Draw Media

هاورێیەتی لە واقیع یان فەیسبوک

هاورێیەتی لە واقیع یان فەیسبوک

2022-04-09 11:07:20


ئارام سەعید

پێمان خۆش بێت یان نا، ئێستا هاوڕێیەتی لەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە هەیە، کاریگەری لەسەرمان هەیە، ئایا بەتەنها لەبەرئەوەی ناتوانین هەڵسەنگاندنی تەوا بکەین ئیتر ئەو هاوڕێەتییە رەتبکەینەوە؟ یان ئەوە واقیعێکەو دەبێت مامەلەی لەگەڵ بکەین؟ ئێمە ئێستا لەبەردەم دوو واقیع داین، یەکێکیان ئەوەی رۆژانە بەچاوی خۆمان ئەیبینین، ئەوی تریان ئەوەی لەسەر شاشەی مۆبایلەکانمانە، جیاوازییەکە ئەوەیە ئەوەی بەچاوی خۆمان دەیبینین مایەی بڕواو متمانەیە بەڵام بینینی سەرشاشەکان بەگومانەوە سەیر دەکەین، چونکە دەکرێت واقیعیکی هەڵبەستراو و درۆ، یان راست بێت، ئەوەی دەیبینین لەسەر شاشەکانی مۆبایل و کۆمپیوتەرو ئایپاد رۆژانە زۆرن و ماوەی زۆر بەسەردەبەین لەگەڵیاندا، هەربۆیە کاریگەری گەورەیان لەسەرمان هەیە، ئەمە ئەو شۆڕشەیە کە لەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دەکرێت و ستیڤان ڤاڵ-ی نوسەری فەرەنسی دەڵێت "کاردەکاتە سەر وجودمان و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ شۆکی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی دروستکردووە"

ئان دالسویتی فەیلەسوف کە خاوەنی وتارێکە بەناوی "ئایا لەسەر فەیسبوک هەیت؟" پێیوایە کە ئەو هاوڕێەتییە ئیفترازیانەی سەر ئینتەرنێت بەهیچ شێوەیەک دژی واقیعی ئێمە نیە یان ئەوانەی دەڵێن هاوڕیەتی سەر ئینتەرنێت موزەیەفە، چونکە ئێستا بە ملیۆنەها لەرێگەی مۆبایلەکانیانەوە و سۆشیال میدیا هەمیشە لە خۆشەویستانی خۆیان نزیکن و بەردەوام نامە دەگۆڕنەوەو پێکەوە وێنەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن، جۆرێک لە دۆستایەتی و نزیکیی لەیەکتر دروستکردووە کە ئەمەش پەیوەندییەکانی فراوانکردووەو هاوڕێیەتی پتەوتر کردووە.

سێرژ تسیرۆن شیکەرەوەی دەرونیی لە زانکۆی پاریسی حەوتەم کە پسپۆری هەرزەکارانە لەکتێبیکیدا لەسەر "سۆزداری لە جیهانی دیجیتاڵدا" نوسیویەتی: ئێستا پێکەوەبوونی هاوڕێکان لەرێگەی جەستەوە تەنها رێگا نیە، یان ناکرێت بڵێین مەرجەعی سەرەکییە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لەسەر سۆشیال میدیان، لە نەوەی نوێدا چاتەکانی ئینتەرنێت تەواو راستگۆو پڕن لە سۆزداریی. پێکەوەبوونێکی جیاواز سەری هەڵداوە لەگەڵ هاتنی فەیسبوک قەیرانی هەرزەکارانی تەقلیدی گۆڕانکاری بەسەردا هات، گەنجان لەسەر کۆمپیوتەرەکانی خۆیان کۆمەڵگەیەکی تایبەت بەهاوڕێکانی خۆیان دروستکردووە، خێزانێکی نوێیان پێکهێناوە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە.

ستیفان ڤال لەکتێبێکیدا بەناوی " وجود وشاشە" دەڵێت" دامەزرێنەرانی فەیسبوک گرەوەێکیان بردەوە سەبارەت بە وشەی "هاوڕێ" و "هاوڕێیەتی" چونکە سەرەتا ئەوان بۆ مەبەستی پەیوەندی نێوان قوتابیان دروستیان کرد بۆ ئەوەی پەیوەندی بەهێزتر و سۆزداری دروست بکەن، بەڵام مێژوو سەلماندی ئەوان راستیان کرد، بەکارهێنەران هەر خێرا چەندین پەیوەندیان دروستکرد و لە هاوڕێەتی نزیکەوە بۆ پەیوەندی بەهێز لەنێوانیاندا"

ئەمە سەرەرای ئەوەی بەهەزاران کەس لەرێگەی سۆشیال میدیاوە هاوڕێ کۆنەکانیان دەدۆزنەوە، یان خۆشەویستەکانیان، یان هاوڕیی مناڵیی یان ئەو مێژووەی مرۆڤ کە لەسەر فەیسبوک تۆمارکراوە، کە گرنگی بۆ هەر کەسێک هەیە وەک ئەرشیفێک دەتوانێت بگەڕیتەوە سەریان و سودیان لێ ببینێت.

ستیڤان فیاڵ لە کتێبەکەیدا نوسیویەتی "عینادیەکی دۆژمنکارانە بەرامبەر تەکنەلۆژیا هەیە کە ئەمەش فیکرو بیرکردنەوەی بەرامبەر ئیشکردنی مرۆڤ لەسەر ئامێرە تەکنەلۆژییە نوێیه‌کان توشی ئیفلیجی کردووە. ئەوانەی تائێستاش دەیانەوێت لاسایی بیریارە گەورەکانی وەک هایدگەر بکەنەوە کە نیگەران بوون لە پەرەسەندنەکانی تەکنەلۆژیاو پێیانوایە تەکنەلۆژیای نوێ پەیوەندییە مرۆییەکان تەزویر دەکەن ئەوەیان بیرچوه‌تەوە لەهەموو سەردەمێک ژیانمان لەرێگەی تەکنەلۆژیای نوێوە بونیاد دەنرێتەوە کە ئەویش گواستنەوەو گەیاندنە" ئێمە هەمیشە لەژێر کاریگەری ئەوەین کە سلۆتەردایک ناوی ناوە "ئەنسرۆپۆتەکنیک" بەو مانایەی تەکنەلۆژیای سەردەم کار لە کیان و هەڵسوکەوتمان دەکات. بۆئەمەش نمونەی مۆبایلی هێناوەتەوە کە چۆن لەسەرەتای دروستبونیدا زۆر کەس بە خراپ و رێ ونکەر ناویان دەبرد، بەڵام ئێستا بۆتە بەشێک لەژیانمان و جۆری پیوەندییەکانی گۆڕیوین، بۆ دونیای دیجیتاڵیش هەروایە، لەوەتەی چوینەتە ئەو جیهانەوە رێگاکانی پەیوەندییەکانمان گۆڕاوە هەرچەندە زۆرێک هەن ئەوە رەتدەکەنەوە.

لە فەیسبوک جگە لە هاوڕێیەتی رۆمانسی و پەیوەندی خێزانی هەندێک جار بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبینین، بازرگانی و بزنز، پەیوەندی میللەتانیش دەبینین، یان هاوڕێیەتی دوژمنەکانیش دەبینین، بوشبین مهینا کە ناوە راستەقینەکەی رۆنی ئادریە لە ساڵی ٢٠١٢ لاپەرەیەکی لەسەر فەیسبوک دروستکرد کە وێنەی خۆیەتی لەگەڵ کچەکەی و نوسیویەتی" ئەی ئیرانییەکان، ئێمە هەرگیز بۆردومانی ئێوە ناکەین، ئێمە خۆشمان دەوێن" ئەو لاپەرەیە لەسەد هەزار لایک تێپەڕیکردووە کە ناوەکەی " ئیسرائیل ئێرانی خۆشدەوێت"ه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand