Draw Media

مێژووی گەشەكردن و پوكانەوەی فیكر لە ناو  یەكێتییدا

مێژووی گەشەكردن و پوكانەوەی فیكر لە ناو  یەكێتییدا

2022-04-15 21:08:28


شادمان مەلا حەسەن
لە چەرخی نوێی دوای شۆڕشی پیشەسازی و پێشكەوتنی سیستەمی سیاسی و فراوان بوونی كۆلۆنیالیەتی داگیركاری نێودەوڵەتی .حزب و رێكخراوی سیاسیش بەهەمان شێوە گەشەی كرد و گۆڕانی بەسەرداهات. لە دوای جەنگی جیهانی دووەم (1939_1945) گروپ و رێكخراوە رزگاریخواز و شۆڕگێڕەكان زیاتر بوونە خاوەن چەمك و فەلسەفەی سیاسی تایبەت بەخۆیان .بۆ رزگاری نیشتمانی لە دەست ئیمپریالیزم  یان بەمەبەستی گۆڕینی سیستەمە كۆنەپارێزەكانی وڵاتانی خۆیان ,شۆڕشی چین و ڤێتنام و جەزائیر و وڵاتانی تری ئەفریقا و ئاسیا و ئەمەریكای لاتین زیاتر وایان كرد ئایدیا و فەلسەفە و فیكری چەپی ماركسی و سۆسیالیستی زیاتر بلاوببێـتەوە .دیارە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كوردستانیش بێ بەش نەبووە لەم تەوژمە ئایدۆلۆژیا سیاسیە . بۆیە قۆناغ بەقۆناغ حزب و گروپە چەكدارەكانی خەباتكار بۆ رزگاری, لەهەموو بەشەكانی كوردستان, زیاتر بوونە هەلگری فیكر و فەلسەفەی چەپ و ماركسی .بەتایبەت تر دوای شكستی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975 .زۆرینەی حزبەكانی باشور و باكور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان لە ژێر هەژموونی بیروباوەڕی چەپگەرایی خۆیان بارگاوی كرد .چونكە وەلامیان بۆ ئەم بابەتە ئەوە بوو پارتی و شۆڕشی ئەیلول خاوەن ئایدیایەكی چەپ و شۆڕشگێڕ نەبوون, بۆیە ئاوا بە ئاسانی هەرەسیان هێنا .ئەمە وایكرد ژینگەی سیاسی كورد زیاتر خۆی لە فیكری چەپ ببینێتەوە .جا لە هەندێ حالەتدا دابەش دەبوونە سەر ئەزموونگەریەكانی چەپ لە جیهان نموونە :چەپی  ماوی چینی  و لینینی سۆڤێتی و تەنانەت جۆزێڤ تیتۆ(1892_1980)ی یوگسلافیا و ئەنوەرخۆجە(1908_1985)ی ئەلبانیا و كیم ئیلسۆنگ (1912_1994)ی كۆریای باكور.لەم ژینگە قەرەبالغەی چەپگەرایی و شكستی نەتەوەیی كورد یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دامەزرا , بۆیە بالەكانی یەكێتیی زۆرینەیان هەلگری بیرو فەلسەفەی چەپ بوون ,بەتایبەت كۆمەلە چەپێكی توندڕەو بوون .بزووتنەوەی سۆسیالیستیش ئەگەرچی بە حیساب چەپی ناوەڕاست بوون ,بەلام لەژێر هەژموونی چەپگەرایی توندا ئەوانیش بە ئاراستەی چەپی توند رۆیشتن .فیكر و ئایدیای ماركسی بۆ شۆڕشی نوێ داینەمۆیەكی كاریگەر بوو لە گەشە و كاریگەری شۆڕشەكە .هەر فیكری چەپیش بوو وایكرد یەكێتیی لەچەندین رووداوی جەرگبڕ هەلبسێنتەوە . هێزە ركابەرەكانی  بەردەوام لەبەرامبەر گەشەی یەكێتیی دەپوكانەوە . ساڵی 1992 كاتێ یەكێتیی هاتەوە ناوشارەكان و بنكەی جەماوەری یەكجار فراوان بوو .یەكێتیی هەلسا بگۆڕینی ئاراستەی فیكر و فەلسەفەی سیاسی خۆی ,لەچەپی رادیكال و ماركسیەوە بۆ چەپی ناوەڕاست (سۆسیالیست دیمۆكرات ). بڕیاری گۆڕینی فیكر بە كۆتایی هێنانی رێكخراوەكانی ناو نیمچە بەرەی یەكێتیی بوو .یەكخستنیان لەیەك رێكخراوی شێوە ستوونی ,لەهەمان كاتدا لە ژێر هەژموونی كۆتایی هاتنی جەنگی سارد و هەلوەشانەوەی بلۆكی سۆسیالیستی و یەكێتیی سۆڤیەت .یەكێتیی فیكر و فەلسەفەی خۆی گۆڕی .بەبێ ئەوەی ئامادەكاری نەخشە بۆ داڕێژراوی ناوخۆیی بۆكرابێت .یان فیكری سۆسیالیست دیمۆكرات لەناوچەكەدا وەك فیكری چەپی رادیكال گەشەی كردبێ و چین و توێژەكانی كۆمەلگای كوردی پێی ئاشنا بن .بۆیە گۆڕینەكە لەسەرەوە بوو .یەكێتیی فیكری ماركسیی لە حوكمڕانی تاقینەكردبۆوە .تەنها لە خەباتی شاخ لە نێو ئەندامەكانی خۆی تاقیكردبۆوە . بۆیە گۆڕینەكە تەنها لەئاستی سەرەوە بوو . سەركردەكانی یەكێتیش ئەوانەی توانای گەشەپێدان و بلاوكردنەوەی فیكری سۆسیالیست دیموكراتیان هەبوو ژمارەیان كەم بوو . نەوشیروان مستەفا كە كەسێكی بەتوانا رێكخراوەیی بوو .سیفات و خەسلەتی زیاتر لە چەپی رادیكال  دەچوو وەك لە چەپی ناوەڕاست .بۆیە ئەو ئەركی تەنها ئەوە بوو كۆتایی بە فیكری چەپی رادیكال بهێنێت لەناو یەكێتیی .بەلام هیچ ئەدەبیاتێكی ئەوتۆی نیە بۆ گەشەپێدانی چەپی ناوەڕاست ,خۆی لەبەر بردە دەرەوە, زیاتر خەریكی بابەتە ئەدەبیە نەتەوەیەكان بوو . ئەویتریان مام جەلال بوو كە خاوەنی داهێنانی فیكری چەپی ناوەڕاست بوولەناو یەكێتیی .لەبەر كاری دیبلۆماسی و پاشان شەڕی ناوخۆ نەدەپڕژایە سەر چۆنیەتی كاركردن لەسەر گەشەپێدانی ئەم فیكرە تازەیە . بۆیە ئەوەی تر كە مابۆوە مەلا بەختیار بوو .ئەویش لەبەرگ و سیفات و خاسیەتی ئەرستۆكراتانەی ئەوروپی دەیوست گەشە بە فیكری سۆسیالیست دیموكرات بدات .لە جیاتی ئەوەی بە شێوەیەكی نەرم و لەسەرخۆ كار لەسەر ئەم فیكرە بكات .كەچی ئەو یەكەم بەریكەوتنی لەگەل نووسەرە رەهەندییەكان و مەلاكانی ئاینی ئیسلام دروست كرد .زۆرینەی تری سەركردایەتی یەكێتیی خۆیان  لە قەرەی ئەم بابەتە نەدەدا .زیاتر خەریكی پێكەوە نانی سەرمایە و خۆشگوزەرانی ژیانی خۆیان بوون .لە كۆنگرەی دووەم بەهۆی ئەنجامەكانی شەڕی ناوخۆ یەكێتیی زۆرینەی تیمە رێبەریەكەی بووە ,كەسانی نەخوێندەوار و سەربازی و عەشایر .بۆیە ئەمە گورزێكی كاریگەرتر بوو لە رەوتی فیكری یەكێتیی درا . لە كۆنگرەی سێیەم بەتەواوی بەتال بۆوە .لە كۆنگرەی چوارەم كەمترین گفتووگۆ لەسەر فیكری سۆسیالیست دیموكرات كرا . چونكە فیكر كەمتر لەگەل خەسلەت و سیفات و ویستی سەركردایەتی وێك دەهاتەوە .بۆیە لە ئێستادا یەكێتیی حزبێكی خالیە لە فیكر و فەلسەفەی سیاسی ,راستە لە دروشم و پەیرەوەكەی ئاراستە فیكریەكەی دیاری كراوە .بەلام زۆر بەكەمی لەگەل ئاكار و رەفتاری یەك دەگرێتەوە . دواجار هەموو فیكری یەكێتیی بووە بڕیاری ژمارە (311) ی فەرید ئەسەسەرد و هیچی بۆ كەس نەهێشتەوە هەمووی دایە دەستی یەك كەس .جا دیدار جگە لە خۆ خەریك كردن و خافلاندنی ئەندامانی  هیچی تر نیە .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand