دۆسیەی سەردەشت، بە هەڕەشە و سیناریۆسازی داناخرێت
2022-05-04 19:12:18
بەکر عوسمان
ئێمە و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە تاوانی تیرۆری سەردەشت و دەنگە ئازادەکان خۆش نابین.
12 ساڵ بەسەر تیرۆری سەردەشت تێدەپەڕێت، 12 ساڵە ئێمە لە خوێنی جەستەی سەردەشت گیان و ڕوح و دڵمان خوێناوی لێ دەتکێت، 12 ساڵە ئازاردان و سزادانی ڕوحی و جەستەیی سەردەشت و ئێمە درێژەی هەیە. ١٢ ساڵە هەرچی دڵڕەقی و دڕندەییە لەسەرمان تاقی دەکرێتەوە و ژیان و بونمانی هەنجن هەنجن دەکات و دەمانهاڕێت. ئێستا بەدوای دوانزدە ساڵ لە تیرۆری سەردەشتی ئازیز، کارنامەی ڕەشی تاوانکاری ئەو دەسەڵاتە جەلاد و مافیاییە بووە بە کێوێکی ڕەش.
لەم 12سالەدا تیرۆری سەردەشتەکان هەروا بەردەوام بووەو ئەمە بوەتە دێوەزمەی سەر دڵی هەرکەسێک کە بیەوێ وشەی حەق بەم دەسەڵاتە زاڵم و سەرکوتگەرە خێڵەکیە بڵێت. هەربۆیە ئەمڕۆ وەک یەکەمین ڕۆژەکانی تیرۆری سەردەشت پێداگرین لەسەر داواکاریو مافەکانمان بۆ بەسزاگەیاندنی تاونبارانو بکوژانی ئەو.
دوای 12 ساڵ لە تیرۆری سەردەشتدا، هێشتا بکوژانی سەردەشت لە لوتکەی دەسەڵات و تیرۆرستان بەئازادی و بەئاشکرا دەسورێنەوە و بەردەوامن لە ستەم و تاوانکاری. ١٢ ساڵ پێداگری و سوربوونی سەرکردایەتی پارتی لەسەر ئەم تاوانە دڕندانەیە و پەنادانی تیرۆرستان و بکوژان. بەڵگەی حاشاهەڵنەگری دوژمنایەتی کوێرانەی ئەم حزب و دەسەڵاتەیە لەگەل سادەترین ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستاندا.
ئەوە سێ دەهەیە کۆمەڵگەو خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان یەخسیری دەسەڵاتی بەزۆر داسەپاوی دوو بنەماڵە و دەست و پێوەندەکانیانن. دوو بنەماڵە بۆ بەردەوامیدان بە ژیانی فیرعەونی و دەسەڵاتی ملهورانەی خۆیان لە هیچ تاوان و سەرکوت و ستەمکاریەک دەست ناپارێزن. سەردەشت و سەدانی وەکو سەردەشت، قوربانی بە گژاچونەوەی جەسورانەی ملهوریەکانی ئەم دەسەڵاتەن. لە ڕاستیدا ئەمرۆ شتێک نیە بەناوی دەسەڵاتی مەدەنی و سیاسی، هەموو خەڵکی کوردستان ئەو راستیە دەزانن ئەوەی لەم مەملەکەتەدا ناوی نراوە حکومەت و حوکمڕانی، تەنها چەند حزبێکی میلیشیایین بەزەبری چەک کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کردووە. ئەو حزبانەش لەلایەن چەند بنەماڵەیەک کۆنترٶڵکراون. لە کۆتاییدا ئەم کۆمەڵگایە یەخسیری دوو بنەماڵەی گەندەڵ و تاوانکارن، کۆمەڵێك دز و چەتە و مافیایان بە ناوی سیاسەتمەدار کۆکردۆتەوە و دەسەڵاتی خۆیانیان پێ دەچەرخێنن.
ئەگەر بۆ تەنها یەک ڕۆژ دادگایەکی سەربەخۆ، بەپێی ستانداردە جیهانیەکانی ئەمرۆ، لە کوردستان بوونی هەبێت. ئەوا ئەم دەسەڵاتە کوردیە. بە هەموو بەرپرسە باڵاکانیەوە، وەکو قاتل و دز و جەردە و فریوکار و تیرۆریست و گەندەڵ و بەکرێگیراو، راپێچی زیندان دەکرێن.
ئەو دەسەڵاتە وسەرانی لەبەرامبەر خەڵک و کۆمەڵگای کوردستان دونیایەک تاوانکاری ئەنجامداوە، تەنها بە زەبری چەک و تیرۆر و داپڵۆسین و خنکاندنی دەنگەناڕازیەکان خۆی بەپێوە راگرتووە. دوایین بەڵگەی سەرکوتگەری ئەم دەسەڵاتە ئەو دۆسیە ریسوایەیە کە بۆ هەڵسوراوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینانی هۆنیەوە…
دۆسیەی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان، لە فۆرمدا شانۆگەریەکی یاسایی بوو بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنوس و هەڵسوڕاوانی سیاسی و جەماوەری. بەکردەوە بەیانی ڕاگەیاندنی سەرکوتگەری سیاسی بوو بۆ دەسەڵاتێکی پۆلیسی و دیکتاتۆر. دەسەڵاتی کوردی بە ئاشکرا و ڕەوان بە هەمووانی ڕاگەیاند، کە نەیاری سیاسی ئەو دەسەڵاتە سزای لەسەرە و سزای زیندانی و تیرۆرە. ئەوان لەسەر ئەوە دادگایی و زیندانی نەکراون کە کردویانە، لەسەر ئەوە زیندانی کراون کە هەن…
ساڵانە بودجەیەکی خەیاڵی چەندین ملیۆن دۆلاری سهرفدهكرێت بۆ دەزگا ئەمنیەکان، بەناوی ئهوهى هاوڵاتیانى ههرێمى كوردستان بپارێزن، بهڵام ئەو چەندین ملیۆن دۆلارە سهرفدهكهن بۆ ئهوهى هێرش بكهنه سهر خەڵک و كهسانى ئازاو بوێر، هێرش بكهنه سهر ئازادیخوازان، رۆژنامەوان و هەڵسوراوانی مەدەنی كه داواى مافى خهڵكى کوردستان دەکەن.
ئەم دەسەڵاتە شایانی خەڵکی کوردستان و حورمەت و شکۆی مرۆڤ نیە!
سەردەشت گیانی خۆی نایە پێناو وەستانەوە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە قاتل و تیرۆریست و سەرکوتگەر و دز و کۆنەپەرستە و پەردەهەڵماڵین لەسەر روخساری راستەقینەی. بەڵام ئەو رێچکەیەی سەردەشتەکان نیشانی کۆمەڵگەیان داوە، بە تیرۆر و کوشتار و سەرکوت و سیناریۆسازی داناخرێت. واقعی تاڵ و کارەساتباری ئەم کۆمەڵگەیە، بنەمای ئەوەیە کە تیرۆری هەر سەردەشتێک چەندین سەردەشتی تر دەهینیتە سەر شانۆی سیاسی و ڕێگایان هەموار و هەموارتر دەکات. بێگومان تێپەرینی کات ناتوانێ سەردەشت و دۆسیەکەی بکات بە ڕابردوو… ئێمە و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە تاوانی تیرۆری سەردەشت و دەنگە ئازادەکان خۆش نابین. لەگەل تێپەرینی کات لە پەنادان و پاراستنی تاوانکاران و بکوژاندا.
رق و توڕەییمان لەم تاوانکاری و ستەمگەریە زیاتر دەبیت و لەسەر دادگایی و سزای عادلانەی تیرۆری سەردەشت و هەموو تاوانکارە دەست خوێناویەکان هەموو کاتێک پێداگر و پێداگرتر دەبین.
هەمیشە و دایم پێداگرین کە دۆسیهی تیرۆری رۆژنامهنوس سهردهشت عوسمان و دۆسیەی تیرۆر و سەرکوتی دەنگە ئازادەکان، لای ئێمه و ئازادیخوازانی كوردستان به كراوهیی ماوەتەوە، تا ئهو كاتهی تاوانباران لە دا
دگایهكی عادلانه و بێلایهن و سهربهخۆدا سزای خۆیان وەردەگرن، هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
بە دڵنیایی دۆسیەی سەردەشت عوسمان یەکێک لەو دۆسیانەیە کە سەرانی دەسەڵاتداری کوردی لەسەری دادگایی دەکرێ. ئەوانەی لە پشتی تیرۆرەکە وەستاون، ئەوانەی هەڵساون بە ئەنجامدانی تاوانەکە، لێژنەی لێکۆڵینەوە و ئەوانە لەپشتی داڕشتنی سیناریۆی هەڵبەستراو بە حەقی سەردەشت و خانەوادەکەی، ئەوانەی بە ناوی دادگا شانۆگەریەکی قێزەونیان نمایش کرد. ئەوانەی هەڕەشەیان دەکرد… چەندین تاوان و پێشێلکاریتر لەسەر ئەو دۆسیە و مەسەلەیە. هەموو ئەوانە بەشێکی ڕاستەوخۆ و بەشدارن لە تاوانی تیرۆری سەردەشت عوسمان و پەنادانی تاوانکاران و تیرۆرستان.
ئەگەر ئەمڕۆش ئیدعایەکی عەدالەت هەیە، ئەوە دۆسیهی تیرۆری رۆژنامهنوس سهردهشت عوسمان بە کراوەیی لەبەردەس هەمواندایە، ئەگەر لە کوردستاندا شتێک هەیە بە ناوی ماف و یاسا، دادگا و داد و داواکاری گشتی، ئەگەر شتێک هەیە بە پروپاگەندە و بانگیشەیەک هەیە بە ناوی دیموکراسی و پەلەمان و حکومەتی هاوڵاتی، ئەگەر شتێک هەیە بە ناوی عەدالەت و ویژدانی مرۆڤایەتی. ئەمڕۆ بکوژانی سەدەشت عوسمان ئاشکران، فەرموو با بە کردەوە بانگیشەکەی خۆیان نیشانبدەن لە دادگایی و سزادانی ئەو تاوانکارانەدا.
• بەرز و بەڕێز بێت یادی سەردەشت و هەموو ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ژیان و عەدالەت و ئازادیدا گیانیان بەخشی.
• ئازادی بۆ دەستگیرکراوانی بادینان و هەڵسوراوانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان.
بەکر عوسمان
2022-05-04