Draw Media

یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆچی ؟

یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆچی ؟

2022-04-04 17:27:29


شادمان مەلا حەسەن
لەم ماوەیەدا, لە میدیاكانی یەكێتیی چەند بابەتێكم بینی و خوێندەوە لەسەر ئەم دەستەواژەیەی سەرەوە نووسرابوو .كە ئەمە ناونیشانی ئەو مانیفێستۆیەیە كە بۆ هۆكار و ئامانجەكانی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان  لە ساڵی 1975 نووسراوە .مام جەلال نووسەری سەرەكی ئەم مانیفێستۆیە بووە بە زمانی عەرەبی .ئەوەی لە بابەتە تازەكان خوێندرایەوە .هیچ وەڵامێكی ئەم پرسیارەی بۆ ئەم قۆناغە تێدا نەبوو .ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە بابەتەكان بە راسپاردە و وەك بەشێك لە رازی كردنی ئەو كەسە نووسراوە كە بڕیاری دیداری یەكێتیی داوە , كە ئێستا قەرەبالغیەكیان لە مەلبەندەكانی یەكێتیی دروست كردووە بەناوی دیداری یەكێتیی. هەقم لەسەر ئەوەنیە نووسەری بابەتەكان ئەو مانیفێستۆیەیان خوێندۆتەوە یان نا یاخود هەر ناونیشانەكەیان ئەزبەركردووە .بەلام دوور لە تۆمەتی كەسی هەموومان لەم رۆژگارە لە رووی مەعریفە و فكرەوە باش یەكتر دەناسین و دەزانین هەریەكەی بای چەندە .  ئەوێ رۆژێ وەلامی مانیفێستۆیەكەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆچی؟ ئەوەبوو .شۆڕشی ئەیلول شۆڕشێكی بنەمالەیی و خێلەكی و بێ دیسپلین و ئامانجی روون بوو .هەروەها پشت بەستوو بوو بە قەولی ئەوێ رۆژێ زایۆنیزم و ئیمپرالیزم و رژێمێكی دژ بە كوردی وەك شاهانشای ئێران . بەلام شۆڕشی نوێی ئەمجارە بارگاویە  بە فیكری سەرەدەم كە زیاتر فیكری چەپی رادیكال و ناوەڕاست و نەتەوەیی بوو .واتە یەكێتیی خاوەن چەند مینبەرێك بوو .لە هەمان كات سەركردایەتیەكەی خوێندەوار و شاری بوون . پشت و پەنای یەكێتیی و شۆڕشی نوێ كۆمەلانی خەلكی كوردستان دەبێت .بەدلنیایەوە ئەو پرسیارانە و كۆمەلێك پرسیاری تر ,لە شۆڕشی نوێ وەلامیان درایەوە . لە داهێنانی ئازایەتی و خۆڕاگری و ئەدەبیاتی هاوچەرخی شۆڕشگێڕی,لاپەڕەكانی مێژووی هاوچەرخ پڕیەتی لە چیڕۆك و داستانی ناوازەی ئازایەتی و قارەمانێتی و پەروەردە و گەشەپێدانی بیری پێشكەوتنخوازی . بەلام ئێستا وەلامەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆچی ؟ كە بۆ كۆمەلگای كوردستان پێویستە چین و كێ ئەو وەلامانە دەداتەوە . ئایا یەكێتیی بنەمالە نیە ؟ بەدلنیایەوە بنەمالەیە ,كەواتە جیاوازی لەگەل پارتی نیە ,ئایا یەكێتیی  فەرە مینبەرە؟ نەك فەرە مینبەر نیە, بەلكو یەك مینبەرەكەشی نازانرێ ناسنامە و ئاراستەی چیە .ئایا بیروباوەڕی ئازادی تێداماوە ؟ بەدلنیایەوە نەخێر,لە كاتێكدا خەلك كۆمەلكوژ دەكرێ و شەق و تێهەلدانیش لەولاوە بوەستێ‌ . ئەوە جگە لەوەی دەمێكە یەكێتیی هاوبەشێكی سەرەكی ئەزموونی حكومەتی هەرێمە, چەند سیاسەتی لەسەر ئەم حكومەت رەنگی داوەتەوە بە باشە لە رووی خزمەتگوزاری و شەفافیەت و بنەبڕكردنی گەندەلی و وەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەلایەتی و چەندین پێویستی هەنوكەیی كۆمەلگای كوردستان .ژمارەی دەنگ و كورسیەكانی یەكێتیی لەچەند ساڵی ئاخیری گەواهی ئەوەمان پێدەدات كەوا یەكێتی روو لە پوكانەوەیە روو هەستانەوە نیە. پرسیارێكی تر ئەوەیە ئەگەر یەكێتیی  دیدار دەكات بۆ ئەوەی فیكر زیندوو بكاتەوە یان نەخشە رێگای ستراتیجی خۆی بگۆڕێ‌ لەو واقعەی تێیدایە .بەدلنیایەوە ئەوە پێویستی بەم قەرەبالغیە گەڕۆكە و ئەو وتارە بێ پێز و بێناوەڕۆك و پڕ لە خۆ هەلكێشان و تۆمەت بەخشینەوە نیە بۆ ئەویتر .بەلكو ئەگەر بۆ فیكرە ئەوە پێویستە دەستەیەك كادیر و كەسانی نووسەر و مەعریفەدار, بەهاوبەش لەگەل ئەنجومەنی سەركردایەتیەكەی گەنگەشەی فیكر بكەن .بێگومان كە باس لە فیكر و ناسنامە  دەكرێ ,دەمێكە فیكر و ناسنامەی  یەكێتیی تەلخە و تەنها ناونیشانێكە بەناوی سۆسیالیست دیموكرات ,كە هیچ ئاكار و رەفتارێكی سۆسیالیست دیموكراتی تێدانابینرێت. ئەو قسەیەم بەو مانایە نیە كەوا بەرلە كەتنەكەی 8ی تەمموز فیكر لەناو یەكێتیی لە بالادا بووبێ‌ .نەخێر فیكر دەمێكە لە ناو یەكێتیی ناسنامەی خۆی وون كردووە .(لە بابەتێكی تر باسی لێوە دەكەین ).ئەگەر دیدارەكەش بۆ داڕشتنەوەی ستراتیجی یەكێتییە ئەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی دەتوانێ ئەم بابەتە دابڕێژتەوە بەهاوكاری چەند شارەزایەك . ئەگەر دیدارەكەش بۆ خەلكە ئەوە دەبێ بڕیار بەدەستەكان بچنە ناو خەلك و بزانن خەلك چی لە یەكێتیی دەوێ .نەوەك ئەوانەی جورئەتی ئەوەیان نیە بلێن سەرۆك بە ئارامی و بە گەورەیی خۆت رەحمێكمان پێبكە  بڕیاری ژمارە (311)ی فەرید ئەسەسەرد رابگرە و یەك كۆبوونەوەمان پێبكە وەبی خەلك بیری بێتەوە حزبێك هەیە ئەنجومەنێكی بەناو سەركردایەتی هەیە .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand