بەرژەوەندی باڵای گەل و وڵات
.gif)
2022-05-04 07:50:12
سەربەست مەنمی
لە ٢٠١٩/٦/١٠ ەوە نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆک، سەرۆکایەتی ھەرێمی کردەوە بە چەتری کۆکردنەوەی سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە پێکھاتە ئیتنی و ئاینییەکانیشەوە، لە دوای زیاتر لە سێ ساڵی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، سەرۆک و ئەمیندار و کەسی پلەیەکی حزبەکانی کوردستان، ھەڵوێست و مامەڵەی نێچیرڤان بارزانیان بەرز نرخاند، لە گرنگیپێدان بە بۆچوونی تەواوی ھێز و پێکھاتەکان.
گرەوی گەورەی نەیارانی کورد، نەھێشتن و کۆتایھێنانە بە ئەزموونی باشوری کوردستان، ھەربۆیە گوشاروفشاری جیاواز و بەردەوامیانکردوە و دەکەن، فشار و گەمارۆ و دژایەتیەکانی ئەودیو سنوور نەیتوان ئەزموونەکە بخات، ھەربۆیە پەنایان بۆ دروستکردنی ناکۆکی ناوخۆیی برد و کەلێن و ناکۆکیەکانی ناوخۆ بە دەرفەتێکی گەورە دەزانن و دەبینن!
لە دوای ڕووداوە ناخۆشەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کە ھەرێمی کوردستان کەوتە بەردەم شاڵاوێکی گەورە، پرسی دوو ئیدارەیی کرایە بژاردەیەکیتر بۆ لاوازترکردنی ھەرێمی کوردستان، لای زۆر دەوڵەت و لایەن و لە زۆر ئاستدا کار دەکرا بۆ نەھێشتنی قەوارەی سیاسیی و دەستووری ھەرێمی کوردستان.
لەسەر پرسی دووئیدارەیی، لە یەکێک لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکانیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ک شتێک نیە بەناوی دوو ئیدارەیی، بەڵکو ھەرجۆرە ترازانێک یەکسانە بە سفر ئیدارە، ئەمەش ئاستی پابەندی سەرۆکی نیشاندا بە پاراستنی یەکڕیزی و ھاوھەڵوێستی لایەنە کوردستانیەکان، لەمەڕ پاراستنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان.
پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە ٢٠٢٢/٥/١ بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، پاتکردنەوە و سوربوونە لە ئەرک و مەھامی سەرۆک و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و وڵات، کە ئەرک و بەرپرسیاریەتی دامەزراوە فەرمی و یاساییەکان و حزب و پارتە کوردستانیەکانە.
نامەکە زیاتر بوو لە پیرۆزبایی جەژن، پەیامێکی گرنگ و پڕ بایەخی لە خۆگرتبوو سەبارەت بە ھەستیاری قۆناغەکە و پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، پیرۆزبایی نامەکەی سەرۆکی ھەرێم، بەبیرھێنانەوەی گیانی
یەکڕیزی و یەکخستنی تواناکانە لە ناوخۆ، پێکەوەکارکردنە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی تەحدییەکان و پێکھێنانی حکومەتی نوێ لە عێراق.
لە دوای پیرۆزبایی نامەکە، چاوەڕوانیەکان ئەوەیە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە نزیکترین دەرفەتدا دەستپێشخەری قۆناغە کردارییەکانی دانیشتنی ھاوبەشی لایەنەکان دەستپێبکات، وەک ھەمیشە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بکاتە چەتری کۆبوونەوەی ھێز و لایەنە سیاسییەکان و بەرژەوەندی باڵای گەل و سەقامگیریی کوردستان لە لووتکەدا بھێڵنەوە.
