Draw Media

بارزانی و روپێوی پرۆسەی ئەنفال, راستكردنەوەی هەڵەیەكی زەق

بارزانی و روپێوی پرۆسەی ئەنفال, راستكردنەوەی هەڵەیەكی زەق

2022-04-09 07:45:18


عەلی مەحمود 

دیاریكردنی روپێوی جوگرافیای تاوان بەشێكی گرنگی دیاریكردنی قەوارەو سنوری تاوانە، لەپاڵ  شوێنی تاوان و ناوچە ئاوەدانەكانی بەر تاوان كەوتوو، ئەوانە هەموو ژمارەی نەگۆڕن و بە سانایی دەكرێت ئامار بكرێن و دیاری بكرێن لەسەری رێككەوتن بكرێت و ژمارەیەكی هاوبەشمان هەبێت، كە بە داخەوە بۆ تاوانێكی گەورەی وەك ئەنفال كە تاوانی تاوانەكانە، تائێستا نیمانە. بۆ دیاریكردنی روپێوی تاوانی ئەنفال و ژمارەی گوندو شارو شارۆچكە روخاوەكان, دەبوایە ئاماری ورد بكرابایاو لەسەر ژمارەی هاوبەش رێككەوتن بكرابایە، بەبێ ئەم رێككەوتنە سەختە بتوانرێت داوای قەرەبووش  بكرێتەوە.

بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی بەرەی كوردستانی، هەموو پۆستەكانی وا دەكەن زانیاری ده‌گمەن و راستی هەبوایە لەسەر ئەو تاوانانەی لەسەردەمی هەریەك لە دەسەڵاتەكانی و پێشتر رویانداوە. ئەو لە بەرگی چوارەمی كتێبەكەی "بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد " ئاوا ئاماژە بە پانتایی جوگرافیای ئەنفال دەدات " لە پرۆسەی ئەنفالەكاندا، 90%ی گوندەكانی كوردستان و زیاتر لە 20 شارو شارۆچكە لەسەر نەخشە سڕانەوە. ناوچە گوندنشینەكان بە 15000000 مین، مینڕێژكران، نزیكەی 1500000 كورد لە گوندەكانیان بۆ ئوردوگاو كۆمەڵگا زۆرەملێكان گوازرانەوە. نزیكەی 10%ی كوردی باشور لەناو بران. بەمەش نزیكەی 7729 كم دووجا لە روبەری هەرێمی كوردستان بەر شاڵاوی ئەنفال كەوت. ل 331 ".

هەرچەندە هەموو ژمارەو رێژەكانی هاتوو لەم پەرەگرافە جێگای گفتوگۆو لەسەر راوەستانن، بۆ خۆشی بۆ سەرجەمیان وشەی نزیكی وەك پێشگر بۆیان نووسیووە، سەلمێنەری ئەوەیە ئامارە بەكارهاتووەكانی ورد نییە، هەر ئەمە بۆ خۆی گەورەترین كەماسییە، لێ ئەوەی زیاتر جێی سەرنجی منە ئەو پانتایی جوگرافیا دیاریكراوەیە كە ئەنفالی گرتۆتەوە، كە دیاریكردووە بە 7729 كم دووجار، ئەمەش نەك نزیك نییە لە راستی بگرە بە فرسەخ لێوەی دوورە.

ئەنفال جگە لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان كە روپێوەكەی 41220 كم دووجارە، زۆرینەی ناوچە كوردنشینەكانی شارەكانی موسڵ، كەركوك، دیالەو سەلاحەدینیشی  گرتەوە، كە ئێستا بەناوچە دابڕێنراوەكان بەناوبانگن، واتا هەموو باشوری كوردستانی گرتەوە كە پانتاییەكەی بە 83643 كم دووجار دیاریكراوە.

 

سەرچاوەی  زانیارییەكەی  بارزانی كێیە؟

بەپێی زانیاری من بۆ یەكەمجار لە  كۆنفرانسی زانستی ئەكادیمی ئەنفال لە شاری هەولێر لە رێكەوتی 14-16-4-2002  پرۆفیسۆر دكتۆر خەلیل ئیسماعیل محەمەد  ئەم ژمارەیەی بەكارهێناوە، دواتر هەمان لێكۆڵینەوە لە ژمارە 24ی گۆڤاری سەنتەری برایەتی بڵاوكرایەوە, ئیتر نوسەران و توێژەران وەك سەرچاوە بەكاریان هێناوە، بێ ئەوەی كەمترین بەشی زیرەكی و توانای مێشكیان بەكاربهێنن، لەخۆیان بپرسن كە ئایا ئەو ژمارەیە لەگەڵ واقعی بەرفراوانی شاڵاوەكانی ئەنفال كە بە 8  قۆناغ بەڕێوەچوو دێتەوە یان نا؟، لەكاتێكدا ژمارەكە كەمترە لە پانتایی ئەنفالی 8 كە ناوچەی بادینانی ژێر قەڵەمڕەوی پارتییە "  10.360"، تەنانەت سنوری ئەنفالەكانی 3 و " 5,6,7" یش هەر یەكەیان نزیكن لەو ژمارەیە كە بەكاریان هێناوە.

دكتۆر خەلیل لە نوسینەكەیدا دەڵێت " نزیكەی 7729 كم دوجار لە روبەری هەرێمی كوردستانی عێراق توشی شاڵاوەكانی ئەنفال بووەوە ...... " .

لەگەڵ رێزم بۆ دكتۆر خەلیل كە جوگرافیازانێكی بەتوانایە، وەلێ ئەم ژمارەیە كەمتر لە 9,2% خاكی باشوری كوردستان دەگرێتەوە؟، ئایا ئەم ژمارەیە بۆ روپێوی ناوچەكانی 8 پرۆسەی ئەنفال گونجاوە؟ كە سەرتاپای كوردستانی گرتەوە؟، لە كاتێكدا پرۆسەی بەدناوی ئەنفال هەموو سنورەكانی دەرەوەی شارو شارۆچكەكانی باشوری كوردستانی بە هەندێك یەكەی ئیداریشەوەی گرتەوە، جگە لەو ناوچانەی ببوونە ناوچەی جەنگی ئێران- عێراق لەپاڵ ناوچەی هەڵەبجە كە بەرەیەكی دیكەی هاوزەمان لەگەڵ ئەنفالی یەك لێكرایەوە، هەروەها هەندێك ناوچەی دی لە قۆناغی یەكەمی روخاندنی لادێیەكان لە بەهاری 1987 كۆتاییان هات، هەرچەندە ئەو قۆناغەش لەچوارچێوەی پرۆسەی ئەنفال هەژمێردراون، وە هەندێك لادێ دانیشتوانەكەی چەكی رژێمیان هەڵگرتبوو جاش بوون.

لەماوەی 197 رۆژی 8 قۆناغی ئەنفالدا، كە 6 جوگرافیای جیای گرتەوە، تەنها ئەنفالی 1و4و8 پانتایی جوگرافیاكەیان دیاریكراوە بە " 1154, 3985,  10.360 كم دووجار"، بە هەرسێكیان دەكاتە  15499كم دووجار, واتا زیاتر لە دووجاری ئەو ژمارەی بارزانی لە پەرتوكەكەی بەكاریهێناوە كە دەكاتە 15458 كم دووجار، سێ جوگرافیایەكەی دیكەش ئەنفالی دو، سێ، پێنج، شەش، حەوت روپێوی زیاتر نەبێت لەو ژمارەیە كەمتر نییە. 

واتا ئەو ژمارەیەی كە بەكارهاتووە كەمتر لە 25%ی ئەو روپێوەیە ئەنفالی گرتۆتەوە، ئەم ژمارەیەش هێشتا پێویستی بە لەسەر راوەستانە. وێڕای ناوچەكانی هەڵەبجەو سەید سادق و خورماڵ و سیروان و هەورامان شارەزوور و پێنجوێن و ناوپارێزو بەشێكی زۆری شارباژێڕو و حاجی ئۆمەران و نەوسود بۆ خوارو .. ببوونە گۆڕەپانی شەڕی عێراق- ئێران لەو كاتەدا، خەڵكی لێ نه‌ده‌ژیا. 

هەروەها لەو شەڕەی هەڵەبجە كە ئێران ناوی لێنابوو فەجری 10، یەكێتی نیشتمانی و پارتی و سۆسیالست و بزوتنەوەی ئیسلامی ناویان نابوو رزگاركردنی هەڵەبجە، ئێران توانی 800 كیلۆمەتر چوارگۆشە خاك و 102 گوندو شاری هەڵەبجەو چەندین شارۆچكەی دی وەك تەوێڵەو بیارەو خورماڵ و سیروان و.. بگرێت، مەزەندە دەكرێت بەرەی شەڕ زۆر لەوەش بەرفراوانتر بووبێت، بۆ خۆی وەك كات بەشێك بوو لە تاوانی ئەنفال، هەرچەندە كرا بە كەیسێكی سەربەخۆ.

هەروەها ناوچەی سێگۆشەی سنوری عێراق- ئێران- توركیا " خواكورك " كە هاوزەمان لەگەڵ ئەنفالی 5,6,7 دا شەڕی قورسی تێدا ئەنجامدرا، وە ناوچەی كەندیناوەو شەمامك و قەرەچوغیش لە دەشتی هەولێر پێشتر لە هەڵمەتەكەی بەهارو هاوینی ساڵی پێشتر پاك كرابووەوە لە ژیان، خانووی تێدا بەپێوە نەمابوو، هەرچەندە ئەو پرۆسەیەش لەچوارچێوەی پرۆسەی ئەنفال دێتە ژماردن، هەر هەموو ئەمانەشمان بە بەشێك لە روپێوی پرۆسەی ئەنفال هەژمار نەكردووە.

بەگشتی روپێوی تاوانی ئەنفال زیاتر لە چوارجاری ئەو روپێوەیە كە بارزانی دیاریكردووە، راستە بارزانی لەوكاتەدا دوور بوو لە روداوەكان، وەلێ دەبوایا نەكەوتایەتە ناو ئەم هەڵەیەوە، چونكە دەیزانی ئەنفال هەموو كوردستانی گرتەوە، پێموایە راوێژكارەكانی نەزانانە ئەویان خستوه‌تە ناو ئەوهەڵەیەوە، هیوادارم لە چاپی داهاتووی پەرتووكەكەیدا بەهەموو ئەو ئامارو ژمارەو بۆچونانە بچێتەوە كە تایبەتن بە پرۆسەی جینۆساید، وە زانیاری زیاترو ژمارەی گونجاوترمان بداتێ، باسی رۆڵی پارتی لە شەڕی هەڵەبجەو 7 قۆناغی ئەنفال لە 1 بۆ 7 مان بۆ بكات.

لەلایەكی دیكەشەوە، هەموو ئەوانەی ئەو ژمارەیەیان بۆ روپێوی ئەنفال بەكارهێناوە، هەڵوێستەیەك بكەن و ئامارەكە لەگەڵ واقعی سەر خاكی جوگرافیای ئەنفال بەراورد بكەن.

سەرچاوەكان:

1- بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد - بەرگی چوارەم 1975-1990  شۆڕشی گوڵان

2-  ژمارە 24ی  گۆڤاری سەنتەری برایەتی- لێكجیاكردنەوەی  شوێنی شاڵاوەكانی ئەنفال لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا – پرۆفیسۆر دكتۆر خەلیل ئیسماعیل محەمەد

3-  ئاكامە جوگرافییەكانی پرۆسەی جینۆسایدی گەلی كورد ئەنفالی چوار وەك نموونە  پ ی د  یاسین هاشم حەمەدەمین.

4-https://en.wikipedia.org/wiki/Anfal_campaign

5-https://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%83%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86_%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82

6-https://en.wikipedia.org/wiki/Kurdistan_Region

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand