چوار هەڵە ستراتیجی زۆر گەورەی مەسعود بارزانی و لێكەوتەكانیان
2022-04-15 20:56:23
ساڵح ژاژڵەیی
من لێرەدا دەمەوێت باسی چوار هەڵەی ستراتیجی زۆر گەورەی كاك مەسعود بارزانیتان بۆ بكەم كە لێكەوتەكانیان زیانی زۆر گەورەیان بە هەرێمی كوردستان و گەلی كوردو كۆی پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان گەیاندوەو نەك ناتوانرێت قەرەبوو بكرێنەوە ، رۆِژ دوای ڕۆژ كارەساتی تر بەسەر ئەم میللەتدا دەهێنن .
یەكەم : ئەنجامدانی ڕیفراندۆم . من لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە باسی ڕیفراندۆم بكەم ، چونكە هەمووكەس ئەوحیكایەتە باش دەزانێت . مەبەستی من ئەوەیە پاڵنەرەكانی پشتی بڕیاری ڕیفراندۆم بزانین . زۆر گرنگە بزانین كێ كردی ، بۆچی كردی ، كێ پێی كرد ،بۆ كێی كرد ، كاریگەری كێی لەسەر بوو ؟.
كاتێك مەسعود بارزانی تاك لایەنەو بە بڕیاری خۆی و بێ گەڕانەوەو پرس و ڕا بە پەڕلەمان و حكومەت و ڕۆشنبیران و دڵسۆزان و بێ پرس و ڕاكردن بە نەتەوە یەك گرتوەكان و وڵاتە زلهێزەكان و بێ ئەوەی بەڵێنی پشتیوانی ئەوانی وەرگرتبێت ، بڕیاری ڕیفراندۆمی دا پرسیار گەلێكی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت و زۆر زەحمەتە وەڵامەكانمان دەستكەون . بەڵام دواجار تەنها خۆی دەتوانێت وەڵامێكی ڕاستمان بداتەوە و هەر خۆشی بەر پرسیار دەبێت لە ئەنجامی ئەو كارەساتەی بەسەر كەركو ك و ناوچە دابڕێنراوەكانیدا هێناوە .
مەسعود بارزانی پێش ئەوەی بڕیاری ڕیفراندۆم بدات دەیگوت ئەگەر ئەنجامی باشبوو ، ئەوە هەموتان لە نازو نیعمەتی ڕیفراندۆم كێژ وەرگرن ، خۆ ئەگەر سەركەوتو نەبوو ئەوە من بەرپرسیارم و هەموو شتێك لە ئەستۆی خۆم دەگرم. باشە تا ئێستا كەس بیستویەتی سەركردەیەك قومار بە وڵاتەكەیەوە بكات ؟. بەڵێ ڕیفراندۆمی كردو بەو هۆیەوە نیوەی زیاتری خاكی كوردستانی لە دەستدا .
ئەی پێشتر نەی دەگوت هەرچی ڕویدا خۆم بەرپرسیارم . باشە بەرپرسیاریەتەكەی لە كوێدایە ؟ . پێشمەرگەی یەكێتی تا توانیان بەرگرییان كرد و هەر ئەوەندەیان پێكراوە و پێشمەرگەكانی پارتیش لە بری ئەوەی بەهانای پێشمەرگەكانی یەكێتیەوە بچن ، بەرەو پردی َپاشەكشەیان دەكرد و مەسعود بارزانی خۆشی لە سەری ڕەشەوە بە دووربین سەیری دەكرد ، نەكا سوپای عێراق بەرەو هەولێر پێشڕەوی بكات .
بەرپرسیاریەتی لێرەدا ئەوە دەبوو وەكو بڕیاری ڕیفراندۆمی داو سوپای عێراق هێرشی كرد بۆ كەركوك ، دەبوو جەنابیان وەكو چۆن ئێستا سەرۆكی ئۆكرانیا لە بەرەكانی شەڕدا شان بە شانی سەربازەكان بەرگری لە وڵاتەكەی دەكات ، ئەویش لە كەركوك شەڕی بكردبایە چونكە خۆی بەرپرسیارە لەوكارەساتەی بە سەر كەركوكیدا هێناوە و دەبوو خۆی لە بەرەی پێشەوەی شەڕدابوایە . كەواتە لێرەدا گومانی ئەوە لە مەسعود بارزانی دەكرێت ، هەر لە بنەڕەتەوە بریاری ڕیفراندۆم بۆ لە دەستدانی كەركوك بوبێت .
گومانی زۆر دەكرێت كە نەهێنییەكی شاراوە لە پشتی بڕیاری ڕیفراندۆمەوە بێت كە تا ئێستا ئاشكرا نییە . ئاخر با هەمومان باش بیر بكەینەوە ، بڕیارێكی گرنگی لەو جۆرە كە پێش ئەنجامدانی هەمومان هەستمان بە مەترسی ئەنجامەكەی دەكردو وڵاتانی زلهێزی دنیاش هوشداریان دایە مەسعود بارزانی . قاسمی سڵێمانی بەشداری هێرشەكەی سەر كەركوكی كردوە كە پیشتر هوشداری داوەتە مەسعود بارزانی كە بڕیاری ڕیفراندۆم نەدات .
ئەو كەسەی مەسعود بارزانی پاراست لەهێرشی داعش بۆ سەر هەولێر . بڕیاری حكومەتی عێراقیش ئەوە بوە كە كەركوك بگرنەوە بە هەر نرخێك بوە . ئەی كەواتە چۆن مەسعود بارزانی هەستی بە مەترسی ئەو بڕیارە نەكرد ؟. یان خۆی باش زانیویەتی و بە مەبەست ئەوبڕیارەی داوە ؟.
كەواتە پێداگری مەسعود بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وئەو هەموو زیانانەی لێی كەوتەوە ، جێگەی پرسیارو گومانیشە . كەواتە كەركوك هەرچۆنێك داگیر كرابێتەوە ، ئەوە هەر مەسعود بارزانی بەرپرسیارە چونكە ئەوەی ڕویدا ئەنجامی ڕیفراندومە شكست خواردوەكەی خۆی بوو ، ئەگەر ئەو ڕیفراندۆمەی نەكردبایە ، ئەوەی ڕویدا هەرگیز ڕوی نەدەدا.
من لێرەدا دەمەوێت قسە لەسەر هۆكاری بڕیاری ئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمە بكەم بۆ ئەوەی بزانین بڕیاری ڕیفراندۆم لە لایەن مەسعو بارزایەوە لە كوێوە سەرچاوەی گرتوەو پاڵنەرو هۆكارە شاراوەكانی پشتی پەردەوە چیبون كەوایان لە مەسعود بارزانی كرد ئەم هەڵە گەورەیە بكات ؟.
1- : گومانی ئەوە دەكرا وڵاتێكی دراوسێ هانی مەسعود بارزانی دابێت بۆ ئەوەی ئەو كارە بكات و میللەتەكەی توشی ئەو كارەساتە بكات . ئایا ئەمە هیچ بنەمایەكی ڕاستی تێدایە ؟. ئەگەر وایە چۆن مەسعود بارزانی بیری لە ئەنجامی مەترسی ئەو ڕیفراندۆمە نەكردەوە و هەروا بە سەرپێی بڕیارێكی وا مەترسیداری داو حسابی بۆ ئەنجامەكەی نەكردبوو . خۆ ئەگەر ئەم گریمانەیە ڕاستبێت ، كارەساتێكی زۆر گەورەیە تۆ سەرۆكی میللەتێك بێت و بە قسەی وڵاتێكی تر ئاگر لەماڵی خۆت بەردەی .
2- : خۆ ئەگەر لەبەر ئەوەش ئەو بڕیارەی دابێت كە ئەو ناوە سنوری دەسەڵاتی یەكێتییەو بۆچونی وابوبێت كە لە ژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا نەمێنیتەوە بۆ ئەوەی سنووری دەسەڵاتی یەكێتی بچوك ببێتەوە ، ئەوەش گریمانەیەش جۆرێك لە ڕاستی تێدایە .
بە هۆكاری ئەوەی كە هەمیشە یەكێتی و پارتی كێشەیان هەبوە. كێ ناڵێت وابیری كردبێتەوە ئەگەر ڕیفراندۆم بكات و سەركەوت وبێت ئەوە دەبێتە پاڵەوان و سەرۆكی بێ ڕكەبەر . ئەگەر سەریش نەكەوت ئەوە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی بچوك دەبێتەوە . واتە بە تیرێك دوو نیشان دەشكێنێت . خۆ ئەگەر كەسانێك هەبن بڵێن ، شتی ئاوا قابیلی باوەڕپێكردن نییە و چۆن مەسعود بارزانی شتی وادەكات ،بەڵام بۆچی نا ،ئەی هەر مەسعود بارزانی نەبوو كارەساتی 31 ئابی ئەنجامدا ؟.
ئەی ئەوە نییە دوای گرتنەوەی كەركوكیش بەغدا ڕازییە پارێزگاری كەركوك كوردبێت ، بەڵام بارزانی ڕازی نابێت پارێزگار كورد بێت ،چونكە ئەوپۆستەپشكی یەكێتییە. كە واتە ئەم گومانە زۆر نزیكە لە ڕاستییەوە . ئەی ئەوە نییە لە پێناوی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماردا ناوماڵی كوردی كردە ئاردی ناو دڕك و قەوارەی هەرێمی كوردستانیشی خستۆتە بەر مەترسی لەناوچونەوە . كەواتە لای مەسعود بارزانی قەزیەی كوردو نیشتمان بایەخی نییەو ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگە بنەماڵەكەی خۆیەتی .
3- : كاتێك مەسعود بارزانی بڕیاری ڕیفراندۆمی داو دەیگوت لێرە بەدواوە دراوسێیەكی باشی عێراق دەبین ، واتە ئێمەش دەبینە دەوڵەت ، هەموو ڕاوێژكارەكانی و بەرپرسانی حیزبەكەی و نزیكەكانی خۆی بێ بیركردنەوە لە ئەنجامەكانی دەست خۆشیان لێ دەكردو پشتگیرییان لێدەكرد . مامۆستایەكی بەناو زانكۆ دەیگوت دوای 15 ڕۆژی تر حكومەتی كوردی دروست دەبێت , یەكێكی تر پاسپۆرتەعێراقیەكەی دەدڕاند. كەسیش نەبوە دژی ئەو بڕیارە بوەستێت و هەوڵ بدەن ڕأزی بكەن و پەشیمانی بكەنەوەو هۆشداری پێ بدەن لە مەترسی ئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمە .
زۆر بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم هەموو شوێن كەوتوانی مەسعود بارزانی لە هەر ئاستێكدابن هەمویان هاوڕانەبون لەسەر ئەوەی مەسعود بارزانی ڕیفراندۆم ئەنجام بداو زۆرێك لەوانە هەستیان بە مەترسی ئەنجامەكانی كردوە . بەڵام كیشەكە ئەوەیە نە وێراون ناڕەزایی دەربڕن ، نە ڕەخنەی لێ بگرن ، نە ڕێگری لێ بكەن .
كەواتە ئەمەش مەترسییەكی زۆر گەورەیەو دەبێ هەمیشە لە دڵەڕاوكێدا بژێن . خۆ ئەگەر ئەمانە هیچیان ڕاست نەبن و بۆچونی خۆی وابوبێت كە بڕیاری ڕیفراندۆم باشەو لەم كاتەدا لە جێی خۆیدایەو عەقڵی وای بڕیبێت كاریگەری هیچ كەس و لایەنێكی لەسەر نەبوبێت ، ئەوە هەر تەواو ماڵ وێرانییە كە سەرۆكی میللەتێك بیر كردنەوەی لە ئاستێكی ئاوادا بێت و نەتوانێت لێكدانەوە بۆ بارودۆخی سیاسی نێو دەوڵەتی بكات .
كارەساتی گەورەتریش ئەوەیە ، كە بە قسەی كەسیش نەكات و كەسیش نەتوانێت پرسینەوەی لێ بكات . كەواتە دەبێ هەمیشە چاوەڕوان بین ، بڕیاری مەترسی دارتریش بدات . باشە ئەی ئێستا مەسعود بارزانی چۆن وەڵامی هەموو ئەوانە دەداتەوە كە هۆشداریان پێ دا كە ڕیفراندۆم ئەنجام نەدات؟. ئەی ئەوانەی پشتیوانیان لێكردوە چی بە خۆیان و میللەتەكەیان دەڵێن؟.
دووەم : هەڵەی ستراتیجی دووەمی ئەمەیە : هۆكاری كێشەكانی ئێستای نێوان یەكێتی و پارتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوو بەرەكی و لێكترازانەی ساڵی 1964 لەناو پارتیدا ڕویدا و لە ئەنجامدا بەرەی جەلال و مەلایی لێكەوتەوە و گیانی هەزاران هاوڵاتی ئەم نیشتمانە كرانە قوربانی ئەم ناكۆكیانەو هەموو ئەو دەرفەت و هەلە زێڕینانەی بۆ میللەتەكەمان هاتنە پێشەوە كە دەكرا سودی زۆریان لێ وەرگیرایا بە هەدەر دران .
دوای كۆچی كاك نەوشیروان مەسعود بارزانی دەرفەتێكی زێڕینی بۆ هاتە پێشەوە و ئەگەر بەشداری پرسەكەی كاك نەوشیروانی بكردبایەو ڕۆژێك یان دوو ڕۆژ لە سلێمانی لەماڵی مامجەلال بوایەو قسەی لە گەڵ كوڕەكانی مامجەلال و كاك نەو شیروان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بكردبایە، دەیتوانی كۆتایی بە ناكۆكیەكانی ناو ماڵی كورد بهێنێت ، ئەگەر ئەوەی بكردبایە خۆی دەبوو بە سەرۆكی هەموان بێ ڕكەبەر.
سەد مەخابن نەیتوانی ئەو هەنگاوە مەزنە بنێت و بارودۆخەكە لە جاران خرابتریش بوە . ئەوە خەمێكی گەورەیە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە هەر هۆكارێك بێت نەتوانێت بەشداری پرسەی سەركردەیەكی میللەتەكەی خۆی بكات ، كە خاوەنی خەبات و تێكۆشانێكی زۆرە ، ئەگەرچی ڕكەبەریشی بوبێت . با كەمێك بیریش بكاتەوە و بزانێت كە ئەو شاخەو شاخی دەكرد لە كوردستانی عێراق ، جەنابیان لە كوێ بوون؟. ئەگەر كەسێك خۆی بەسەركردە بزانێت و گیانی لێبوردەیی تێدا نەبێت ، هەرگیز ناتوانێت ببێتە سەركردەی ڕاستەقینە .
. بەڵام ئەوە كارەساتە بۆ میللەتی ئێمە كە سەركردەكانمان نیوسەدە زیاترە شەڕ لە گەڵ یەكتری دەكەن و خوینی سەدان هەزار كەسیان بە خۆڕایی رششتوەو لە كاتی مردنی یەكتریشدا ئامادەی پرسەی یەكتری نەبن ؟. باشە مەسعود بارزانی تا كەی دەیەوێت دوژمنایەتی ناو كوردان بەردەوام بێت؟.
لە كاتێكدا كە هەردو نەیارەكەی مەسعود بارزانی لە ژیاندا نەماون ، ئەی ئێستا بۆچی كۆتایی بەم دوژمنایەتییە ناهێنێت و بەردەوامە لەسەر ئەوەی ئەم كەلتورە شەڕانگێزیە قێزەونە بكوێزێتەوە بۆ نەوەكانی دوای خۆیان و تا ڕۆژی قال و بەلا بەردەوام بێت ؟ . تەنانەت لەناو هۆزە دواكەوتوەكانیش خەڵكی ڕیش سپی كاریان ئەوەیە كێشەی خەڵك چارەسەر بكەن ، بەڵام سەركردەكانی ئێمە خۆیان سەرچاوەی كێشەن .
سێیەم: هەڵەی سێەمی مەسعود بارزانی ، پێك هێنانی بەرەی سێ قۆَڵییە لەگەڵ سەدرو حەلبوسی بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی . دوای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق . لە بری ئەوەی مەسعود بارزانی هەوڵی ئەوە بدات ناو ماڵی كورد یەك بخات و بە یەكگرتویی بچنە بەغدا بۆ ئەوەی مافەكانی گەلی كورد بەدەست بهێنن و مادەی 140 جێبەجێ بكەن ، بە پێچەوانەوە ناوماڵی كوردی بە جارێك وێرانكرد .
خۆی بە جیا لەگەڵ سەدرو حەلبوسی بەرەیەكیان پێك هێنا بە نیازی پێك هێنانی حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی تەنها لە پێناوی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماردا ئەمە لە كاتێكدایە كە پۆستی سەرۆك كۆمار لە عێراق بۆ كورد دانراوەو لە كوردستانیش بۆ یەكێتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمدا .
بەڵام مەسعود بارزانی ئەمەی فەرامۆش كردو لەپێناوی ورگرتنی پۆستی سەرۆكی كۆمار ڕوی كردە بەغداو ناوماڵی كوردیشی تێكدا. باشە با بڵێین مەسعود بارزانی لە بڕیاری ڕیفراندۆكدا هەڵەی كرد ، یان خەڵەتێنراو پێیان كرد ،ئەی تێكدانی ناوماڵی كوردی بۆچی كرد ؟.
دواجار پێك هێنانی بەرە سێ قۆڵیەكە ناڕەزاییەكی گەورەی ئەولایەنانەی ناو شیعەكانی لێكەوتەوە كە سەر بە ئێرانن و ئەمەش زۆر بە خراپی بەسەر پارتیدا شكایەوەو ئێرانی لە پارتی توڕە كرد چونكە پێیان وایە پارتی دەیەوێت ناو ماڵی شیعە تێك بدات و ئەوەش لای ئێران هێڵی سوورەو قابیلی قبوڵكردن نییە .
یەكەم كاردانەوەی ئێران بەرامبەر بە پارتی ، موشەك بارانكردنی هەوڵیر بوو ، دوای ئەوە سوتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی بوو لە بەغدا ، دوای ئەوەش ئاراستەكردنی سی َموشەك بەرەو ڕوی پاڵاوگەیەكی كۆمپانیای كاری بنەماڵەی بارزانی . بەڵام ئەمانە تەنها سەرەتان و شتی تریشیان بەدوادا دێت ، ئەگەر عاقڵانە هەڵس و كەوت نەكرێت .
هەر لەبەر ئەوە تا ئێستا سەرۆكی كۆمار هەڵنەبژێراوەو حكومەت پێك نەهێنراوە . كەواتە لە ئێستادا پارتی ناوماڵی كوردیش و شیعەشی تێك داوە. لە كاتێكدا كوردپێگەو قورسایی جارانی لەبەغدا نەماوەو نیوەی خاكی كوردستانی لە دەستداوە بە كەركوكیشەوە ، پۆستی سەرۆكی كۆمار چ گرنگییەكی بۆ كورد هەیە ناوماڵی كوردی لەسەر تێك بدەیت و بەو شێوەیەی ئێستا كورد پەرتەوازە بكەیت و پۆستی سەرۆك كۆماریش سوك بكەی ؟.
كورد خۆی لە خۆیدا كەمینەیە لەناو پەڕلەمانی عێراقدا ئەگەر هەموو ئەندام پەڕلەمانەكانی كوردیش بە یەكگرتویی لەغدابن ، بە ڕێكەوتن نەبێت ناتوانن هیچ بڕیارێك ویاسایەك لە بەرژەوەندی كورد تێپەڕێنن . كەواتە پارتی دەتوانێت چ دەسكەوتێك بەدەست بهێنێت بە 31كورسی پەڕلەمانەوە ؟.
چوارەم : هەڵەی چوارەمی مەسعود بارزانی یەكلایی كەرەوەیە بۆمانەوە یان لەناوچونی قەوارەی هەرێمی كوردستان بە تەواوی . هەردوای ئاشكرابونی هەواڵی هەناردەكردنی غازی هەرێم بە هاوكاری توركیاو قەتەر ، دەست بەجێ دادگای فیدڕاڵی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێكی كەمەر شكێنی دژی هەرێمی كوردستان دەركرد .
بڕیارەكە ئەوەیە كە لێرە بەدواوەو هەرێمی كوردستان بۆی نییە سەربەخۆ و بێ ڕزامەندی حكومەتی عێراقی نەوت و غاز هەناردە بكات و بیفرۆشێت چونكە ئەو سامانە سامانی هەموو عێڕاقیەكانە بێ جیاوازی . خۆ ئەگەر بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ عێراق ڕێك نەكەون ، بەدوور نازانرێت حكومەتی عێراقی هێز بەكار بهێنێـت. ئەو كاتەش توركیا بێدەنگ نابێت لە پێناوی بەرژەوەندیەەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان . ئەگەر شەڕیش لە نیوان ئەو دوو وڵاتە دروست بوو ، هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر پۆستاڵی سەربازانی توركیاو عێراق و عاقیبەتی خێر نابێت .
دوای كاردانەوەی حكومەتی عێراقی بەرامبەر هەناردەكردنی غازی كوردستان بۆ ئەوروپا ، ئێران و ڕسیاشی هاتنە سەرخەت . هەناردە كردنی غاز لە ڕێگای توركیاوە دەبێتە هۆی ئەوەی چیتر توركیا پێویستی بە غازی ئێران نەمێنێت . لە لایەكی تریشەوە خواستی ئەوروپا لەسەر غازی ڕوسیا كەم دەبێتەوە .
كەواتە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە قبوڵ كراو نییە لە لایەەن ڕوسیاو ئێرانیشەوە . ئەوەی زۆر سەر سورهێنەرەو شایانی ئاماژە بۆ كردنە ئەوەیە پرۆژەی هەناردەكردنی غازی كوردستان بڕیاری دادگای فیڕاڵی بەدوای خۆیدا هێنا كەئەوە سەرەتایەكە بۆ بچوك كردنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان .
كاردانەوەی ئێران و ڕوسیاشی بەدوای خۆیدا هێنا . لە هەمووی كارەسات بارتر ئەوەیە دادوەرەكانی نزیك بە ڕەوتی سەدرو حەلبوسی بڕیاری دادگایان دژی خواستەكانی هەرێم ئیمزاكرد كە پارتی هاوپەیمانیانە . لەوەش گرنگتر هەر دوای دەرچونی بڕیارەكەی دادگا ، سەدر خۆشی پشتیوانی لە بڕیاری دادگا كرد كە دژی خواستەكانی گەلی كوردە .
لە بری ئەوەی مەسعود بارزانی لەوهاوپەیمانیەتە بكشێتەوە ، ئێستا گەرم و گوڕترە لە جاران بۆ پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانیەتە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار . خوێنەر ئازیز با بڵێین مەسعود بارزانی لە بڕیاری ڕیفراندۆمدا هەڵەی كرد ، یان خەڵەتێنراو پێان كرد ، ئەی باشە ئەم بڕیارانەی دوایی كە ئەو هەموو مەترسیەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست كرد لەپای چی ؟.
هۆكاری ئەم كارانەی مەسعود بارزانی : یان ئەوەیە حاڵەتی تەندروستی و دەرونی تەواو نییە ، یان ئەوەیە لای ئەو شتێك نیە بەناوی قەزیەی كوردەوەو ئەوەی لای ئەو گرنگە بەرژەوەندی خانەوادەكەی خۆیەتی و قەزیەی كورد بەكاردێنێت بۆ بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵەكەی . كەواتە هەردوو حاڵەتەكە زۆر مەترسیدارن بۆ ئایندەی ئەم هەرێمەو نابێ بیدەنگبین . باشە ئەگەر ئەمە ڕەفتاری سەرۆكێك بێت ، دەبێ خەڵك چ ئومێدێكی بە سەرۆكێكی ئاوا هەبێت ؟. كەواتە مەسعود بارزانی ئێستا خۆی بۆتە مەترسییەكی زۆر گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان . جێگەی داخە كە میللەتی كورد مەودای بیر كردنەوەی زۆر كورتەو زوو مێژوی خۆی لە بیردەچێتەوە . كارەساتی ئەنفال و كیمیا باران خەریكە لە بیر دەچێتەوە . ماوەیەكی تریش لە بیرمان دەچێتەوە بۆچی ڕیفراندۆم كراو نیوەی خاكی كوردستانمان بە كەركوكیشەوە لەدەسدا . زۆر لەمێژە 31 ئاب وكارەساتی هەكاری و شەهید كردنی پێشمەرگە سەرەتایەكانی یەكێتی لە بادینان و بە گورگ خواردنی هەزران ئێزدی لە بیر چونەوەو چیتر كەس ناپرسێت كی ئەم تاوانانەی كردو لە پێناوی چیدا كران ؟.
هۆكاری ئەمانەش بە پلەی یەكەم سەرۆكەكانمان لێی بەرپرسیارن چونكە ئەمانە هەمیشە بەرژەوەندی خۆیان خستۆتە پێش بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەوە . ئەوەش مانای وایە كە ئەمانە كەسانی ئەنانی وخۆپەرست بون و هەمیشە بە دوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن . سەرنجی ئەم خاڵانەی خوارەوە بدەو خۆت لێكدانەوەیان بۆ بكە:
1-سەرۆكەكانی ئیسڕائیل كێبركێیانە لەسەر ئەوەی كامیان زۆرترین ئۆردوگا لەسەر زەوی فەلەستینیەكان دروست دەكات . سەرۆكەكانی ئێمەش كێبڕكێیانە لەسەر ئەوەی كامیان ئازاترە لەوەی زۆرترین سازش بۆ دوژمنان بكات لە پێناوی پارەوپلەو پۆستدا .
2-دوای ئەوەی ئیسڕائیل بوو بەدەوڵەت ، دەگەڕان بە دوای ئەوانەی هۆڵۆكۆستیان ئەنجامداو بە ملیۆنان جولەكەیان كوشت ، یان دەیان كوشتن یان دەیانگرتن و دەیانهێناوە لە ئیسڕائیل دادگاییان دەكردن. دوای كۆتایی جەنگی ئێران و عێراق و نەمانی دەسەڵاتی بەعس ، ئێرانیەكان بەدوای ئەو فڕۆكەوانانەدا دەگەڕان كە كاتی خۆی شارەكانی ئێرانیان بۆمبا باران دەكرد .
بەڵام دوای نەمانی دەسەڵاتی بەعس سەركردە كوردەكانمان لە پێناوی ڕازیكردنی بەرپرسانی عێراقی موعەزەزو موكەڕەم تاوان بارێكی وەكو تاریق ڕەمەزانیان بە تەیارە ڕەوانەی ئەوروپا دەكرد ، كە بەشداری كیمیابارانی هەڵەبجە كردوە ، كاتێكیش خەڵك هاواریان دەكرد بۆچی واتان كرد ، ئەوان بەرگرییان لێ دەكرد كە تاوانبار نییە .
كوڕەكانی تاوانبارێكی وەكو سوڵتان هاشم كە وەزیری بەرگری عێراق بوە لە كاتی كیمیاباران و پڕۆسەی ئەنفالدا ، ئێستا ئەوان لە باوەشی دەسەڵاتدارنی كوردان و پارێزگاریان لی َدەكەن . بەسەدان تاوانباری بەعسی سەردەمی سەدام بە ئازادی لە هەرێمی كوردستان تەراتێن دەكەن .
مەلیك حوسەین قسەیەكی زۆر جوانی هەیە كە دەیگوت : لە وڵاتەكەم تەنها یەك سواڵ كەری تێدایە ئەویش خۆمم كە هەمیشە سواڵ بۆ میللەتەكەم دەكەم . كاتێك جولەكەكان ویستیان دەوڵەت بۆخۆیان دروست بكەن ، گۆَڵدەمەئیر كە دوایی بوو بەسەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل ماڵ بە ماڵ لە ئەمەریكا سواڵی بۆ میلەتەكەێ دەكرد ، نە پێی شەرم بوو ، نە منەتی بەسەر كەسدا دەكرد .بەڵام سەیری ڕەفتاری سەركردەكانی كورد بكەن و بەراوردیان بكەن بەسەركردەی وڵاتانی تر .
لە كاتێكدا موچە خۆرانی هەرێمی كوردستان هەرگیز لە كاتی خۆیدا موچە وەرناگرن و خانە نشینە بە ساڵاچوەكانیش لەسەرەی وەرگرتنی موچە گیان لە دەست دەدەن ، خەستەخانەكان دەرمانیان تێدا نامێنێـت و شارەكان پڕبون لە زیڵ و خۆڵ و خاشاك و بۆگەنیان كردوە ، سەرۆكی حكومەتەكەی من و تۆش دەڵێت :
خۆ من سواڵكەرنیم هەموو مانگێك بچم بۆ بەغدا بۆ سواڵ . بەڵام سەیركەن لە هەمان كاتدا ڕۆژانە لە میدیاكانی ئەمەریكاوە ڕاپۆرت بڵاو دەبێتەوە و ڤیلاو خانو مۆڵ و دەرمانخانەو كۆمپانیاكانی بنەماڵەی بارزانی ئاشكرا دەكرێن كە لە ئەمەریكاو ئەوروپاو دوبەی هەیانەو بایی ملیارەها دۆلارن كە بە پارەی دزراوی خەڵك كڕاون . ئێستا ئێمە داواتان لێناكەین سواڵمان بۆ بكەن ، بەڵام تكاتان لێ دەكەین قوتی مناڵەكانمان مەدزن و مەمانخەنە سواڵ . پارەی دزراوی خەڵك لە بانكەكانی لوبنان ئاشكرا دەبێت دوای ڕاگەیاندنی مایە پوچ بونی بانكەكانیان .
كۆی ئەو پارەیەی لە لایەن بەرپرسانی تری هەرێمیشەوە درزاەوەو ڕەوانەی هەندەران كراوە ، بە دەیان ملیار دەخەمڵێنرێت . هۆكاری هەموو ئەو مەینەتیانەی بەسەر ئەم میللەتدا هاتوە، هەموو بەناو سەركردەكانمان بون . سەركردەی وڵاتان خۆیان دەكەنە قوربانی میللەتەكەیان . سەركردەكانی ئێمەش میللەت دەكەنە قوربانی خۆیان و نەوەكانیان .
لە ئێستادا مەسعود بارزانی بەرپرسیاری یەكەمە لە هەموو ئەوانەی ڕودەدات ، چونكە خاوەن بڕیاری یەكەمە لە هەرێمی كوردستان و هیچ شتێك ناكرێت بێ ئاگاداری ئەو . تا ئەویش تاك لایەنەو بەم عەقڵیەتەی ئێستا بیر بكاتەوە ، دەبێ چاوەڕوانی ڕۆژانی ڕەشتر بكەین .
مەسعود بارزانی لە ئێستادا تەنها بیر لە بەرژەوەندی بنەماڵەكەی خۆی دەكاتەوە. لەناو بنەماڵەكەشیدا تەنها خەمی مەسروری كوڕیەتی چۆن بیكاتە جێنشینی خۆی . لە لایەكی تریشەوە خەریكی هێنانە پیشەوەی مەلا مسەتەفاو بابۆی كوڕیەتی . ئەگەر سەیر بكەن لە زۆر بونەدا ئەوان دەردەكەون .
بەو هۆیەشەوە كێشەی گەورە لەناو بنەماڵەی بارزانیدا دەستی پێكردوە و لە ئێستادا بە پێی بڕیارێك میدیاكانی پارتی بۆیان نییە لێدوان یان پەیوەندی بە كەناڵی ڕوداوی سەر بە نیچیر بارزانیەوە بكەن . كە واتە ئەگەر مەسعود بارزانی هیچ كەس و لایەنێكی دەست نەكەوت كێشەیان لەگەڵ دروست بكات ، ئامادەیە لەماڵی خۆیدا كێشە دروست بكات و خواهەمومان بپارێزێت . بابەتی داهاتوم بەناوی ( بنەماڵەی بارزانی دوای مەسعود بارزانی ) دەبێت .