Draw Media

گەڕان بەدوای كۆیلایەتی، یاخود راكردن لە كۆیلایەتی!؟

گەڕان بەدوای كۆیلایەتی، یاخود راكردن لە كۆیلایەتی!؟

2022-04-05 05:58:21


 

 د. كامەران مەنتك
5-4-2022
بەشی سێیەم
هەموو ئەو تیوورانەی باسی گرێبەستی كۆمەڵایەتی دەكەن ولە هزری سیاسی نوێدا وەك بنەمایەكی نوێ وجیاواز بۆ شیكردنەوەی سیستەمی سیاسی، یاخود بە واتایەكی تر بۆ دیاریكردنی پەیوەندیەكانی نێوان فەرمانڕەوا وبەرفەرمان (حاكم ومحكوم) پێشكەش كراون ولەزانكۆكاندا بە بایەخەوە دەخوێندرێن، لە بنەڕەتدا جگە لە پاساو هێنانەوەیەك بۆ دەسەڵاتی فەرمانڕەوا وقوربانیكردنی تاك لەپێناو كۆمەڵگاكەیدا زیاتر شتێكی تر نیە، دەكرێت بڵێێن لە پەنای رزگاركردنی دەسەڵاتی پاشایەتی لەدەسەڵاتێكی ثیۆكراتیەوە، كەبەناوی خواوە، یاخود لەپەنای خواو ئاینەوە حوكمی دەكرد، گواستەوە بۆ شیكردنەوەی دەسەڵات لەسەر بنەمای گرێبەستێكەوە، گرێبەستێكی گریمان كراو، كە وێنایەك بۆ كۆبوونەوەیەكی خەڵك پێشكەش دەكات، كە دەیانەوێت لەژیانی فەوزای سروشتی رزگار ببن وبەئارەزووی خۆیان لەپێناو ژیانێكی كۆمەڵگایی بە پیشەسازی كراو، دەست بەرداری ژیانە سروشتیەكە دەبن، لەبەرئەوەی وا وێنای ژیانی  سروشتی دەكات، كە ژیانێكی پڕ لەفەوزاو ئاژاوەیەوەو ئەو ژیانە دەكەنە قوربانی ژیانی ناو كۆمەڵگا ودەست بەرداری زۆر لە مافەكانیان دەبن لەپێناو ئەو ژیانەدا!.
لەراستیدا ئەو جۆرە شیكردنەوە یۆتۆپیاییانە جگە لە بەكۆیلەكردنی تاك بۆ كۆمەڵگاو هەوڵدان بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ئەو بەكۆیلەكردنە زیاتر هیچی تر نیە! چونكە ژیانی سروشتی هەرگیز ئەو دۆزەخە نیە، كە وەسف دەكرێت، بەپێچەوانەوە ژیانی راستەقینەی مرۆڤەكانە، وەك  بوونەوەرێك لەنێو هەموو بوونەوەرەكانی تر، كە بۆ ماوەیەك لەپانتاییەكی جوگرافی دیاركراو ژیان دەكەن وپاشانیش گوزەر دەكەن، تەنانەت دەكرێت بڵێین ئەو بەهەشتەیە، كە مرۆڤ خەونی بۆ دەخوازێت وبەهۆی ژیانی كۆمەڵگاییەوە لەو بەهەشتە دەركراوە (چیرۆكی ئادەم ودەركرانی لەبەهەشت!). لەو ژیانە سروشتیەدا هەرگیز مرۆڤ لەپێناو سەپاندنی هێزی خۆی، مرۆڤی تری نەدەكوشت وبەكۆیلەی نەدەكرد، وەك ئەوەی لەژیانی ناوكۆمەڵگا روودەدات! تەنانەت شەڕەكانیش لەژیانی سروشتیدا لەپێناو دەستكەوتێك وپێویستیەكی سروشتی دابوو، بەپێچەوانەی ژیانی ناو كۆمەڵگا، كە ملیۆنان مرۆڤ بە كوشندەترین چەكەوە دەخرێنە ناو شەڕێكی بێ بەزەییانەوە لەپێناو هێنانەدی بەرژەوەندیەكانی چین وتاقمێكەوە بەكوشت دەدرێن!. 
 ئەگەر سەرەتا كۆیلەكردن لەئەنجامی ملكەچ كردن بۆ بەهێزتر بوو بێت، لەقۆناغی نوێدا لەپەنای یاساو ژیانی ناوكۆمەڵگاییدا ئەو هێزە رتووش دەكرێت ودەڕازێنرێتەوە، كەچی لەبنەڕەتدا ئەمە هیچ لەكرۆكی خودی كۆیلایەتیەكە ناگۆڕێت، تەنیا شێوەكەی لەشێوەیەكی ئاشكراو راستەوخۆ، دەكاتە شێوەیەكی شاراوە! ئەوەیە دەستكەوتەكانی مۆدێرنیتە، كە دەیەوێت لەپەنای شیكردنەوەی دەسەڵاتی سیاسیدا  جۆرە شیكردنەوەیەكی تر، یاخود جۆرە پاساوێكی تر بۆكۆیلایەتی نوێ بێنێتەوە، بەڵام ئەوەی كۆیلایەتی ئەو قۆناغە لەقۆناغەكانی پێش خۆی جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كۆیلایەتی چڕترو ئاڵۆزترو مەترسیدارتر كردەوە، لەسەردەمی نوێدا لەپەنای دەوڵەتی نەتەوەوە چوارچێوەی جوگرافی جولانەوەی كۆیلەكان، كە بەچەمكی نوێ ناوی هاوڵاتیان لێنا بەرتەسكتر دەبێتەوە! لەبەرئەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی بە بەراورد بە قۆناغی ئیمپراتۆریاكان، بچووكتر بووەوە، لەو ركە (قەفەسە) نوێیەی، كە ناوی دەنرێت نیشتمان ودەوڵەتی نەتەوەیی، كۆیلەكان لەپێناو هێشتنەوەو پاراستنی كۆیلایەتیەكەیان، بە شانازیەوە ژیانی خۆیان دەكەنە قوربانی ئەو قەفەسەی ناوی نیشتمانی لێنراوە! ئەگەر پێشتر ئاینەكان رەفتارەكانی كۆیلەكانیان رێكخستبێت، ئەوە لەسەر دەمی نوێدا یاسایەك بەرهەم دەهێنرێت، كەلەپەنای یەكسانی وهاوڵاتی بووندا، هەموو شتێك دەخاتە خزمەت چینی سەرمایەداو دەسەڵاتدارەوە، بەواتایەكی تر ئەوەی پێی دەگوترێت یاساو تا رادەی پیرۆزبوون پیرۆز دەكرێت، جگە لە ئامڕازێك بۆ ملكەچكردن وگوێڕایەڵكردنی زیاتری كۆیلەكان زیاتر نیە! .
ماویەتی....

 

گەڕان بەدوای كۆیلایەتی، یاخود راكردن لە كۆیلایەتی!؟
قەیرانەكانی تاك لەهەرێمی كوردستان
د. كامەران مەنتك
1-4-2022
بەشی دووەم
كەواتە دەتوانین بڵێین كرۆكی كۆیلایەتی وەك خۆی ماوەتەوە وتەنیا لە روخساردا گۆڕانی بەسەرداهاتووە، بەڵام ئەوەی روونە كێشەی كۆیلەبوون وكۆیلایەتی لەسەردەمی مۆدێرنیتەدا زۆر مەترسیدارتر بووە، لەسەردەمەكانی پێش ئەو قۆناغە رووە راستەقینەكەی كۆیلایەتی بەئاسانی دەبینرا، بە ئاشكرا جیاوازی لەنێوان چین وتوێژەكان دەكرا، كۆیلەكانیش لەدۆخی خۆیان باش تێدەگەیشتن ودەیانزانی ئەوان ئازادیەكانیان لەدەستداوە وكۆیلەن، بەڵام مۆدێرنیتە پەردەیەكی بەسەر ئەو تێگەیشتنە داهێناو كۆیلایەتی بەچەندین شێوەو لەپەنای زۆر چەمكی گەورەو بریقەداردا شاردەوە، وەك یەكسانی وئازادی ومافی مرۆڤ و ... هتد، ئەم داپۆشینە بووە هۆی ئەوەی كۆیلەكان كەمتر هەست بە كۆیلایەتی خۆیان بكەن، تەنانەت هەر بەمەشەوە نەوەستن لافی ئازادی وسەربەخۆیش لێبدەن!.
 ئەوە وادەكات گەڕان بەدوای كۆیلایەتی لە سەردەمی نوێدا لەناو خودی كۆیلایەتی خۆی دا نەبێت، چونكە بە چەمكی نوێ كۆیلایەتی لەگەڵ لیبڕالیزم وماركسیزم و ئیسلامیزم و....هتد ناگونجێت، ئەو رەوگەو ئاڕاستە هزریانە لافی ئەوە لێدەدەن، كە ئەوان توانیویانە مرۆڤەكان لە كۆیلایەتی رزگاربكەن، یاخود بەلایەنی كەم وا نیشان دەدەن ئەوان دژی كۆیلایەتین وبەرگری لەوە دەكەن، كە كۆیلایەتی لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا ناگونجێت! بۆیە گەڕان بەدوای كۆیلایەتی وهەوڵدان بۆ شرۆڤەكردنی لەسەردەمی ئێستادا ئاستنەنگترە، چونكە لەرێگەی كۆمەڵێك چەمكەوە واقعێك دروست كراوە، كە مرۆڤ تیایدا ناتوانێت درك بەكۆیلایەتی خۆی بكات ولێی تێبگات، تەنانەت وەك ئاماژەی پێكرا كۆیلەكان خۆشیان درك بەكۆیلەبوونی خۆیان ناكەن!. 
كاتی خۆی وتەیەك باو بوو، دەگوترا ئەگەر كۆیلەیەكت بینی  خەوتووە، واگای مەهێنە لەوانەیە خەون بەئازادیەوە ببینێت، بەڵام ئێستا دەبێت لەناو خودی ئازادیەكانەوە لەكۆیلایەتی بگەڕێین، لەبەرئەوەی ئازادیەكان بەشێوەیەك شرۆڤەیان بۆ دەكرێت وبەكاردەهێنرێن، كە هیچ بایەخێك نەك بۆ ئازادی كۆیلەكان بەڵكو بۆ ژیانی كۆیلەكانیش ناهێڵێتەوە، بۆیە ئەگەر لەئێستادا كۆیلەیەكت بینی خەوتووە، واتای ئەوە نیە رەنگ بێت خەو بەئازادیەكانیەوە دەبینێت، بەڵكو واتای ئەوەیە ئازادیە رووكەشەكان وا فریویان داوە، كە بەحەساوەییەوە لێی خەوتووەو فێری ژیانێكی تەوەزلی وبێ بیركردنەوە بووە، ئەو لەجیاتی ئەوەی خەون بەئازادیەوە ببینێت، بەناوی ئازادیەوە بەرگری لەكۆیلایەتی خۆی دەكات وزۆرجاران ژیانی خۆشی بۆ دەكاتە قوربانی! بۆیە واگا هێنانەوەی كۆیلەكانی سەردەمی ئێستا لە واگا هێنانەوەی كۆیلەكانی سەردەمی كۆن زۆر زەحمەت وئاستەنگترە، چونكە ئەوان دەیانزانی كۆیلەن ودانیان بەو دۆخە دادەنا، كە تیایدا دەژیان، بەڵام ئەوانەی سەردەمی نوێ دان بەكۆیلایەتی خۆیان دانێن، بۆیە خەبات كردن دژی كۆیلایەتی لەسەردەمی نوێدا پێویستی بە دوو قۆناغی زۆر هەستیار هەیە، قۆناغی یەكەم دەبێت تێی بگەیەنیت وبۆی روون بكەیتەوە، كە ئەو ویستی خۆی لەدەستداوە وخاوەنی كەسایەتی خۆی نیە، واتە كۆیلەیە، ئەم پڕۆسەیەش ئاسان نیەو كارێكی ئێجگار وردو گەورەی دەوێت، لەبەرئەوەی بەدەیان میدیاو شەپۆڵی دەنگی ووێنەیی كار لەسەر چەسپاندنی ئەو وێناكردنە دەكەن، واتە كۆیلەكان وەك كۆیلە لەخۆیان تێنەگەن!. لەم دۆخەشدا دەرهێنانی كۆیلەكان لەشەوە زەنگی كۆیلایەتی ئاسان نیە وهەمیشە لە ترسی تیشكی خۆر، وەك ئەفلاتوون باسی دەكات، بەویستی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناو تاریكایی ئەشكەوتەكە، دەرهێنانی كۆیلەكان لەو ئەشكەوتەی، كە بەچەندین شێوە بۆیان رازێنراوەتەوە، كارێكی زۆری دەوێت، دوای ئەو كارە زۆرە، واتە تا تێیدەگەیەنیت ئەو كۆیلەیە، ئنجا قۆناغی دووەم دەست پێدەكات، كە قۆناغی هەوڵدانە بۆ رزگاربوونی لەو كۆیلایەتیە!.
ماویەتی...

 

گەڕان بەدوای كۆیلایەتی، یاخود راكردن لە كۆیلایەتی!؟
قەیرانەكانی تاك لەهەرێمی كوردستان
د. كامەران مەنتك
30-3-2022
بەشی یەكەم
كۆیلایەتی وەك هیگڵ دەڵێت لەو كاتەدا دەست پێدەكات، كاتێك دوو مرۆڤ لەسەر دانپیانان ورێزگرتن دەكەونە شەڕو یەكێكیان لەترسی مردن ژیان هەڵدەبژێرێت ئەوەی تریش لەپێناو ژیان مردن هەڵدەبژێرێت، بەم شێوەیە كەسی یەكەم دەست بەرداری زۆر شت دەبێت ولەپێناو مانەوەدا ملكەچی كەسی دووەم دەبێت، دەبێتە كۆیلەو ئەوەی تریش خاوەنی كۆیلە. كەواتە پڕۆسەی بەكۆیلە بوون پڕۆسەیەكی درێژخایەنەو پەیوەندی بەململانێیەكەوە هەیە لەسەر خودی مانەوە وژیان، ئەو كەسانەی لەپێناو مانەوەدا ژیانێكی ملكەچانە هەڵدەبژێرن دەبنە كۆیلە، ئەو كاتە هەموو شتێك لەدەست دەدەن، دوای ئەوەی بەئاگا دێن وتێدەگەن چیان لەدەستداوە، ئەو كاتە هەوڵدەدەن رێزی خۆیان بگەڕێننەوە، بەم شێوەیە ململانێ لەنێوان كۆیلەو خاوەن كۆیلە دەست پێدەكات، ئەو ململانێیە لەپێناو ئازادی وگەڕاندنەوەی بەها مرۆییەكان بزوێنەری سەرەكی مێژووی مرۆڤایەتیە!. 
بەو پیودانگە دەتوانین بڵێین مێژووی كۆیلایەتی بەقەد بوونی ململانێ لەسەر ژیان كۆنە، تا ئێستاش ئەو كۆیلایەتیە بەردەوامەو لەهەر سەردەمێكدا رووپۆشێكی جیاوازو تایبەت بەسەردەمەكە دەپۆشێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەو كاتەی كۆیلایەتی هاتۆتە ناو كۆمەلگای مرۆڤایەتی، سەرباری ئەو بانگەشە تیوریانەی دەكرێت وئەو یاسانەی دەردەچێت، نەتوانراوە چارەسەری ئەو دیاردە مرۆییە بكرێت بكرێت، لەبەرئەوەی كۆیلایەتی بۆتە بەشێك لەسروشتی مرۆڤەكان وئەو كەسانەی بەدوای ژیانێكی ئاساندا دەگەڕێن وئامادەنین بەرپرسیاریەتی قۆناغەكەیان هەڵبگرن، كۆیلایەتی هێمنترین وسەقامگیرترین ژیانیان بۆ دابین دەكات! ئەو جۆرە مرۆڤانە تەنیا بەدوای مانەوە وبەردەوام بوون لەژیان دەگەڕین ولەواتاكانی ئەو ژیانە ناكۆڵنەوە، واتە بەهاكانی ئازادی لای ئەوان بایەخ وگرنگیەكی ئەوتۆی نابێت، دیارە دروست بوونی كەسایەتیەكی لەو شێوەیە رام كراوەش، پێویستی بە سەدان وبگرە هەزاران ساڵ هەبووە، بۆیە شەڕكردنی كۆیلایەتی وزاڵ بوون بەسەریدا كارێكی ئاسان نیە، بەشێك لە تاكەكان فرچك بەكۆیلایەتیەوە دەگرن، كۆمەڵگاش بۆ رایكردنی كردنی كارەكانی پیویستی بەمانەوەی ئەو كۆیلایەتیە هەیە لەژێر هەر بچم وروخسارێكدا بێت، پێویستی بە كەسانێكە، كە لەسەر ژیانێكی دووبارەبووە راهاتبێت وهەموو رۆژەكانی وەك یەك بێت. بۆیە دەست بەرداربوون لەكۆیلایەتی كارێكی ئاسان نیە، لەلایەك بۆتە سروشتی بەشێك لەمرۆڤەكان ولەلایەكی تر بۆتە پێداویستیەكی كۆمەڵگایی!.
بەشێكی زۆر لەشارستانیەتی مرۆڤایەتی، كە خاوەن كۆیلەكان سوودیان لێوەرگرتووە وخستوویانەتە خزمەتی خۆیانەوە، لەسەر دەستی كۆیلەكانەوە بونیاتنراوە، كۆیلەكان هەمیشە وەك هێزێكی كار بەكارهێنراون، بۆئەوەی توانای كاركردنیشیان زۆرتر بێت، هەمیشە لەتوانای بیركردنەوە دابڕێنراون! ئەركی بیركردنەوە وپلان دانان كەوتۆتە سەرشانی خاوەن كۆیلەكان وئەركی كاركردن وجێبەجێكردنی پلانەكانیش كەوتۆتە سەر شانی كۆیلەكان، ئەوان ژیانێكی شاهانەو خۆشبەختانە ژیاون، كۆیلەكانیش ژیانێكی مەمرەو مەژی وتەنیا بەمەبەستی خۆشگوزەرانی خاوەن كۆیلەكان درێژە بەژیانیان دراوە ودەرفەتی مانەوەیان بۆ رەخسێنراوە. 
حەز كردن بەمانەوە ودرێژەدان بەژیان بەهەر جۆرێك بێت، كەسایەتی لەكۆیلەكان سەندۆتەوە، لەزۆربەی قۆناغەكانی مێژوو وەكو كاڵایەك مامەلەیان لەگەلدا كراوە، لەپاڵ سەر ئاژەڵەكانی تر هەژمار كراون، زگ وزایان پێوەكراوەو وەبەرهێنراون، چۆن ئاژەڵ وەبەردەهێنرێت، بەهەمان شێوە كۆیلەكانیش وەبەرهێنراون، كە كۆیلەی زەوی پەیدا دەبێت، وەكو كەرەستەكانی خانوبەرەو كشتوكاڵیەكان، لەگەڵ زەویە كڕین وفرۆشتنیان پیوە كراوە، چەندەی كۆمەڵگاو سیستەمی سیاسی لەكۆمەلگادا بەرەو پێشەوە چووە، هیندە زیاتر فۆرمەكانی كۆیلایەتی گۆڕانیان بەسەرداهاتووە...
ماویەتی

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand