دابەشبوونی نیشتمان
2022-05-04 11:21:30
زانا توفیق بەگ
یەکێک لە ڕاستییە تاڵەکانی هەلومەرجی سیاسیی ئەم چەند ساڵەیی دوایی، بەتایبەتی لەدوای ڕووخانی بەعس، برتییە لە پارچەبوونی نیشتمان، لەدەستدان و مردنی بیرۆکەی نیشتمان و نیشتمانپەروەری وە گوڕینی بۆ خەیاڵێکی حیزبی کورتباڵاو بەرتەسک، چونکە خەیاڵی حیزب هەمیشە ڕەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانی لەدەستدەدات ئەگەر هاتوو ڕووکارەکانی دیموکراسی بنەماکانی دروستکردنی دەوڵەتێکی مەدەنی پشتگۆخست.
هەر لەو ڕوانگەیەوە ئینتمای بەختەوەری لە هەمووانەوە دەگوڕێت بۆ خۆشبەختی نوخبەیەکی سیاسی دیاریکراو وە پێکهاتەی نیشتمان کورتدەکرێتەوە بو سنورێکی جوکرافی بچوکی ناوچەیی وە دۆخێک دەبینین کە تەنها بستێک زەوی بۆ نیشمان و نیشتمانپەروەری نەمێنتەوە. نیشتمانی ئێمه ئەو مانا گشتییانەی دۆڕاندوە کە بتوانی خۆشگوزەرانی، بۆ هاونیشتمانییەکانی لەفەزای گشتیدا دەستەبەربکات، چونکە کاتێک بەختەوەری دەستەبەر دەکرێ دەسەڵاتی شەرعی بەڕێوەبردن لە وڵاتدا ماف و ئازادی و حوکمی یاساو بەهای یەکسانخوازی و ڕوحی دیموکراسی بۆ هەموولایەک بەبێ جیاوازی سیاسی و دینی فەراهەم کردبێ. ئەوەی لەئێستای کوردستاندا بەدیدەکرێ تێکشکاندنی ئینتمای ئینسانی کوردە لە ڕووی ئەخلاقی کومەڵایەتی و کەلتوریەوە بۆ خێڵ و خێزان و هێزی سیاسی. کاتی ئەوە هاتووە لەو ڕاستییە تێبگەین هانیشتمانی کورد دەبێ پرسیاری جدی لە کۆی هێزو لایەنە سیاسیەکانی بکات. بپرسێ؟ ئایا دەسەڵاتی شەرعی بەڕێوەبردن چ ئەرک و مافێکی دەستەبەرکردووە، هەتاوەکو مرۆڤی کورد بڕواو متمانەی بە نیشتمان و خۆشەویستی خاک هەبێ.
بەداخەوە خۆشەویستی وڵات لە پێش ڕاپەڕین بە جورێک بوو زۆرینەمان ئامادەبووین قوربانی گەورەی پێ ببەخشین، بەڵام لەدوای ڕاپەڕین ماناو دەلالەتەکان نیشتمان گشتیان گۆڕان بۆ تەماح و خەونی بەرتەسکی چەند گروپ و بەرپرسێکی سیاسی دەوڵەمەند دروستبوونی چینێکی مشەخۆری گەندەڵ لەسەر خوێنی شەهیدان و قوربانێکانی ئەنفال و هەڵەبجەو بارزانیيەکان.