ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی لەنێوان دەسەڵات و بۆشایی سیاسییدا
2022-04-27 18:09:48
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
سهرههڵدانی ئۆپۆزیسیۆن مانای لهدایكبوونی هێزێکە کە پێماندەڵێت دەسەڵاتی سیاسیی کێشەی بەڕێوەبردنی وڵاتی هەیە و هاونیشتیمانیانیش لەگەڵ دەسەڵاتدا کێشەی گەورەیان هەیە. ئۆپۆزیسیۆن مانای سەرهەڵدانی دوو ڕەهەندی گرنگە لە سیاسەتکردن، یەکەمیان بوونی وێنا و جیهانبینییەکی نوێیە بۆ سیاسەت و کۆمەڵگا و ئینسان و ژینگە، دووهەمیشیان بوونی بوێرییە کە ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕیی پێ دەبەخشێت. ئۆپۆزیسیۆن مانای گۆڕینی بۆڵەبۆڵی کۆمەڵایەتیی و گازندەی پەنهانی هاوڵاتیانە بۆ قسەکردن و کردەی سیاسیی لەناو ڕووبەری گشتییدا.
ئۆپۆزیسیۆن مانای هەوڵدانی هێزێک یان چەند هێزێکی نەیاری سیاسیی حیزبی حوکمڕانە، بۆئەوەی بگەن بە دەسەڵات. گەیشتن بە دەسەڵات چەند مۆدێلێکی هەیە، یەکەمیان لەڕێگای توندوتیژییەوەیە، واتە شۆڕش، کودەتا، خەباتی چەکداریی، کە شادیاردەی سەدەی بیستەم بوون. دووەمیان لەڕێگای خەباتی مەدەنییەوەیە، واتە لەڕێگای هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتەوە.
لەهەر وڵاتێکدا بۆشایی سیاسیی هەبێت ئۆپۆزیسیۆنیش بوونی هەیە. جیاوازی بنەڕەتیی نێوان ئۆپۆزیسیۆن لە وڵاتە دیموکراتییەکان و نادیموکراتییەکاندا ئەوەیە کە لە نموونەی یەکەمدا دەتوانێت بگات بە دەسەڵات، واتە دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات بوونی هەیە، لە نموونەی دووەمیشیان ئەم خەسڵەتە گرنگەی سیاسەت بوونی نییە، بۆیە بۆشاییەکی مەترسییدار لەنێوان دەسەڵات و کۆمەڵگادا دروستدەبێت. سیستەمە دیکتاتۆر و ستەمگەرەکان لە بۆشایی سیاسیی دەترسن، چونکە بۆشایی سیاسیی مانای سەرهەڵدانی هێزێکە کە دەیەوێت بۆشاییەکەی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا پڕبکاتەوە. لەڕاستییدا سیاسەتیش کاتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت کە شتێک هەبێت پێیبگوترێت ئۆپۆزیسیۆن. ئۆپۆزیسیۆن بەم شێوەیە هەم پێداویستییەکی سیاسییە و هەم پێداویستییەکی کۆمەڵایەتییشە. ئۆپۆزیسیۆن پێداویستییەکی سیاسییە، چونکە پەیامی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن ئەوەیە بە دەنگدەر بڵێت، من پڕۆژەی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی جیاوازم هەیە و گەر متمانەم پێبخەشن و دەنگم پێبدەن، دەتوانم بەپێچەوانەی دەسەڵاتەوە، بەبێ جیاوازیی، خزمەتی هاونیشتیمانیان و نیشتیمانەکەمان بکەم. ئۆپۆزیسیۆن پێداویستییەکی کۆمەڵایەتییشە، چونکە نوێنەری ئەو چین و توێژ و دەنگە ناڕازییانەیە کە لە کۆمەڵگادا پەڕاوێزخروان و پێویستیان بە هێزێک هەیە تەعبیر لە خواست و بەرژەوەندیی و خەونەکانیان بکات.
کێشەی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەیە کە ئەویش هاوشێوەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لەناو ئەو بۆشاییەدا دەژی و خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە کە دەسەڵات دروستیکردووە. یەکەم، مۆدێلی سوڵتانیی حیزبی کوردیی ڕۆچووەتە ناو زۆرینەی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە، واتە یەک کاریزما و یەک سەرۆک و یەک خاوەنکاری سیاسیی حیزب بەڕێوەدەبات، یان بەخێویدەکات. دووەم، ڤایرۆسی تەوریسی سیاسیی بووە بە کولتووری دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەناو یەک خێزانی سیاسییدا. سێیەم، نەبوونی دیموکراسییەتی ڕێکخراوەیی وەک پرنسیپی کارکردن لەناو حیزب و بزوتنەوە و جوڵانەوەکاندا. چوارەم، داوەشانی ڕێکخراوەیی بەهۆکاری بوونی کێشەی ناوخۆیی کە یان بەجیابوونەوە، یان بە دەست لەکارکێشانەوە، یاخود بە دەرکردن کۆتایی بە ململانێکان دێت. پێنجەم، کێشەی لۆکاڵییبون، حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش هاوتای حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم لۆکاڵیین و چەندە لە زێدی خۆیان دووربکەنەوە، ئەوەندە لاواز و کەم ئەندام و دەنگدەر دەبن. شەشەم، زۆرینەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان کێشەی مادییان هەیە و ناتوانن دەزگای حیزبیی و میدیاییەکانیان بەخێوبکەن. حەوتەم، کێشەی جیوەبوونی هەڵوێستی سیاسیی، واتە لەوپەڕی رادیکاڵییەتەوە دەتوانن ببن بە هێزێکی ئۆپۆرتۆنیست و پراگماتیست، چونکە هەموویان ناچارن لەناو هاوکێشەی ململانێی پارتی و یەکێتییدا گەمەی سیاسیی بکەن. واتە ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت بۆ ماوەیەک ڕادیکاڵ بێت و بڵێت من نامەوێت لەگەڵ ئەم دوو حیزبەی دەسەڵات هیچ پڕۆژەیەکی سیاسیی و پێکەوەکارکردنێکم هەبێت، بەڵام چرکەساتی سیاسیی هەیە کە ئۆپۆزیسیۆن ناچارە لەنێوان یەکێتیی و پارتییدا بڕیاربدات، چونکە بێلایەنییش لە خزمەتی یەکێکیان دەبێت، بۆ نموونە لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی عێراقدا یان پرسی دەستووری هەرێم. بەم چەشنە ئۆپۆزیسیۆنیش لەناو کردەی سیاسییدا سیحرە پۆپۆلیستییەکی بەتاڵدەبێتەوە. لە کۆتاییدا ئۆپۆزیسیۆنیش کە بوو بە گەمەکەرێکی سیاسیی، وەک حیزبە دەسەڵاتدارەکان، بێبەریینابێت لە کاریگەریی و فشاری هێزە ئیقلیمییەکان.
ئەو فەزا سیاسییەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی کاری تێدادەکات، فەزایەکە هیچ مەجالێکی ڕاستەقینەی نییە، بۆئەوەی وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی مەدەنیی کاربکات. نەبوونی هەناسەیەک لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا وایکردووە کە ئۆپۆزیسیۆن قورساییەکی راستەقینەی لەناو کایەی سیاسەتدا نەبێت. ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی وایلێهاتووە لەبری ئەوەی ڕۆڵی سیاسیی دژ بە دەسەڵات بگێڕێت، دەسەڵات ڕۆڵی پێدەگێڕێت. لەناو دەسەڵاتدارێتییەکی ستەمگەردا لە نێوان ملکەچیی و شۆڕشگێڕێتییدا فەزایەکی تر بوونی نییە کە ئۆپۆزیسیۆن ڕۆڵی ئاسایی خۆی بگێڕێت. حیزبی سیاسیی کوردیی هیچ پڕۆژەیەکی سیاسیی کۆمەڵایەتیی پێنەماوە بۆئەوەی دونیای کۆمەڵایەتیی بگۆڕێت. تاکە ستراتیژێکی سیاسیی کە حیزبە دەسەڵاتدارە کوردییەکان هەیانبێت بریتییە لە هیشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی، واتە نەگۆڕان. هەر هێزێکی ساسیی نوێیش لە هەرێمدا دروستببێت دەبێت بە دروشی گۆڕانکاریی لە مۆدێلی حوکمڕانیی و ئیدارە و کولتووری سیاسییدا تێپەڕببێتەوە.
نوشستی سیاسیی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پووکانەوەی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان. نوشستیی سیاسیی لەدوای بارکردنی ئۆپۆزیسیۆن دێت بە دروشمی شۆڕشگێڕانە و پۆپۆلیستیی بەبێ بوونی هێزی کۆمەڵایەتیی بۆ پیادەکردنی ئەو دروشمانە. بێگومان ئەم کێشەیە تەنها کێشەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیی نییە.
لەدیدگای دەسەڵاتدارانی هەرێمدا شتێک نییە ناوی ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات بێت، چونکە لای خێزانە سوڵتانییەکان ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێت لەڕێگای هەڵبژاردنەوە بگات بەدەسەڵات. ئۆپۆزیسیۆن بۆ دەسەڵاتی کوردیی مانای لەدایکبوونی منداڵێكی لاساری سیاسییە کە دەبێت یان بیرازبکرێت یان دەمکوت و بێدەنگ. لەدیدی پارتیی و یەکێتییدا ئۆپۆزیسیۆن گەنەیەکی سیاسییە بەسەر جەستە دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەکەیانەوە.