2022-04-13 17:36:38
سەردەمی حوکمی میربافڵ
سەردەمی حوکمڕانی میربافڵ، میری میرنشینی تاڵەبان، سیمایەکی دیاری بریتییە لە سەرکوتکردن و ڕێگری لەیادکردنەوەی ئەنفال. ئەمڕۆ ژمارەیەک ڕێکخراو و چالاکوان بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی ۳٤ ساڵەی تاوانی نەتەوەیی ئەنفال لە سەکۆی ئازادی ناو پارکی ئازادی ئامادەبووین، بەڵام ژمارەیەک کارمەندی ئاسایشی سلێمانی و وەک دەڵێن: بەفەرمانی سەروخۆیان و بەبیانوی نەبونی مۆڵەت، ڕێگەیان نەدا یادی ئەنفال بکرێتەوە.
میرنشینی بارزان و تاڵەبان لە هەموو شتێکدا لەیەک دەچن و یەکتر تەواودەکەن، کەچی بۆخۆڵکردنە چاوی خەڵک گوایە ناکۆکن.
هەردولایان بۆ داگیرکەر لەسەر چۆکن بۆ ناوخۆش دەست بەچەکن و بۆ قۆرخکردنی بازاڕ و پۆست و پارە وەک یەکن،
ڕێگری لەیادی ئەنفال دەکەن کەچی شین بۆ حاجی قاسم دەگێڕن
سەیریش نییە ڕێگری لەیادی ئەنفال بکەن! تۆ سەیرکە جاش و مستەشارو پێشمەرگەی دێرین وەک یەک لەیەک لیستدا خانەشینن، وەک ئەوەی لەبەردەم بنکەیەکی دابەشکردنی موچەدا لەسلێمانی پێشمەرگەیەکی دێرین وتی: “تێکەڵەین هەموو جۆرێکمان تێدایە!!”
لەلیستی شەهیدانیشدا هەر وایە و لە فیستیڤاڵی خێڵیشدا پێکەوە لە یەک ڕیز دانیشتن و لەتەنیشت یەک بوون!!
ئەم دوو میرنشینە لەسەردەمی بارزانی باوکدا، سەردەشت عوسمان، لەسەر خەون تیرۆردەکرێت لەسەردەمی میر مەسروری کوڕدا لەسەرنیەت و کۆمێنت لەزیندان دەکرێیت!
لەسەردەمی تاڵەبانی باوکدا ئەنفالی زانکۆ کرا، وەک خوێندکارەکان ناویانا، کەچی لەسەردەمی میربافڵی کوڕدا لەسەکۆی ئازادی ڕێگری لەیادی ئەنفال دەکرێت!
بەندەش بەکارمەندەکانی ئاسایشم وت: “دەزانم ئێوە فەرمان جێبەجێدەکەن، بەڵام دڵنیابن پارتی و یەکێتی بۆیە هەن بۆئەوەی کورد نەبێت، هەر بۆیەش ڕێگە لەیادی ئەنفال دەگرن، چونکە خۆیان ئەنفالی ڕۆحی ئینسانی کوردیان کرد و کوردبوونیان لەبەرچاوی خەڵک خست. بە (میر)ش بڵێن: ئەم حوکمی تۆقاندن و ئازادی کوشتنەش هەر کۆتایی دێت.”
ئەو داستانی (کۆڕێ)یەی چەند ڕۆژە هەریەکەی بۆخۆی ڕادەکێشێت، بەرهەمەکەی حوکمی جەردەسالاری و تیرۆری ڕۆژنامەوان و زیندانی سیاسی و ڕێگری لەیادی ئەنفالە.
رۆحی قوربانیانی ئەنفال شادبێت.