بۆ نووسین ھیچ ناگۆڕێت؟
2022-05-01 09:34:31
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
کەسانێک دەپرسن: دوای ئەو ھەموو نووسین و شیکردنەوە و ڕەخنەیە، دوای ئەو ھەموو کتێب و وتار و گۆڤار و ڕۆژنامەیە، بۆ گۆڕانێکی مانادار لەو سیستمە سیاسیی و ئیداریی و سەربازیی و ئەمنییەدا دروستنەبووە کە لە ھەرێمدا سەروەرکراوە؟ بۆ سەرەڕای ئەم ھەموو نووسین و قسەکردنە شتەکان وەک خۆیان ماونەتەوە، یان لە خراپەوە بەرەو خراپتر ڕۆیشتون؟
بەر لە ھەموو شتێک دەبێت لەو خاڵە سەرەتایی و سادەیەوە دەستپێبکەین کە کاریگەریی نووسین و فیکر لەسەر مێژوو، بە شێوەیەکی گشتیی، کاریگەرییەکی لاواز و ناڕاستەوخۆ و لەسەرخۆیە. فیکر و نووسین ھێزی گۆڕانکاریان لەناو خودی خۆیاندا نییە، خۆیان بە ویستی خۆیان ناچنە ناو مێژووەوە، بەڵکو ھەمیشە کۆمەڵێک بکەری مێژوویی پێویستن بۆ ئەوەی ئەو دۆزینەوە و ئاسۆیانەی فیکر و نووسین دەیانکەنەوە، بۆ ناو واقیع دابەزێنن و بە کردەوە لەناو مێژوودا پیادەبکەن. نووسین بە دوو شێوە دەتوانێت دابەزێتە ناو مێژووەوە دەسکاریی ڕیزبەندییەکانی ناوی بکات. یەکەمیان ڕێگای یاخیبوون و بەرپاکردنی شۆڕشە. نووسین بەر لە ھەمووشتێک پێویستیی بە خوێنەر ھەیە و خوێنەریش کاتێک دەتوانێت دەسکاریی جیھان بکات ،کە بووبێت بە بکەرێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی. کاتێک خوێنەران بەیەکەوە، بە کۆ، لەگەڵ ئەوانیتردا، لەڕێگای خۆڕێکخستن و ھاودەمیی و ھاریکارییەوە ئەوەی خوێندویانەتەوە و فێریبوون، بگۆڕن بۆ کردە، بۆ پراکتیک و جوڵەی مێژوویی، بۆ پرۆژەیەکی کردەیی بۆ گۆڕان و دەسکاریکردنی واقیع. واتە فیکر و نووسین پێویستیان بە بکەری کۆمەڵایەتییە بۆ ئەوەی بیانکەن بە وزە و کەرەستەیەک بۆ گۆڕانکاریی. ئەم ڕێگا تایبەتە بۆ بەرھەمھێنانی گۆڕانکاریی ڕێگایەکە لە ژێرەوە بۆ سەرەوە، لەناوەوەی کۆمەڵگاوە بۆ ناو دەوڵەت و کایەی سیاسیی، بەرزدەبێتەوە. جوڵەیەکە لەڕێگای ھێزی کۆمەڵگا خۆیەوە گۆڕانکارییەکان دەسەپێنێت و دەسکاریی ئەو ڕەھەندانەی جیھان دەکات کە بۆ ھەمووان ئاشکرابووە کە پێویستە بگۆڕێن، جا چ لە ڕێگای نووسین و خوێندنەوەبێت، یان لە ڕێگای ئەزموونکردنێکی ڕۆژانەی ڕاستەوخۆی ئەو واقیعەوە. ئەم ڕێگا تایبەتەی گۆڕانکاریی، زۆرجار وەک ڕێگای بەرپاکردنی شۆڕش و یاخیبوون، ڕێگای ڕاپەڕین ناسراوە. لە مێژوودا چەندان نموونەی جیاوازیی ئەم جۆرە شێواز و میتۆدیی گۆڕانکارییانە ھەبووە و کاریانکردوە. لەم ناوچەیەی ئێمەدا، بۆ نموونە، لە دوو دەیەی ڕابوردودا بزوتنەوەی سەوز لە ئێران و یاخیبونەکانی بەھاری عەرەبی لە وڵاتە عەرەبییەکان و خۆپیشاندانەکانی غازی پارک لە تورکیا و ناڕەزاییدەربڕینەکانی ١٧ شوبات لە ھەرێمدا، بینی. بە شێوەیەکی گشتیی، ھەندێک لەم بزوتنەوانە، لەم یان لەو بواری سیاسیی و یاسایی و دەزگاییدا، لە ھەنێدک لەو وڵاتاندا، چەند گۆڕنکارییەکەی کەمیان سەپاند، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی ئەم بزوتنەوانە سەرکەوتکران و بەو ئومێد و ئامانجانە نەگەیشتن کە یاخیبوون لەپێناویاندا.
شێوازی دووھەمی گۆڕانکاریی پیادەکردنی گۆڕانکارییە لەسەرەوە بۆ خوارەوە، لەناو دەوڵەت و حکومەتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا، ستراتیژێک ئانتۆنیۆ گرامشی ناوی ”شۆڕی پاسیڤ“ی لێدەنێت. لەم مۆدێلەدا لە گۆڕانکاریی، واتە لە شۆڕشی پاسیڤەدا، دەوڵەت و حوکمڕانان ئامادەن چەندان ڕەھەندی ژیانی سیاسیی و دەزگایی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی کۆمەڵگا دەسکاریبکەن و بەشێوەیەک ڕێکیبخەنەوە باشتر و پێشکەوتوتربێت لەوەی لە ئێستادا لە ئارادایە. لەم دۆخەدا ئەوەی دەبێتە بکەری گۆڕانکاریی ئەو نوخبە حوکمڕانەیە کە دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی لەبەردەستدایە و ئەو دەسەڵاتانەش بە ئاراستە و بەمەبەستی گۆڕانکاریی بەکاردھێنێت.
لە دونیای ئێمەدا، بە تایبەتی لەم ساتە مێژوویە تایبەتەدا، ھیچ یەکێک لەم دوو ئەگەرەی گۆڕانکاریی، بە مانا ڕاستەقینە و بە قورساییەکی مێژووییەوە، لەئارادا نین. نە توانای بەرپاکردنی شۆڕش و یاخیبوون ئامادەیە، نە بکەری مێژوویی و کۆمەڵایەتیی شۆڕشگێڕ و ڕێکخراو ھەیە، نە میزاجی گشتیی خەڵکیش لە بەردەم تاقیکردنەوەی ڕیسکی شۆڕش و یاخیبووندایە. ئەگەرچی لە ڕووی تیورییەوە ئەگەری بەرپابوونی یاخیبوون و ڕاپەڕینی خەڵک، شتێک نییە بکرێت بە تەواوی دەربکرێتە دەرەوەی مێژووەوە. چونکە مێژوو ھەمیشە فێڵ و توانای تەقینەوەی نھێنی لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگرتوە. لەم ساتەدا لەباتی شۆڕش و ڕاپەڕین، خەڵکێکی زۆر لە ئاسمان دەپاڕێنەوە و دوعادەکەن خودا ئەم حوکمڕانانە و خێزانەکانیان لەناوببات.
ھاوکات ئەگەری دووھەمی گۆڕانکارییش، ئەگەری ئەنجامدانی ”شۆڕشی پاسیڤ“، ئەگەری ئەوەی حوکمڕانان دەسکاریی ئەو دۆخە بکەن کە خۆیان تا بینەقاقا بەرپرسن لە دروستبوونی، لەئارادانییە. لە دونیای ئێمەدا نوخبەیەکی حوکمڕان و خاوەن پرۆژەی گۆڕانکاریی مێژوویی بوونی نییە و شتێک لە بەرنامەی ھێزە حوکمڕانەکاندا بەناوی نەک شۆشی پاسیڤەوە لە ئارادانییە، بەڵکو ئەوان خەریکی درێژەدان و چەسپاندنی تاپۆکردنی وڵاتەکەن لەسەر خۆیان و نەوەکانین. لەڕاستیدا شتێک بەناوی ”خەمی گشتیی“ و ”قازانجی گشتیی“ و ”ویستیی گشتیی“ ەوە بوونی نەماوە و بوونی نییە، ”مەسەلەی نیشتیمانیی“ و ”نەتەوەیی“ بەشێک لە عەقڵیەتی ئەوان و لە سایکۆلۆژیای حوکمڕانینکردنیان، نییە. ئەسڵەن شتێکیش بەناوی ”مەسەلەی کوردەوە“ لەناو عەقڵیەت و سیاسەتی ھێزە حوکمڕانەکانی ھەرێمدا بوونی نەماوە. ئەوەی ھەیە ململانێی نێوان کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سوڵتانیی و ململانێی چەند کەسایەتییەکی سیاسیی پڕ ڕق و بوغز و دڕدۆنگییە لەگەڵ یەکتریدا، ھەموویشی لەسەر پێگە و پارە و دەسکەوت بۆخۆیان و منداڵان و نەوەکانیان، ئینجا بۆ ئەو گروپە بچووکەی لە دەوری دید و بەرنامە سوڵتانییەکانیان، کۆبووەتەوە و بەشدارە لە دروستکردن و پاراستنی ئەم تاعونە سیاسییەدا. لە مانەش بترازێت سیاسەتی ھەرێم سیاسەتی گوێڕایەڵەیکردنێکی بەردەوام و ئیتاعەتێکی ھەمەلایەنە، بۆ خواستی سیاسیی و ئابوریی و بۆ تەماحی ترسناکی، چەند وڵاتێکی ئیقلیمی جیاواز.
لە دۆخێکی تاریکیی لەو بابەتەدا ئەوەی کاریگەریی ھەیە نووسین و فیکر و فەرھەنگ و کولتور نییە، پێشنیاریی عەقڵانیی و ڕەخنەکاری بەرھەمھێن نییە، بەڵکو درۆ و فێڵ و دزیی و جەردەیی و گوێڕایەڵییە. ئەوەشی کێشەکان و ململانێکان و پەیوەندییەکان یەکلا دەکاتەوە، تەنھا ھێزە، ھێزی ڕووت، ھێزێک کلکەکانی لە ھەرێم و سەرەکانی لە ئەنقەرە و تارانە.