Draw Media

ئایا كۆنترۆڵی شەنگال توركیا رائەگرێت!

ئایا كۆنترۆڵی شەنگال توركیا رائەگرێت!

2022-05-04 05:14:38


كەمال رەئوف
 هێرشكردنە سەر شەنگال لەلایەن سوپای عێراقەوە، پێش ئەوەی پرسێكی ئەمنی و ئیداری بێت، سیناریۆیەكە بۆ رازیكردنی توركیا تا دەستبەرداری پرۆژە مێژینەیەكەی بێت بۆ داگیركاری ناوچەكە.. 
لەماوەی چەند مانگی رابردوو بەرپرسانی باڵای توركیا نوێنەرانی پارتی و یەكێتیان بینیوە، هاوكات سوننەو لایەنی ئێرانییان  بینیوە و باسی پرۆژەكەی خۆیان بۆكردون، بەم دواییانە بەشێك لەوڵاتانی عەرەبی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەبەشێك لەپرۆژەكە ئاگاداركراونەتەوە. 
ئەوەی وادەكات توركیا تارادەیەك نەترسانە پێداگری لەسەر پرۆژە  داگیركارییەكەی بكات و بێ سڵەمینەوە بخاتە بەچاو، ئەو دۆخە جیهانییە كە بەهۆی جەنگی روسیاو ئۆكرانیا هاتۆتە پێشەوە، لەهەمانكاتیشدا خراپی دۆخی چەقبەستووی پێكهێنانی حكومەتی عێراق و ناجێگریری  پەیوەندی لایەنە سیاسییەكان، دیارە ئەمە بۆ توركیا فرسەتێكی زێرینە و نایەوێت لەدەستی بدات. 
   ئامانجی سەرەكی پرۆژەكەی توركیا جگە لە لایەنی ئابوری و دەستبەسەراگرتنی  ژێرخانی ئابوریی كوردستان، هەوڵیش دەدات بە قاڵبدان و بچووكردنەوەی هەرێم، رۆژئاواش بخنكێنێت و كۆنترۆڵی سنورەكانی نێوان باكور- باشور، رۆژئاوا- باشور، بخاتە ژێركۆنترۆڵی خۆیەوە.
رەنگە پرۆژەكەی توركیا لەسەر لەقاڵبدانی هەرێم، بەشێك بێت لەخواستی بەغداد و هاوكاربێت بۆ جێبەجێكردنی بریارەكانی دادگای فیدراڵی لەهەمبەر نەوت و غازی كوردستان و هێزی پێشمەرگە.
توركیا بۆ گوشار لەسەر هەرێم زیاد لەكارتێكی بەدەستەوەیە، لە جگە بێدەنگی جیهان و رای گشتی لەسەر هێرشەكانی پێشووی و بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو و سنوربەزاندن، لەهەمانكاتیشدا هەست بە نەبوونی ئیرادە بۆ بەرەورووبونەوە دەكات و ئەوەش  تموحی داگیركاری لای توركیا زیاتر دەكات و دەیەوێت كێشەكانی ناوخۆی وڵاتەكەی  ئەمدیوی سنور بكات وپشتیوانی راسیزمی توركی و شۆێنیەتی دژەكورد بەدەست بهێنێت.
 بەنادیدەگرتنی سیاسەت و ستراتیژیەتی توركیا دەرهەق بە مافی فیدراڵی و ئیدارەی سەربەخۆ، هەرێم كەوتە هەڵەیەكی گەورەوە، لەوەش خراپتر ئەوە بوو ئەو هەڵەیە كوشندەیەشی كرد كە هەموو هێلكەكانی خۆی خستۆتە سەبەتەكەی توركیاوەو وابەستەیەكی پتەوی ئابوری و سیاسی وای بۆخۆی دروست كردوە كە دەرچوون لێی ئەستەم بێت. 
  هەموو ئەو پیشبینیانەی لەسەر رووداوەكانی ئێستا دەكرێن، بەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەو خراپ خوێندنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان توركیاو هەرێم بووە و  تێنەگەیشتن  یان نەناسینی سیاسەت و ستراتیژی توركیا بووە لەسەر كورد.. ئەو مەترسیانەی ئێستا یەخەی كوردی گرتوە پێشتریش هەر هەبوون، بەڵام لەباتی خۆئامادە كردن بۆ ئەگەری مەترسییەكە هەوڵدەدرا لەرێگەی بەرتیلی نەوت و پێدانی  فرسەتی زۆر بۆسەرمایەگوزاری كۆمپانیا توركییەكان و دژایەتی رۆژئاواو پەكەكە، دیدی توركیا بگۆرن و لەنەیاری سەرسەختەوە بیكەنە دۆست و برابەش.  
لەسەردەمی ریفراندۆمدا سەرۆكی توركیا، بەئاشكرا باسی سنوربەستنی لەهەرێم كردو بەئینتهزاوە باسی لەدۆخی ئابوری هەرێم كرد، سوپای توركیا هەركات ویستبێتی بەبێ سلەمینەوە سنوری بەزاندوە، ئاسمانی بەزاندنوە، ناوەندی هەواڵگری جۆراوجۆری كردۆتەوە، دەستوەردانی راستەوخۆی  لەسەر ئاستی بەرز كردوە،  كەچی لەبەرامبەردا هەرێم تەنها یەك سیاسەتی هەبوو ئەویش تەرزیەكردنی توركیا بووە لەرێگەی  بەرتیلی نەوت و رێككەوتنی 50 ساڵی و ئێستاش دەیانەوێت غازەكەشی بخەنە پاڵ. 

خراپترین تێگەیشتنی دیدی  سەركردایەتی سیاسی و حوكمرانی باشور ئەوەیە تا ئێستا چاویان لەسەر ئەوەیە توركیا وەك هەرەشە نابینن بەپێچەوانەوە وەك هێزێكی هەرێمایەتی بەهێزی دۆست چاوەرێی ئەوەی لێدەكەن، پشتیوانی ئەزموونی فیدراڵی و ئیدارەی هەرێم بێت، ئەوان سودیان لەئەزموونی سەردەمی سەرهەڵدانی داعش نەكرد، گوێیان لەئاست ئەو هەموو سوكایەتیەی ناو میدیای توركیا داخست، نەیانویست قسەی ئەو بەرپرسانەش ببیستن، كە هەرێمیان وەك شیمالی عێراق ناودەبرد و وەك بەشێك لە خاكی دەوڵەتی عوسمانی دەیاناساند، بەپێچەوانەوە ئیستەشی لەگەڵ بێت خۆشخەیاڵانە هەرچاویان لەسەر ئەوەیە لە كێشەی نێوان بەغداد و هەولێر لایەنگری  هەولێربكات و لەگوشارەكانی بەغداد بیانپارێزێت، هەربۆیە بەردەوام  پەیوەندی هەواڵگری و سەربازی نێوان توركیا حكومەتی هەرێم لەپەیوەندی نێوان بەغداد و هەرێم بەهێزتر دەردەكەون، خۆ لە چەند ساڵی رابردوو حكومەتی هەرێم گەر نیوهێندەی توركیا نەرمی و سازشی بۆ بەغداد نیشانبدایە، ئیستا پەوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد لەئاستێكی باڵاترو باشتردا دەبوو.
حكومەتی عێراق و پارتی كە ئێستا پشتیوانی كۆنترۆڵكردنی شەنگال ئەكەن، بەم سیاسەتەیان ناتوانن بەربەپرۆژەكەی توركیا و تموحەكانی بگرن، رەنگە بتوانن بۆ ماوەیەك دوایبخەن، چونكە كۆنترۆڵكردنی  شەنگال و هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی ئێستای ئەو شارە، بەشێكی بچووكە لەپرۆژەیەكی گەورەتر كە دەمێكە توركیا ئامادەسازی بۆ دەكات و هێزی بۆ كۆدەكاتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand