نەوت و غاز و دادگای فیدڕاڵی و خەیاڵ پڵاو...
2022-04-16 18:29:42
سوپا سلام
بەرلەوەی بمانخەنە چوارچێوەی بەرگری كردن لەو سیستمە ئیداریەی ئەم هەرێمەی بەڕێوەبردووە،منیش لە كوردستانی باشور دەژیم كە سیخناخ بووە بە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، چوار كابینەی رابردووی حكومەتی هەرێمیش جەخت لەو راستیە دەكەنەوە كە گەندەڵی هەیە و ئەم كابینەیەش یاسای چاكسازی لەبارەوە دەركردووە.
بەڵام پێویستە مەسەلەی گەندەڵی ئیداری و دارایی لە چوارچێوەی خۆیدا مامەڵەی لەتەكدا بكرێت و میكانیزمی تایبەتی بۆ بگیرێتەبەر ،هاوكات پرسی نەتەوەو قەوارەی هەرێم و خەباتی نزیكە سەدەیەكی چوارچێوەیەكی دیكەدا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. چونكە پرسی گەندەڵی بەرلەوەی وابەستەی كەس و گروپێكی دیاریكراو بێت بەتەنها، زادەی كلتوری كۆمەڵگایەكی دواكەوتووی چەقبەستووە كە لە ئەنجامی نەبوونی چاودێریەكی ورد و یاسایەكی تۆكمە گەرای خۆی داناوەو هیچ گروپ و حزب و جوڵانەوەیەكیش عەصاكەی موسای بەدەستەوە نیە لە چاوتروكانێكدا چارەسەری بكات. مێژووش ئەو شاهیدیەمان بۆ دەدات كە هەرچی بزوتنەوە و جوڵانەوەیەكی سیاسی لەسەر ئەم پاكێجە (گەندەڵی) نمایشی خۆی دەستپێكردبێت سەرەنجام دۆخە ئیداری و داراییەكەی خراپتر كردووە نەك چاكی بكات.
ئەفسوس لەدوای بڕینی بەشەی بودجەی هەرێم ئاوازی رادەستكردنی داهاتی هەرێم بە بەغدا لەلایەن دەستەیەك لە نوسەران و (رۆشنبیران) بەگوێماندا دەدرێ،وەلێ دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیش ئەم بۆچوونە لەلایان بووە فریاد رەسی چاكسازی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم!ئەگەرچی زیاتر لە 10 ساڵە ئەم تایپە لە نوسەران نەك كاریان ناشرینكردنی دەسەڵات و حوكمڕانیە(كە لەمەیا ئازادن) بەڵكو قێزەون وێنا كردنی تاكی كورد دەستپێكی نوسینیان بووە، زۆربەی ئەم قەڵەم بەدەستانە دڵسۆزی خۆیان بۆ نیشتمانەكەیان لەو رێگایەوە نیشان دەدەن كە هەتا دووا پلە كورد سوك و بچوك بكەنەوە،وەك ئەوەی ریسواكردنی كورد جۆرێك بێت لە رزگاركردنی خود لە ریسوایی، دەنا لە چ پرۆسەیەكی ریفۆرمخوازی ئیداری و داراییدا دەستپێكی چارەسەر بە تەسلیمبوونەوە بە وڵاتی داگیركەر و بەهەدەردانی خوێنی سەدان هەزار شەهید و ئەنفال و بێسەرو شوێن كراوەتە بنەمای چاكسازی!
ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵیش كە ئەم خەیاڵ پڵاوانە پێی شاگەشكە بوون ئەگەرچی لە بنەڕەتدا چارەسەری كێشەی دارایی هەرێم ناكات ، شكاندنی شكۆی خەباتی نەتەوەیی تاكی كوردە و، لە ئەرزی واقعدا جێبەجێكردنی ئەستەمە، چونكە لایەنێكی بەهێزی ناو گەمەكە توركیایە كە سودمەندێكی سەرەكی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمە ،لەلایەكی دیكەشەوە قەیرانی وزەی ئەوروپاش كە بەهۆی جەنگی (روسیا – ئۆكراین) سەری هەڵداوە و لە كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی گەورە بەرپرسان لە یۆنان لەگەڵ شاندی هەرێم گرنگی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی وزەی هەرێم(غاز) بەروونی بەدیار كەوتن پەیامێكی دیكەبوون بۆ حكومەتی عێراق و دادگای فیدڕاڵی، بەڵام ئەوەشمان لە یاد نەچێ بە وریایی مامەڵەنەكردن لەگەڵ ئەم پرسەو وەرنەگرتنی گرەنتی نێودەوڵەتی دوورنیە هەرێمی كوردستان بەلكێش بكاتە ناو ململانێیەكی قورسەوە كە سەرەنجامەكەی بە لەناوچوون كۆتایی بێت.
بۆیە دەكرێت لەنیوان بەردەوامی دان بە پرۆسەی گەندەڵی یان تەسلیمبوونەوە بە بەغدا رێگەی سێهەم پێشنیار بكرێت كە خۆی دەبینێتەوە لە دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم لەوادەی خۆیدا و، دابەشكردنی عادلانەی پرۆژە خزمەتگوزاریەكان و، بنەبڕكردنی هەموو جۆرەكانی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و، دابنكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاونیشتمانیان بەو داهاتە گشتیەی مانگانە دەست حكومەت دەوكەوێت. هاوكات ئاڕاستەكردنی سێكتەرە پەروەردەیی و رۆشنبیری و راگەیاندنەكان بە ئاڕاستەی بنیادنانی ئینتمای نیشتمانی بەجۆرێك تاكی كورد نیشتمانەكەی خۆی خۆشبوێت و بەو دەستكەوتانەش رازی نەبێت كە تەنها بە زیندویی بیهێڵێتەوە،وەلێ چاوەڕێی فریاد رەسی دەرەكی نەكات هەتا خۆشگوزەرانی بۆ فەراهەمبكات، بەڵكو چاكسازی بكاتە ئەمری واقع لە لوتكەی سەرەوەی حوكمڕانیەوە هەتا بنكەی خوارەوەی هەڕەمەكە بەردەوامبێت.
* ماجستێر لە زانستی ئابووری - توێژەری دكتۆرا لە دارایی گشتی