سووتاندنی یادەوەرییی دەستەجەمعیی

Draw Media

2022-05-04 17:30:40



ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

ئێمەی مرۆڤ بوونەوەرێکی یادەوردارین. یادەوریی واتە سەرمایەی رەمزیی و حەقیقیی میللەتێک، شارێک، چینێکی کۆمەڵایەتیی، یان گروپێکی جێندەرییی. شوناسی هەموو گروپێک بەو ئەزموونانەوە بەندە، کە لە یادەوەریی دەستەجەمعییاندا خەزنکراوە. گرنگترین کۆگا کە یادەوەریی دەستەجەمعیی گەلێکی تێدا دەپارێزرێت، بریتییە لە کتێبخانە یان مۆزەخانە. بۆئەوەی کتێبخانە و مۆزەخانەش مانایەکی ڕاستەقینەیان هەبێت و کۆی مێژوو، کولتوور و یادەوەریی گەلێک یان مرۆڤایەتیی، یان زانست و سروشتی تێدا ئارشیفبکرێت و بپارێزرێت، پێویستی بە دەزگا و بینەر و خوێندکار و لێکۆڵەوەرە. لێکۆڵەوەر و خوێندکاری ئەم دوو شوێنەش بەپلەی یەکەم بریتیین لەو گروپانەی کە لە بواری پەروەردە و زانستدا کاردەکەن یان دەخوێنن.

کوشتنی یادەوەریی مانای تەواوکردنی پرۆسەی کوشتنە لە کوشتنی حەقیقییەوە بۆ کوشتنی ڕەمزیی. لەخۆڕا نییە کە دوژمنی ئایدیۆلۆژیی، دینیی بێت یان عەلمانیی، لەکاتی جەنگدا سێ شت بە ئامانجدەگرێت، یەکەمیان کوشتنی خەڵکی مەدەنییە، دووەمیان و وێرانکردنی شار و گوند و ژێرخانی ئابووریی و ژینگەی ئەو شوێنەیە کە داگیریدەکات، سێیەمیش خاپوورکردن و سوتاندنی مۆزەخانەکانە و کتێبخانەکانە.

لەمێژوودا نموونەی سوتاندنی کتێب و وێرانکردنی مۆزەخانە و کتێبخانەکان زۆرن، دێرینترینیان برتیین لە سوتاندنی کتێبخانەی ئەلکسەندریا و ئاشورپانیپالە، پاشان سوتاندنی ژمارەیەکی زۆری کتێبخانە و مۆزەخانەکانی ئەوروپا و جیهانی ئیسلامە بەهۆکاری جەنگی ئایینیی و تۆتالیتاریزمی دینیی، وەک لە جەنگی سی ساڵەی نێوان پرۆتستانت و کاتۆلیکەکانی ناو ئاینیی مەسیحییەت، یان جەنگی دەسەڵاتی نێوان سوننە و شیعە و تەریقەتە ئایینییەکانی تری ناو خودی ئیسلام و پاشان جەنگی نێوان ئیسلام و مەسیحییەتدا، دەیبینین. سوتاندنی دار الحکمە لە بەغداش لەلایەن مەغۆلەکانەوە سامناتکترین تاوان بوو بەرامبەر بە مێژووی کولتووریی بەشەرییەت. هەر هەموو ئەو جەنگە ئاینییانە بوون بە هۆکاری سوتاندن و فەوتاندنی ملیۆنەها کتێب و ئارشیفی دانسقەی مێژوویی و لەناوچوونیان بۆ هەمیشە.

لەپاڵ جەنگی دینیی، جەنگی نێوان دەوڵەتە نەتەوەییەکان و ئایدیۆلۆژیا ناسیۆنالیستییەکان هەمان رۆڵیان لە وێرانکردنی مۆزەخانە و کتێبخانەکاندا گێڕا کە ئامانج تیایاندا سڕینەوەی یادەوەریی میللەتان بوو. یەکەم کار نازییەکان پێیهەڵسان سوتاندنی بیست هەزار کتێب بوو لە مەیدانی ئۆپێرا لەبەرلین و پاشان سوتاندنی ملیۆنەها جوو لەئەڵمانیا و ئەوروپا. لەشکری نازییەکان کتێبخانەی سێربیایان لە ساڵی 1941دا سوتاند و لەشکری سێربییەکانیش لە ساڵی 1992دا کتێبخانەی ساراییڤۆیان سوتاند، کە تیایاندا هەزاران کتێب و دۆکیومێنتی مێژوویی فەوتان. ئەم وەحشەتگەرییە بەرامبەر بە کتێب و مێژووی یادەوریی مرۆڤایەتیی لەم سەدەیەی ئێستاماندا بەردەوامیی هەیە، وەک تاڵیبان بەرامبەر بە کتێبخانەی کابول و مەزارە ئایینییەکانی بودا کردیان، یان داعش بەرامبەر بە ئێزیدییەکان و مەزارگەکانیان و مۆزەخانە و کتێبخانەی گشتیی موسڵ و کتێبخانەی زانکۆی موسڵ و هەندێ کتێبخانەی تری شارەکانی عێراق و شوێنەوارە مێژوویی و ئایینییەکانی تر ئەنجامیدا و هەر هەموویان خاپۆرکرد و سوتاندنیان. 

ئەزموونی کورد لەگەڵ دوژمنەکانیدا بریتییە لە ئەزموونکردنی هەڕەشە سەربازیی و کولتووریی و سیاسییەکان بۆ سڕینەوەی کورد و یادەوەریی دەستەجەمعیی. بۆیەکەمیان جار لە مێژووی نوێی ئێمە شانسێکی راستەقینە دروستبوو بۆئەوەی شتێک بەناوی پیشەسازیی یادەوەریی نیشتیمانیی بەرهەمبهێنرێت کە تیایدا نەک هەر ئەزموونی پڕ لە هەڕەشەی ئینسان و وڵاتی ئێمەی تێدا ئارشیفکراو و پارێزراوبێت، بەڵکو ببێت بە شوێنێک بۆ گەشەدان بە کولتووری فرەیی و لێبوردەیی و هەمەڕەنگیی. پاش سی ساڵ تەمەنی سیاسیی دەەسەڵاتدارێتیی کوردیی، هەرێمی کوردستان خاوەنی یەک دەزگای ئارشیڤی نەتەوەیی نییە کە ئەزموونی کوشتن و سوتان و خاپوورکردنی گەل وڵاتی ئێمەی تێدا پارێزراوبێت.

هەموو وڵاتە زیندووەکانی دونیا خاوەنی کتێبخانە و مۆزەخانەی نیشتیمانیی خۆیانن و هەموو زانکۆ و هەموو شارێکیش خاوەنی مۆزەخانە و کتێبخانەی تایبەت بە خۆیەتی کە مێژوو و کولتووری شارەکەی تێدا نماییشدەکرێت. لەهەرێمی کوردستاندا نەک هەر خاوەنی هیچ یەکێک لەم کۆڵەکە گەورانەی کولتوور و پیشەسازیی شوناس نین کە کتێبخانەی نیشتیمانیی و مۆزەخانەی نەتەوەییەیە، بەڵکو ئەو شوێنەوار و کەلەپوورەی کە بەعس و داعش وێرانیان نەکرد و دەستیان پێنەگەیشت، دەسەڵاتدارانی هەردوو حیزبەکە بە بەرنامە خەریکی وێرانکردنی شوێنەوارە مێژووییەکانی ناو شارەکان و دروستکردنی باڵەخانە و ریستۆرانت و گەراجن لەجێگایاندا. 

کێشەی وێرانکردنی یادەوریی کولتووریی تەنها خراپیی هەڵسوکەوتکردن نییە لەگەڵ شوێنەوار و کولتووری بیناسازیی دێرینی شارەکانمان، بەڵکو بەدیی مامەڵەکردنیشە لەگەڵ کولتوور و رۆشنبیریی ئێستاماندا. سیاسەتی کولتووریی حکومەتی کوردیی تاوەکو ئەم چرکەساتە، سیاسەتی بەبیابانکردنی رۆشنبیریی کوردییە بە وەڕگێڕانی خراپی کتێب و سازدانی فیستیڤاڵی ئەدەبیی و هونەریی و سینەمایی فاشیل و وێرانکردنی شوێنەوار و خانووە دێرینەکانی سلێمانیی و هەولێر و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان. بۆئەوەی کتێخانەی گشتیی سلێمانی کتێبەکانی زیاتربن، دەبێت چاوەڕێی مردنی نوسەرێک، شاعیرێک یان رۆشنبیرێک بکەین، تاوەکو ماڵباتەکەی کتێبخانە شەخسییەکەی پێشکەش بە کتێبخانەی گشتیی شارەکە بکات. 

یادەوەریی ئینسانی کورد لەماوەی ئەزموونی سێ دەیەی دەسەڵاتی کوردییدا بریتیی نییە لە زنجیرەیەکی مێژوویی نەپچڕاو و بەردەوامی نیشتیمانیی کە بۆ دروستبوونی هەموو نەتەوەیەکی سیاسیی پێویستە، بەڵکو ئەزموونی ئینسانی ئێمە گەیشتۆتە قۆناغی پچڕان و دابڕان لەو مێژووەی کە خۆی بۆ خۆی دروستکردووە. پشتکردن، شەرمکردن و نەفرەتکردن لە مێژووی کۆن و نوێی نیشتیمانیی، ئامادەنەبوون بۆیادکردنەوەی برینە نیشتیمانییەکان لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە، تەنها کارەساتێکی نیشتیمانیی نییە، بەڵکو کارەساتێکی ئەنترۆپۆلۆجیی سیاسییە کە بوونی گەلەکە دەخاتە بەردەم هەڕەشەو تەحەدای مەترسییداری جیاوازەوە. 

ئەم دەسەڵاتە جگە لە هێزی پێشمەرگە کە تاوەکو ئەم چرکەساتە بە فەرمانی خێزانە سیاسییەکان ئاراستەدەکرێت و وەک چەکداری حیزب و خێزانە سوڵتانییەکان بەخێودەکرێت، چەندین هێزی جیاوازی پێشمەرگەی دیجیتاڵیی دروستکردووە کە وەزیفەی سەرەکییان پاراستنی ئاساییشی خاک و نەتەوە نییە، بەڵکو وێرانکردنی کولتووری پێکەوەژیان و نووسین و گفتوگۆیە. لەپاڵ هێزی پێشمەرگەی ڕەق، پارتی و یەکێتی پێشمەرگەی نەرم و سۆفتی ناو دونیای دیجیتاڵیی تایبەت بە خۆیان دروستکردووە. ئەم پێشمەرگە دیجیتاڵییانەی حیزب کە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرەکانی فەیسبووک و تویتەر و سایتە مورتەزەقەکاندا جێگیرکراون، کاریان موشەکباران و تۆپهاویشتن و گوللەتەقاندن نییە، بەڵکو کوشتن و ئیعدامکردنی کۆمەڵایەتییی و سایکۆلۆژیی دوژمنەکانی حیزبە بە دەستڕیژی جنێو و ڤایرۆسی بوختان و شکاندنی کەسایەتییان لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕووبەری گشتییدا. 

نە پارتی لە خەمی هەولێردایە و نە یەکێتیش لەخەمی سلێمانیی، هەردووکیشیان لە خەمی کوردستاندا نین. ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت، ئەزموونێکی نوێی کوشتن و وێرانکردنی یادەوەریی ئینسانی کوردە بە کەرەسەو میتۆدی خۆماڵیی. دوا وێرانکاریی یادەوەریی ئینسانی کورد لەشکرکێشیی تورکیایە کە حکومەتی کوردیی وەک شوێنپێهەڵگرێک ڕۆڵدەگێڕێت، پاشان شاگەشکەبوون وپشتیوانیی توندی هوشیار زێباریی و پارتییەکانە سەبارەت بە لەشکرکێشیی عێراق بۆ سەر شەنگال. وێرانکردنی وڵات و سوتاندنی یادەوریی ئینسانی ئێمە بە هەماهەنگیی نێوان دوژمن و دەسەڵاتی کوردیی بەردەوامە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand