Draw Media

بازرگانیكردن بە نەوشیروان مستەفا

بازرگانیكردن بە نەوشیروان مستەفا

2022-05-04 10:13:58


چیا عەباس
نمونە زۆرەكانی مێژو دەیسەلمێنن كە بەشێك لە كەسایەتی‌و كەس‌و كارو دۆست‌و هێزە نزیك‌و ناحەزەكانی سەركردە ناودارەكان، تایبەت دوای نەمانیان بۆ مەبەستە تایبەتیەكانیان بەكاریان دەهێنن.
چەند هاوكاری دێرینی كاك نەوشیروان لە یەكەم چركەی دوای وەفاتی بەپاساوی جیاجیا هەوڵیاندا لە پێگەی كەم بكەنەوە، وەك نیەتی سازدانی مەراسیمێكی نیمچە شاردراو و بچوكی ناشتنی، گومان دروستكردن لە وەسیەتنامەو خواستەكانی، دواتریش دورخستنەوەو دەركردنی دۆستە نزیكەكانی دامەزرێنەری گۆڕان لە بزوتنەوەكە، تەنانەت لە ساتەكانی دانوستان بۆ بەشداری گۆران لە كابینەكەی مەسرور بارزانی بێدەنگی لە سكاڵای تۆماركراوی پارتی لەسەر كاك نەوشیروان بەپێی یاسای بەناو دژەتێرۆر، یاسایەك چەند هاوكارێكی نزیك لێی رۆڵیان لە درێژكردنەوەیدا هەبو، گشت ئەمانە بێجگە لە هەوڵەكانی دەستەیەكی خۆپەرست‌و بێ وەفا بۆ لەكەداركردنی مێژو و ناو و ناوبانگی كاك نەوشیروان هیچی تر نەبو. هەرچەندە ئەم كەسانە لە سەرچاوەی فكری‌و سیاسی جیاوازەوە هاتبون، بەڵام مەبەستیان بو بە بەردێك دو نیشان بپێكن، كەمكردنەوە لە مێژو و ناوی‌و بەمەش بە ناڕاستەوخۆ كار بۆ تۆڵەكردنەوەیەكی مێژویی كە بەشێكی لە ناو یەكێتیدا رەگ‌و ریشەكانی داكوترا بون.
ناحەزە سەرسەختەكانی كاك نەوشیروان لە دەرەوەی گۆڕان دوای وەفاتی زۆر سودیان لەم رەفتارە بازرگانیكردن ئاسایەی دەوروبەری كردوە، كەچی ئەو ناحەزانە بۆ خۆشیان دوای وەفاتی بە یەك وشەو نقە باسی كاك نەوشیروانیان نەكردوە. بەشێك لە دۆست‌و هاوكارەكانی نەوشیروان مستەفا ئارەزومەندانە قایڵ بون وەك مقاشی ناو ئاگردان بەكاربهێنرێن لەبەرامبەر دابینكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان‌و دەوروبەریان، تێشیاندایە تا ئەم چركەیەش لە پێگەی پوچەڵی فەرمانڕەواییدا بێشەرم خزمەتی نەیارانی كاك نەوشیروان دەكەن. 
ئەم تاقمە لە هاوكارەكانی كاك نەوشیروان بازرگانیان بە ناو و مێژویەوە كردوە، زۆرجار بینیومانە لە بۆنە تایبەتەكاندا وەك یوداسی ئەپۆستۆڵۆی مەسیح پەنجەی شایەتمان بەرز دەكەنەوەو فاتحەی ساختەكاری لەسەر مەزاری كاك نەوشیروان دادەن. كورد وتەنی مرۆڤ دۆستی وای هەبێت دوژمنی بۆچیە!
ئەمە كۆتایی بازرگانیكردن نیە بە كاك نەوشیروان، دێمە سەر دۆست‌و كەسایەتییە نزیكەكان لێی، بە كوڕەكانیشیەوە، ئەوانەی نزیك دوای پێنج ساڵ لە وەفاتی زۆر سپڵەو بێباك بەرچاو دەكەون.
كوێرانە بەرگری لە كاك نەوشیروان ناكەم، باش كارە مەزنەكان‌و هەڵەكانیشی دەزانم، بەڵام تەنها سەركردەیە بە بەراوردكردن لەگەڵ زۆرینەی سەركردەكانی تر جیاوازی نێوان ئەرزو ئاسمان نێوانیان دەبینرێت، چەندین راپۆرتی تیمە تایبەتەكانی ئەمریكا لە عێراق  كە بە دەق‌و ژمارەو بەروارو ناو بونیان هەیە ئەو زەمینە پاك‌و بێگەردو دورو تیژبینیەی كاك نەوشیروان دەسەلمێنن. هاوكاتیش لە دۆكیۆمێنت‌و راپۆرتەكانی تردا بەوردی باسی گەندەڵی‌و بێسەروبەری‌و نفاقی بەشێك لەو هاوكارانەی كاك نەوشیروان لە گۆڕاندا دەكەن.  
بازرگانیكردن بە كەسایەتی كاك نەوشیروان دو لایەنەیە، ئەوانەی بە درۆ بە شان‌و باڵیدا دەخوێنن‌و ئەوانەشی هەم بۆ مەرامی تایبەتیان لە شان‌و باڵی كەم دەكەنەوە، هەر دو جۆر چۆن دەیكەن هەر بازرگانی نزم بەهای سیاسین.
كەسانی ترو بۆ خۆشم چەندین جار لە كاك نەوشیروان بیستومانە تاكە ركابەری سەرسەختی سیاسی كە راشكاوانە لەگەڵیدا شەڕو ململانێی كردوە خودی مسعود بارزانی بوە، بۆیە بۆ خۆی زانیویەتی لەگەڵ كێ‌و چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكات. 
ئەوانەی بازرگانی بە پرسی خوالێخۆشبو لەگەڵ پارتی‌و بنەماڵەی بارزانیدا دەكەن (تایبەت لە دەوروبەرە نزیكەكانی سەردەمی ناو یەكیتی‌و گۆڕان) گوناهێكی گەورەی مێژویی دەرهەق بە كاك نەوشیروان دەكەن‌و ئەمەش تەنها بۆ بازرگانیكردنە بە ناكۆكییەكی مێژویی كە كاك نەوشیروان بەدرێژایی تەمەنی سیاسی دوای شكستی شۆڕشی ئەیلول هەوڵی جدی داوە بە هزرو چەمكی نوێ چارەیان بكات، بەڵگەكانیش بۆئەمە كەم نین، وەك راپۆرتێكی كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی كە زیاتر لە ٢٠ لاپەرەیە لە ساڵی ١٩٧٦ نوسراوەو بابەتی سەرەكی كۆبونەوەكە پرسی مامەڵەكردن بوە لەگەڵ پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی.
(دەقە ئەسڵەكەی لام پارێزراوە)و نامەكانی نێوان كاك نەوشیروان‌و مسعود بارزانی دەربارەی كۆتایهێنان بە شەڕی ناوخۆو نوسینەكانی كاك نەوشیروان دەربارەی چۆنیەتی ئامادەسازی بۆ دروستكردنی بەرەی كوردستانی‌و راپەڕین‌و داڕشتنی دەستوری هەمیشەیی عێراق. بەشێك لەوانەی ئێستا بازرگانی بەو بابەتەوە دەكەن لە ركابەرە عەیارە بیست‌و چوارو زۆر سەرسەختەكانی پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی بون، ئێستاش لە ریزدا سەرەیان گرتوە تا مسعود بارزانی ئاوڕێكیان لێبداتەوە. ئاكامەكەی كاك نەوشیروان لەو پرسەدا راستگۆو بازرگانەكانیش مونافیق دەرچون.
با بێمە سەر هاوكارە دێرینەكانی ناو گۆڕان، بەشێك لە باڵی ریفۆرمی ناو یەكێتی پاش ئەوەی لە مام جلال‌و یەكێتی بێ ئومێدبون هاتنە پاڵ گۆڕان، لەو چركەیەوە دەستیان بە بازرگانیكردن بە پێگەو ناوی كاك نەوشیروان كرد، تێیاندا بو دەیگوت گەر كاندیدی لیستی گۆڕان بۆ پەرلەمان نەبم دەگەڕێمەوە ناو یەكێتی، ئەوی تر دەیگوت گەر مام جلال ئاوڕێكم لێبداتەوە چ كارم بە نەوشیروان هەیە، سێهەمیش بە یەكێتی دەگوت گەر بەرژەوەندییەكانم نەپارێزن دەنگی ناوچەكەم بۆ گۆڕان كۆدەكەمەوە، ئەو جۆرە زاتانە سوربون لەسەر ئیبتزازو بازرگانییەكانیان. بەپێچەوانەوەش بەشێك لە هاوڕێ نوێ‌و دۆستە دێرینەكانی لەناو یەكێتی‌و گۆڕان و لایەنەكانی تر تا ئەم چركەیەش ئەمەك‌و دڵسۆز بۆ كاك نەوشیروان ماون‌و مرۆڤەكانی رۆژە سەختەكانی خەباتی شاخ‌و كاك نەوشیروان‌و گۆڕان بون.
لە سەرەتای دروستبونی گۆڕاندا زۆربەی زۆری روخسارە نوێكان بە نیەتێكی پاك‌و لە ژێر كاریگەری ناو و كاریزمای كاك نەوشیروان دڵسۆزو گورج‌و گۆڵ پشتێكی بەهێزی بون، هەڵسوڕاوی جدی بون بۆ ئەرك‌و كارەكانیان. زۆربەیان فێری فرتوفێڵ‌و ئیبتزازو بازرگانی وەك بەشێك لە نەوەكانی پێش خۆیان نەبوبون. بە مروری زەمەن‌و دۆخی ناجێگیری ناو گۆڕان‌و گەمەكانی هێزەكانی ترو دوركەوتنەوەی كاك نەوشیروان بەهۆی تێكچونی باری تەندروستییەوە ژمارەیەك لێیان‌و لە پێگەی هەستیاردا دەستیان بە بازرگانیكردن كرد نەك تەنها بە كاك نەوشیروان بەڵكو بەسەرجەم گۆڕان‌و هاورێكانیشیان، گەیشتە ئاستێك ناویان لە لیستی رەشی گەندەڵچییەكانی عێراقدا تۆمار بكرێت‌و بكەونە ژێر گومانەوە.
كاك نەوشیروان لە دوا ساتەكانی ژیانیدا راشكاوانە بە كوڕەكانی‌و دۆستە نزیكەكانی راگەیاندوە چەند پەشیمانە لە پشتیوانیكردنی چەند كاراكتەرێكی بەرچاوی نەوەی نوێی ناو گۆڕان.
ئەم روداوە واقیعیە دەگێرمەوە تا خەڵك حوكمی خۆی بدات:
لەدوا رۆژەكانی ساڵی ٢٠١٦ پاش چەند هەفتەیەك لە لەندەن لای كاك نەوشیروان بوم گەڕامەوە بۆ هۆڵەند، لەو ماوەیەدا تێگەیشتم كە لەدوا قۆناغی ژیانیدایە، لەگەڵ گەڕانەوەم پەیوەندیم بە سكرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كردو وەزعی كاك نەوشیروانم بۆ باسكرد، پێم گوت: مامۆستا جەمال بەپێویستی دەزانم سەید عومەرو جەنابتان بچن بۆ لەندەن‌و لەسەر چەند تەوەرێكی گرنگ قسەی لەگەڵ بكەن، رەنگە ئەمە دوا دیدارشتان بێت لەگەڵی، مامۆستا جەمال فكرەكەی زۆر پێ باشبو، گوتی بۆ خۆت قسەیەك لەگەڵ سەید عومەر ناكەیت، دوای ئەمە راستەخۆ پەیوەندیم بە سەید عومەرەوە كردو مەسەلەكەم بۆ باسكرد، لە یەكەم رەتدانەوەیدا هێناو بردی، بە كورتی تێیگەیاندم بەپێویستی نازانێت بچێت، ئەم پەیامەم بە مامۆستا جەمال گەیاند، لە وەڵامدا گوتی یەك دو رۆژی تر چاوەڕوان بە وەڵامت دەدەمەوە. مامۆستا هەر واشی كردو پێی گوتم سەید عومەرمان قەناعەت پێكردوە بڕوات‌و من ناچم خۆی بەتەنیا دەچێت بۆ لای.
لەوكاتەدا ئاگام لە كەین‌و بەینی ئەو چەند رۆژەی گردەكە نەبو. لەو سەردانەداو لە دانیشتنێكی كاك نەوشیروان‌و سەید عومەر لە لەندەن دو دۆستی زۆر نزیك‌و دێرینی هەردوكیان، كە لەژیاندان، لە وردەكارییەكانی قسەو باسەكان بەئاگان، كاتێك باس دێتە سەر موڵكەكانی گۆڕان كاك نەوشیروان بە زمانێكی راشكاوانەو بێ پێچ‌و پەنا ئەوەی لە دڵ‌و ناخیدا دەبێت بۆ سەید عومەری باس دەكات.
 دوای وەفاتی كاك نەوشیروان لە كۆبونەویەكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوە گۆڕان كە باس دێتە سەر موڵكداریەتی گۆڕان رێكخەری گشتی نوێ راشكاوانە باسی بەشێكی قسەكانی كاك نەوشیروان كە لە لەندەن پێی گوتوە دەكات، باسی بەشە گرنگ‌و هەستیارەكانی تری قسەكانی كاك نەوشیروان ناكات. ئەم رەفتارە وەك بۆمبێكی تەوقیتكراو تەقیەوەو لەو ساتەوەش بەگەرمی نان‌و پیاز بەو قسانەی رێكخەری نوێیەوە دەخورێت. بۆ خۆم ئەم رەفتارە بە زەمینەخۆشكەرێكی هەستیار دەبینم بۆ سەرهەڵدانی گەلێك پرسیار دەربارەی خواست‌و نیەتەكانی كاك نەوشیروان لەلایەن هاوڵاتیانەوەو لە ئاكامیشیدا لاوازبونی گۆڕان.
خۆشبەختانە كاك نەوشیروان بە ماوەیەكی كورت پێش وەفاتی بە تۆماری دەنگی خۆی باسی سەرجەم بۆچونەكانی لەسەر پرسی موڵكداریەتی دەكات، زۆربەی هەمان ئەو قسانەن كە بەهاوكارە دێرینەكەی لە لەندەن وتویەتی، زیادە بۆ ئەمەش دو دۆستە دێرینەكە شایەتحالی ئەو دانیشتنەن. با خەڵك بۆ خۆی هەڵسەنگاندن بۆ ئەمە بكات تایبەت كاتێك تۆمارە دەنگییەكەی كاك نەوشیروان بڵاو دەكرێتەوە. 
لە دەرفەتێكی گونجاوی تردا باسی چەند روداوێكی زۆر هەستیاری تری نێوان كاك نەوشیروان‌و چەند هاوكارە زۆر نزیكەكانی دەكەم كە لە وردەكاریەكان بەئاگام.
لەم سەردەمەداو دوای پێنج ساڵ لە ماڵئاوایی كاك نەوشیروان‌و مام جەلالیش سەرجەم نەخشەی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و حوكمرانی هەرێم بەسەریەكدا ترشاون.
لەم دۆخ‌و رەوشەدا كەسانێك‌و گروپە بچوكە زۆر نزیكەكان لە كاك نەوشیروان لەبری ئەوەی بەدوای یەكتردا بگەڕێن‌و یەكتر بدۆزنەوەو كاری جدی بۆ بوژاندنەوەو گەشەكردنی پرەنسیپەكانی گۆڕانكاری جدی بكەن، دەبینین خواستیانە دەست بەشتێكەوە بگرن تا ناو و رۆڵیان لە سیاسەت‌و پرۆسە وەهمیەكانی گۆڕانكاریدا بمێنێت، تەنانەت ئەمانیش لەو هەوڵانەدا خۆگرێدانەوەی توندو تۆڵیان بە كاك نەوشیروان بەكاردەهێنن. بۆ خۆم سەرچاوەی ئەم هەوڵانە بە بەشێك لە دڵسۆزی‌و وەفا بۆ پرسی گۆڕانكاری‌و كاك نەوشیروان دەبینم، مەخابن لە ناچاری‌و بێئومێدیداو دۆخی شكستخواردوی پرسی گۆڕانكاری چاوەروانی ئاكامی كۆنكرێتی لێ ناكرێت.  
دەمێنێتەوە منداڵەكانی كاك نەوشیروان، ئەوەندی من بەئاگا بم دو كوڕەكەی رۆڵی بەرچاویان لە پرۆسەكەدا هەبوە، زۆر بەتایبەت چیای كوڕی. 
لەسەردەمی تەقاندنەوەی پرسی موڵكداریەتی‌و ئیرس پەیوەندیم لەگەڵ نما كردو پێم گوت، وەك چەندین كەسی تریش پێیان گوتبون، پێویستە رونكردنەوەیەك بە ناوتانەوە بڵاوبكرێتەوەو تێیدا باسی خواستەكانی باوكتان لەو پرسەدا بكەن كە دەبێت تەنهاو تەنها بۆ بەرژەوەندی گشتی بەكاربهێنرێت، نما فكرەكەی پێ دروست بو و داوای لێكردم رونكردنەوەكە بنوسم، منیش بە ئەركەكە هەڵسام. ماوەیەك گوێبیستی هیچ نەبوم، دواتر لە نماو كەسانی تریش كە بەرپرس بون لە گۆڕان تێگەیشتم لوتكەی دەسەڵاتی نوێی گۆڕان ریگری سەرسەختیان لە بڵاوكردنەوەی كردبو، لەگەڵ ئەوەشدا دەبو كوڕەكانی هەر  بڵاویان بكردایەوە.
بێگومان كوڕەكانی هەڵەی بەرچاویان لەو بوارەدا كردوە، تاكە رێگا بۆ راستكردنەوەی ئەو رەوشە راشكاوانەو ئاشكرا هەمو بەڵگەو دۆكیۆمێنتەكان بخەنەڕو، خەڵك چاوەڕوانە  ئایا كارێكی وا مەزنیان لێدەوەشێتەوە!
كارێكی لەو جۆرە سەرجەم هەوڵ‌و نفاق‌و بازرگانیكردن‌و كەمكردنەوە لەناو و ناوبانگی كاك نەوشیروان پوچەل دەكات، هاوكاتیش زۆر دروستە كاتێك كوڕەكانی كاك نەوشیروان داوای لێبوردن لە خەڵك‌و تایبەت جەماوەری گۆڕان بكەن بۆ هەڵەو بێدەنگیان لە هەڵمەتێكی خەستی ناحەزان دژ بە باوكیان كە یەكێكە لە سەركردە مەزنەكانی كورد. ناشێت خواست‌و تێڕامانە واقیعیەكانی كاك نەوشیروان دەربارەی موڵكداری‌و ئیرس لەلایەن نەیارو دۆست‌و  نەوەكانی بۆ مەبەستە جیاكان بەكاربهێنرێن، یەك رێگا لەبەردەمیاندایە وەك خۆیان باسیان بكەن‌و چیتر دەرفەتی زیاتر بە بازرگانەكان نەدەن!
رۆتەردام:  ٣ مایس ٢٠٢٢  

     

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand