جەنگی روسیاو ئۆكراین و ئەركەكانمان
2022-04-12 06:51:06
ئهبو كاروان
بێ ئەوەی ئاسۆی وەستانی بەدی بکرێت، تائێستا جەنگی روسیاو ئۆكراینا بەردەوامە، روونەو شاراوە نیە کە ئەم جەنگە بەر لەهەموو شت زیانی گەورەی بۆ گەلانى ئۆکرانیاو روسیا هەیە، بێگومان پریشکیشی بەر گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقیا دەکەوێت و بگرە ئەوروپاو ئەمەریکاش باجەکەى دەدەن.
زیانەکانی ئۆکراینا بەهۆی ئەو کوشتارو کاولکاری و ئاوەرەیی و دەربەدەریەوەیە کە لە میانى جەنگەکە توشی دەبن، زیانەکانی گەلانى روسیاش بەهۆی سزا ئابووری و خەرجییەکانی جەنگ و لەدەستدانی سەربازانیان خۆی دەبینێتەوە، زیانەکانی گەلانی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەهۆی گرانى نرخى گەنم و جۆ و دانەوێڵەو ئاردو پێداویستییەکانی تر دەردەکەوێت، گەلانی ئەوروپاش بەهۆی گرانبوونى نرخی گازو نەوت و سوتەمەنی و خواردنەوەیە.
ئەم جەنگە جارێکی تر خەڵکى زەحمەتکێش و دەرامەت سنوردارو ڕەش و ڕوتى دونیا دەبێتە قوربانى و باجدەری ڕاستەخۆ و ناڕەستەوخۆی. ئەو شەڕەی ٢٤ی شوباتى ئەمساڵ هەڵگیرسا، ڕەگەکەى دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکى دورتر، بەدیاریکراوی بۆ سەرەتاکانى جەنگی سارد.
ئەم جەنگە گەر لە ڕووکەشدا لەپێناو داواو داخوازی ئاسایشدایە، بەڵام لە جەوهەردا جەنگە لەسەر کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانى سەر زەوى و ژێر زەوی و نەوت و گاز و هێڵەکانى گواستنەوەى ئەو سامانە سروشتییانەیه.
ساڵانێکە ئەمەریکاو یەکێتى ئەوروپا بە جۆرەها ئامرازی ئابوورى و سەپاندنى سزاو فراوانکردنى جوگرافیاى ناتۆ، هەنگاوی هەستیارو مەترسیدار دهنێن، ئەویش بەمەبەستی سەپاندنى هەژموونى خۆیان و لە چوارچێوەدانی روسیا. ناتۆ بە سەرکردایەتى ئەمەریکا ۆژ بەڕۆژ مەیل و کردەى تەماحکارانەى بۆ دونیاو سەروەتەکانى نێو زەوى سەرزەوی زیاد دەکات، ئەم هاوپەیمانیتیەی کە هاوپەیمانیەتی چەک و جەنگه، لەبنەڕەتدا وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر هاوپەیمانى وارشۆ دروست بوو، بەڵام بەهەڵوەشاندنەوەى هاوپەیمانیەتی وارشۆ و یەکێتى سۆڤیەت، ناتۆ نەک خۆی هەڵنەوەشاندەوە بەڵکو خۆی فراوانتر کردەووەو ژمارەى ئەندامانى لە ڕۆژهەڵاتى ئەوروپاو دەوڵەتەکانى پێشووى نێو یەکێتى سۆڤیەت فراوانترو زیاتر کرد، ئەمە جگە لە کردنەوەى بنکەى سەربازى و مەشق و ڕاهێنان و مانۆڕی سەربازی زیاتر لە وڵاتانى سنوری روسیا.
ناتۆو ئەمەریکا پشتیوانیان لە شۆڕشی پرتەقاڵی ٢٠٠٤ کرد، کە برجوازەکانى ئۆکراین ئەنجامیاندا، هەروەها پشتیوانیان لە کودەتاى خوێنایەکەى ٢٠١٤ی راستڕەوەکانى ئۆکراینا کرد، روسیاش دەستەوسان نەوەستا، ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠١٤ نیمچە دورگەی قرمی کۆنترۆڵ کردو دەستى کرد بە یارمەتیدانى سەربەخۆخوازەکانى ڕوس و دۆمباس. جەنگی روسیا و ئۆکراین، حەڵقەیەکە لە زنجیرە ململانێیەكان، کە پێناچی تەنانەت دواى ڕێککەوتنى ئاشتى نێوان هەردوو وڵات کۆتایی بێت.
ململانێکە بۆتە زۆرنبازێیەکی توندی نێودەوڵەتى، هەرجارەو دەست بۆ ئامرازێک دەبرێت، بەمەبەستی لاوازکردنی هەژموونی یەکتری، کار گەشتوەتە ئەوەی بە ڕوونى و ڕەوانى باسی بەکارهێنانى چەکی کۆکوژی (ئەتۆم)یشی تێدا دەکرێت. بەمجۆرە سیستەمی سەرمایەداری لە میانەى ململانێکانى لەپێناو قازانج و بەرژەوەندیدا، وڵاتان پەرت دەکات و دەیانکاتە دوژمنی یەکتر، برسێتى زیاتر و بێکاری زۆرتر، نەخۆشی و مەینەتی و کاولکاری و قەیرانى خۆراک و بەد خۆراکی، هەموو ئەمانە بەشێکن لە میکانزمی درێژەدان بەتەمەنى خۆی.
لەمێژووى دێرین و بگرە هاوچەرخیشدا گەلانی ڕوسیا و ئۆکرانیا دوو گەلی براو بێکیشە بوونە، ئەوەتا بەهۆی سیاسەتە وەحشیگەرانەی سەرمایەداری ئەم دوو گەلەی کردە دوژمن. بۆیە ئەركی سەرەكی حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كورردستان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و نوسەران و رۆشنبیرانە، كە لەمیانى کارو خەباتى رۆژانەیان ئەم ڕاستیانە بۆ خەڵکى کوردستان ڕوون بکەنەوە، هەمیشە جەخت لەسەر ئاشتى و برایەتى نێوان گەلانى دونیا بکەن، چونكە ساڵانێكە گەلی كوردستان باجی شەڕو ململانێی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و كاریگەرییە سلبیەکانی دەدات، لەلایەكی ترەوە پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ ھەرێمی كوردستان بە دوور بگرن لەم شەڕە خوێناوییە، چونكە ئەم جەنگە تەنھا لەنێو دوو دەوڵەتدا نیە، بەڵكو لەنێو دوو میحوەردایە، جا ھەر ترازانێك بۆ ھاوكاری وپشتگیری تەرەفیكیان، ئیدی هەرجۆرە پشتگیریەک بێت، ئەو دەمە دەبینە بەشێك لەو میحوەربەندییەو لە ئەنجامدا زیانی گەورە دەكەین.