Draw Media

دوای شەڕی كۆڕێ چیتان كرد؟

دوای شەڕی كۆڕێ چیتان كرد؟

2022-04-11 18:23:42


   هیوا سەید سەلیم
 چەند رۆژێكە لە هەرێمی كوردستاندا سەرباری ناكۆكیە زۆرەكانی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەكان، بابەتێكی دیكەش بۆتە كێشە و خەڵكی پێ سەرقاڵكراوە، ئەویش ساخبوونەوە لەسەر خاوەنداریەتكردن لە شەڕی كۆڕێ، هەر كەسەو  دێت دەڵێت ”پاڵەوانەكەی ئەو شەڕە من  بووم و كەسی دیكە لە مەیدانەكە بوونی نەبووە"، ئەوەیە كە دەوترێت ماڵ لە خۆی نەبوو شەڕی كۆڕێشی هاتە سەر.
لە هەرێمی كوردستان خەڵك لە بەرامبەر سەرجەم حزبەكان بە تایبەت لە حزبەكانی دەەسەڵات  هێندە بێ متمانە بووە،  بۆیە زۆرجار خەڵكی  ئەو جۆرە قەیرانانەش بە سیناریۆیی  خودی ئەو حزبانە لێكدەداتەوە، ئێ خۆ ناحەقیان نیە، ئەوە نیە لە نێو قەیرانی دواخستنی مووچە و كەمی خزمەتگوزاریەكان، بێكاری و گرانی بازاڕ، كووشتن و خۆكوشتن و دەیان قەیرانی دیكە، ئەوان دێن لەسەر شەڕی كۆڕێ دەكەونە شەڕە قسەی بێزاركەر.
ئەوەی كە جێگای هەڵوەستەیە، ئەو خۆهەڵكێشان و خەڵك بە كەم زانینەیە كە خەڵكانێك پەنایان بۆ بردووە، لە نموونەی ئەوەی ئەم چەند ڕَۆژە لەسەر شەڕی كۆڕێ باس دەكرێت، هەموو لایەك دەزانین ئەو شەڕە نە سەد سالًی بەسەری تێپەڕیوە، نە نووسین و دیمانەكانی ئەوان بزربوونە، بۆیە لێیان دەپرسین  "لە ساڵانی ڕابردوو ئەدی هەر ئێوە نەبوون دەتانووت و دەتانووسی شەڕەكە لایەنەكانی بەرەی كوردستانی ئەنجامیانداوە" 
ئەی بۆ ئێستا راستیەكان ئاوەژوو دەكەنەوە، ئەرێ دەزانن بەو چەواشەكاریەتان ستەم لە خوێنی شەهیدەكانی ئەو داستانە و برینداەركان و ماندووبوونی ئەو پێشمەرگانە دەكەن كە لەو داستانە رۆڵیان هەبووە؟
با واز لەوە بهێنین كێ قارەمانی ئەو داستانە بووە، چونكە دەمێكە ووتراوە "سەركەوتنەكان هەموو كەس دەبێتە خاوەنی و شكستەكان بێ كەس دەمێننەوە"  با وای دابنێین ئێوە راست دەكەن و خاوەنی ئەو سەروەریەن، ئەرێ بۆ نایەن بۆ جارێكیش بێت لە خۆتان بپرسن دوای شەڕی كۆڕێ چیتان كرد؟
كاتێك دڵنیا دەبین ناتوانن ئەو پرسیارە لە خۆتان بكەن، ناچاردەبین ئێمە بە بیرتان بهێنینەوە كە ئایا ە لە دوای شەڕی كۆڕێ چیتان كردووە، لە دوای ئەو شەڕە لە كوردستان دەستان كرد بە فەرهودكردنی هەرچی هەیە، لە ئاودیوكردنی كارخانەوە و شۆفەڵا و تێكدانی ژێرخانی ئابووری كوردستانی ئازادكراو، دوای هەموو ئەمانەِش زۆری نەبرد دەستانكرد بە هەڵگیرسانی  شەڕی ناوخۆیی، لەم شەڕە ماڵوێرانیەدا هەرچی پیرۆزی هەیە خستانە ژێر پۆستاڵی هێزە داگیركەرەكانی كوردستان.
لەوەش خرابتر وێڕای قوربانی بێ شومار، كوردستان كرایە دوو پارچە، تا ئەمرۆشی لەگەڵ بێت ئاسەواری دوو ئیداری وەك مۆتەكەیەك بەرۆكی ئەزموونی سیاسی هەرێمی كوردستانی گرتووە.
لە ئێستاشدا كە ئێوە بەو شەڕە قسەیەی میزاجی خەڵكی زیاتر تێكدەدەن، دەزانن كە نەك هەر ماڵی كورد خراپتر پەرتەوازە دەكرێت؟.  بگرە وا بڕوات  دۆخی هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەیەك دەبردرێت كە نەك بەتەنیا سەروەری داستانی كۆڕێ، بگرە سەرجەم ئەزموونەكەمان لەبەردەم هەڕەشەی جدی دادەبێت.
بۆیە لە جیاتی ئەو شەڕە قسەیە وەرن بیر لە چارەسەری كێشەكان بكەنەوە، وانەكەن ئەگەر لە دوایین  هەڵبژاردن 27% خەڵكی چووبێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان،  ئەوا ئەم جارەیان خرابتریش دەبێت، چونكە بێزاری خەڵكی گەیشتۆتە شوێنێك ئاسان نیە بەرگەی ئەو هەموو خرابە كاریەی ئێوە بگرێت. 


 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand