ئەوەیە كە پارتی و یەكێتی كێشەی گەورەیان لەگەڵ یەكتری نییەو تەنانەت لەسەر هەناردەكردنی غازیش ڕێكدەكەون وەكو چۆن پێشتر لەسەر هەناردەكردنی نەوتیش ڕێككەوتن. ئەوان هەرچی بە یەكتری بڵێن ئەوە هەر قسەی ناو میدایەوەو لەژێر مێزەكەدا شتێكی شارەوە هەیە  كە هەموان نایزانن وهەرگیز نابێ خەڵكی تر بیزانێت. 
 باشە ئەگەر ئەم قسەیە ڕاست نییە ، بۆچی یەكێتی لە حكومەت ناكشێتەوە كە پارتی ئەوەندە غەدر لە زونی سەوز دەكات و سوكایەتی بە یەكێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی دەكات؟. یەكێتی بۆیە ئەم بارودۆخ و هاش و هوشەی دروستكردووە بۆ ئەوەی عەتف و سەرنجی خەڵك بۆلای خۆی ڕاكێشێت و گەندەڵییەكانی خۆی لە چاوی خەڵك بشارێتەوەو وا لە خەڵك بگەیەنێت كە بەرگریكاریانە و بەوهۆیەوە دەنگی بۆ بدەن. 

كورت وكرمانجی بێدەنگییەكەی قوباد تاڵەبانی سەلمێنەری ئەوەیە كە قسەكانی پارتی ڕاستن و ئەوان داهاتی ناوخۆی سنوری سەوز ناخەنە بانقەكانەوەو بۆ خۆیانی دەبەن. ئەگەر بڵێن ئەوە بوختانە، دەتوانن داوای لییژنە بكەن بۆ لێكۆڵینەوەو بەدوادا چون و پارتی بە درۆ بخەنەوە. ئەگەر یەكێتی هۆكاری دواكەوتنی موچەو نەبونی خزمەتگوزاری بە بەڵگەی تەواوە بۆ خەڵك ڕون نەكاتەوە تەنها بە قسە بیەوێت پارتی تۆمەتبار بكات، توڕەیی جەماوەر زیاتر دەبێت و گومانی تێدا نابێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا باجێكی قورس دەدەن.
هەر بەم بۆنەیەوە لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا كۆمەڵێك لە كوڕو نەوەو خزم و كەسوكاری شەهیدانی یەكێتی بەیانێكیان دەركردوەو هۆشداریان داوەتە یەكێتی ئەگەر كار وەكو ئێستا بڕوات، یەكێتی سزای قورس دەدرێـت. بەڵام ئەوانەی ئێستا خۆیان كردۆتە خاوەنی یەكێتی كەسوكاری شەهیدان ناناسن لەبه‌رئەوە گوێ‌ بە قسەكانیشیان نادەن. 
هاوڵاتیانی خۆشەویست، خوێنەری ئازیز، كەسوكاری سەربڵندی شەهێدان، پێشمەرگە قارەمانەكانی ڕۆژە سەختەكانی خەبات و تێكۆشان، جەماوەری تێكۆشەری خەڵكی كوردستان دەمەوێت بیرتان بهێنمەوە كە هۆكاری هەموو ئەو مەینەتیانەی بەسەر ئەم میللەتە هاتووە كێشەو ناتەبایی نێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییە. ڕەگی ئەم دوژمنایەتیە خوێناویەی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1964 كە برایم ئەحمەدو مام جەلال و كۆمەڵێك سەركردەی تری ئەوكاتی پارتی لە مەلا مستەفا هەڵگەڕانەوەو لە پارتی جیابونەوە. لەو كاتەوە بەرەی جەلالی و مەلایی دروست بوو كە ئەم دوو بەرەیە تا ئەم كاتەی ئێستا ئەم دێرانە دەنوسم  بونە مۆرانەو كارەسات بۆ ئەم میللەتە.
دەركەوت هەموو ناكۆكیەكان لەسەر دەسەڵات بوو. لە كاتێكدا بەرەی جەلالی مەلا مستەفایان تۆمەتبار دەكرد بەوەی خێلەكییەو سیاسەت نازانێت و بڕوای بە حیزب نییە. بۆمان دەركەوت كاتێك مام جەلالیش دەسەڵاتی بەدەستهێنا ئەویش بەرەو بنەماڵەی ڕۆیشت. كەواتە دەتوانین بڵێن ئەوكات مام جەلال دەسەڵاتی مەلا مستەفای نەبوو بۆیە گلەیی هەبوو. بەڵام ئەوەتا بە چاوی خۆمان دەبینین دوای خۆی كوڕەكەی بۆتە جێگرەوەی خۆی و ئێستا خاوەنی هەموو حیزبەكەشە. كەواتە ئەو حیزبانە یان ئەو سەرۆك حیزبانەی كێبڕكی لەگەڵ ئەوانی تر دەكەن كە لە خۆیان بەدەسەڵاترن و زۆر جاریش تۆمەتباریان دەكەن و تۆمەتی خیانەت و كلكایەتی بێگانەشیان دەدەنە پاڵ، لەبەر ئەوە نییە ئەمان لە ئەوان باشترن، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە دەسەڵاتی ئەوانیان نییە .  
لە كۆتاییدا دەپرسم: زۆر ئاساییە كەسانێك بەهەر هۆكارێك بێت دژایەتی خێزانەكەت بكەن و بیانەوێت سزای خۆت و خێزانت بدەن، بەڵام ئاسایی نییە خۆت ببێتە دوژمنی خێزانی خۆت و سزای منەڵەكانت بدەیت و خواردنیان پێ نەدەی. كەواتە زۆر ئاساییە بنەماڵەی بارزانی دژایەتی سنوری بنەماڵەی تاڵەبانی بكەن و سزای خەڵكەكە بدەن بۆ ئەوەی وایان لێ بكەن دژی بنەماڵەی تاڵەبانی بوەستنەوە. بەڵام ئاسایی نییە بنەماڵەی تاڵەبانی سزای ڕعیەتەكەی خۆی بدات. 
خۆ ئەگەر بڵین نەخێر وانییە، ئەی باشە ئابڕوچون نییە تۆ خۆت بە بەرپرسیار بزانێـت لە ژیانی خەڵك و خۆت بێی جگەرو دوگ و جبسی ماوە بەسەرچوو بهێنیتە ناو شارەكان و دەرخواردی خەڵكی بدەی. چ ئابِروچونێكە خانەنشینان كە ماوەی 40 ساڵە خزمەتی خەڵكیان كردووەو موچەكەیان 250 هەزار دینارەو لەسەرەی وەرگرتنی موچەدا بمرن؟. ئاخر ئابڕوچون نییە خەستەخانەكان بەتایبەتی خەستەخانەی هیوای شێرپەنجە دەرمانیان تێدا نەبێت.
باشە ئابڕوچون نییە بەنزین نەبێـت بۆ ئەمبوڵانسەكانی فریاكەوتن. ئابڕوچون نییە بایی ملیۆنان زەوی ئەم شارە داگیر بكەن و تائێستا لەناو شاردا قوتابی لە كابینەدا دەرس بخوێنیت. ئابڕوچون نییە تۆ پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە خەڵك وەرگریت بەڵام پارەی كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك نەدەیت و كرێكارەەكان مانبگرن و بەوهۆیەوە شارەكان بۆگەن بكەن. 
دوای ئەمانە وەرن حسابی موچەو نەسریەو خەرجی 124 ئەندامی سەركردایەتیم بۆ بكەو بزانە هەر یەكەیان موچەكەی بەقەدەر چەند موچەی خانەنیشان دەبێـت. بەخوا بیستومە باسی 124 هەزار پێغەمبەر دەكەن، بەڵام نەبیستراوە حیزبێك خاوەنی 124 ئەندامی سەركردایەتی بی ئیش بن تەنها بۆ موچە نەبێت. كەواتە چۆن پارە لەبانكەكاندا دەمێنیت بۆ فەقیرو هەژار. 
كەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی نە بنەماڵەی بارزانی نە بنەماڵەی تاڵەبانی لەخەمی خەڵكدان. هەردووكیان هەر خەمی خۆیانەو بۆخۆیان هەوڵ دەدەن. كاتی ئەوە هاتووە ئێمە هەمومان بیرلە ئایندەی خۆمان و نەوەكانمان و نیشتمان بكەینەوەو ئەم دوو بنەماڵەیە كە بونە دێوەزمەی ئەم میللەتەو ئەم نیشتمانە بخەینە زبڵدانی مێژووەو چیتر خەڵك پەیوەست نەبێت پێانەوە چونكە دوژمنی گەل و نیشتمانیشن.
لە بەشی دووەمی ئەم باسەدا باسی ئەو زەوی و زارو موڵكە گشتیانە دەكەم كە دەستیان بەسەردا گیراوە ئەو كات تێ دەگەن ئەمانە چ جاناوەرێكن. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand