Draw Media

بۆ سزای سلێمانی دەدەن!

بۆ سزای سلێمانی دەدەن!

2022-04-09 08:03:08


كەمال رەئوف

ماوەیەكە هەرچی هەواڵی ناخۆش و سەرسورهێنەرە، لە شارەحەیاتەكە مانشێتی هەواڵەكانە، شارێك كە تاباس بكرێت خزمەتی شۆرش و سەركردەكانی كردوە، شارێك كە پر لە داهێنانەو بەردەوام چقڵی چاوی نەیارانی كورد بووەو بە شاری خرۆشان و رامنەكراو ناسراوە، ئێستا گیری بەدەست رۆڵەكانی خۆیەوە خواردووەو خەریكه‌ داروبەردی بەسەر یەكەوە نامێنێت، دەست و پەنجەی دەشكێنن، زەویە گرانبەهاكان داگیردەكەن، جوانییەكانی و بوێرییەكەی لێ زەوت دەكەن، دەست بۆ رۆحی دەبەن و لەبەرامبەردا تۆ دەست بۆ هەر شتێك دەبەیت، خراپەو لەگەڵ مێژوو و شانازییەكانی ئەم شارە نایەتەوە، ئێستا دیمەنی شار بەتەواوەتی وا دێتە پێش چاو كە بەتەواوەتی بێ خاوەنە.. شەقام خامۆشە، خەڵك بێزارەو خەڵكەكەی وەك تەختەی سەرئاویان لێهاتووەو نازانن شەپۆلەكان بۆ كوێیان ئەبەن..

یەكێتی و گۆڕان كە وادیارە ئەوان خاوەندارێتی لەم شارە دەكەن، دەبێت بەرپرسیارێتی ئیدارەو دۆخی ئێستای شارەكە بەچاك و خراپەوە لەئەستۆ بگرن و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیشیان لەسەر شانە كە وەڵامی پرسیاری ئەم دۆخە نەخوازراوە بدەنەوە.. ئەبێت لەو ئاستەدا بن و بەرپرسیارانەو راشكاوانە بەخەڵك بڵێن كێشەكانی ئیدارەی ئەم شارە لەكوێدایە، حزبە یان حكومەت، بەرپرسی نابەرپرسە، ئاخر ناكرێت لە میدیاكانەوە هەر بوترێت داهاتی ئەم ناوچەیە چی لێدێت، كەسیش وەڵام نەداتەوە، پێویستە بزانرێت ئەركی حكومەت چییەو كێ خەمساردە لێی، ئەبێت بەخەڵك بڵین كێن ئەوانەی دەیانەوێت سزای سلێمانی و خەڵكەكەی بدەن، گەر پارتییە بۆ قبوڵی دەكەن، گەر پارتیش نییە بۆ خۆیان چارەسەری دۆخی ئیدارە خراپەكەی ناكەن.. ئاخر خۆ خەڵكی ئەم شارە داوای ئەوەتان لێناكەن سلێمانی بكەن بەپاریس، بەڵام بەدڵنیاییەوە رێگەی ئەوەش بەكەس نادەن بیكەن بەگوندێكی فرە كوێخاو كەمپی پەنابەران و ئۆردوگای زۆرەملێ.. دەبێت بەرپرسەكانی گۆڕان و بەتایبەت یەكێتی كە بەشی شێریان لە حوكمرانی و ئیدارەی شاره‌كە لەبن دەستە، بەخەڵكی سلێمانی بڵێن، پارتی و حكومەتی هەرێم بەرپرسیارە یان ئەوان.. دیارە هەرلایەكیان بێت سلێمانی ئەوەی بیرناچێتەوە، كە پیاوە ریش سپییەكانی، خاتونە بەساڵاچوەكانی لەسەرەی وەرگرتنی خانەنشینیدا گیانلەدەست دەدەن..خەستەخانەكانی لەبەر نەبوونی دەرمان دابخرێن و شارەكە غەرقی خۆڵ و خاشكا بكەن.

ئەمڕۆ رووی پرسیار لە یەكێتی گۆڕانە، گەر پارتی هۆكارە لە دۆخی سلێمانی و ئەو بەرپرسیارە لەسزادانی، ئێوە بۆ قبوڵی ئەكەن، گەر خۆشتان بەرپرسیارن ئەوە بەدڵنیاییەوە خەڵك لێتان قبوڵ ناكەن و ناتوانن تاسەر ئاوا لەبێدەنگیدا بمێننەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand