Draw Media

هەولێر و سلێمانی

هەولێر و سلێمانی

2022-05-03 19:54:18


د. نیاز نەجمەدین 

لە سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجەوە ئەتوانین چاوێک لە هەولێر بکەین و لە فەوزا دوور بکەوینەوە. ئەکرێت لەوانەوە فێر ببین کەمێک لە توڕەیی دوور بکەوینەوە، ئارامتر و هێمنتر بین لە کردار و لە گفتوگۆکانماندا.
بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی خوازیاری شارێک بین کە رێی پێ نادەن دەنگ هەڵبڕێت بەو شێوەیەی خۆی ئەیەوێت و نەتوانێت گوزارشت لە گلەیی و گازندەکانی بکات. لە باشترین شارەکانی دنیادا خۆپیشاندان و دەنگی ناڕازیی هەن و کەسیش ناڵێت نابێت خۆپیشاندان بکرێت چونکە ئارامیی شارەکەمان تێک ئەچێت.
هەولێر با دەرفەتی کاری زیاتریش ببەخشێت، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی ئازادیی رادەربڕین بە دەرفەتی زیاتری کار بگۆڕینەوە. 
دڵخۆشین کە هەولێر خاوەنی رێگاوبانی باشترە، بەڵام شار تەنها بە بینا و رێگاکانی ناناسرێتەوە، بەڵکو بە بڕی ئازادیی ئاڵوگۆڕی بیروڕاش. ئەمەیان لە دەڤەری ئێمەدا زیاترە. 
ناکرێت تەواوی ئەو گوتارەی لە دەڤەری ئەمبەر هەیە، وەک فەوزا لە دەڤەری ئەوبەرەوە پێناسە بکرێت. نەخێر وانییە، بەشێکی شەڕە بۆ ئازادیی. فروانکردنی روبەرەکانی ئازادیی مانای فروانکردنی تواناکانمان لە روبەڕووبوونەوەی تەواوی کێشەکانمان، بە کێشەی ناسەقامگیریی داهات و گەشەی ئابوورییشەوە. 
ئاستی داهات لە سعودییە زۆر بەرزترە لە سلێمانی، بەڵام لای من تا ئەمڕۆش ژیان لە سلێمانی بێ‌شترە وەک لە سعودییە. 
من ناڵێم "چڵكی دەستە ماڵی دنیا وەک دەڵێن". سەقامگیریی و بەرزی داهات ئەتوانن تاکێکی ئازادتر و چاوکراوەتر بەرامبەر بە دنیا بەرهەمبێنن، بەلام ئەگەر تەواوی سەرنجمان لەسەر کار و داهات بێت، ئەگەر بوون و نەبوونی پارە و ئاستی پارە خەرجکردن تاقانە پێوەری خۆشگوزەرانیمان بێت، شوقەیەک و دووان و پاشان باخێک پوختەی چیرۆکی سەرکەوتنی ئێمە بێت، ئەوا لە مرۆڤێکی دەستەمۆ زیاترمان لێ دەرناچێت، مرۆڤێک شەڕی نییە لەگەڵ سەرمایە کە وێرانی دەکات بەڵکو بووە بە پاشکۆی. 
ئەوەی بەسەر هەولێردا دێت شوناسی هەولێرییەکان نییە، هەولێریش ناتوانێت ببێتە مۆدێلێکی سەرنجڕاکێش بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و دەڤەری راپەڕین.
لەم روەوە، پێویستە بەرگری لە شوناسی دەڤەری ئەمبەر بکەین، گەشەی پێ بدەین (بۆ نمونە لە جوێندان و هەڵەوهەرزەیی پاکی بکەینەوە، گفتوگۆی نێوان ئیسلامییەکان و سەلەفییەکانی ئەم دەڤەرە لەگەڵ ئەوانەی باوەڕیان بە هزری ئیسلامیی لاوازە کراوەتر و هێمنتر تێپەڕێت، دوور کەوینەوە لە هەڕەشەوگوڕەشە لەسەر بیری جیاواز، ژن ئازادیی زیاتر بێت و بەرگریی لێ بکەین بە باوەڕدار و بێباوەڕەوە، هتد)، ئەو کاتەش هەوڵی سەقامگیریی و باشکردنی داهات یەکێک دەبێت لە هەنگاوەکان. بەڵام هەڵەیەکی جەرگبڕە بەدەستهێنانەوەی موچە بە مۆدێلێکی حوکمڕانیی سواو و دواکەوتوو بگۆڕینەوە. 
ئەو شارەی رێ لە بیری ئازاد دەگرێت، بێ شک دەبێت چەند نمرەیەک لە خۆشگوزەرانییەکەی بشکێنرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand